کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بە فەرمانی هێرۆ پاسەوانی تایبەتی تالەبانی کوژرا، چونکە کۆمەڵێک نهێنی درکاندووە

Wednesday, 20/11/2013, 12:00


تێبینی: چەند ماڵپەڕێکی کوردی ناوەرۆکی ئەم هەواڵەی ئێمەیان بردووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کوردستانپۆست بدەن، وایان پیشانداوە کە ئەوانیش لە سەرچاوەی خۆیانەوە وەریانگرتووە، گوایە پەیامنێریان هەیە و بۆیان ناردوون، بۆیە لێرەدا بۆ بەچاوروونی خوێنەران ئەم کورتە روونکردنەوەیە لێرەدا دەنووسین، کە هەرچیی زانیاریی و هەواڵێک لەم هەوڵەماندا هەیە، تایبەتە بە کوردستانپۆست و ئێمە بۆ یەکەمجار بڵاومان کردۆتەوە، مافی هیچ راگەیاندنێکی دیکەی پێوە نییە، سەرچاوەکەنمان تایبەتە بە خۆمانەوە، هەرچییەک لەم هەواڵە گواسترابێتەوە بۆ هەر سایتێکی تر، بە لادان لە موڕاڵی کاری رۆژنامەگەریی لە قەڵەم دەدرێت. هیوادارین واز لەم جۆرە راگەیاندن و بردنی هەواڵەکانی کوردستانپۆست بهێنن. کاتێکیش ئەوە دەکەن جوانترە ئاماژەیەک بە سەرچاوەکە بدەن.

************ فەرموون بۆ خوێندنەوەی راپۆرتە هەواڵەکە************

هەواڵی کوشتنی پاسەوانی تایبەتی جەلال تالەبانی (عەقید سەروەت حەمە رەشید) ، جگە لە لڤین، بە چەند هەواڵێکی کورت لە دوو سێ میدیای ئەهلی و بروسکەیەکی یەکێتیی نیشتیمانی باسی لێوەکرا. بروسکەکەی یەکێتیی، کە بە عەقڵی شاخەوە نووسراوە، نازانرێ ئاڕاستەی چ لایەنێک کراوە.
سەرچاوەکەی کوردستانپۆست لە سلێمانییەوە بە دواداچوونی لەسەر کوشتنی سەروەت محەمەد رەشید کرد، ئەم چەند زانیارییەی خوارەوەی دەستکەوتووە:

پەیامنێری کوردستانپۆست/ سلێمانی: هەروەک سایتی لڤین کەمێک بە درێژی باسی لێوەکردووە، ئێمەش ئەمەی بۆ زیاد دەکەین، کە ئەو سێ کەسە سەر بە دەزگای دژە تیرۆر بوون بە فەرمانی هێرۆی برایم ئەحمەد و جێبەجێکردنی لاور شێخ جەنگیی بەڕێوە چووە. لە ماوەی ئەم مانگەدا ئەو گروپە لە سلێمانی بە چەند کارێکی تیرۆریستانە هەلساون، هەموویی پەیوەندیی بە باڵی هێرۆوە هەیە، کە دەیانەوێت دوای نەمانی تالەبانی دەوروبەری خۆیان لەو باڵانەی کە خەریکن لە ناو یەکێتییدا گەشەدەکەن و دەبنە مەترسی، پاک بکەنەوە. بۆیە لە ئیستاوە ، هەرکەسێک لەوانەی کە لەگەڵیاندا بووبن و دوایی بۆیان دەرکەوتبێت خەریکن گێڕ دەگۆڕن، ئەمان یەکسەر بڕیاری تیرۆرکردنی بۆ دەردەکەن و لە ناویان دەبەن (ئەمە قسەی خۆم نییە بەڵکو هی سەرچاوەکەمە کە ئەم پاش نیوەڕۆیە ٢٠-١١- ٢٠١٣پێی راگەیاندم).

وا بڕیار بوو، ئەمڕۆ کاتژمێر شەشی بەیانی سەروەت حەمە رەشید، بۆ ئەڵمانیا بگەڕێەوە، دوێنێ ئێوارە یەکێک لەپیاوەکانی هێرۆ ، کە کەسێکی هاوڕێی نزیکی خۆی دەبێت، پێی دەڵێت خۆت ئامادەبکە کاتژمێر چوار دێم بە شوێنتا، ئەویش لەسەر متمانەی هاوڕێیایەتی کە لە دەرگا دەدا، بە دڵنیایەوە دەچێت و دەرگای لێدەکاتەوە، ئیتر لە پڕ دوو کەسی دەمامکراو خۆیان دەکەن بە ماڵدا و دەیبەنە ژووری نانخواردن. سەرچاوەکە دەڵێت نازانم یەکێک لەوانە هاوڕێیکەی خۆی بووبێت، یان بەمەوە دەبنە چوار، بەڵام ئەوەندە ئاشکرایە، کە ئەمانە سەر بە دەزگای دژە تیرۆربوون. دزێک یان هەر کەسێکی تر ئاوا بەو شیوەیە ناچێتە سەر ماڵان، بەتایبەتی ماڵی کەسێک کە بزانن پاسەوانی تایبەتی جەلال تالەبانییە، ئەگەر دز بووبێت یان هەر کەسێکی تر، ئەوا سەروەت حەمە رەشید پێشوەخت خۆی بۆ ئامادەدەکرد. ئەوەی کە یەکێتی دەڵیت دز چۆتە سەری،یان مەسەلەی خانوو کڕین و فرۆشتن بوو، ئەمە درۆیەکی رووتە، ئەوە پیشان دەدات ئەمانە ساویلکە و نەزانن، تەنانەت لە تیرۆرکردنیش نازانن، کە وای جێ بەجێ بکەن گومانیان لەسەر نەکرێت، لە تیرۆرکردن و کوشتنیشدا هەروەک حیزبەکەیان هەرزەکارانە هەڵسوکەوت دەکەن.
سەرچاوەکە پێی راگەیاندین هەفتەی رابردوو (عەقید سەروەت حەمە رەشید) چاوی بە کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵحیش کەوتووە، ئەوان پرسیاری چارەنووسی جەلال تالەبانییان لێکردووە، وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو ویستوویانە لە زمانی ئەمەوە کە زۆر نزیکە لە تالەبانی دڵنیابن، ئەویش ئەو نهێنییەی بۆ درکاندوون کە تالەبانی لە ژیاندا نەماوە، بۆیە کاتێک کۆسرەت و بەرهەم بەتەواویی دڵنیادەبن، ئیتر پەیوەندیی و دانووساندنەکانیان لەگەڵ نەوشیروان لەلایەک و لەگەڵ پارتییدا چڕتر دەکەنەوە، هەڵبەتە هێرۆ بەمە دەزانێت کە (سەروەت حەمە رەشید) چاوی بەم دوانە کەوتووە.
سەرچاوەکە وتی ماوەی دوو هەفتە زیاتر تەلەفونی (سەروەت حەمە رەشید) لە ژێر چاودێرییدا بووە، ئاگاداری هەموو پەیوەندییەکانی بوون، تەنانەت ئەمڕۆ لە  کاتی ناشتنی تەرمەکەیدا کچەکەی بە دەنگی بەرز هاوار دەکات و دەڵێت: هەر  تۆ مابوویت تۆشیان کوشت؟! یەکێک لە خزمەکانی کە خەڵکی سەید سادقە دەڵێت پێش دوو سێ رۆژ بە زۆر بنەماڵەی تالەبانی داوای کردووە تا بۆ ئەڵمانیا  بگەڕێەوە، چونکە ئەو نەیویستووە بگەڕێتەوە، ئەمەش بەشێک بووە لە جێبەجێکردنی پلانەکەیان، دوای تەلەفونەکە بە کەسێکی نزیکی وتووە ، کە مام جەلال مردووە، ئیتر ئەم سیناریۆیە سەرناگرێت، بەڵام  ئەوان دەیانەوێت ئێمە لەوێ بین، تا وا لە خەڵکەکە بگەیەنن، کە مام جەلال  ماوە و ئەوەتا ئێمە لەگەڵییداین!

لە کۆتایی وەرگرتنی ئەم زانیارییەدا پەیامنێری کوردستانپۆست وتی: دوای کوشتنی (عەقید سەروەت حەمە رەشید)، ئاسۆ رەحیمیش، کە ئیستا لە ئەڵمانیایە، ئەویش لەو لیستەدایە، کە دەیانەوێت بە سیاناریۆیەکی تر لە ناوی بەرن، چونکە ئەویش بەشی خۆی نهێنی ئەو بنەماڵەیەی لەلایە، بۆیە هیوادارم نەگەڕێتەوە و چارەسەرێکی خۆی بکات.
وەک پێشنیارێکیش پەیامنێرەکەمان دەڵێت وەکو دەمی چەند کەسێکم تاقیکردۆتەوە، ئەوانیش پێشنیاری ئەوە دەکەن، هەرچی کەسێک لە ناو یەکێتیی، لە گەڵ دژە تیرۆر، لە دەزگای زانیاریی کارێکی بۆ ئەم بەرپرسانە ئەنجام دابێت، دەبێت چاوەڕوانی ئەو چارەنووسەی سەروەت بێت، بۆیە باشترە هەر یەکە لەوانە بە ڤیدیۆ، بە کاسێتی دەنگ، بە نامە هەرچییەکیان کردووە، بینووسنەوە، تا ئەگەر چارەنووسینیان وەکو (عەقید سەروەت حەمە رەشید) بەسەر هات، ئەو زانیارییانە ون نەبن و لە راگەیاندنەکاندا ئاشکربکرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە