گەورەترین تیرۆریست تۆێ ئەرۆگان
Wednesday, 12/07/2017, 1:01
رۆژی شەممە (٧/٧/٢٠١٧) لەو کۆنگرە رۆژنامەییەی کە دیکتاتۆرە رەگەزپەرست و لەخۆباییەکی تورکیا، لە پەراوێزی کۆنگرەی لووتکەی وڵاتانی بیست لە هامبۆرگ لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.. لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسێکی کورد دا، دەربارەی تێکۆشەر و سیاسەتمەداری گەلەکەمان، هاوسەرۆکی زیندانیکراوی پارتی دیموکراتی گەلان ـ هەدەپە ـ ئەردۆگانی دیکتاتۆر، توومەتی تیرۆریستی خستە پاڵ سەلاحەدین دەمیرتاش و بە تیرۆریست ناوی برد، لە وەڵامی ئەو رۆژنامە کوردەش، دەربارەی چارەنووسی سەلاحەدین دەمیرتاش، ئەردۆگان وتی:" من بەرپرس نیم لە بەردانی ئەوانەی کە لە زیندانی تایبەت بە تیرۆریستانن، ئەوەشی دەربارە بپرسێت ـ مەبەستی دەربارەی سەلاحەدین دەمیرتاش بپرسێت ـ ئەویش تیرۆریستە"
بەڵی لە دیدی ئەردۆگانی دیکتاتۆر و رەگەزپەرست و لەخۆبایی و کورسی پەرست.. هەر کەسێک چەپڵەی بۆ لێنەدات و کڕنۆشی بۆ نەبات و بە درۆکانی نەڵێ ئەشەدوبیلا. یا ئەوەی داوای ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی و دادپەروەری و ئاشتی و ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی و ماف بکات، ئەردۆگان بە تیرۆریست و ناپاک تومبەتباری دەکات.. ئەردۆگان تووشی کوردفۆبیا بووە، تا سەر ئیسقان رقی لە کوردە و دژایەتی هەموو مافەکانی کورد دەکات.. ئەوەی بە گۆڕبەگۆڕی رەگەزپەرست ئەتاتورک دەرهەق بە کورد تەواوی نەکرد، ئەم دەیەوێت تاوانی زیاتر دەرهەق بە کورد بکات.. بێدەنگی کۆمەڵگای نێدەوڵەتیشی قۆستۆتەوە لە ئاست تاوانەکانیدا. گەلەکەمان زیاتر لە سەد ساڵە بووە بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی زل هێز، کە هەرگیز گوێ بە بەها و بە چەوسانەوەیی گەلانی نیشتمان داگیرکراو نادەن..
ئەردۆگان ئەم باردۆخەی ئێستای ناوچەکەی قۆستۆتەوە و، بە هیچ کلۆجێک دەست لە کوشت و بڕین و لە گرتنی کورد و لە وێرانکرنی کوردستان هەڵناگرێ، نەک هەر لە باکووری کوردستاندا، بەڵکو لە رۆژئاوا و لە باشووری کوردستانیشدا، تا ناقڕگەی بە خوێنی خەڵکی سڤیل و بێتاوان و بێدەرەتانانی گەلەکەمان سوورە.
ئەردۆگان دەستە چەورەکەی بە کورد دا دەسڕێ، بە پاشەڵی پیسییەوە، قارەمانێکی وەکو سەلاحەدین دەمیرتاش بە تیرۆریست تاوانبار دەکات، بەڵکو ئەوانەشی کە دەربارەی پرسیاری لێدەکەن، ئەوانەش بە تیرۆریست دەزانێت.. بەڵام گەر بە ویژدان و ئازاییەوە قسەبکەین، گەر لە دنیادا تەنها تیرۆریستێک هەبێت ئەوە ئەردۆگانە، تاوانە قێزەوەنە ئاشکرا و نەشاراوەکانی ئەم راستییە دەسەلمێنن.. هەموو دەوڵەتان و گەلانی جیهان باش دەزانن، کە تورکیای ئەردۆگان، زۆر بێشەرامانە و بە ئاشکرا، یارمەتی و پشتگیری لە داعشی تیرۆریستی هاوپەیمانی تورکیای دەکرد.. بە چەک، بە پارە، بە زانیاری سیخوڕی، بە دا و دەرمان، بە چارەسەرکردنی بریندارەکانی داعش، بە سیخوڕیکردن لەسەر پێشمەرگە و شەڕڤانان، بەڵکو تورکیا دڵنیاترین پرد و دەروازەی سەرەکیی داعش بوو بۆ پەڕینەوە بۆ سوریا و عێراق. هەر بە پلانڕێژی و یارمەتیدان و چاوساغی تورکیا و رژێمە فاشستییەکەی، داعش شاری موسڵ و کۆبانی و شەنگال و مەنبەج و رەقە و شارەکانی تریان گرت.. هەر کاتێکیش کە شەرڤانان و پێشمەرگە تەنگیان بە داعش هەڵچنیبێ و شکستیان بە هێڕشەکانیان بۆ سەر کوردستان هێنابێ، تورکیا گڕی دەگرت و، فشاری سەربازی و راگەیاندنی دەخستە سەر کوردستان.. ئێستاش، دوای چەندین داستانی قارەمانێتی و سەرکەتنەکانی شەڕڤانانی کوردمان لە رۆژئاوای کوردستاندا لە شاری (رەقە)دا، دیسان ئەردۆگان ئاوسی رقبنووە لە کورد بووە، بە قورسترین و تازەترین تۆپ و تانک فرۆکەی جەنگی، بە سوپایەکی زەبەلاح و بە سەدان جاشی بە کرێگیراویان، تگەمارۆی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانیان داوە و تۆپبارانی دێهات و گەڕەکە کوردییەکان دەکەن و، دەیانەوێت رەشەکوژی کوردی ئەو شارە کوردستانییەمان بکەن و، فشار لەسەر داعش سووک بکەنەوە و شەرڤانان لە رەقە پاشەکشێ بکەن.. بەڵام گەر بێت و سوپای تورکیا بچێتە ناو عەفرینەوە، ئەوا عەفرین دەبێت بە گۆڕستانیان، چونکە ئیرادە گەلەکەمان زۆر لە چەکەکانی تورکیا رەگەزپەرست بەهێزترە.
ئەمڕۆ لە سایەی ئۆردۆگانی دیکتاتۆردا، تورکیا بووە بە گرتووخانەیەکی گەورە بۆ ئازادیخوازان و دیموکراتیخوازان، لە تورکیادا ملی ئازادی بە پەتی سیدارەوەیە و، ئەوەشی بە ئەردۆگان بڵێت پێت خوار داناوە، رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار دەبێتەوە.. چونکە لە فەرهەنگی ئەردۆگان و پارتە رەگەزپەرستەکەیدا، ئازادی، دیموکراتی، دادپەروەری، یەکسانی، ماف، مافی دەربڕین، ئاشتی، بوونیان نییە.
بەڵی ئەی تێکۆشەری ئازا و دلێر و قارەمان و خۆڕاگر و کۆڵنەدەری گەلەکەمان کاک (سەلاحەدین دەمیرتاش) راستەکەی، میژوو دەیسەلمێنێت کە کێ تیرۆریستە.. گەرچی بە دەیان بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەن کە لە ئەمڕۆدا تیرۆریستی ئەردۆگان دەسەلمێنن.
تێکۆشەری گەلەکەمان برای خۆڕاگرمان سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانت، ئێوە وا گۆش و پەروەردە نەکراون کە بۆ دیکتاتۆرییەت و ستەم و نادادپەروەری چۆک دادەن.. دەزانین کە ئێوە مردنی سەربەرزیتان پێ باشترە لە ملکەچی و ژیانی ژێردەستی.
سەیر لەوەدایە و مایەی پێکەنینە، کە تا ئێستا ئەردۆگان، چەند جارێک وڵاتانی ئەوروپی بە رەگەزپەرست و دیکتاتۆر ناوبرد.. بێ ئەوەی بۆنی پاشەڵی بۆگەنی خۆی بکات.. سەیرە پووشێک لە چاوی خەڵکیدا دەبینێ، گەچی راژەیەکی نێو چاوی خۆی نابینێ.. زۆر جاریش بێشەرمانە باسی ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەریش دەکات.
زۆرن ئەو دیکتاتۆر و ستەمکار و لەخۆباییە گۆڕبەگۆڕانەی کە زبڵخانی میژووش لەخۆی نەگرتن.. چارەنووسی ئەردۆگانیش لە هی ئەوان باشتر نابێت.. رۆژێک دێت کە سەدام حوسێن ئاسایی، کونەمشکی لێببێت بە قەیسەری و، شوێن نەبێت کە خۆی لێبشارێتەوە.
سەرکەوتنیش بۆ گەلانی تێکۆشەر و خۆڕاگر و کوڵنەدەرە.. سەربەرزی و شکۆداری و نەمریش شایەنی تێکۆشەرانی کۆڵنەدەر و خۆڕاگرن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست