کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە ١٧ شوباتدا مەلا بەختیار داوای لە بەختیار عەلی کرد تا بۆ سلێمانی بگەڕێتەوە

Saturday, 14/09/2013, 12:00


پەیامنیری کوردستانپۆست/ سلێمانی



سەرچاوەیەک لە یەکێک لە باڵەکانی نێو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نهێنییەکی دوو ساڵ پێش ئیستای بۆ پەیامنێرێکی کوردستانپۆست ئاشکرا کرد، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەفتەی یەکەمی رووداوی ١٧ی شوبات، ئەو کاتەی کە جەماوەرێکی زۆر لە گەنجانی سلێمانی رژابوونە نێو شەقامەکان و مەترسی ئەوە دەکرا ئەم کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە، سەرەنجامەکەی بە راپەڕین بشکێتەوە. بۆیە ئەو کاتە مەلا بەختیار پەیوەندی بە بەختیار عەلییەوە دەکات و پێی دەڵێت جەنابی مام جەلال سڵاوی بۆتان هەیە، داوای لێکردووم کە پەیوەندیی بە تۆ و کاک ئاراسەوە بکەین، تا بە زووترین کات بگەڕێنەوە بۆ سلێمانی، چونکە دەزانین لە نێو ئەو گەنجانەدا ئێوە جەماوەرێکی خۆتان هەیە، دەتوانن کاریان بکەنە سەر، تا واز لەو خۆپیشاندانە بهێنن.
دوای ئەو پەیوەندییە و بە ماوەی شەو و رۆژێک بەختیار عەلی دەگاتەوە سلێمانی، سەرچاوەکە دڵنیا نەبوو کە ئایا مەلا بەختیار بۆ خۆی ئەو بلیتەی بۆ بڕیون، یان خۆیان پارەکەیان داوە و دوایی لە سلێمانی وەریانگرتبێتەوە، یان لەلایەن تالەبانییەوە یارمەتی درابن.
ئەوەبوو پاش گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، یەکسەر کەناڵی کەی ئێن ئێن لە فڕۆکەخانە پێشوازی لێکردن، وەک ئەوەی کەسێکی منەور و پیرۆز دابەزیبێت، لەگەڵیدا کەوتنە گفتوگۆ،. ئەو سەرچاوەیە وتی لێرەشدا دەبێت ئەو گومانە لەلامان دروست بێت کە بۆچی کەناڵەکانی یەکێتیی وا بە گەرمییەوە گەیشتنەکەیان پەخش نەکرد، کەچی کەناڵی کەی ئێن ئێن ئەمەی کرد، ئەمە لە کاتێکدا بوو تالەبانی و مەلا بەختیار داوایان لێکردبوو بگەڕێتەوە؟
بۆ زاخاوی بیری خوێنەر ئەوەش وەبیر دەهێنینەوە، هەر لەگەڵ گەیشتنیاندا بۆ سلێمانی، بەختیار عەلی لە بەردەردکی سەرا خۆی تێکەڵ بەو جەماوەرە کرد و قسەی بۆ کردن، وەک لە پلانەکەی دەسەڵاتدا دانرابوو، دوایی سەردانی زانکۆی سلێمانی کرد و باسی کێشەی گەنجەکانی کرد، گوایە ئەو گەنجانە لە تاو ژنهێنان و شوکردن ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە دەردەبڕن، بەمەشەوە نەوەستا یەکسەر دەستی کرد بە کۆڕگێڕان و لە ئێواراندا کە بەردەرکی سەرا کۆدەبوونەوە، ئەم لەلایەکی ترەوە کۆڕی دەبەست و داوای دەکرد خەڵکی بۆ کۆڕەکەی بچێت، تا بەو هۆیەوە ئاپورەی جەماوەری بەردەرکی سەرا بۆ ئەوێ بەرێت و لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکە دووریان بخەنەوە.
شایانی باسە ئیستا بەختیار عەلی نووسینەکانی خۆی لە سایتێکی سەر بە پاراستن بڵاودەکاتەوە، دۆستێکی نزیکی میدیا ئەهلییەکانیشە، ئەو دەتوانێت لە رۆژنامەی ئاوێنە و هاوڵاتی بڕیار لە سەر دانانی لیستی رەش بۆ هەندێک نووسەر دابنێت، هەروەها بێباکانە بڕیاری ئەوەشی داوە، کە  گوێی خۆی لە توڕەیی و قینی گەنجەکان بئاخنێت  و پشتی تێکردوون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە