کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی تاله‌بانی یه‌کێتیی لاوازتر و بنه‌ماڵه‌که‌شی ده‌وڵه‌مه‌ندتر بوو

Saturday, 27/10/2012, 12:00


راپۆرتێکی تێر و ته‌سه‌ل  له‌ نێو دۆڵابه‌ شاراوه‌که‌ی قه‌ڵاچوالان:
تا ماوه‌ی چه‌ند مانگ له‌مه‌وپێش به‌ ته‌واویی ئاشکرانه‌کرابوو، که‌ ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر پشکی چه‌ند له‌ سه‌همی ئاسیا سێلدا هه‌یه‌ و ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ی تاله‌بانیان داوه‌ چه‌نده‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ کاتی مامه‌ڵه‌کردنی فرۆشتنه‌که‌دا ده‌ست حکومه‌تی عێراق که‌وتبوو، گوایه‌ له‌ سه‌رو 50% ده‌بێت و قه‌ته‌رییه‌کان به‌ 4.700.000.000 دۆلاره (چوار ملیار و حەوت سەد ملیۆن دۆلار) کڕیویانه‌، پێش سه‌فه‌ره‌که‌ی تاله‌بانی بۆ ئه‌لمانیا دیسان له‌ 10%ی تریشیان به‌ قه‌ته‌رییه‌کان فرۆشت که‌ له‌وه‌یاندا 1.470.000.000 دۆلار وه‌رگرت.  ئیستا ئاشکرابووه‌، که‌ قه‌ته‌رییه‌کان خاوه‌نی 60%ی ئاسیا سێلن، فۆاد الدورکی نوێنه‌ری ئیتلافی عیرافی له‌ ده‌وله‌تی یاسا، کاتی خۆی ئه‌م رێککه‌وتنه‌ی بنه‌ماڵه‌ی تاله‌بانی و قه‌ته‌رییه‌کانی به‌ ترسێکی گه‌وره‌ دانا، گوایه‌ فرۆشتنی ئاسیا سێل به‌ ده‌وله‌تێکی تر مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی عێراقیی، چونکه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بێگانه‌ ده‌توانێت کۆنترۆلی ته‌له‌فون و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌کانی ناو عێراق بکات، جگه‌ له‌وه‌ تا ئیستا به‌ڵگه‌ی  ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ قه‌ته‌رییه‌کان به‌ بنه‌ماله‌ی تاله‌بانیان داوه‌، چۆته‌ سه‌ر حیسابی چ که‌سێکی نێو بنه‌ماڵه‌ی تاله‌بانی و چی لێکراوه‌!؟  سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ نێو یه‌کێتیی نیشتیمانی کوردستان له‌ قه‌ڵاچوالان هه‌موو ئه‌مانه‌ی بۆ کوردستانپۆست ئاشکراکرد، که‌ قه‌ته‌رییه‌کان له‌ 60%ی ئاسیاسێلیان کڕیوه‌، ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ست بنه‌ماڵه‌ی تاله‌بانیی و یه‌کێتییه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ ته‌نها 23% ی ئه‌و کۆمپانیایه‌یه‌، جگه‌ له‌ چه‌ند بازرگانێکی تر، که‌ سه‌همی که‌میان له‌ ئاسیا سێلدا هه‌یه‌.

پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵه‌بانی له‌ ئه‌ڵمانیا 17 / 9 / 2012دا و مه‌ترسی کۆچی دوایی تاله‌بانی، له‌لایه‌ن هێرۆی ژنییه‌وه‌ فشاری زۆری خراوه‌ته‌ سه‌ر، تا ئه‌و به‌شه‌ی له‌ ئاسیا سێل ماویانه‌ به‌ لایه‌کیدا بخه‌ن، گوایا فاروقی مه‌لا مسته‌فا مڕی لێخۆش ده‌کات، چونکه‌ تا ئه‌و کاته‌ به‌ ناوی فاروقه‌وه‌ دانرابوو، یه‌کێک له‌ مه‌ترسییه‌کان ئه‌وه‌ بووه‌، به‌ جه‌لال تاله‌بانی وتراوه‌، گوایه‌ ئیستا فاروق له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فادا رێککه‌وتووه‌ و خه‌ریکه‌ به‌ ته‌واوی له‌ یه‌کێتیی و ئه‌مان داده‌بڕێت، ئه‌مه‌ وای له‌ تاله‌بانی کرد که‌ بڕیاری ئه‌وه‌ بدات فاروق مه‌لا مسته‌فا له‌ ئاسیا سێل داببڕێت و به‌شێکی زۆری ئه‌و پارانه‌ی لێ بسه‌نێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌که‌ به‌ کوردستانپۆستی راگه‌یاند، به‌ر له‌ ماوه‌یه‌ک، تاله‌بانی به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ به‌شه‌که‌ی له‌ ئاسیا سێل دابه‌شکردووه‌ به‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆیدا:



%07ی  له‌تیف شێخ جه‌مال (هاوه‌ڵزاوی تاله‌بانی و مێردی شاناز)
%07ی  شانازی برایم ئه‌حمه‌د (خوشکی هێرۆی ژنی تاله‌بانی)
%07ی ئاراسی شێخ جه‌نگی (برازای تاله‌بانی)
%02ی  یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان.

سه‌رچاوه‌که‌ به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ وتی: به‌ڵام مام جه‌لالی هیچی به‌رناکه‌وتووه‌، بۆیه‌ ئه‌و فه‌قیره‌ کاتی خۆی راستی فه‌رمو، ئه‌گه‌ر مرد ده‌بێت شاره‌وانی بینێژێت.

سه‌رچاوه‌که‌ دیسان باسی له‌وه‌ کرده‌وه‌ و وتی: من زۆر دڵنیانیم ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌یه‌ که‌ له‌ قه‌ته‌رییه‌کان وه‌رگیراوه‌ و ده‌کاته‌ نزیکه‌ی 6.170.000.000 شه‌ش ملیار و سه‌د و حه‌فتا هه‌زار دۆلار، نازانم خراوه‌ته‌ سه‌ر حسابی چ ئه‌ندامێکی دیکه‌ی بنه‌ماڵه‌ی تاله‌بانی، گومانم بۆ ئه‌وه‌ رێی تێده‌چێت، که‌ تاله‌بانی و هێرۆ دابێتیان به‌ قوباد و پاڤێل، چونکه‌ ئه‌وان ناویان له‌م دابه‌شکردنه‌دا نییه‌.
هه‌رچه‌نده‌ کۆمه‌ڵیک پاره‌ و موڵک و سامانی دیکه‌ش هه‌یه‌، به‌وه‌شه‌وه‌ که‌ که‌وتۆته‌ لای دلێری سه‌ید مه‌جید، هه‌موو ئه‌مانه‌ موڵکی هێرۆن، به‌شێکی به‌کار ده‌هێنرێت بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆیان له‌ناو یه‌کێتیی، تا له‌ کاتی کۆچی دوایی تاله‌بانییدا به‌کاری بهێنن و خه‌ڵکی پێ بکڕن، گه‌ر نا ئه‌وا هێرۆ خان به‌ پاره‌یه‌که‌ی زۆره‌وه‌ ماڵئاوایی له‌ سیاسه‌ت و له‌ کورد ده‌کات، کوردستان جێده‌هێڵێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ هێشتا به‌ ته‌واویی روون و ئاشکرا نییه‌.


فاروقی مه‌لا مسته‌فا بۆ وای لێبه‌سه‌ر هات
هه‌ر کاتێک تاله‌بانی بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی کوردستانی جێهێشتبێت، ماوه‌یه‌ک دوور که‌وتبێته‌وه‌، مقۆمقۆ که‌وتۆته‌ نێو ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسیی، کادێر و لایه‌نگرانیی، هه‌موو ترسی ئه‌وه‌یان لا دروست ده‌بێت،  که‌ دوای نه‌مانی تاله‌بانی چی به‌سه‌ر یه‌کێتیی و به‌سه‌ر ئه‌ماندا روو ده‌دات، بۆ نمونه‌ کاتێک پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی تاله‌بانی که‌ راگه‌یاندنه‌کان ئه‌وه‌یان بڵاوکرده‌وه‌، گوایه‌ دوای نه‌مانی تاله‌بانی د. به‌رهه‌م ئه‌م ده‌بێته‌ سه‌رۆککۆمار، بۆیه‌ دوای گه‌رانه‌وه‌ی تاله‌بانی له‌لایه‌ن هێره‌وه‌ فشاری زۆری خسته‌ سه‌ر تاله‌بانی تا هه‌ڵویست له‌به‌رامبه‌ر د. به‌رهه‌م وه‌ربگرێت و پێگه‌ی لاواز بکات، تا جێگه‌ی تاله‌بانی نه‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی تاله‌بانی له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان، هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک دیداری دیکه‌ نه‌یان هێشت، د. به‌رهه‌م ئاماده‌ بێت. فاروقی مه‌لا مسته‌فاش هه‌رچه‌نده‌ بۆ خۆی نه‌خۆشی دڵی هه‌یه‌، ئه‌میش ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو، که‌ به‌ مه‌رگی تاله‌بانی گڵۆڵه‌ی ده‌که‌وێته‌ لێژیی، وای لێکدابوویه‌وه‌، ئه‌گه‌ر تاله‌بانی نه‌مێنێت،  پێگه‌ی ئه‌میش له‌ناو یه‌کێتییدا نامێنێت و هه‌موو پاره‌کانی لێده‌سه‌ندرێته‌وه‌، بۆیه‌ حسابی ته‌واوی بۆ خۆی کرد، وای به‌ باش زانیی له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆران خۆی نزیک بکاته‌وه‌، تا ببێته‌ گۆڕانخوازێکی عه‌یاره‌ 24 و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی ناو گۆڕان.

په‌یوه‌ندیی نێوانی نه‌وشیروان مسته‌فا و فاروق مه‌لا مسته‌فا په‌یوه‌ندییه‌کی باش نه‌بووه‌، نه‌وشیروان حه‌زی له‌ چاره‌ی نه‌کردووه‌، ته‌نانه‌ت کاتی خۆی فاروقی مه‌لا مسته‌فا بینانه‌یه‌کی بۆ نه‌وشیروان دروستکردبوو، به‌ڵام له‌لای زۆر که‌س ئه‌وه‌نده‌ باسی کرد و ده‌یگووت که‌ من ئه‌وه‌م بۆ کاک نه‌وشیروان دروست کردووه‌، تا نه‌وشیروان له‌مه‌ تووڕه‌ ده‌بێت و شۆڤڵ هه‌مووی بۆ روخاند، له‌ حه‌ڤده‌ی شوباتیشدا چه‌کداره‌کانی یه‌کێتیی و پیاوه‌کانی شێخ جه‌عفه‌ر له‌و عیماره‌ زله‌ی فاروقه‌وه‌، که‌ به‌رامبه‌ر به‌ گرده‌که‌یه‌ سنگه‌ریان لیدابوو کاریی جاسووسیان به‌ سه‌ر نه‌وشیروان و ته‌له‌فیزیۆن و هاتووچۆکه‌رانه‌وه‌ ده‌کرد.

پێش ئه‌وه‌ی جه‌لال تاله‌بانی له‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ بگه‌ڕێه‌وه‌، وه‌ک وتمان فاروقی مه‌لا مسته‌فا هه‌موو حیسابێکی خۆی کردبوو، بۆیه‌ به‌ په‌یوه‌ندیی و واسته‌ی زۆر توانی دڵی نه‌وشیروان بهێنێه‌وه‌ جێی خۆی و له‌گه‌ڵییدا له‌سه‌ر چه‌ند پرۆژه‌یه‌کی بازرگانی رێک بکه‌ون.


یه‌که‌م رێککه‌وتنی نه‌وشیروان له‌گه‌ڵ فاروقی مه‌لا مسته‌فا:
له‌ دانیشتنێکی نهێنی نێوان فاروقی مه‌لا مسته‌فا له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فادا، هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێککه‌وتوون، که‌ نه‌وشیروان مسته‌فا مۆڵه‌تی کارگه‌ی چیمه‌نتۆکه‌ی خۆی بدات به‌ فاروق، که‌ هێشتا له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردندایه‌، پرۆژه‌که‌ نه‌که‌وتۆته‌ کارکردن، رێکه‌وتنه‌که‌ به‌و مه‌رجه‌یه‌، فاروق هه‌موو پیداویستیی و ئه‌رک و کاره‌کان بخاته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی خۆی، به‌ڵام 20% ی بدات به‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، به‌ داخه‌وه‌ له‌ کاتی قسه‌کردنه‌کاندا له‌ بیرمان چوو ناو و شوێنی کارگه‌ی چیمه‌نتۆکه‌ بپرسین، بۆیه‌ ئه‌و زانیارییه‌ له‌ ده‌رفه‌تێکی دیکه‌دا بڵاوده‌که‌ینه‌وه‌.

ئه‌و زانیارییانه‌ی وه‌رمانگرتووه‌، تا ئێره‌ ته‌واو، هه‌رچییه‌کی دیکه‌مان به‌ ده‌ستگه‌یشت له‌ هه‌واڵیکی تردا بڵاویده‌که‌ینه‌وه‌.


چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ سه‌ر هه‌واڵی فرۆشتنی ئاسیا سێل:

http://www.iraqidev.org/news/index.php/baghdad/14781.html

http://www.qanon302.net/news/news.php?action=view&id=22651

http://www.shafaaq.com/sh2/news/economy

http://www.qanon302.net/news/news.php?action=view&id=22651


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە