تا ئیستا 42 زیندانى لە مەعەسکەر سەلام دەمى خۆیان دووریوەتەوە
Friday, 13/04/2012, 12:00
پەیامنێری کوردستانپۆست/ گەرمیان:ئەمڕۆ ١٣ /٤ / ٢٠١٢ رێژەى ئەو زیندانیانەى دەمى خۆیان دووریوەتەوە بەرەو زیادی دەچێت، ئیستا گەیشتە ٤٢ کەس کە لەکێشەکانیاندا لایەنى بەرامبەر لێیان خۆش بوون.
زیندانییە مانگرتووەکان بڕیاریان داوە دەمى خۆیان نەکەنەوە تا بڕیارى گەڕانەوەى یاساى لێبوردنى گشتی نەدرێت بۆ پەرلەمان. ئەم دوو وێنەیە چەند کەسێکن لەو کەسانەی کە تەقەڵیان لە دەمی خۆیان داوە.
لە لایەکی دیکەوە زۆربەى زیندانیان شیرازەى خێزانەکانیان تێک چووە، داواى لێخۆشبوونى دادپەروەرانە دەکەن. بە هەزاران خێزان لە هەرێمى کوردستان بەدەست کێشەى کەسوکارە زیندانیکراوەکانیانەوە دەناڵێنن و کێشەکە بەرەو زیاتربوونى بەردەوام دەڕوات، ئەمە لە کاتێکدایە زۆربەى زیندانیانى سزا قورسەکان لایەنى بەرامبەرى کێشەکە لە مافەکەى خۆیان خۆش بوون بەڵام بەپێى پڕۆژەیاساى لێبوردنى گشتى پەسەندکراوى پەرلەمانى کوردستان بێت کەمترین رێژەى زیندانیان تەنها ٣-٥ ساڵ لە حوکمەکەیان بۆ کەم دەکرێتەوە نەک لێبوردنیان بۆ دەربچێت، لەبەرامبەردا کەسوکارى زیندانیان ئەم یاسایەیان ناوناوە کەمکردنەوەى دوسێ ساڵێکى سزاى زیندانى نەک لێبوردنى گشتى، چونکە لێبوردنى گشتى لە وڵاتانى جیهان مەبەست لێی ئازادکردنى کەسانێکە کە شایانى زیندانى کردن نەبن، بەڵام ئەمەش وەک چەندین دیاردەى دیکە لە کوردستان پێچەوانەوە بووەتەوە و خەریکە سیاسەت واتاى تر بە وشەکان دەدات.
چەند زیندانییەکى مەعەسکەر سەلام (چاکسازى کۆمەڵایەتى سلێمانى) بەهۆى ئەم بڕیارەوە مانیان گرتووە و یەکێکیان تووشى جەڵتە بووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و چەند زیندانییەکى دیکەش کە سزاى لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە دەمى خۆیان دوریوەتەوە، ئەمە سەرەڕاى مانگرتنى سەرجەم زیندانیان سزا قورسەکانى تریش، زیندانییەک لە مەعەسکەر سەلامەوە ئەوەى پێ ڕاگەیاندین کە ئەمجارە بەهیچ شێوەیەک واز لە مانگرتن ناهێنن چونکە دواى دوو ساڵ چاوەڕوانى بۆ ئەم یاسایە کەچى ناعەدالەتیان بەرامبەر کراوە لەچاو زیندانیان وڵاتانى تر و عێراق کە دڵنیایە لە پەرلەمانى عێراق بڕیارێکى باشتر دەردەچێ بۆ زیندانیان بێجگە لە هەرێمى کوردستان، ئەو زیندانییە کە ١٥ ساڵ حوکمدراوە و تەنازولیشى بەرامبەر کراوە وتى بەڵام لە کوردستاندا وەکو دوژمن و بوونەوەرێکى نامۆ لێمان دەڕوانن کە ئەمە نە چاکسازییە نە بەخشینى ئومێدى ژیانە، یەکێکى تر لە زیندانییەکان بەهۆى کێشەى خێزانییەوە خێزانەکەى تەڵاق داوە و خێزانەکەى منداڵێکى بووە و ئێستا ئەو زیندانییە ناوى منداڵەکەشى نازانێت، ئەمەش لێرەوە کێشەیەکى ئاڵۆزى کۆمەڵاتى دروست دەکات، یەکێکى تر لە زیندانییەکان خاوەنى دوو ژن و حەوت منداڵە و لایەنى بەرامبەریش لێى خۆش بوون بەڵام وەک خۆى بۆى گێڕاینەوە بەمشێوەیە ژیانى بەرەو دژوارییەکى زۆر دەڕوات و وتى: لایەنى بەرامبەر بە هەموو شێوەیەک لێم خۆش بوون بەڵام بەهۆى بڕیارى دادگاوە من ئەبێت ساڵانێکى زۆر لە زینداندا ببەمە سەر، وتیشى: ئەم شوێنە بەهیچ شێوەیەک چاکسازى نییە بەڵکو تێکدانى شیرازەى خێزانەکانە.
زیندانییەکى کە سزاکەى ٢٠ ساڵە، تەنازولیشى هەیە بەڵام بەهۆى ئەو کێشانەى رووبەرووى بووەتەوە چى هەبووە فرۆشتویەتى و خانوکەشى فرۆشتوە و ئێستا خێزانەکەى لەکرێدایە، ئەم زیندانییە پڕۆژە بڕیارەکە زۆر بە نادادپەروەر ناودەبات و داوا دەکات پەرلەمانتاران لە ئازارەکانیان تێبگەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست