(پرۆفایل):
- ناوی ( رەزا ساڵح عەلی )یە، بە ( رەزا شوان ) ناسراوە، لە ساڵی ( ١٩٤٦) لە دێی ( گۆگجە) لە ناوچـەی ( شـوان )ی سەر بە پارێزگای ( کەرکـوک ) لە دایک بووە.. لە ساڵی ( ١٩٥٢) وەوە، لە شاری کەرکوک نیشتەجێ بوونە.. لقی وێژەی قوتابخانەی ئامادەیی لە کەرکوک تەواوکردووە.. لە ساڵی (١٩٦٨) دا، پەیمانگای ئامادەکردنی مامۆستایانی لە شاری (باقـوبە ـ دیالە) تەواو کردووە.
- لە بەرواری (٩/٣ / ١٩٦٩) دا،کراوە بە مامۆستای (قوتابخانەی بادەوای سەرەتایی) لە دێی (بـادەوا )ی سەر بە ناحیەی ( لەیـلان ـ کەرکوک ).. دوای ساڵێک لە (١٩٧٠) دا، گوێزراوەراوە بۆ شاری کەرکووک، لە قوتابخانەی (مەشـخەڵی سەرەتایی کۆڕان) وانەی زمانی کردی و بیـرکاری گوتووەتهوه.. لە ساڵی (١٩٨٠)دا، گواستراوەتەوە بۆ ( قوتابخانەی عـائـیشەی تێـکەڵاو) لە گەڕەکی
(رەحیماوا)ی کەرکوک.. لە هەمان کاتدا لەم قوتابخانانەش موحازەرەی وانەکانی مێژوو و زانیاری کـوردی گوتووهتەوە، لە (ناوەنـدی یـانزەی ئـازاری ـ کچـان) لە ( ناوەندی مەیسەلـونی ـ کچـان ) لە ( ناوەنـدی ئیمام قاسـمی ـ کوڕان ) لە ( قوتابخانەی سەرەتایی ئیمام قاسـمی ـ شەوان ). کە لە بەیانییەوە تا کاتژمێری نۆی شەو وانـەی گوتووهتەوە.
- لە ساڵی (١٩٩٠ ـ ١٩٩٥) کراوە بە (جێگـری بەڕێـوەبەری قوتـابخـانەی ١٤ی رەمەزان) لە کەرکوک، بەعسییەکان تەنگیان پێ هەڵچنیوە, کە بیکەن بە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک لە رەحیماوا، بەو مەرجـەی ببێت بە بەعسی.. رەتی کـردۆتـەوە و بە راشـکاويی پێی گوتـوون: گـەر بمکەن بە بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکوکیش نابم بە بەعسی، ناچـاربووە, کە لەسەر داوای خۆی، لە ساڵێ (١٩٩٥) دا خانەنشینی بکەن.
- لە ساڵی ( ١٩٧٠) وە ـ تا خانەنشین بووە، ئەندامی ( سەندیکای یەکێتی مامۆستایانی کورستان ـ لقی کەرکوک) بووە.
- لە ساڵی (١٩٩٦)وە، کوردستانی بەجـێهـێشتووە و ماویەک لە تورکیا و لە ئەڵـمانیا و دوایی رووی لە نەرویج کردووە. لە (١٩٩٩) وە، لە گەڵ خێزان و منداڵەکانی لە وڵاتی نەرویج دەژین.
- لە نەرویجدا لە ساڵی (٢٠٠٠ ــ ٢٠٠٢) مامۆستای زمانی کوردی ( زمانی دایک ) بووە لە چەند قوتابخانەیەکی سەرەتایی و ناوهندی لە شاری (ڤـۆس) و لە شاری ( بێـرگـن) لە ( نەرویج) بە زمانی کورديی وانەی بە منـداڵانی کـورد گوتووهتەوە.
- لە ساڵی (٢٠٠٤) دا، لەگەڵ دوو مامۆستای تر و چەند قوتابییەکی کورد (رادیۆی کوردستان) یان، لە شاری بێرگن لە نەرویج کردۆتەوە، کە رادیۆیەکی لۆکاڵی بووە، هەفتانە دوو کاتژمێر بە کوردی پەخشیان کردووە، بۆ ماوەی ساڵێک ئەم رادیۆیە بەردەوام بووە.. هەموو پرۆگرام و بەرنامەکانی خۆی ئامادەی کردووە و بەرنامەی تایبەتی خۆشی هەبووە.
- نزیـکەی (١٥) ساڵـیش فەرمانبەر بووە لە کۆمپانـیایی خێرخوازيی (فـری تـێکـس) و لە دایرەی (بێرگـنتەرمیناڵ پۆست) دا دایرەی پۆستی سەرکی بێرگن، لە (٣٠/٦/٢٠١٨) دا خانەنشین کراوە.
- لە ساڵی ( ١٩٦٧)دا، بۆ یەکەمین جار نووسینێکی لەژێر ناوی( لە سایەی زانیـاریدا ) لە رۆژنامەی ( الاخبار ) دا، کە لە ( بەغـدا) دەردەکرا بڵاوکردۆتەوە.. کە لاپەڕەیەکی بە زمانی کورديی دەردەچوو.
- لە ساڵی (١٩٦٧) ەوە تا ئەمڕۆ، لە گۆڤـار و لە رۆژنامەکـان ولە رۆژنامە ئەلیکترۆنییەکـانی ئێستاشدا، بە دەیـان نووسینی هەمەچەشـنەی، بە زمـانی کـورديی و بە عەرەبی بڵاوکـردۆتەوە ، بە تایبەتیش دەربارەی منداڵان، بابەتی پەروەردەی منداڵان، بواری ئەدەبی منداڵان، هۆنراوە و چیرۆک بۆ منداڵان، زیاتر حەزی لە خزمەتکـردنی بواری (ئـەدەبی منـداڵان)ە.. تا ئەمـڕۆش لەم بـوارەدا درێـژە بە نووسین و بڵاوکـردنەوە دەدات.
- لە ساڵی (١٩٧٠ــ ١٩٧٣)بە ناوی خوازراوی ( هیـوا شـوان )ەوە. خۆبەخشـانە (پەیامنێری رۆژنامەی هاوکاری) بووە لە کەرکـوک.
- لە ساڵی ( ١٩٧٠) دا، بووە بە ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کورد و لە یەکەمین کۆنگرەشیدا، کە لە هاوینی (١٩٧٠) لە بەغـدا بەسترا، بەشـداربووە.. لە ساڵی (١٩٧١)يشدا، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامی هەڵبژێراوی یەکەمین دەستەی بەڕێوەبەری (یەکێتی نووسەرانی کورد ـ لقی کەرکوک) بووە، کراوە بە بەرپرسی دارایی.
- لە ساڵی (١٩٨٤ــ ١٩٩٤) بۆ ماوەی (١٠) ساڵ لە ( تەلەفـزیۆنی کەرکـوک ـ بەشی کوردی)دا، ئامادەکاری بەرنامەی( جیهـانی منـداڵان ) بووە.. کە بەرنامەیەکی هەفتانەی نیو کاتژمێری بوو. لە رێی ئەم بەرنامەیەوە، خـزمەتێکی زۆری به رۆشنبیريی و ئەدەبی منداڵانی کـورديی کـردووە.
- لە ( ٢٥ ـ ١٠ ـ ٢٠٠٦ ) دا بۆ یەکەمین جـار لە ( نـەرویج ) دا، کۆمەڵـەیەکی دامەزرانـدووە، بە ناوی ( کۆمەڵەی منداڵانی کورد / لە نەرویج) هەر بە ناوی ئەم کۆمەڵەیەوە، گۆڤارێکی وەرزیان بە ناوی ( کوردیلەکـان ) ەوە، بە زمانی کورديی و نەرویجی بۆ منداڵانی کورد دەرکردووە، کە پێنج ژمارەيان لێ دەرکردووە.. سەرنووسەری ئەم گۆڤارەش هەر خۆی بووە.
- لە ساڵی (١٩٦٨) دا، چەندین خەڵاتی( قوتابی دەرچووی یەکەمی پەیمانگای ئامادەیی مامۆستایان ـ لە باقـوبە ـ دیالە) وەرگرتووە.
- لە ساڵی ( ٢٠٠7 )دا، لە ( پێشبرکێی ئەدەبی منداڵان) دا، کە لە لایەن ( وەزارەتی رۆشنبیریی ههرێمی کوردستان ) ەوە سازکرا.. بەشداری کردووە.. دوو خەڵاتی یەکەمینی لە ( هۆنراوە ) و ( چیرۆک ) بۆ منداڵان وەرگرت.. کە لەلایەن وزیری رۆشنبیريی خوالێخۆشبوو مامۆستا ( فەلەکـەدین کاکـەیی ) یەوە، پێشکەشی کـرا.
- لە ساڵی ( ٢٠١٢) دا لە ساڵڕۆژی ( ١١٤) ی رۆژنامەگەريی کورديی( لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان )، ( قەڵغـانی رۆژنامەنووسانی کوردستان ) یان پێ بەخـشییوە.
- لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستاندا بابەتی هەمەڕەنگەی بڵاوکردۆتەوە لەوانەش لە: (بەیـان، هاوکـاری، رۆژی کوردستان، الاخبار، رەنگین، تەندروستی و کۆمەڵ، ژیـن، گـزنگ، پەپـولە، سڤـۆرە، رووداوی منـداڵان، پـەروەردە، جۆلانـێ، رۆژی سولێـمانی، کۆمـاری رۆژ، بانـەرۆژ، شـیکار، هـەواڵ نیوز، کوردسـتانی نـوێ، گـوڵان، سیروان، ... هتد).
- بە زمانی نەرویجیش لە رۆژنامەی (هـۆردەلانـد) و گۆڤـاری (لاوڤ) دا، چـیرۆکی منداڵان و پەنـدی کورديی بڵاوکـردوونهتەوە.
- تا ئێستاش لە (رۆژنامە ئەلیکترۆنییەکان) دا، بەردەوام بابـەتی هەمەڕەنگە بڵاودەکاتەوە، بە تایبەتیش لە بواری ئەدەبی منداڵان و بواری پەروەردەی منداڵانـدا.
- تا ئێستا شەش کتێبی نووسیوە و چـاپی کـردووە.. کە سیانيان بۆ منداڵانـن.