کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گرنگییەکانی چێژی ئەدەبی بۆ منداڵان

Sunday, 20/08/2017, 21:41


ئەدەب وێنەیەکی گەش و جوانی ژیانە، کە تێیدا نووسەر گوزارشت لە هیوا و لە هزر و لە بیرۆکەکانی دەکات. ئەدەب کار بۆ پێگەیاندنی کەسێتییەکی تەواو دەکات، پشتیوانیش لە بەها کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان دەکات. ئەدەب چێژی دروست و ئاراستەی بەرەو جوانی پێکدەهێنێت، لە هەموو ئەو شتانەی پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانە و کۆمەڵایەتی و بە شارستانییەوە هەیە. 
چێژی ئەدەبی توانایەکی کەسی تاکە، لە هەستکردنی بە لایەنی لاوازی و بەهێزی و جوانی دەقی ئەدەبی، کە وای لێدەکات خۆشی لەو دەقە ببینێ، یا لێی لووتەلابێت. 
منداڵان کە لەدایک دەبن، هەر بە زگماکی و سروشتی، دەروون پاکن، هەست ناسکن، خەیاڵ فراوانن، سۆز شیرینن، خۆش چێژن، جوانیخوازن، ، پڕن لە خۆشەویستی.
چێژی ئەدەبی لە منداڵیدا، کارئاسانی بۆ کاتی گەورەبوونیان دەکات، چونکە ئەوەی کە بە مناڵی فێری دەبن؛ هەرگیز لە یادیان ناچێتەوە. بۆیە پێویستە یارمەتی ئەوەیان بدەین کە هەر لە منداڵییەوە چێژ لە ئەدەب وەربگرن. 
منداڵان بە پێی مۆرک و تایبەتمەندییەکانی قۆناغەکانی ژیانیان، بە پێی سروشتی کارە ئەدەبییەکان، بەپێی ئامادەیی و تواناکانیان؛ دەتوانن چێژی ئەدەبی بەدەستبهێنن. کەواتە دەتوانین منداڵان لەسەر چێژوەرگرتن لە ئەدەب، رایانبهێنین و پێیانبگەیەنین. 
ئەدەب هونەرە، هونەریش نیشتمانی جوانییە، پەیوەندی چێژیش بە هونەرەوە، لەسەر گەشەکردنی هەستکردنی منداڵان بە جوانییەوە وەستاوە. ئەدەب ئەو توانایەی هەیە کە هۆشی منداڵان بە هەموو ئەو شتانە مەست بکات و زاخاوبدات، کە دەیان ورووژێنن و خۆشیان پێدەبەخشن. 
چێژی ئەدەبی بۆ منداڵان زۆر گرنگ و پێویستە، چونکە لەم سەردەمەدا ئەدەبی منداڵان بووە بە پێویستییەکی زور گرنگی نیشتمانی و نەتەوەیی، بووە بە فاکتەر و مەرجێکی گرنگ و بنەڕەتیش بۆ گەشەکردنی رۆشنبیریی منداڵان لە رووی زانستی و پەروەردەیی و هەستیاری و کۆمەڵایەتییەوە؛ چونکە ئەدەب کارتێکردنێکی ئەرێنی گەورەی هەیە لە زاخاودانی هۆشی منداڵان و لە گەشەکردنی توانا هوشییەکانیان و لە سۆزداری و لە بەهرە و ئارەزووەکانیان، لە ورووژاندنی هەستیان، لە ختووکەدانی چێژی ئەدەبییان. 
روون و ئاشکراشە، کە جیهانی منداڵان، جیهانێکی پاکە، پڕە لە جوانی، لە خەیاڵی فراوان، لە خۆشەویستی، لە هیوا و خەونی شیرین، لە خەندە و پێکەنین، لە سۆز و راز و نیازی پاک، لە قسەی خۆش و سەیر و سەمەرە، لە سادەیی و ساویلکەیی.
ئەوەی لەسەر ئێمە پێویستە، ئەوەیە کە هەمیشە پاڵپشتیان بین، یارمەتیان بدەین، هانیان بدەین، چاودێرییان بکەین، رێنمایی باشیان بکەین، پێویستە خۆشمان بە کرداری ببین بە نموونەی باش و بە پێشەنگ بۆیان. بەو بارەشدا ئاراستەیان بکەین، کە ئەو جوانییە سروشتییانەیان، ئەو خەیاڵە فراوانەیان، تواناکانیان بە ئاراسەی کارجوانی و نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی و سوودبەخشیدا ئاراستەبکەین.
منداڵان زۆریان پێیە، زۆریان لە باردایە، پڕن لە بەهرە، لە خەیاڵی فراون، لە حەزی دۆزینەوە و داهێنان، لە تاقیکردنەوە و زانین و فێربوون و وەرگرتنی زیاتر و زیاتر.
منداڵان بە سەروشتی حەز بە هەموو شتێکی جوان دەکەن، چێژێکی ئەدەبی زۆر لە چیرۆکی خۆش و لە هۆنراوەی ناسک و لە شانۆ و لە گۆرانی و سروود وەردەگرن. 
دێینە سەر گرنگترین گرنگییەکانی چێژی ئەدەبی بۆ منداڵان، باشترین رێگەش بۆ ئەوەی منداڵان هۆگری ئەدەب ببن و چێژ و خۆشی لێوەەربگرن، بە کورتی: 
١ـ پێویستە هەر لە منداڵییەوە، بە گۆڤار و بە پەرتووکی وێنەداری رەنگاوڕەنگ گەش ئاشنیان بکەین. هەر لە منداڵییەوە خوێندنەوەیان لا خۆشەویست و لا شیرین بکەین، تا ببن بە هۆگری هەمیشە و بە ئالوودەی خوێندنەوە، یارمەتیشیان بدەین لە هەڵبژاردنی ئەو دەق و بابەتانەی لەگەڵ تەمەن و توانا و زمان و لەگەڵ ئارەزووەکانیان دا لەبارن. پێویستە لە دەستپێکدا، پەرتووکی رەنگاوڕەنگی وێنەداری ئاسانیان بۆ دابین بکەین. وێنەی جوانی رەنگاوڕەنگ زۆر یارمەتیدەرن، بۆ ئەوەی منداڵان بە ئاسانی فێری خوێندنەوەی وشە تازەکان و رستەکان ببن و لە واتاکانیان بگەن. بە خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکەش، دەتوانن بیرۆکەی دەقە هەڵبهێنجێنن. لە مەبەستی نووسینەکە بگەن. گۆڤاری منداڵان و پەرتووکی رەنگاوڕەنگی گەش و ئاسان، بۆ منداڵانی قۆناغە سەرەتاییەکانی منداڵان، زۆر بەسوودن بۆ چەکەرەکردنی چێژی ئەدەبی لای منداڵان. 
٢ـ پێویستە دایکان و باوکان پەیوەندێکی هەمیشەییان لەگەڵ مامۆستاکانی منداڵەکانیان هەبێت، بە تایبەتیش لەگەڵ مامۆستایانی زمانی کوردی. پێکەوە هاندەری منداڵەکانیان ب، بێجگە لە کتێبی خوێندنەوەی بڕیاردراوی قوتابخانە، بە کتێبی هەمەجۆرەی تریش ئاشنایان بکەن، ئارەزوو و چێژی خوێندنەوەیان لا گرنگ و شیرین بکەن. پێویستە منداڵەکانیشیان سەرپشک بکەن لەو بابەتانەی کە خۆیان حەز بە خوێندنەوەیان دەکەن و چێژیان لێوەردەگرن. بۆ هاندانیشیان پێویستە ستایش و ئافەرینیان بکەن، پاداشتیان پێشکەش بکەن، دوای ئەوەی کە چەند کتێبێک دەخوێننەوە. 
٣ـ گەر بکرێ، منداڵەکانتان بەرن بۆ کوڕ و سمیناری ئەدەبی و نمایشی شانۆیی و ئاهەنگی گۆرانی، بە تایبەتیش ئەو چالاکییانەی پەیوەندییان بە منداڵانەوە هەیە، بۆ ئەوەی ببینن و ببیستن و بزانن، دوایش بە شێویەکی  ئاسان رای ئەوان و خۆشتان دەربارەی بابەتە پێشکەشکراوەکان باس بکەن. بزانن تا چ رادەیەک منداڵەکانتان لە بابەتەکان تێگەیشتوون و چێژیان  لێوەرگرتوون. 
٤ـ بەری ئازادی لە منداڵەکانتان مەگرن، با بە ئەوپەڕی سەربەستی و راشکاوییەوە و ئازادییەوە گوزارشت لە لە سۆز و هەستەکانیان بکەن، چونکە چێژی ئەدەبی تەنها لە خوێندنەوەدا نییە، بەڵکو پێویستە رووبەرێکی باشیش بە منداڵەکانتان ببەخشن، بۆ ئەوەی بە ئازادی و ئارەزووزی خۆیان، بەو شێوازەش کە خۆیان دەیانەوێت گوزارشت لە راو و بۆچوون و هەستەکانان بکەن. 
٥ـ بێگومان پەرتووکخانەی گشتی رۆڵێکی گرنگی هەیە لە ژیانی منداڵاندا، بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان، بە خوێندنەوەی ئەو بابەتانەی کە حەزیان لێدەکەن خۆیان مەستی خوێندنەوە بکەن، سامانی زمان و رۆشنبیریی گشتیشیان دەوڵەمەنتر بکەن. پێویستە هانی منداڵەکانتان بدەن بۆ ئەوەی ببنە سەردانکەر و ئاشنای هەمیشەی پەرتووکخانە و بە دۆستی پەرتووک و خوێندنەوەش بببێت بە پێویستییەکی گرنگی هەمیشەی ژیانیان. باشتریش وایە کە لە ماڵەوە، پەرتووکخانەی تایبەتی خۆیان هەبێت، بە گۆڤاری منداڵان و کۆمەڵێک کتێبی وێنەداری رەنگاوڕەنگی ئاسانی زانیاری و ئەدەبی بۆیان بڕازێننەوە، تا لە منداڵییەوە ئاشنای پەرتووک و هۆگری خوێندنەوەبن. 
٦ـ هەمیشە هانی منداڵەکانتان بدەن بۆ ئەوەی بپرسن. وەڵامی راست و دروستی هەموو پرسیارەکانیان بدەنەوە. ئێوەش دەربارەی ئەو بابەتانەی خوێندیانەوە لێیان بپرسن. 
٧ـ چێژ وەرگرتنی منداڵان لە زمان و لە جوانییەکانی، یارمەتیدەرە بۆ چالاکردنی هەست و بیر و سۆز و وێژدانی، بۆ بەدەستهێنانی توانای چێژوەرگرتن، بۆ ئەوەی بە جوانیش زمانەکەیان بەکاربهێنن. 
٨ـ ئەو منداڵانەی کە چێژی ئەدەبییان هەبێت، گەلێ شارەزایی بەدەستدەهێنن، وەکو:
دەتوانن بە زمان، بە ئاخاوتن و نووسین یا بە وێنەکێشان، گوزارشت لە بیرۆکەکانیان و لە هەستەکانیان بکەن. رۆشنبیرییەکی گشتیشیان دەبێت. ئامادەیی و ئازایی ئەدەبیشیان دەبێت، بۆ دەربڕینی راستەوخۆ و دانەمان و وەڵامی یەکسەر. 
٩ـ چێژی ئەدەبی و زمان، بوارێکی زیاتر و ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ منداڵان دێنێتەدی. بە دروستی هەڵسوکەوت دەکەن و بە ئاسانی تێکەڵی کۆمەڵ دەبن، هەستی مرۆڤایەتییان زیاتر دەبێت. ئەمەو چێژی ئەدەبی چارەسەری گەلێ لایەنی دەروونی نەرێنی منداڵان دەکات، وەکو: گۆشەگیری، خەمناکی، شلەژان لە هەڵوێستەکانیان. 
١٠ـ پێویستیشە، دایکان و باوکان و مامۆستاکان، ببنە نموونەی باش و بە پێشەنگ بۆ منداڵەکانیان و بۆ قوتابییەکانیان، ئەگەر ئەوان بخوێننەوە، باسی چێژ ئەدەبی و خۆشی ئەو بابەت و پەرتووکانە بکەن کە خوێندوویانەتەوە، ئەمە باشترین و ئاسانترین رێیە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان و قوتابییەکانیان، چاویان لێبکەن و حەز بە خوێندنەەوە بکەن. 
بە داخەوە لە ئەمڕۆدا، لە کەم لە ماڵەکاندا پەرتووکخانە هەیە، رێژەیەکی کەمی دایکان و باوکانیش پەرتووک و گۆڤار دەخوێننەوە. ئەمەش خاڵێکی نەرێنییە بۆ گەشەنەکردنی رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵان و چیژی ئەدەبی. 
لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوەش بڵێم، مرۆڤ هەرچەند  پێشبکەوێت، هەرچەند تەکنۆلۆژیا شتی تازە و سەیرتر دابهێنێت. بایەخ و گرنگی و سوودەکانی خوێندنەوە، بە دێژایی سەردەمەکان دەمێنێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە