کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌مڕۆ رۆژی ناشتنی ته‌رمی ئه‌و لاوه‌ شه‌هیدانه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات به‌ گێره‌شێوێن ناویانی برد!

Friday, 18/02/2011, 12:00


رۆژی پێنجشه‌ممه‌‌ 17 02 2011 هه‌روه‌ک پێشتر بڕیار درابوو، جه‌ماوه‌رێکی زۆر له‌ گه‌نجانی شاری سلێمانی بۆ دووه‌مین جار له‌ به‌ر ده‌رکی سه‌رای سلێمانی کۆبوونه‌وه‌، تا خۆپیشاندان و راپه‌ڕینی خۆیان دژی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌نجام بده‌ن. پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند که‌سێک وتاری گه‌رمیان خوێنده‌وه‌،  ئه‌وانی تریش هوتافکێشان و رێپێوانی خۆیان ئه‌نجام دا،  ئیتر بڕیار بوو به‌ره‌وه‌ داموده‌زگاکانی حکومی خۆپیشاندانه‌که‌ ده‌ست پێبکه‌ن. چه‌ند لێپرسراوێکی یه‌کێتیی شاریان چۆڵ کرد، له‌وانه‌ مه‌لا به‌ختیار  گوایه‌ به‌ره‌وه‌ هه‌ولێر ملی نا، شێخ جه‌عفه‌ر که‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌یه‌ ده‌نگی نه‌ما و ونبوو،  بۆ هێورکردنه‌وه‌ی بار و دۆخه‌که‌، حاکم قادر هیچ قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌کرد، هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ پلانێک  له‌ ژێره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ بووه‌.
کاتێک خۆپیشانده‌ران که‌وتنه‌ رێ، له‌ولاوه‌ گرووپێکی دیکه‌ که‌ ژماره‌یان له‌ 300 که‌سێک ده‌بوو، به‌ پلانی مه‌لا به‌ختیار روویان کرده‌ به‌رده‌می لقی چواری پارتیی، که‌وتنه‌ به‌رده‌بارانکردنی باره‌گاکه‌یان، ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی  له‌ به‌رده‌رکی سه‌را بوون ئه‌وانیش ئاگادارکرانه‌وه‌ و به‌ هه‌ڵه‌داوان روویان کرده‌ ئه‌و شوێنه‌. پلانه‌که‌ لێره‌وه‌ ئاشکرا بوو.
خۆپیشانده‌ران ئه‌گه‌ر نیازیی راپه‌ڕین و به‌ردهاویشت و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی خۆیان بووبێت، ده‌بوو په‌لاماری مه‌ڵبه‌ند، مه‌کته‌بی سیاسیی، ماڵ، کۆشک و خانووی به‌رپرسانی یه‌کێتییان بدایه‌، چی وای کرد، له‌ناو ئه‌م هه‌موو شوێنه‌دا  روو بکه‌نه‌ لقی چواری پارتیی و به‌رده‌بارانی بکه‌ن ، که‌ ته‌نها سیمبوڵێکه‌ بۆ بوونی پارتی له‌و شاره‌؟ ده‌بوو دوا ئامانج په‌لاماردانی مۆڵگه‌کانی پارتیی بێت‌.
له‌ سلێمانی یه‌کێتیی باڵاده‌سته‌ و ئه‌و شاره‌ به‌ڕیوه‌ ده‌بات. (مه‌کته‌بی سیاسیی، مه‌ڵبه‌نه‌ده‌کان، ده‌زگاکانی حکومی، پێشمه‌رگه‌ و شوێنی دیکه)‌ هه‌مووی هی یه‌کێتیین. ئه‌وانه‌ی هاوبه‌شی ئه‌و خۆپیشاندان و راپه‌ڕینه‌یان کرد، وه‌ک له‌ فلیم و وێنه‌کاندا ده‌بینرێت، کوڕانی ته‌مه‌ن 16 25 ساڵه‌ بوون‌. ئه‌و ته‌مه‌نه‌، ته‌مه‌نی خوێنگه‌رمی و که‌م ئه‌زمونییه‌، له‌ مانا و مه‌ترسییه‌کانی ژیان و مردن تێنه‌گه‌یشتوون. هیچ رێکخستنێک له‌ پشت کۆبوونه‌وه‌ و هوتافکێشان و دروشمه‌کانیانه‌وه‌ نه‌بوو، گۆڕان که‌ پێش چه‌ند رۆژێک فووی ده‌کرده‌ خه‌ڵکی و وا خۆی پیشاندا پارتی به‌ ساتێک ده‌بێچێته‌وه‌، نقه‌ له‌ یه‌کێتییش ده‌بڕێ، ده‌بوو به‌ پراکتیک هه‌وڵی رێکخستنی خۆپیشاندانه‌کانی بدایه‌، کارێکی وای بکردایه‌، ئه‌و لاوانه‌ نه‌کرێنه‌‌ خۆراکی چه‌کداره‌کانی پارتیی. ئه‌رکی گۆڕان، وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌ک ‌ئه‌مڕۆ بوونی هه‌یه‌، ده‌بوو  ئه‌گه‌ر به‌ ئاشکراش نه‌بێت، له‌ نادیاردا سه‌رپه‌رشتی ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی بکردایه‌، تا ده‌ستی تێکده‌ر ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستیان بوو، ئه‌نجامی نه‌ده‌ن. گۆڕان جگه‌ له‌وه‌ی خۆی به‌دوورگرت، نه‌شبوو به‌ ته‌ماشاکه‌ر، به‌ڵکو وه‌ک ده‌سه‌ڵات سه‌رزه‌نشتی کردن، به‌ تێکده‌ر و گێره‌شێوێن ناوی بردن، راسته‌ ده‌ستی تێکده‌ر هێڵی خۆپیشانده‌ره‌کانی گۆڕی، به‌ڵام پاش رشتنی ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ چۆن ده‌بێت گۆڕان مشتێک خوێ  بکات به‌ شوێنی برین و ناسوری که‌سوکاری ئه‌و لاوانه‌دا و قسه‌یان پێ بڵێت؟ گۆڕان خۆشی بێت، یان نا،  ئه‌مڕۆ نه‌بێت، یان سبه‌ی له‌ پاشه‌رۆژدا ئه‌م رووداوه‌ ده‌بێت به‌ مێژووه‌یه‌کی ناشرینی بزووتنه‌وه‌که‌یان، به‌ خراپه‌ به‌سه‌ریاندا ده‌شکێته‌وه‌، چونکه‌ سه‌لماندیان گۆڕان گۆڕانێکی راسته‌قینه‌ نییه‌، گۆڕانێک نییه‌ له‌گه‌ڵ داخوازییه‌کانی خه‌ڵکییدا بێت. زه‌رده‌خه‌نه‌که‌ی نه‌وشیروان، که‌ پێش چه‌ند رۆژ سه‌ری لێوی داگیرکردبوو،  زه‌رده‌خوێن بوو، نه‌ک پێکه‌نینێکی سه‌رکه‌وتووانه‌.
مه‌سعود بارزانی به‌ر له‌ 5 رۆژ کوردستانی جێهێشت، ئه‌مه‌ یه‌که‌م جار نییه‌، له‌ کاتێکی هه‌ستیاردا وڵات جێبهێڵیت، هه‌ر کاتێک مه‌ترسییه‌ک، یان پلاندانانێک به‌ڕیوه‌بووبێت، ئه‌م کابرایه‌ کوردستانی جێهێشتووه‌، بۆ چه‌واشه‌کردن له‌ دووره‌وه‌ سه‌یری پلانه‌کانی خۆی کردووه‌. مه‌سعود بارزانی وه‌کو که‌سێکی سه‌ربه‌ ده‌زگای هه‌واڵگریی ره‌فتارده‌کات، خه‌سڵه‌تی سه‌رکرده‌ی تێدانییه‌، هه‌میشه‌ خۆی دزیوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ ناشرینترین ره‌وشته‌، ته‌نها‌ له‌ ترسنۆک و جاسوس ده‌وه‌شێته‌وه‌، نه‌ک له‌ که‌سایه‌تییه‌ک که‌ ناوی خۆی ناوه‌ سه‌رۆکی هه‌رێم.
له‌ کاتێکدا جه‌ماوه‌ری تونس، میسر خۆپیشاندان و راپه‌ڕیینیان کرد، بزووتنه‌وه‌یه‌ک، وه‌ک ئه‌مه‌ی گۆڕانی گرده‌که ‌که‌‌ له‌ کوردستاندا هه‌یه‌،  لێ ئه‌وان بزووتنه‌وه‌یه‌کی وایان  نه‌بوو، که‌چی بینیمان چۆن به‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆرانه‌ی خۆیاندا سه‌رکه‌وتن و سه‌رانی ئه‌و سیسته‌م و حکومه‌ته‌کانیان نه‌هێشت. گۆڕانی گرده‌که‌، رێگره‌ له‌به‌ر ده‌م هه‌ر ئاڵوگۆڕێکدا، که‌ خه‌ڵکی کوردستان خوازیاره‌ ئه‌نجامی بدات، بوونی گۆڕان وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌ک جێگای گومانه‌، نه‌ک جێگای هیوا. رۆژ به‌ رۆژ گومان ده‌بێته‌ یه‌قین و خه‌ڵکی له‌ گۆران دوور ده‌که‌وێته‌وه‌. گۆڕان به‌ پراکتیک بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری نییه‌، ئه‌مه‌ له‌ ده‌می رابه‌ڕ و سه‌رانی گرده‌که‌ خۆیان ده‌بیسترێت، کاتێک ده‌ڵێن ئێمه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی مه‌ده‌نی و سیاسیین. خه‌ڵکی تاقه‌تی له‌م جۆره‌ دروشمانه‌ چووه‌، ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیی و مه‌ده‌نی‌ نییه‌، گۆڕان ده‌یه‌وێت بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی و تاڵه‌بانی له‌ مافیابوونیانه‌وه‌  بکاته‌ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیی مۆدێڕن، شه‌رعییه‌ت به‌ دزیی و خیانه‌ت و تاوانه‌کانیان بدات، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ یاسا و مافه‌به‌رابه‌رییه‌کانی تێدا پێشێل کراوه‌، له‌ جه‌نگه‌ڵستانه‌وه‌ بیکات به‌ مه‌ده‌نیه‌ت. ده‌سه‌ڵاتیش ویستی ئاڕاسته‌ی خۆپیشاندانه‌که‌، له‌ خه‌سڵه‌تیی لێکچوون و ئامانجه‌کانی، وه‌ک ئه‌وه‌ی میسر و تونس دوور بخاته‌وه‌ بیکات به‌ شه‌ڕی نێو حیزبه‌کان و خه‌ڵکانیش به‌وه‌وه‌ تێوه‌بگلێنێت.
گۆڕان گۆڕانی راستیی نییه‌، گۆڕان خواستی جه‌ماوه‌ر نییه‌، گۆڕان بۆ خه‌ڵک نییه‌، گۆڕان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هاوڕێ و هه‌ڤاڵانی سه‌رانی گرده‌که‌یه‌، که‌ شه‌و له‌گه‌ڵ هاوڕیکانی خۆیان له‌ناو یه‌کێتیی رۆژ ده‌که‌نه‌وه‌، به‌ رۆژیش له‌گه‌رده‌که‌ به‌ رووخسارێکی تر خۆیان پیشان ده‌ده‌ن و شیر و تیر له‌ یه‌کتر ده‌سوون.

کاته‌که‌ که‌مه‌ به‌شی ئه‌وه‌ ناکات نه‌وشیروان مسته‌فا بیری تێدا بکاته‌وه‌ و پلانه‌کانی خۆی به‌جێ بهێنێت، که‌سایه‌تیی نه‌وشیروان، له‌گه‌ڵ مێژووی کۆن و تازه‌ی هه‌مووی  له‌به‌ر ده‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی سه‌ختدایه‌‌‌، ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت له‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌ ده‌ربچێت، ته‌نها دوو ئه‌ڵته‌رناتیڤی له‌ به‌رده‌مدایه‌: ده‌ستکێشانه‌وه‌ی نه‌وشیروان له‌ سیاسه‌ت و له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌مه‌ش‌ بڕیارێکی حه‌کیمانه‌‌ و پێویسته‌، یان ده‌ستکردنه‌وه‌ی له‌ پارتیی ئه‌مه‌شیان خه‌سڵه‌تی سه‌رکرده‌ی رۆژی لێقه‌ومانه‌. بۆ کڕینه‌وه‌ی که‌رامه‌تی شاری سلێمانی که‌ پارتی دوێنی هه‌تکی کرد، کورد پێویستی به‌ رابه‌ر و سه‌رکرده‌یه‌کی ئاوا هه‌یه‌.
 با چاوه‌ڕێبن بزانین چیدی‌ روو ده‌دات.!

(که‌مال جه‌مال موختار)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە