ههواڵێک له ههولێرهوه
Tuesday, 15/03/2011, 12:00
سەرچاوەیەك لە ڕێكخەرانى گردبوونەوەیەك پێیڕاگەیاندین كەوا:
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكەوتى 15/3/2011 كۆمەڵێك چالاكوانى كۆمەڵى مەدەنى و مامۆستاو خوێندكارى زانكۆو پزیشك و نووسەرو خەڵكى شارى هەولێر بە فەرمى داواى مۆڵەتى گردبوونەوەیەكیان پێشكەش بە نووسینگەى سەرۆكى لیژنەى ئەمنى شارى هەولێر كرد كە بەڕێز وەزیرى ناوخۆیە، بە مەبەستى سازدانى گردبوونەوەیەك لە ڕۆژى پێنجشەممە ڕێكەوتى 17/3/2011 كاتژمێر 11ى بەیانى لە بەردەم (پەرلەمانى كوردستان)، بە ئامانجى خستنەڕووى چەند داواكارییەك لەسەر بارودۆخى ئەمڕۆى كوردستان كە خۆى لەم پێنج خاڵەى خوارەوەدا دەبینێتەوە:
1. ڕێگرتن لە لەتكردن و دوو كەرتكردنى شەقامى كوردى كە مەترسى بەگژاچوونەوەى ئەهلى لێدەكرێت و پێویستە چیتر ڕێگە نەدرێت شەقامى كوردى وەك دوو گروپ خەڵكى دژ بەیەك دابەش و پۆلێن بكرێن.
2. ڕێگرتن لە تەسكردنەوەى بەشدارى سیاسى وەك مافێكى بنەڕەتى هاوڵاتیان و پشتگوێخستنى شەقام كە بووە هۆى دەستگیركردنى چەند هاوڵاتییەكى شارى هەولێر لەلایەن دەزگاى ئاسایشى هەولێرەوە بە مەبەستى كپكردنى دەنگى ناڕەزایى و ئەگەرى خۆپیشاندان لەم شارەدا.
3. دیاریكردنى سەقفێكى زەمەنى بۆ وەڵامدانەوەو جێبەجێكردنى داواكارییەكانى خۆپیشاندەرانى بەر دەركى سەراى شارى سلێمانى.
4. لێپێچینەوە لە بەرپرسانى ڕاگرتنى دەوامى زانكۆو پەیمانگاكانى هەولێر.
5. ئاساییكردنەوەى بارودۆخى شارى هەولێر ئەویش بە دەستپێكردنەوەى دەوامى زانكۆو پەیمانگاكان و ئاساییكردنەوەى بازگەكان و پێشێل نەكردنى مافى خۆپیشاندان و ئازادى ڕادەربڕین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست