سەرنجێك سەبارەت بە هەردوو لیژنەی لێكۆڵینەوەكەی مەلامستەفا بارزانی و مەسعود بارزانی

Monday, 16/05/2011, 12:00









ئەوەی لەیادی چلەی شەهیدی قەڵەم و رۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا زیاتر لە هەر شتێكی تر سەرنجی راكێشام بریتیی بوو لەو دڵۆپە فرمێسكانەی كە لەچاوەكانی "سێوێ"ی جەرگسووتاوی دایكی سەردەشت هۆن هۆن بە ئەسپایی دەهاتنەخوار، لەكاتێكدا ئەو دایكە چاوی بڕیبووە پەڵە گوڵێكی باخچەكە كە بەدەم شنەی باوە دەلەرانەوە هەروەك ئەوەی بۆ كوڕە جوانەمەرگەكەی ئەو شیوەن بكەن كە لەلایەن دڕندەترین جەلادە بێشەرمەكانی ئەمڕۆی كوردستانەوەو بەبەرچاوی برادەرو پاسەوانەكانی كۆڵێجەكەیەوەو لە هەستیارترین شوێنی پایتەختی هەرێم و لەكاتی دەستپێكردنی دەوامی رەسمیدا فڕێندراو پاش ئەشكەنجەیەكی زۆر فیشەكێكیان نابوو بە دەمی حەقبێژییەوەو بەناو ئەو هەموو بازگانەی رێگای هەولێر-موسڵدا تەرمی پیرۆزیان گواستبۆوەو فڕێیاندابووە دەرەوەی كوردستان.
لەڕاستییدا ئەم دیمەنەو فرمێسكەكانی سێوێ، رووداوێكی كارەساتباراوی تری مێژووی تیرۆرو كوردكوژیی رابوردووی نەتەوەكەمانی بیرخستمەوە كە رووداوی تیرۆركردنی رۆژنامەنووس "سەدیق ئەنجیری"ئەندامی سەركردایەتی حیزبی دیموكراتی كوردستان و فرمێسكەكانی "حەمەڕەسوڵی" باوكێتی، ئەوەی دوای بیستنی هەواڵی بێسەروشوێنكردنی كوڕەكەی لەساڵی 1966، بەگریان و هەڵەداوان هاتبووە "كوردستانی ئازادكراو"و پەنای بۆ مەلامستەفا بارزانی سەرۆكی شۆرش بردبوو تا لە رووداوی تیرۆركردنی كوڕەكەی بكۆڵنەوەو تاوانكاران و تیرۆرستان بەسزای گەل بگەیەنن.

دیارە بەراوردی زۆر لەنێوان هەردوو رووداوەكەی تیرۆری "سەدیق"و "سەردەشت"دا هەیە، هەروەك جیاوازییشیان لەنێواندا دەبینرێت. جارێ هەریەك لەو دووانە ناوەكانیان بە پیتی "س" دەستپێدەكات و هەروەك "س" ناوەكانی دیكەی وەك: " سەعید ئاڵچی، سلێمان موعینی، سەلاح هەورامی، سۆرانی مامە حەمە، ستار تاهیر شەریف..هتد بەدەستی دوژمنی بێگانەی غەیرەكورد نەكوژراون و بكوژانیان كوردن و لەسایەی دەسەڵاتی كوردییدا تیرۆركراون.
هەروەها سەدیقی ئەنجیری وەك سەردەشت رۆژنامەنووس بوو، یەكەمین ئەزموونی كاری رۆژنامەوانیی لە رۆژنامەی "كوردستان"ی زمانحاڵی كۆماری كوردستان بوو. هەردووكیشیان سێكیولارو هیومانیست و چەپگەرابوون و دژی ستەمی چینایەتیی و ملهوڕیی سیاسیی و ستەمكاریی بوون. هەردووكیشیان سەرەتا فڕێندران و پاشان لاشەكانیان دۆزرانەوە.
 سەدیق 44ساڵ لەمەوبەر لە كۆتایی بەهاردا لەڕێگای سەردانی بۆ لای مەلامستەفا بارزانی فڕێندرابوو، دواتر لاشەكەیان بە بێ سەر لە چۆمی خەلاندا دوزیبۆوە، سەردەشتیش لە هەمان وەرزی سالأو لەڕێگای چوونی بۆ كۆلێج فڕێندراو پاش رۆژێك لاشەكەیان لە موسلأ دۆزییەوە. ئەوەی هەیە سەدیق بە نهێنیی فڕێندرا بەڵام سەردەشت بە ئاشكراو بەبەرچاوی خەڵكەوە. لاشەكەی سەدیق پێش ئەوەی چۆمەكە فڕێیبداتە دەرەوەی كوردستان سەرئاوكەوتبوو، بەلام ئەوەكەی سەردەشت بە سەیارەو بەنێو بازگەكاندا فڕێدرابووە موسلأ، لەسەردەمی تیرۆری سەدیقدا ئەو ناوچانە وەك ئێستا لەبندەسەڵاتی كوردییدا نەبوون!!
لەلایەكی ترەوە باوكی سەدیق بێ ئەوەی بزانێت تیرۆرست كێیە، بە دەنگێكی بەرز بۆ كوڕەكە دەگریا، كاتێك چاوی بە مەلامستەفا كەوت بە فرمێسكی قەتیسماوی چاوەكانییەوە داوای لێكۆڵینەوەو سزادانی بكوژانی كرد، بەڵام سێوێ، هێمن دەگریاو ئێستاش وەك ئەوەی بە دروستی تیرۆرستان بناسێت، تەنانەت دوای ئاشكراكردنی فەرمیی "تیرۆرستان" دەعوایەكی لەسەریان نییەو هەردەڵێت"خوا حەقمان بسەنێت"!
سەبارەت بە لیژنەی لێكۆڵینەوەكانیش، كاتێك حەمەرەسولأ لە قسەكانی خۆی بۆوە، مەلامستەفا رابەری شۆڕش داوای لە ئیدریس كوڕی كرد بەدواداچوون بكاتو بزانن سەدیق چی بەسەرهاتووە، چونكە ئەو دەمە قۆناغی خەباتی شاخ بوو چ دادگایەكی فەرمیی نەبوو، بەڵام ئەوە 44 سالأ بەسەر ئەو ماوەیەدا تێدەپەڕێت ئاكامی ئەو لێكۆڵینەوەیە هیچی لێ ئاشكرانەكراوە. سەبارەت بەو لیژنەی لێكۆڵینەوەیەی كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم دوای رووداوی تیرۆركردنەكەی سەردەشت پێكیهێنا، ئەویش هەر وەك ئەوەكەی مەلا مستەفا شاخەكییانەو دوور لە كاركردنی دادگاو لێكۆڵینەوەیەكی وردو پرۆفیشناڵ بوو، بەڵام ئەمیان ئازاتر ئیشەكەی خۆی راپەڕاندو هەر دوای 4 مانگ كەوتە گۆو بە چەند وشەیەك گرێكوێرەی تیرۆی سەردەشتی كردەوە، كە خۆزیا هەر نەیكردایەتەوە!! گوایە سەردەشتی چەپگەراو سێكیولار" بەڵێنی كاركردنی بە رێكخراوی ئەنسارولئیسلام داوەو بەهۆی بەڵێنشكێنییەوە ئەنسار كوشتوویانە"ئەوەی زیاتر لە هۆنینەوە دەچێت تا لێكۆڵینەوەو پارتییەكانیش خۆیان گاڵتەیان پێیدێت، لیژنەیەك كە هەر لەسەرەتاوە جێی گومانی كەسوكاری سەردەشتو رۆژنامەنووسانو خەڵكانی ئازادبوو. بەهەرحالأ ئەوەی كە سیفەتێكی هاوبەشە لە هەریەك لە دوو لێكۆڵینەوەكەی كەیسی سەدیقو كەیسی سەردەشت ئەوەیە، كە تیرۆرستان لە هیچ كام لەو دوو كەیسەدا لە دادگایەكی ئازادو دادپەروەرانەو كراوەدا دادگایی نەكرانو بەڵگەی روون لەمەڕ تیرۆركردنی ئەو دوو رۆژنامەنووسە بۆ خەڵكی كورد نەخراوەتەبەرچاو، ئەوەش وایكردووە هەمیشە لە باسكردنی ئەو دوو كەیسەو كەیسە هاوشێوەكانی دیكەدا، گۆمانێگی قوولأ لە دەسەڵاتی وەخت هەبێت بەوەی كە هیچ مەبەستێكی بۆ ئاشكراكردنی راستیی نیە. ئەوەش متمانەی دەسەڵات لەق دەكاتو رەوایەتیی دەخاتە ژێر چەندین پرسیار. وەك ئەوەی: نیوسەدەیە كێ بەرپرسیاری راستەقیینەیە لە تیرۆركردنو ئەنجامدانی ئەم پەناكوژییە؟ كێ سوودی لەوجۆرە كارانە كردووە؟ كێ لە پاراستنی گیانی "س" ەكان بەرپرسیارە؟ بۆ لیژنەی لێكۆڵینەوەكان شاراوەن؟ بۆ ئەنجامەكان راناگەیەننرێن؟ بۆ تیرۆرستان لە دادگایەكی ئازادو كراوەدا دادگایی ناكرێن؟ بۆ روونكردنەوەكانی دەسەڵات قەناعەتپێكەر نین؟ دەسەڵاتی كوردیی بۆ ناتوانێت گیانی هاوڵاتیان بپارێزێتو ئازادییو یەكسانییو دادپەورەریی فەراهەمكات؟ چ دەزگایەك بەرپرسیارە لە پاراستنی تاكی كورد؟ ئایا یەكەمین ئەركی هەر دەسەڵاتێكی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی پاراستنی گیان و موڵك و نامووسی تاكەكانی كۆمەڵگا نیە؟ ئایا دەسەڵاتداران پێش ئەوەی بچنە سەر كورسییەكانیان هیچ سوێندێكیان بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانیان بە دڵسۆزییەوە نەخواردووە؟ ئایا هیچ ئومێدێك بەم سەرۆك و سەركردە پەككەوتانەی ئەمڕۆ چاوەڕێ دەكرێت؟...

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە