کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تورکیا لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانەوە بۆ کۆمەڵكوژی کورد

Saturday, 23/04/2016, 1:07


لە زۆر شوێنی جیهاندا، تاوانی کۆمەڵکوژی ( جینۆساید ) و، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، لە دژی گەلانی ئازادیخـوازی ماف زەوتکراو و، خـاک داگیرکراو ئەنجام دراون، کە تا هەتایە ئەو تاوانانە پەڵەی شەرمەزارین، بە تەوێڵی ئەنجامدەرانیان، بە تەوێڵی رژێمە میراتگرەکـانیشیانەوە، لەوانەش : جینۆسایدی ئەرمـەنییەکـان، جینۆسایدی جوولەکەکان ( هۆڵـۆکۆست )، جینۆسایدی کورد لە باشووری کوردستان ( ئەنفـال و کیمیابـاران )، کۆمەڵکوژی لە باکووری کوردستاندا لە ( دێرسـیم ، ئامـەد، ئاگـری داغ ، دۆڵـی زیـلان ، رۆبـۆسکی ) کۆمەڵکوژی لە روانـدا، لە یوگسلاڤیا لە ( بۆسنە، هێرسک، سربیا )، لە سودان لە (  دارفـۆر )، لە فەلەستین ( سەبرا و شاتیلا )، لە کەمبۆدیـا، کۆمەڵکوژی برایانی کوردی ( فـەیلی ) مان، کۆمەڵکوژی برایانی کوردی ( ئێـزیدی ) مان ... هتد . ئەم تاوانانەش لە لایەن رژێم و دەسەڵاتـدارانی داگیرکەری رەگەزپەرست و توندڕەوە و دامارگیری ئاینییەوە ئەنجام دران، بە ملیۆنان خەڵکی بێتاوانیان بە ناڕەوا شەهیدکرد . 
یەکەمین تاوانی جینۆساید ( تاوانی کۆمەڵکوژی ) لە سەدەی بیستەمینی رابردوودا بوو، لە نێوان ساڵانی ( ١٩١٥ ـ ١٩١٨) دا، لە لایەن خوێنڕێژە تورکە عوسمانییەکانەوە، لە دژی گەلی ئەرمەنی بێتاوان ئەنجام درا .. کە زیاتر لە ( ملیۆن و نیوێک ) ئەرمەنی بە دڕندەترین شێوە، لە لایەن تورکەکانەوە شەهیدکران .. ژمارە ئەرمەنییەکان لە تورکیادا لەو سەردمەدا، دوو ملیۆن دووسەد هەزار ئەرمەنی بوون، کە خەڵکی رەسەنی تورکیا بوون، کەچی لە ئێستادا تەنها شەست هەزار ئەرمەنی ماونەتەوە .. بەشێکی زۆریان بە هەڕەشە و بە زۆر و زۆرداری ناچاریان کردن کە خۆیان بە تورک بنووسن، ئەگینا هیچ مافێکی ئەوتۆیان لە تورکیادا نابێت .. دڕندەییەکانی تورکیا دەرهـەق بە ئەرمەنییەکان زۆر لە دڕندەییەکانی جەنگیزخـان و تەیمورلەنـگ دڕندەترن . 
بەر لە ساڵی ( ١٩١٥)، یەکەمی کومەڵـکوژی ئەرمەنییەکان، لە لایەن سوپای دڕندەی دەوڵەتی رەگەزپەرست و ئیمپریالیزمی عوسمانی لە نێوان ( ١٨٩٤ـ ١٨٩٦) لە لایەن سوڵتانی خوێنڕێژ ( عەبدولحەمیدی دووەم ) ەوە ئەنجام درا، کە بە هەزاران ئەرمەنییان کوشت .. تەنها لەبەر ئەوەی کە تورک نین و، ئایینیان مەسیحییە . 
کە ( یەکیتی و پیشکەوتن : ئیتیحاد و تەرەقی ) لە تورکیادا بە کودەتایەک دەسەڵاتیان گرتە دەست، لەلایەن خوێنڕێژ ( تەلعەت پاشا )  وەزیری ناوخۆ و، ( ئەنوەر پاشا ) ی وەزیری جەنگ و، خوێنڕێژ ( جەمال پاشا ) ی بێڕەوشتی سەرلەشکرەوە، بڕیـاری کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانیان جێبەجێکرا .. ئەم تاوانە، تاوانێکی ئەنجامدراوی کوتوپڕ نەبوو، بەڵکو بەپێی پلانداڕێژی پێشوەخت جێبەجێکرا . تورکیا بە تاوانی هەڵبەستراو و بێ بنەمای جیابوونەوەخوازی لە تورکیا، ئەرمەنییەکانیان تاوانبارکرد و.. جینۆسایدیان کردن، بەڵام لە راستیدا تا ئەمڕۆش رژێمی رەگەزپەرستی تورکیا .. داواکردنی ئازادی و یەکسانی و دیموکراتی و ژیـان، لە لایەن گەلانی بێجگە لە تورکەوە، بە تایبەتیش گەلی کوردمان .. بە تاوان و، بە ( ناپاکیی گەورە ) لە دژی تورکیا تاوانبار دەکەن .. سزای کوشت و لەسێدارەدان دەیانگرێتەوە .. ئەوان دونیا بە تورک دەزانن و، لە تورک زیاتر دان بە بوونی هیچ نەتەوەیەکی تردا نانێن .

خوێنڕێژ ( تەلعەت پاشا ) کە وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەی تورکیا بوو، لە بڕوسکەی ژمارە (١١٨١) دا کە لە بەرواری ( ١٦ی/ سێپتەمبەری/ ١٨٩٦) دا، بۆ فەرمانڕەوای ویلایەتی ( حەلەب ) ی نارد، فەرمانی پێکرد، کە دەبێت لە ماوی (٢٤) کاتژمێردا، بە تەواوی ئەرمەنییەکان بکوژن و قڕیان بکەن ..  دەقی ئەم بڕیارەش لە کتێبێکدا بە ناوی ( بیـرەوەرییەکانی نەعـیم بەگ ) لە نووسینی ( ئـارام ئەنـدریان ) دا هەیە . 
رژێمی تورکیا فاشستی لە رۆژی ( ٢٤ی / ئاپریل /١٩١٥) دا، بە ناوی ( الجهاد ) وە، کوشتنی بە کۆمەڵی ئەرمەنییەکانی رەوا کـرد .. لە ساڵی ( ١٩١٥ـ تا ـ ١٩١٨) ، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامـەردانە و، بێویژدانانە و بێبەزەییانە، بێ دەست پاراستن لە کوشتن و سەربڕین و سووتاندن و زیندەبەچاڵ کردنی منداڵان و ژنان و گەنجان و پیران زیاتر لە ( یەک ملیۆن و نیو) ئەرمەنیان لە تورکیا و سوریادا جینۆساید کرد، ئەم تاوانە بە ( قەسابخانەی ئەرمـەنییەکان ) یا بە تاوانی ( دۆزەخی ئەرمەنییەکان ) یا بە ( تاوانی گەورە ) ناودەبرێت .. کە بە شێوەیەکی سەرتاسەریی و، بە دڕندەترین شێوە، لە لایەن سوپا و جەندرمەی دڕندەی تورکیای فاشست و رەگەزپەرستەوە، زۆر بێشەرمانە و بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجامدرا .. تاوانێکی قێزەوەنی ئەوتۆیە، کە مێژوو بە شەرمەوە دەیان گێڕێتەوە .. لەشکر و جەندرمەی نامەرد و بەدڕەوشتی تورکیا، بە هەزاران کچ و ژنانی بێتاوانی ئەرمەنییان رووتکردنەوە و ئابڕوویان بردن .. لە دوایشدا، یا سەریان دەبڕین، یا لە شێوەی لە خاجدانی پێغەمبەر عیسای مەسیح، بە راژەی دارەوە هەڵیان دەواسین و، بە شمشێر یا بە رم و دار دڕندانە دەیان کوشتن .. ئەم تاوانە قێزەوەنانەی تورکەکان لە لایەن رۆژانامەنووسێکی ئەڵمانییەوە وێنەگیراوە و، لە ئەرشیفی ڤاتیکاندا پارێزراوە ..  بە هەزاران منداڵی کۆرپەی ناو لانک و بێشکیان سەربڕین .. بە هەزاران ئەرمەنییان بە زۆر لە زێدی خۆیان بە پێی پەتی و بەسەر رووتی دەربەدەرکردن .. لە هەموو رێگاکانیشدا، بۆسەی سەربازییان بۆ دانابـوون، بەشێکی زۆریـان لە رێگاکاندا لێکوشتن .. یا لە برسـان و لە توینـیا و لە سەرمـاو و لە ترسـا مردن .. تەنانەت ئەو سەربازە ئەرمەنیانەی کە لە سوپای تورکیادا سەرباز بوون، هەموویانیان گرتن و، بە زینـدووی زینـدەبەچاڵـیانیان کردن .. بۆ نموونە، تەنـها لە یەک رۆژدا، لە شاری ئامـەد ( دیاربەکەر ) دا، ( دوانـزە هـەزار ) سەربـازی ئەرمـەنی، کە سەربـاز بوون لە سوپای تورکیادا، چاڵەکانیان بە خۆیان پێهەڵکەندن، دوایش هەموویانیان کوشتن و خستیانیانە ناو ئەو چاڵانـەوە .. لە مەش قێزەوەنتر تورکیا فاشستی ( قەسابەکانیان ) بەکرێ گرتن، کە رۆژانـە یەک لـیرەی تورکییان پێـدەدان، لە کـرێی ئەو ئەرمەنیـیانەی کە سەریـان دەبڕین .. بە هـەزاران ژن و پیر و منـداڵ و گەنجی ئەرمـەنی، بە دەستی قەسابەکـانی تورکیای قەسابخانە سەربڕان .. ئەمانەش بوختان و قسەی هەڵبەستراو نین، بەڵکو بە بەڵگە و بە وێنەوە لە لایەن ئەو بیانییانەوە گیراون، کە لەو کاتەدا لە تورکیادا بوون . 
بەشێکی کەمی ئەرمەنییەکان، بەبێ منداڵەکانیان زۆر بە زەحمـەتی، خۆیـان گەیـاندە سوریا و عێراق و لوبنان و میسر و یۆنان .. منداڵەکانیان بەجێهێشتن .. تەنانەت زیاتر لە ( ١٠) هەزار منداڵ لە لایەن خێزانەکانی شارەکانی رۆژئاوای کوردستان و شارەکانی سوریاوە، ئەو منداڵە ئەرمەنییانەیان بەخێوکردن .. بێ ئەوەی گوێ بدەنە هەڕەشەکانی تورکیا .. تورکیا هەڕەشەی ئەوەیان لە خەڵکی کرد، ئەگەر هەچ ماڵێک ئاشکرابێت کە داڵدەی ئەرمەنییە هەڵهاتووەکانیان داوە، یا منداڵەکانیان گرتوونەتە خۆیان، ئەوانیش وەکو ئەرمەنییەکان سزادەدرێن و دەکوژرێن .. بەڵام لە گەڵ ئەمەشدا، خەڵکی سۆزدار و ویژدان زیندوو، هەموو مەترسییەکیان خستە لاوە و، گوێان بە هەڕەشەکانی تورکیا نەدا .. ئەو منداڵە ئەرمەنییانەیان بردنە لای خۆیـان و .. هەر وەکو منداڵی خۆیان بن بەخێویانیان کردن و، بە منداڵ خۆشیان ناونووسیانیان کـردن و .. لە مردن رزگاریانیان کردن .. لە ئەمڕۆدا لە شاری ( دێـر الـزور ) ی سوریا دا (٢٥) هـەزا ئەرمەنی هەیە .. کە ئەو منداڵانە و وەچەکانیان کە لە لایەن خەڵکی شاری ( دێـرالـزور ) ەوە، بە نهێنی بەخێوکران و، لە دڕندە تورکەکان رزگاریان کردن .     
تورکیای رەگەزپەرست، تاوانی بە کۆمەڵکوژییان تەنها لە دژی ئەرمەنییەکان ئەنجام نەداون ..  بەڵکو تاوانی کۆمەڵکوژیان، دەرهەق بە گەلانی کورد و یۆنانی و ئاشووری و عەرەبیش ئەنجام داون .. بۆ نموونە کە تورکیای فاشست کە بۆ ماوەیەک یۆنانیان داگیرکرد، بە هەزاران خەڵکی سڤیلی یۆنانیان کوشت و، ئابڕووی بە هەزاران ژنیانیان بردن، بە هەزاران کچان و ژنانی یۆنانی لە ترس ئەوەی، کە نەکەونە دەست سوپای دڕندە و بێڕەوشتی تورکیا، لە سەر شاخە بەرزەکانیانەوە، بە کۆمـەڵ خۆیان هەڵـدایە خوارەوە و خۆیـان کوشت .. یەکێک لەو شاخانەش ( شـاخی شـوولی ) ی نزیک شاری ( کۆمۆنیزیا ) یە کە ژمارەیەکی زۆری یۆنانی و گەشتیاری بیانی بۆ یادی ئەو کچ و ژن و منداڵە شەهیدانەو، بۆ بە بیرهێنانەوەی تاوانە دڕندەییەکان و نامەردییەکانی لەشکری بەدڕەوشت و خوێنڕێژی تورکیا، دەچنە سەر ( شاخی شوولی ) و، تـف و نەفـرەتیش لە تورکیای فاشستی دەکەن .. کە لە رابردوو و لە ئەمڕۆشدا میـژوویەکی خوێناویان هەیە .. مێژوویەکی سەرتاپای پڕ لە تاوان و کوشتن و خوێنڕشتن و بێڕەوشتی و بەدکاری . تورکیا بەشێکی زۆری کەنیسەکان مەسیحییەکانیشیان کرد بە مزگەوت .. یەکێک لەو مزگەوتانەی کە لە پێشا کەنیسە بوو، مزگەوتی ( سوڵتان ئەحمەد ) ە لە ئەستەمبوڵ . 
تورکیا راستە مێژوویەکان و تاوانەکانیان چەواشە کردوون .. لە پرۆگـرامی قۆناخەکانی خوێندنی قوتابخانەکانیاندا .. لە کتێبە مێژووییەکانیاندا، ئەرمەنییەکان و کورد و یۆنانی و عەرەبەکان بە تاوانبار کردوون و .. منداڵەکانیان بە درۆ و بە چەواشەکاری گۆش دەکەن .. تا ئەمڕۆش نکووڵی لە هەموو تاوانەکانیان دەکەن . 
ئەوەی باسمان کرد، تەنها مشتێکن، لە چەندین خەرواری تاوانەکانی تورکیا، دەرهەق بە گەلانی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی وەک، کورد و ئەرمەنی و یۆنانی و ئاشووری . 
جا نازین ( ئۆروگان پاشا )ی وچەی ئەو خوێنڕێژانە، بە چ کردەوەیەکی باوباپیرانییەوە شانازی دەکات ..؟  بە خوێنڕێژی و بەدڕەوشتییانەوە ..؟ بە جینوسایدی ئەرمەنییەکان ..؟ بە کۆمەڵکوژی کورد و یۆنانییەکان .. ؟ بە ئابـڕووبردنی کچــان و ژنــان ...؟ یا بە سەربڕینی هەزاران منداڵی ناو لانک .. ؟! بە مێژووی خوێناوی رەشیان .. ؟ بە ...؟! 
تورکیا تا ئەمڕۆ، رەگەزپەرسترین و .. خوێنڕێژترین .. دەوڵەتە لە هەموو جیهاندا . 
( ئەحمەد خەیری ) ئەندامی باڵای پارتی ( الاحـرار ) ی میسر لە پەیجی خویدا لە توێتەر وتی : " رەجەب تەیب ئۆردوگان سەرۆک وەزیرانی رژێمی تورکیا، لە تورکیادا تاوانی دەرهەق بە کورد ئەنجام دا، بە کەمترین شت باسی تاوانەکانی بکەین، ئەوەیە کە تاوانن دژ بە مرۆڤایەتی .. " وتیشی : " باس لە چ مافێـکی مـرۆڤ دەکـەن ؟!  درێژەی بە قسەکانی دا و، وتی : " ئەگەر من لە حکوومەتی میسردا بوومایە، کارم بۆ ئەوە دەکرد کە یاسایەکم دەربکردایە، کە پرۆتستۆی سەربڕینی ئەرمەنییەکان لە لایەن عوسمانییەکان و، تاوانەکانی ئۆردوگانم لە دژی کورد دەکرد " .   
ئۆردۆگان هەڵگری هەمان ڤایرۆسە و، بە ئایدۆلـۆژیای رەگەزپەرسیتی و خوێنڕێـژی، گۆش و پەروەردە کراوە . پارتە بە ناوە ئیسلامییەکەشی ( پارتی ناداد و ناگەشەکردن)  دەیەوێت بە درۆ و بە دروشمی ئیسلامی، خۆڵ لە چاوی گەلان بکا و، رەگەزپەرستییان پەردەپۆش بکەن . بەڵام ئەوە ئەستەمە کە بتوانن بە بێژنگ بەر لە تیشکی خۆر بگرن. 
ئوردوگانی تۆرانیی رەگەزپەرستیش، پاشای داعشە عوسمانییە تازەکانی ئەمڕۆ .. دەیەوێ کۆمەڵکوژییەکەی (١٠١) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ کە باپیرە دڕندە عوسمانییەکانیان لە دژی گەلی ئەرمەنی ئەنجامیان دان .. ئەمیش هەمان تاوان دەرهەق بە گەلی کوردی ئازادیخواز و ئاشتیخوازمان بکات .. ئەو کۆمەڵـکوژییەی کە لە ئەمڕۆدا لە لایەن سوپا خوێنڕێژەکەی تورکیای ئۆردوگان و، لە لایەن میتە زۆڵ و بێڕەوشتەکانیانەوە، لە شار و لە شارۆچکە و لە گوندەکانی باکووری کوردستان دا، دەرهەق بە منداڵان و ژنان و پیرانی بێتاوانی کوردمان، بە رۆژی رووناک و بە ئاشکرا، بە بەرچاوی وڵاتـانی جیهان و، نەتـەوە یەکگرتووەکان و رێخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان، ئەنجامیان دەدەن .. تاوانی کۆمەڵکوژین و، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتـین و .. دژ بە مافەکـانی مرۆڤ و، منـداڵانن .. بەڵکو دژی هەموو یاسا و رێسایەکی نێودەوڵـەتین .. شەرمەزاریشە بۆ کۆمەڵگای جیهانی و، بۆ پەڕلەمانی ئەوروپا کە لە ئاستی ئەم تاوانە قێزەوەنانەی تورکیادا، خۆیـان کوێـر و کـەڕ و لاڵ کـردوون .. بەرژەوەندییە ئابوورییەکـانیان، لە سەرووی مرۆڤـایەتی و ویـژدان و دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ و منداڵانەوەن . 
رۆژی یەکشەممە ( ٢٤ی/ ئاپریل/ ٢٠١٦) یادی ( ١٠١) کەمین ساڵـڕۆژی تراژیدیـای سەربڕینی ( یەک ملیۆن و نیو ) ئەرمەنییە .. یادی ( دۆزەخی ئەرمەنییەکان ) ە، کە لە لایەن تورکیای عوسمانیی رەگەزپەرست، تورکیای ئیسلامی و عیلمانییەوە ئەنجام درا . لە رووی ژمارەی قوربانییانەوە .. لە دوای هۆڵۆکۆستی جوولەکەکانەوە، بە دووەمین کۆمەڵکوژی دادەنرێت .. ئەڵمانیا دانی بە هۆڵۆکۆستدا نـاو، داوای لێـبووردنیان لە ئیسرائیل کرد و .. قـەرەبووی مـادی و مەعنەوی جوولەکە قوربانییەکانی ئەم تـاوانە گەورەیەیان کرد، کە زیاتر لە (٦) ملیۆن جوولەکەیان سوتاند و کوشت .. بەڵام رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا .. تا ئەمڕۆش نکووڵی لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکـان دەکەن و.. ئامـادەنین کە بە فەرمی دان بەم تاوانەیان بنێن .. یا داوای لێـبووردن لە ئەرمینیا بکەن .. تورکیا دان بە هیچ تاوانێکیدا نانێت .. ئامادەش نین کە قەرەبووی مادی ئەرمەنییە قوربانییەکانی کۆمەڵکوژییەکەیان بکەنەوە .. تورکیا دژی بڕیاری پەڕلەمانەکانی ئەو دەوڵەتانەشە، کە بە فەرمی تاوانی ئەرمەنییەکانیان بە کۆمەڵکوژی ناساند .. تا ئێستا زیاتر لە بیست وڵاتی جیهان بە فەرمی دانیان بە پاکتاوی رەگەزی و بە کوشتنی ئەرمەنییەکانیان نا و، بە ( تاوانی کۆمەڵکوژی ) ناساندیان .. لەوانەش : 
( فەرەنسا، بەریتـانیا، رووسیا، لوبنـان، هوڵـەندا، یونـان، نەمسا، دانیمارک، سـوید، کەنـەدا، میسر، ٤٣ولایەت لە ولایەتەکانی ئەمریکا، پەڕلەمانی ئەوروپاش ) .. هەر بۆ هەمیشە لە بەرچاوبوون و .. لە یادبوونی .. ئەم کۆمەڵکوژییەی ئەرمەنییەکان، لە پایتەختەکانی ( یریڤان ـ ئەرمینیا ) و،( برۆکسل ـ بەلچیکا ) و،( کۆبنهاگن ـ دانیمارک ) پەیکەری یادەوەری، بۆ کومەڵکوژیی ئەرمە ییەکان و.. بۆ ئاماژەکردن بەم تاوانانەی تورکیا کراون، بێ ئەوەی گوێ بە ناڕەزاییەکانی تورکیا بدەن . 
ئەگەر بەراوردێک لە نێوان کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان ( قەسابخانەی ئەرمەنییەکان ) لە تورکیا و، کۆمەڵکوژی کورد لە باشوری کوردستاندا ( تـاوانی ئەنفـال ) بکەین .. دەبینین زۆر لە یەکەوە نزیکن .. هەردووکیشیان لە مانگی ئاپریل دا ئەنجام دراون .. من بۆ ئەوەش دەچم، کە هەر لەلایەن تورکیاوە، پیلان وپلان و نەخشەی کۆمەڵکوژی کورد ( تاوانی ئەنفال ) داڕێژرابێت و، خرابێتە بەردەستی رژێمی بەعەسی فاشستی عێراقی هاوئایدیۆلۆژیایان .. پەیوەندی و هاوکارییەکی سەربازی و سیخوڕی تەوا لە نێوان تورکیا و بەعسی رەگەزپەرستی گۆڕبەگۆڕدا هەبوو، تاوانی (ئەنفالی شەنگال) یش، کە لە لایەن ئیسلامییە داعشەکانی هاوپەیمانی تورکیاوە ئەنجام درا .. بێگومان هەر لە لایەن تورکیاوە نەخشەی بۆ کێشرا بوو .. چونکە برا ئێزیدییەکانمان کوردن و، ئاینی خۆیان هەیە .. گومانیشم نییە، کە گرتن و وێرانکردنی شاری( کۆبانی پاڵەوان ـ رۆژئاوای کوردستان ) لە لایەن داعشی جاشی تورکیاوە .. هەر لەلایـەن تورکیای ئەندازیـاری پیلانگـێڕی و تـاوان و جینۆسایـدەوە، نەخشەیـان بۆ داڕشتبوو .. تورکیا تا ئەمڕۆش بە ئاشکرا لە دژی خەبات و خواستەکانی گەلی کوردمان، یارمەتی لۆجستی و سیخوڕی و چەک و تەقەمەنی پێشکەش بە داعش دەکات و .. تورکیا پردێکی دڵنیایی داعشە بۆ پەڕینەوە بۆ عێراق و سوریا و لیبیا و میسر .
ئەرمەنییەکان هەرگیز، کۆمەڵکوژی گەلەکەیان لەیادنەکردووە و لە یادی ناکەن و، تا ئەمڕۆش لەەژێر دروشمی ( یادکـەرەوە و داوابـکە ) دا، سوورن و وازن ناهێنن لە مافەکانی خۆیان .. تا تورکیا ناچاردەکەن، کە بە فەرمی دان بەم تاوانە قێزەوەنانەیان بنێن و .. داوای لێبووردن لە گەلی ئەرمینی بکەن و .. قەرەبووی مادییان بکەنەوە .  
لە یادی ( ١٠١) ساڵەی جینۆسایدی ئەرمەنییەکاندا، من وەکو کوردێک، بە تونـدی پرۆتستۆی ئەو تاوانانەی تورکیا دەرهەق بە ئەرمەنییەکان دەکەم .. ئەو تاوانانەشیان کە لە ئەمڕۆدا تورکیای رەگەزپەرست لە باکووری کوردستاندا بە شێوەیەکی دڕندانە، دژی گەلی خۆڕاگری قارەمان و ئازادیخواز و ئاشتیخوازی کوردمان ئەنجامی دەدەن. 
زووبێت یا درەنگ، سەرکەوتن بۆ گەلانی تێکۆشەر و خـۆڕاگر و کۆڵنەدەر دەبێت ..
رسوایی و شەرمەزاریش، بۆ داگیرکەرانی فاشست و رەگەزپەرست دەبێت . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە