خەبات لە پێناوی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان
Monday, 16/05/2016, 11:25
گەلانی ستەملیکراو و ماف زەوتکراو و، نیشتمان داگیرکراو، لە خەبات و تێکۆشانێکی
بێوچانـدان لە دژی داگیرکەران .. بۆ رزگارکردنی نیشتمانەکانیان و، بۆ بە دەستهێنانی مافەکانیان و، بۆ راگەیاندنی سەربەخۆییان .. خەباتیش بۆ رزگاری، خەباتێکی پیرۆزە، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا دەوڵەتییەکان، خەباتی رزگاریان رەوا کردووە . هیچ مافێکیش ون نابێت ئەگەر خاوەن ماف دەستی لێهەڵنەگرێ و دوای بکەوێت .. لە سایەی خەبات و خۆڕاگری و کۆڵنەدان و بەرخودانیشدا، زووبێت یا درەنگ، دەتوانن گەل و نیشتمانەکانیان لە داگیرکەران رزگاربکەن و، سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن .
گەلی تێکۆشەر و کۆڵنەدەری کوردمان، یەکێکە لەو گەلە ستەملێکراوانە و نیشتمان داگیرکراوانە .. کە تا ئەمڕۆش بەشی هەرەزۆری خاکی کوردستان، نیشتمانی ییرۆز و جوانمان، لە لایەن داگیرکەرانی رەگەزپەرست و دڕندە و خوێنڕێژ و دڵڕەقی بێگانەوە داگیرکراوە .. بە دڕندەترین شێوەی نامەردانە، دوور لە رەوشت و ویژدان و، لە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان، بە رۆژی رووناک، رەشەکوژی لە کورد دەکەن، هیچ مافێک بە گەلی کوردمان رەوا نابینن .. دەیانەوێ شوناسی نەتەوەییمان بسڕنەوە .. داگیرکەرانی کوردستان تا ئەمڕۆش بە ئەقڵیەتی لەشکرتاری و هێزەوە مامەڵە لەگەڵ دۆزی رەوای کورد دەکەن .. بەڵام شکستیان هێناوە .. چونکە ئەوە ئەستەمە کە بتوانن بە تۆقاندن و کوشتن و، بە وێرانکردنی کوردستان، چۆک بە گەلی کوردی قارەمانمان دابدەن .
شێوازی خەباتی رزگاری، لە پێناوی رزگاربوون لە داگیرکەران و، بە دەستهێنانی مافە رەواکان و راگەیاندنی سەربەخـۆیی .. بە پێی بارودۆخی گەلانی خەباتکەر و، سروشتی داگیرکەران و، توانی بەرگری و قووڵایی ستراتیژی .. لە گەلێکەوە بۆ گەلێکی تر، تا رادەیەک جیاوازی هەیە .. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، دوو جۆرە شێوازی باوی خەباتی تاقیکراوە و دانپێنراو هەن، ئەوانەش، خەباتی سیاسی و ئاشتی و، خەباتی چەکدارییە .
زۆر بە کورتی باس لە هەردوو شێوازەکەی خەبات لە پێناوی رزگاری .. دەكەین :
یەکەم : شێوازی خەباتی رزگاری سیاسی و ئاشتی ( گفتوگۆ ) :
گەلێ لە گەلانی ژێردەستە و نیشتمان داگیرکراو، شێوازی خەباتی سیاسی و ئاشتی و گڤتۆگۆیان گرتەبەر، بۆ رزگارکردنی نیشتمانەکەیان لە داگیرکەران، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و، بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخـۆیان .. داگیرکەرانیان ملکەچ کردن، کە نیشتمانەکانیان بەجێبهێڵن .. ئەمەش رێگایەکی ئاسان نییە، خۆڕاگری و پشوودرێژی و سیاسەتمەدارانی بە توانا و دانا و شارەزای دەوێت .. لەوانەش : وڵاتی (هیندستان ) و، وڵاتی ( گـانا )، کە بە رێی خەباتی سیاسی و ئاشتی و گفتوگۆوە، سەەربەخۆیی خۆیان راگەیاند .. خەباتی سیاسی رزگاریش شێوازی زۆرە .. ئەمانە بیست لەو شێوازانەن :
١ـ مانگرتن جەماوەر لە سەرتاسەری نیشتمانی داگیرکراودا، لە دژی داگیرکەران .
٢ـ خۆپیشاندان و رێپێوانی ناڕەزایی لە دژی تاوانەکانی داگیرکەرانی نیشتمان .
٣ـ یاخیبوون و جێبەجێنەکردنی داوا و فەرمانەکانی داگیرکەران .
٤ـ هۆشیارکردنەوە و هاندانی جەماوەر بۆ رووبەرووبوونەوەی داگیرکەران .
٥ـ بەڵاوکردنەوەی بەیاننامە و، ئاشکراکردنی تاوانە قێزەوەنەکانی داگیرکەران .
٦ـ ئاشکراکردنی ئەشکەنجەدانی بەندکراوەکان، لە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی داگیرکەرانەوە ە .. ئاگادارکردنەوەی ( هیومان رایتش ۆوچ ) لە تاوانەکانەکانیان .
٧ـ بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و سیدی و میمۆری دەربارەی تاوانەکانی داگیرکەران .
٨ـ یەکڕەنگی و یەکدەنگی و یەکئامانجی گەل و .. رێ بە داگیرکەران نەدرێ بۆ ئەوەی دووبەرکی بخەنە نێو ریزەکانی گەلەوە .. چونکە هەمیشە سەرکەوتن لە یەکێتیدایە .
٩ـ رێکخستنی جەماوەر لە پارتە سیاسییە نیشتمانییەکان و، لە رێکخراوە مەدەنییە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکاندا .. رۆڵییان هەبێت لە فشار خستنە سەر داگیرکەران .
١٠ـ سروودە نیشتمانییەکان کاریگەرییان لە هەست بزواندنی جەماوەردا هەیە .
١١ـ سەرکۆنەکردن و پەلارگرتن لە داگیرکەران، لە رێی بڵاوکردنەوە و خوێندنەوەی شیعر و پەخشان و وتاری سیاسی مەبەستدار و پەلارگرتن لە داگیرکەران .
١٢ـ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە .. پڕوپاگەندە چەکێکی بەهێزە لە دژی داگیکەران .
١٣ـ هەڵواسینی پۆستەراتی سیاسی مەبەستدار لە سەر دیوارەکانی شوێنە گشتییەکان .
١٤ـ نووسینی دروشمی سیاسی و نیشتمانی و، نووسینی رستەگەلێکی وەک :( بڕوخی داگیرکەرانی کوردستان )، ( بۆ دەرەوە داگیرکەران )، ( کوردستان نیشتمانی کوردە و ئێوە بێگانەن ) رستەی تری لەم جۆرە، بە بۆیە لەسەر دیوارەکانی شوێنە گشتییەکاندا.
١٥ـ بڵاوکردنەوەی وێنەی کاریکاتێری و گاڵتەجاڕی و پەلارگرتن لە دژی داگیرکەران .
١٦ـ ناردنی یاداشتنامەی ناڕەزایی، بۆ دامەزراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و .. بۆ رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و، بۆ هیومان رایتش ۆوچ .. بۆ هەڵماڵینی پێشێلکاری و تاوانەکانی داگیرکەران لە دژ بە هاونیشتمانیانی نیشتمان داگیرکراو .
١٧ـ نووسین و بڵاوکردنەوەی بابەتی سیاسی، لە رۆژنامەکان و گۆڤارەکان و لە سایتە ئەلیکترۆنییەکاندا لە دژی ستەم و تاوانەکانی داگیرکەران، چونکە خەباتی رۆشنبیری و هونەری و راگەیاندن بەشێکی گرنگن لە خەباتی سیاسی بۆ رزگاربوون لە داگیرکەران. ١٨ـ پێشکەشکردنی بابەتی شانۆیی مەبەستدار و، درامای رادیۆیی و تەلەفزیۆنی .
١٩ـ بەشداری نەکردنن لەو هەڵبژاردنانەی کە داگیرکەرانی نیشتمان ئەنجامیان دەدەن .. بەشداری نەکردنیش لە هەموو ئەو ئاهەنگ و بۆنانەی کە داگیرکەران سازی دەکەن . ٢٠ـ دروستکردنی شانەی نهێنی هەواڵگری و زانیاری لە ناو دەزگاکانی داگیرکەراندا .
ئەو شێوازانە و، بە دەیان شێوازی تری خەباتی رزگاری سیاسی و ئاشتییانە هەن بو ناچارکردنی داگیرکەرانی ملهوڕ، بۆ ئەوەی کۆتایی بە داگیرکردن بهێنن و، ملکەچی داخوازییەکانی گەلە رەسەنەکانی خاوەن نیشتمانە داگیرکراوەکان ببن .
گەلی کووردمان کە زیاتر لە سەد ساڵە لە خەباتێکی بەرگری و رزگاری دایە ... هەموو ئەو شێوە خەباتە سیاسی و ئاشتییانەمان گرتە بەر و، بە دڵێکی زۆر پاکەوە گفتوگۆمان لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان کرد .. هیچ کاتێک و تا ئەمڕۆش، لە ئەوپەڕی بەهێزیشدا هەرگیز لەگەڵ شەڕ و کوشتن و خوێنڕشتندا نەبووینە و نین و نابین .. لەگەڵ ئەوەداین کە ( سەد ساڵی گفتوگۆ .. لە رۆژێکی شەڕ باشترە ) ئەوە داگیرکەرانی رەگەزپەرستی کوردستانن، زمانی گفتوگۆ و ئاشتی و پێکەوەژیان نازانن، ئەوە داگیرکەران کە شەریان لە دژمان هەڵگیرساندووە .. داگیکەرانن ( ماڵیان لە خاوەن ماڵ حەرام کردووە ) لەسەر خاکی خۆماندا، رەشەکوژی و جینۆسایدمان دەکەن و .. سامانی کوردستان دەدەزن .
دووەم : خەباتی رزگـاری چەکـداری ( شۆڕش ) :
زۆر جار گفتوگۆ لەگەڵ داگیرکەراندا، دەگاتە رێگایەکی بنبەست و، شکست دەهێنێت، چونکە لایەنی داگیرکەران بەهێزترن و، هەردەم لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان و دەیانەوێت قسەکانیان زاڵبێت و، داواکان و مەرجەکانیان لە لایەن بەرانبەرەکانیانەوە جێبەجێبکرێن .. گفتوگۆکانیشیان تەنها بۆ کات بردنەسەرە و، خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکەن .. چونکە لە خۆبایین و بڕۆیان بە چارەسەری ئاشتی نییەوە، لۆژیکی ئەوان، تەنها هێیز و، ئۆپراسیۆنی سەربازی و، سەرکوتکردن و، تەڕ و وشک سووتاندنە .
داخستنی دەرگای گفتوگۆ، لە لایەن داگیرکەرانەوە .. گەلانی ماف زەوتکرا و نیشتمان داگیرکراویان ناچارکردوون کە بۆ بەرگری لە خۆیان و، بۆ رزگارکردنی نیشتمانەکانیان لە داگیرکەرانی بێگانە .. پەنا بۆ خەباتی چەکـداری ( شـۆڕش ) بەرن .. بەڵام خەباتی چەکدارییش گەر پێویستیش بێت، دەبێت دوا هەڵبـژاردن بێت، چونکە شەڕ کوشتن و بڕینە .. ژیانی مرۆڤیش زۆر گرنگ و زۆر بەنرخە، لە پێناوی گرنگتر و بەنرختردا دەبەخشرێت .. ( گیان زۆر شیرین و بەنرخە .. بەڵام نیشتمان شیرینتر و بەنرخترە ) .. نیشتمان پیرۆزترین شتە .. ( مـردن بە سەربەرزی .. خۆشترە لە ژیانی ژێردەستی ) .. گیانبەخشین لە پێناوی گەل و نیشتماندا، لووتکەی دڵسۆزی و نیشتمان پەروەری و ئەوپەڕي قوربانیدان و بەخشسینە .
( ئابراهام لینکۆڵن )٠٠ دەڵێ : " بەهێزتـرین خۆشەویسـتی خۆشـەویستی نیشــتمانە " ( ئەفلاتـوون ) یش دەڵی : " هیچ خۆشەویستییەک ناگـاتە خۆشەویستی نیشـتمان "
( دولۆرس باڤیری ) ش دەڵێ : " مردن بە پێوە .. زۆر باشترە لە ژیانی لەسەر چۆک) شاعیری گەورە و نەمری گەلەکەشمان ( فـایق بێـکەس ) دەڵێ :
داری ئـازادی بە خـوێن ئـاو نەدرێ قەت بەرناگـرێ
سەربەخــۆیی بێ فیـــداکاری ئەبــەد ســــــەرناگـرێ
خەباتی چەکداری، شێوازێکە لە شێوازەکانی خەباتی رزگاری لە دژی داگیرکەران ..
چونکە زۆر جار ( ئـازادی لە لوولەی تفەنگدا هەڵدی ). بەکارهێنانی چەک لە پێناوی رزگاری و سەربەخۆییدا، مافێکی یاسایی و رەوای گەلانی نیشـتمان داگیرکراوە .
کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری ژمـارە (٣٢٤٦ ) دا، کە لە ( ٢٤ی/ دێسەمبـەری/١٩٧٤ ) دا دەرچووە، جەخت لەسەر ئەوە دەکـاتەوە " هەر هەوڵدانێک بۆ سەرکوتکردنی خەباتی چەکداری لە دژی ئیمپریالیزمی داگیرکەر و بێگانە و رژێمە رەگەزپەرستییەکان، بە پێچەوانەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و، جاڕنامەی پرینسیپەکانی یاسا دەوڵەتییەکانەوەیە، کە تایبەتە بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بە هاوکاری کردنی نێوان دەوڵەتان " هەروەها لیژنەی مافەکانی مرۆڤیش، چەند جارێک جەختیان لەسەر رەوایی شەڕکرد لە دژی داگیرکردن کردووە، بە هەموو هۆیەیەکی کە لە تواندا بێت، کە لە نێوانیاندا، رێگای ( شەڕ) ە .
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و، جاڕنامەکانی مافەکانی مرۆڤ و، یاسا دەوڵەتییەکان هەموویان دژی داگیرکردنن .. هەموویان خەباتی سیاسی و چەکداری بۆ رزگاری و سەربەخۆیی بە مافێکی رەوا و یاسایی گەلانی نیشتمان داگیرکراو دەزانن.
ئەگەر بە مێژوودا بچینەوە، دەبینین زۆربەی گـەلانی رزگـاریخواز و ئازادیخـواز، کە لە داگیرکەران رزگاریان بووە و سەربەخۆییان راگەیاندووە . لە رێی خەباتی چەکـداری واتە ( شۆڕش ) ەوە گەیشتن بە هیوا و بە مافەکانیان، لەوانەش ( کۆماری جەزائیر ) کە ملیونێک شەهیدیان دا، تا فەرەنسییەکانیان ناچارکرد، کە جەزائیر بەجێبهێڵن .. هەروەها ( ڤێتنام ) .. گەلی ڤێتنامی لە شۆڕشەکەیاندا لە دژی ئەمریکا قوربانییەکی زۆریان دا تا ئەمریکایان ناچارکردن کە ملکەچبن و دان بە سەربەخۆیی ڤێتنام دا بنێن .
پێویستە ئەوەش بزانین، کە خەباتی چەکداری و خەباتی سیاسی تەواوکەری یەکترین و هەردوو باڵی بزووتنەوەی رزگاریخوازن .. وەک چۆن مەل ناتوانێت بە باڵێک بفڕێ .. خەباتی بەرگری سیاسی و بەرگری چەکداریش لە پێناوی ئامانجێکدان .. دەبێ هاوشانی یەکتربن .. خەباتی چەکداری بەبێ خەباتی سیاسی سەرناگرێت .. بە پراکتیکی خەباتی سیاسی و چەکداری، لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد دا پێکەوە رەنگیان داوەتەوە.
ئێمەی کوردیش، دەستەوستان دانەنیشتووین .. لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، چەند شۆڕشێکی گەورەمان لە کوردستانی نیشتمانی داگیرکراوماندا بەرپا کرد .. بە هەزاران شەهیدمان داوە . ژمارەی شەهیدانی کوردستان لە ژمارەی شەهیدانی جەزائیر ئەگەر زیاتر نەبن، کەمتر نین .. بەڵام داگیرکەرە دڕندە و رەگەزپەرستەکانی کوردستان، تا ئەمڕۆش دڕندەترین و خوێنڕێژترین داگیرکەری بێوێنەن لە هەموو جیهاندا .. زۆر نامەردانە و بە کوشندەترین چەکی تازە، بە هەزاران کوردیان کوشت، تەنانەت منداڵانی کوردی ناو لانکیان کوشتین .. چی ناشێ و نەکـراوە، ئەوان بە کوردیان کرد و دەیکەن .. تەنهاش لەبەر ئەوەی کە کوردین و، ئازادیخواز و ئاشتیخوازین و .. ئێمەش وەکو ئەوان مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆمان هەیە لە سەر خاکی کوردستاندا.
ئەوەشتان پێسەیر نەبێ، کە داگیرکەران خەباتی بەرگری و شۆڕشی رزگاریخواز، بە تیرۆر ناودەبەن .. بە لای داگیرکەرانەوە، هەر گەلێک داوای ئازادی و ماف و یەکسانی و سەربەخۆیی بکات، یا هەر نیشتمان پەروەرێکی دڵسۆز، هەر رۆژنامەنووس و، هەر سیاسەتمەدارێک، هەر نووسەر و، رۆشنبیرێک، هەر چالاکوانێک لە رووی ستەمکاری و تاوانەکانیان بوەستنەوە .. ئەوان بە ناپاک و تیرۆریست ناویان دەبەن .. لە کاتێکدا کە تیرۆریستی راستی خۆیانن .. بە سەدان کەسیان تیرۆرکردن تە ها لەبەر ئەوەی کە هاوڕایان نەبوون .. بەڵام بە لای ئازادیخوازانی جیهانەوە، بزووتنەوە رزگاریخوازەکان و تێکۆشەران و شۆڕشە نیشتمانییەکان و بزووتنەوە رزگاریخوازەکان، مافێکی رەوایە و، شۆڕشگێڕان و، تێکۆشەرانی ئازادیخواز و رزگاریخوازان، بە قارەمان ناودەبەن .
گەلی کوردمان، هەرگیز بە ئارەزووی خۆی پەنای بۆ خەباتی چەکداری و شەڕکردن نەبردووە .. هەردەم داگیرکەران ناچاریان کردووین کە چەک هەڵبگرین و، بەرگری لە گەلەکەمان و لە کوردستانی شیرینمان بکەین .. ئەمەش ئەرکێکی پێویست و پیرۆزە بەلامانەوە .. داگیرکەرانیش ئەوە باش دەزانن، کە کۆڵدان و چۆکدادان و ملکەچی لە فەرهەنگی گەلی کورد دا نەبووە و نییە .. گەر کەوتووبێتشین زوو هەستاوینەتەوە .
ئەو دەستکەوتانەش کە لە ئەمڕۆدا لە باشووری کوردستاندا بە دەستمان هێناون .. خێریان پێنەکردووین، بە دەریایەکی خوێن هێناومانەتەدی .. بێگومان لە ئاستی ئەو هەموو قوربانییانەدا نین کە داومانن .. کەچی تا ئەمڕۆش رەگەزپەرستان و نەیارانی ئازادی و ئاشتی ومافەکانی مرۆڤ .. نەیارانی کورد و کوردستان، بە زۆری دەزانن، بەڵکو ئەوان هیچ مافێکمان پێ رەوا نابینن و، بە شایستەی ژیان و مانمان نازانن ؟!
ئەم گەلانەی کە ئیستا نکووڵیمان لێدەکەن .. کورد چاکە و پیاوەتییەکی زۆری بە سەریانەوە هەیە .. لە هەموو روویەکەوە قەرزاری کوردن .. کەچی ئەوان لە جیاتی پێزانین و سوپاس .. بە داگیرکردنی کوردستان و کۆمەڵکوژی و نامەردی پاداشتمان دەدەنەوە، کورد وتەنی " ئەوانەی پێمان کردن خێر .. لێمان بوونە بە گورگ و شێر"
گەلی کوردمان قوربانی ناڕەوایی و نادادپەڕوەری و ستەمێکی گەورەی مێژووییە، کە لە لایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە لێمان کرا .. بووینە قۆچی قوربانی بەرژەوەندییەکانیان .. پشکی شێری غەدری رێکەوتننامەی ( سایکس بیکۆ ) ی شووم بەر گەلی کوردمان کەوت .. کوردستانیان کرد بە چوارپارچەوە و، مافەکانی کوردیان پشتگوێ خست .. وا سەدەیەکی تەواوە، ئێمەی کورد گەورەترین باجی ئەو غەدر و تاوانەی ئەو زلهێزانە دەدەینەوە و .. تا ئەمـڕۆش ئەو ستەمە کۆتایی نەهـاتووە و درێژەی هەیـە .. ئەگەر سایکس بیکۆ ئەو ناڕەوایی و ستەمیان لێنەکردینایە و.. بە دەنگ مافەکانی کوردەوە بهاتنایە .. دەبووین بە خاوەنی ( دەوڵەتی کوردسـتان )، ئەو هەموو کۆمەڵکوژی و وێرانکاری و دەربـەدەری و ئەنفال و کیمیابـاران و، ئەو هەموو نەهامەتییانەیـان بەسەر نەدەهێنان .. ئەو تاوانانە دەرهەق بە کورد ناکران، کە تا ئەمڕۆش درێژەیان هەیە .. رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تووشی ئەم شەڕ و قەیرانانەی ئەمڕۆی نابوو .. وا سەد ساڵی تەواو بە سەر واژۆکردنی ( سایکس بیکۆ ) دا تێپەڕی .. کورد چاوەڕوانی ئەوەیە کە ئەمجارەش ستەمێ لێنەکرێت .. نە رەوایە و نە دەکرێت، کە داگیرکەرانی کوردستان و، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و، نەتەوە یەکگرتووەکان .. وڵاتە زلهێزەکان رەنگ و دەنگ و هیوا و خەون و خواستی پەنجا ملیۆن کورد فەرامۆش بکەن .. کە کۆنترین گەلین لە هەموو رۆژهەڵاتـدا .. گەورەترین نەتەوەشین لە جیهاندا کە تا ئەمڕۆ نەگەیشتووین بە مافە نەتەوەییەکانمان و، نەبووینە بە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆمان .. ئەم مافانەش لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکاننەوە رەوایە و، دانیان پێداناوە .. چەند جارێک جەختیان لەسەری کردووە .. ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەی کە کوردستانیان داگیرکردووە، هەموویان واژۆیان لەسەر رەوایی و یاسایی ئەو مافانەی گەلانی نیشتمان داگیرکراو کردووە .. بەڵام داگیرکەرانی کوردستان بە تەواوی بە پێیچەوانەی هەموو بەڵێن و رێکەوتننامەکانەوەن .. بەبێ شەرمانە و، بە بەرچاوی نەتەوە یەکگرتووەکان و، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە، دژایەتی هەموو خواستەکانی گەلی کوردمان دەکەەن و، بەبەر چاوی جیهانەوە کۆمەڵکوژیمان لێدەکەن و، بە ئاشکراش پێشێلی هەموو یاسا و رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و، جاڕنـامەی گەردوونی مافەکانی مـرۆڤ دەکەن .
پەنجا ملیۆن کورد کە لە ناوجەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەژین .. ئەگەر بێت و لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا نەنرێت و کورد نەبێت بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی .. ئەوە ئاستەمە کە ئاشتی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەرقەراربێت .. تا کوردیش نەگات بە مافە رەواکانی .. لەوانەش مافی دامەزراندنی ( دەوڵەتی کوردستان ) ی سەربەخۆ .. نە تورک و نە عەرەب و نە فارسیش، ناحەسێنەوە و، ناتوانن بە ئارامی و ئاسوودەیی بژین .. تا رۆژی زووتریش دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێت .. قوربانییەکانی کورد و ئەو گەلانەش کەمتر دەبنەوە . هەرگیز کورد لەو گەلانە خۆی بە کەمتر نازانێت .. جا ئەوە ژیری و دلێرییە، ئەگەر داگیرکەرانی کوردستان بە خۆیاندا بچنەوە و لۆژیکی ئەقڵ بەکاربهێنن و، دەست لە شەڕ و کوشتن و خوێنڕشتن و ێران کردنی کوردستان هەڵبگرن، چونکە کێشەی کورد بە ئۆپراسیۆنی سەربازی و شەڕ چارەسەرناکرێت .. شەڕ هێندەی تر کیشەکان گەورەتر دەکەنەوە و، برینەکان قووڵتر دەکەنەوە، زیانەکانیش زۆرتر دەکەن .. تەنها چارەسەر ئەوەیە کە بە نێتێکی پاکەوە، بە گفتوگۆ، بە ئاشتییانە و، بڕوا بەیەکترکردن بگەینە ئەنجامێکی سیاسی و یەکجاری .. ئەوسا دەتوانین بڵێین برایەتی و هاوسێتیمان راست و دروستە .. ئەوسا دەتوانین پێکەوە، بە ئاشـتی و بە ئاسوودەیی و بە ئـارامی بژین .. رابردووی خوێناوی پڕ لە تراژیدیا و کارەساتی جەرگبڕ، لە یادی نەوەکانی داهاتوومانی بەرینەوە .. تۆی خۆشەویسی و هـاوڕێتی و یەکترقبووڵکردن لە دڵیاندا بڕوێنین .
ئیمەی کورد بۆ ئەم ئاکامە تێکۆشاوین و تێدەکۆشین .. تا ئەم هیوا و ئامانجانەش نەیەنە دی .. ئێمەی کورد شۆڕشگێری نەسرەوت و سەرسەختین و، درێژە بە خەباتی سیاسی و چەکداریمان دەدەین .. هیچ شتێکیش لە بەردەم بڕوای پۆڵایینمان بە ئەستەم نازانین .. هەردەمیش دەرگای گفتۆگۆ و دانووساندن و چارەسەی ئاشتیمان کراویە .. لە ئەوپەڕی بەهێیزیشماندا .. هەردەم ئێمەی کورد دەستپێشکەربووینە بۆ شەڕ راگرتن و، گفتۆکردن و بۆ چارەسەری ئاشتییانەی .. تۆپەکەش هەردەم لە گۆڕەپانی داگیرکەراندا ماوەتەوە .. دووبارەشی دەکەینەوە .. کە خەیاڵیان خاوە کە بتوانن بە هێز و بە شەڕ و کوشتن چۆک بە کورد دادەن و، کورد لە ناوبەرن .. چونکەی ئیرادە و بڕوای قووڵمان بە رەوایی کیشەی گەلەکەمان و .. هیومان بە سەرکەوتنمان .. بەسن بۆ ئەوەی لە رووی گەورەترین و دڕندەترین سوپادا خۆمان بگرین و .. بەرگری لە کوردستانی پیرۆزمان بکەین .. دروشمی ئێمە (کوردستان یا نەمان) ە .
ئەی داگیرکەرانی کوردستان، بە چاوی خۆتان دەبینن کە کە چۆن پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانی و کوردستان، بە چەکێکی زۆر سادەوە، بەڵام بە بڕوایەکی پۆڵایینەوە .. بە دەیان داستانی قارەمانێتی و نەبەردیان تۆمارکرد .. چۆن شکستیان بە ئوستورەی داعیشی بەکرێگیراو هینا و، رۆژ نییە کە گورزێکی گورچکبڕیان پیا نەکێشن .. هەواڵ و داستانە قارەمانییەتییەکانی پێشمەرگە بوونەتە یەکەمین هەواڵی میدیاکان و، بوونە بە ماشێتی لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکان .. وشەی پێشمەرگە بۆتە زاراوەیەکی جیهانی و .. هاوتای ماناکەی، ئازای و قارەمانییە .. لە کام شوێن و لە کام شۆڕشی کۆن و نوێی جیهانیدا .. کچەکانیان وەکو، شیرە کچانی کوردستان شان بە شانی براکانیان و، لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوەی بەرگریدا و، لە ریزەکانی هەرە پێشەوی هێڕشکردن و هەڵمەت بردن و پەلامارداندا، وا قارەمانانە شەڕیان کردووە ..؟؟ کچانی کوردستان، دوژمنانی مرۆڤایەتی، داعشی بێرەوشت و دڕندەیان رسواکردوون و، کردوویانن بە پەنـدی زەمـانە .. وانەیەکی ئەوتۆیان بە داعش دا، کە هەرگیز لە یادیان نەچێتەوە . کچـە پێشمەرگە قارەمانەکـانی کوردسـتان، بوونەتە سومبلی کچـانی شۆڕشگیڕ و قارەمان لە هەموو جیهاندا .. بوونەتە جوانترین وێنەی بەرگ و لاپەڕەکانی گۆڤارە جیهانییەکان .. بوونەتە وێردی سەر زمانی کچانی جیهان .. بەرگی پێشمەرگەی کچان کوردستان .. بۆتە بەرگێکی مودەی تازە و لە زۆر لە وڵاتانی جیهاندا هەندێ لە کچانیان لە هەندێ بۆنەکاندا، بۆ جوانی جلی پێشمەرگەی کوردستان لەبەردەکەن .
شاعیری و فەیلەسوفی گەورەی گەلەکەمان (پیرەمـێردی) نەمرمان راستی وتـووە کە:
تا ئێسـتا رووی نـەداوە لە تەئــریخی میللەتــ
قەڵغانی گوللـە سنگی کچــان بێ لە هەڵمەتــا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست