کێشەکانی کوردستان لە رەسمی سەردیوارەکانا نیە، لە بناغەی دیوارەکاندایە
Friday, 17/02/2012, 12:00
لەسەردەمی حوکمی مەلیک فەیسەڵی یەکەمدا،کاتێک مەلیک لەبەغداوە بەرەوسلێمانی ئەکەوێتە ڕێ بەنیازی سەردانی ناوچەی سلێمانی ئەوکاتە،ئەبووایە پێشتر بە چەند ڕۆژێک پیاوماقوڵ وکاربەدەستانی شارو سەرۆک خێڵەکان لەنزیک چەمچەماڵ ودەشتی بازیان کەژاوەیان هەڵبدایەو لەهاتەهاتی پێشوازی مەلیک دابوونایە، دیارە هۆکانی گواستنەوەی ئەوکاتە زۆر دواکەوتوو زۆر درێژخایەن بووە،ڕەنگە ئەو خەڵکەی کەچونەتە پێشوازی مەلیک بۆ دەرەوەی شار وخێوەتیان هەڵداوە چەندهەفتەیەک لە ناوتەپووتۆزو خۆڵ وخاشاک و وشکە گەرما دامابنەوەو چاوەڕێ ی پێشوازی مەلیکیان کردبێت.یەکێک ولەوکەسایەتیتانەش مستەفاپاشای یامولکیە ،کە پیاوێکی نیشتمانپەروەروڕوناکبیرو خانەدانێکی سلێمانی بووە، ئەڵێن ئەوکاتەی مەلیک ئەگاتە نزیک خێوەت وکەژاوەکە،مستەفاپاشا لە بەردەم خێوەتەکەدا ڕاوەستاوەو ناچێ بەرەوە ڕووی سەیارەکەی مەلیک،دواتر لەناوخەڵکا ئەمە بڵاو ئەبێتەوە کە گوایە ،مستەفاپاشای یاموڵکی بێ ڕێزی نواندوە بەرامبەر بە مەلیک.مستەفاپاشاش زۆر ناڕەحەت ئەبێ لەم قسەو باسە وئەڵێ ،ئەم خەڵکەی ئێمە زۆر کوێرن،ئەوهەمووڕێگاو مەودایەی نێوان سلێمانی وئێرەیان لەبەرچاوانیە کەمن چەندرۆژوشەوێکە ماڵ وکاروبارم جێهێشتوە تەنها بۆ خاتری پێشوازیەکی مەلیک بەڵام چەند هەنگاوێکیان کردوە بە پێوەر کەمن ڕامنەکردوە بەرەوە سەیارەکەی مەلیک.
مەبەستی منیش لە گێرانەوەی ئەم بەسەرهاتە ڕوونکردنەوەی هەمان گاڵتەجاڕە کەچەندکەس وگروپێک لێرەولەوێ ،لەسەرلاپەرەکانی فەیس-بوکیش کردویانەتە بابەت، گوایە،کاک ئەرسەلان بایز بەلادانی وێنەی مەلامستەفابارزانی،بێ ڕیزی کردوە بەرامبەر بە پارتی وبارزانی،هەرچەنە مەسەلەکە واش نیە و وێنەکەی مەلامستەفا هەرلەهەمان هۆڵدایە،پاشان ئەرسەلان بایز وەک خۆی یەکیێکە لە بەستەروڕاگرەکانی هاوپەیمانی ستراتیژی نێوان پارتی ویەکێتی ،ئەو هاوپەیمانیەی شکۆی هەردوو حزبەکەی پاراستوەو بێ خواست وپرس وێنەکانی هەردوولایەنەکەی کردوە بە وەزیفەی دیواری زۆرلەبالەخانەوبارەگانی حوکمی لە هەولێریان سلێمانی..کەواتە خاڵی سەرەکی وبابەتی لای ئێمە هێشتا هەر کێشەو پێوانەی بۆناکرێت.
ئەمە لێکدانەوەیەکی جەدەلی یە بۆ هەراوقسەو باسەکانی شەقامی کوردی، بە(زووم -ئین)کردنی خاڵی ورد بۆگەورەتروخۆگێل کردن لە تێكرای بابەت ومەسەلەکان.لەلایەکی ترەوە ئەم جۆرە ئاگرانە بێ دووکەڵ نیە، ئەم ڕۆژانە ساڵیادی کارەساتێکی مێژوویی یە لە میژووی ئینسانی کوردا، لەهەر ڕوویەکەوەبێ، کوشتنی جەماوەرو بریندارکردنی سلێمانی یە، ئەوەندەی زۆرینەی خەڵک وگروپ وماڵپەرەکان سەرقالن بە مەسەلەی ئەرسەلان بایزو رەسمەکەی بارزانی یەوە، هێندە پەرۆشی ساڵڕۆژی حەڤدەی فێبرایەرنین، ئەوجەماوەرەی پارساڵ شەقامەکانی جوڵاند وەڵامی خۆی دایەوە بۆچی وچۆن ڕووی کردە شەقام ؟ ئەو نەمامەی بەخوێنی چەندگەنجێکی بێ تاوان ڕەگی کرد،ڕیشە کێش کرا یان چەند لایەنێکی ڕیشن خۆیان لێکرد بە باخەوان ؟بەڕای من کاتی ئەوەهاتووە ئیتر کوێرانە ڕووداوەکان تێپەڕنەبێ بەسەرمانا وبابەتەکان جیاکەینەوە لەرواڵەت کێشەکانی کوردستان لە رەسمی سەردیوارەکانا نیە، لە بناغەی دیوارەکاندایە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست