جەژنی نەورۆز .. جەژنی رزگاری کەرکوک .. رۆژی جیهانیی شیعر
Sunday, 20/03/2016, 13:30
هەموو ساڵێک لە رۆژی ( ٢١ی / ئادار ) بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، جەژنی نەتەوایەتی کورد و، جەژنی زۆربەی گەلانی ئـاری نەژاد .. کەرنەفـاڵ و ئاهەنگی خۆشی و سەیران و ئاگرکردنەوەی ئاگری نەورۆز لە کوردسـتان و لە هەندەراندا سازدەکرێت و .. یـادی جەژنی نەورۆز، هیـوا و گوڕێکی بە تینترمان پێدەبەخشێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلەکەمان .. نـەورۆز سونبولی برایەتی و یەک هەسـتی و یەکێـتی و هـاوخـۆشی و هاوسۆزیمانە .. هیچ جەژنێک نییە کە بەقەی جەژنی نەورۆز لەدڵی کورد دا پیرۆز و شیرین بێت .. بەم بۆنە پیرۆزەوە، جوانـترین پـیرۆزبایی لە هەموو کوردێکی دڵسۆز و کوردستان پەروەر دەکەین .. لە کوردستان بن یا لە هەرشوێنێکی جیهاندا بن .. بە قەی ژمارەی کوردان .. چەپکە نێـرگزی چاومەستی ئەم بەهـارە رەنگینەەی کوردستانتانتان پێشکەش دەکەین .. بە تایبەتیش بە پێشـمەرگە قـارەمانەکانە خۆڕگرەکانی کوردستان .. تا ئێستا چەنـد جارێک لەسەر جەژنی نەورۆز بابەتەمان نووسیوە و بڵاومان کردۆتەوە .. شایەنی ئەوەیە چەندین جاری کەش لەسەر بنووسین و بڵاوی بکەینەوە .
هەر بە بۆنەی یەکەمین رۆژی سەری ساڵی نوێی کوردیمان (٢٧١٦) وە .. بە بۆنەی یەکەمین رۆژی وەرزی بەهـاری رەنگـین و قەشەنگ و ئەفسووناوی کوردسـتان .. وەرزی ژیانەوەی سروشت و گـوڵ و گوڵـزار .. دووبارە سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆز و بەهـار لە کوردستانیان پیـرۆز دەکەین .
هەموو ساڵێک لە رۆژی ( ٢١ی / ئادار) دا، کوردستانیان بە گشتی و کەرکوکییەکان بە تایبەتی .. بە بۆنەی رزگارکردنی شاری کەرکوکی کوردستانی لە (٢١ی/ ئادار/ ١٩٩١) دا، لە ژێردەستی بەعسییە دڕندە شۆڤێنییە رەگەزپەرستەکانی عەرەب .. کە بۆ یەکەمین جاریش ئاڵای پیـرۆزی کوردستان، لە سەر قـەڵا سەرکەشەکەی کەرکوک دا، هەڵکرا .. جەژنی کەرکووکییەکان بوو بە دوو جـەژن ( جـەژنی نەورۆز ) و ( جـەژنی رزگـاری کەرکوک ) .. بۆ یەکەمین جاریش مەشخەڵی هەمیشەیی ( بـاوەگـوڕگـوڕ ) دەستلەملانی ئاگری نەورۆز بوو .. نەک هەر من وەکو کەرکوکی زادەیەک .. بەڵکو هەموو کوردێک لە سەراسەری کوردستاندا شانازی بەوەوە دەکەن کە کەرکوک تاجی سەرکەەوتنەکانی راپەڕینی کوردستانی لەسەر کرا .. ئای کە چ رۆژێکی خـۆش بوو .. کە دیمەنەکانی قارەمانێتی و جەماوەڕی تووڕە و داخ لە دڵی گەلەکەمان لە کەرکوکدا دەبینران .. کە چۆن پەلاماری مۆڵگەکانی بەعسییەکانیان دەدان .. هەرگیز لە یادم ناچن و هەردەم لە بەرچاومن .. بە چاوی خۆم بینیم، کە چۆن سەرانی بەعسی شۆڤێنی، لە سەرووی هەمووشیانەوە فسفس پاڵەوانی بێڕەوشت ( عەلی کیمیاوی ) بە سەرشۆڕی و، بە بەزیوی لە کەرکوک هەڵهاتن .. چون رسوا بوون و بوونە پەندی زەمانە .
داوا لە پارێزگاری کەرکوک ( دکتۆر نەجمەدین کەریم ) و، لە ( ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ) دەکەین، کە بە فەرمی بڕیار بدەن .. لە ئەمساڵەوە رۆژی (٢١ی/ ئادار)ی هەموو ساڵێک بکرێت بە ( رۆژی کەرکوک ) هاوڕۆژ لەگەڵ ( جـەژنی نـەورۆز ) دا، هەموو ساڵێک لەم یادەدا، کەرنەفاڵ و ئاهەنگی شیاو بەم بۆۆنەیەوە ساز بکرێت .
هەموو ساڵێ رۆژی (٢١ی/ ئادار ) ( رۆژی جیهانیی شیعر ) یشه، لە ساڵی (١٩٩٩) دا، ( یۆنیسکۆ : رێکخراوی جیهانی بۆ پەروەردە و رۆشنبیری ) بڕیاری دا کە رۆژی
(٢١ی/ ئادار ) ی هەموو ساڵێک، بکرێت بە ( رۆژی جیهانیی شیعر ) و، لەم رۆژەدا ئاهەنگ و کۆڕ سازبکرێن .. رێکخراوی یۆنیسکۆ دەڵێت ئامانج لە راگەیاندنی ئەم رۆژە : " تازەکردنەوەی دانان و بەخشینی هێزە بە بزووتنەوە شیعرییە نیشتمانی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان " .
شیعر هێمای زادەی هۆش و بیری مرۆڤە .. شیعر رۆڵێکی گەورە و گرنگی هەیە، لە سەپاندنی بنەماکانی ئـازادی و دیموکـراتی و نیشتمانی و نەتەوەیی و دادپەروەری و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤدا .. شیعر گوزارشتە لە هەست و سۆزی ناخی شاعیر .. شیعری رەسەن ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی و رۆشنبیری و ئەدەبییە .
بەم بۆنەیەوە، جوانتـرین پیرۆزبایی لەسەرجەم شاعـیران و نووسەرانی دڵسۆزی کوردستان دەکەین .. کە وەکو پێشمەرگەیەکی پێنووس، وەکو قارەمانێکی نەترس بە شیعر گوزارشت لە دڵسۆزی و لە هەڵوێست و لە کوردستان پەروەریی خۆیان دەکەن و، بە شیعر بەرگـری لە کوردستانی نیشتمانمان دەکەن .. بێگومان سەنگەرەکانی شیعری رەسەن، کەمتر نین لە سەنگەرەکانی رووبەڕووبوونەوەی نەیاران بە چەک .
هەر بەم بۆنەیەوە .. بۆ هەموو شیعردۆستان .. چەپکـێک لە وتەکانی نـاودارانـم دەربارەی شاعیران و شیعر .. بۆ گوڵبژێر کردوون .. هیوادارم خۆشیتان پێببەخشن :
( بتهۆڤن ) : " شاعیری گەورە، بەنرخترین مرواری گەلەکەیەتی "
( مەدام دۆستایل ) : " شاعیرەکـان فێری ژیانـیان کـردم "
( جێمس ئەنتۆنی فرود ) : " شاعیر راستگۆترین مـێژوونووسە "
( شێرکۆ بێکەس ) : " شیعر بروسکەیە، پرسیارە، زلەیە و وریامان دەکاتەوە "
( نزار قەبانی ) : " شیعر پێکەنینە، گریانە، رقـە، تـوڕەییە "
( لامارتین ) : " جوانترین شیعر لە سەراسەری جیهاندا، لایەلایەی دایکانە "
( ئازار پاد ) : " کاتێک کە شیعر لە ئاواز دووربکەوێتەوە، وشک دەبێتەوە "
( لەتیف هەڵمەت ) : " شیعر حزبی نییە، لە چایخانەیەکدا دادەنیشێ، نوێژی خۆی دەکات "
( شێخ رەزای تاڵەبانی ) : " ئەگەر شیعرم بۆ بهاتایە و، لەسەر دەم بخـەوتمایە دەیخنکانـدم "
( تۆماس کارلیل ): " ئێمە ئەگەر بە راستی و دروستی شیعر بخوێنینەوە، ئەوا
هەموومان شاعیرین "
( جاکسۆن براون ) : " هەوڵبدە خۆت فێری وێنەکێشان یا شیعر دانان بکەیت، ئەگەر
وابکەیت، لە کاتی پەرژاندا دەستبەتاڵ نابیت "
( ستانیسلاو گیزری لیک ) : " شاعیر ماسی لە ئاوێکی خوڕدا دەگرێت، کە بە نـاخی
خۆیدا تێدەپەڕێت "
( رەسوڵ هەمزاتۆف ) : " شاعیران باڵندەی کۆچەری نین، شیعری بێ نیشتمان و، بێ
خاک و، بێ ئاگردان و، بێ ماڵ، درەختی بێ رەگ و، باڵندەی بێ لانـەیە "
( عەبدوڵڵا پەشێو ) : " دەریان کـردم .. چونکە شیعرم هێـڵی بەزانـد : لە رووی گەنجینەی دزراودا، گڵۆپێکی دە هەزار ڤۆڵتی داگیرساند ! "
( مارکۆس مارتیالیس ) : " شیعرەکانم کەمێ لاسارن ، بەڵام ژیانم پاکە "
(هیمۆن) : " ئیمپراتۆرییەکان لەناودەچن بەڵام، شیعری باش هیچ کاتێک لەناوناچێت "
( بـودا) : " وشەیەک چـەژ ببەخشێت .. لە هـەزاران وشە باشترە ..
شیعرێک چـەژ ببەخشێت .. لە هـەزاران شیعر باشترە .. "
( سەلام محەمەد ) : " تا غەم هەبێت شیعریش هەیە، تا مردن هەبێت شیعریش هەیە، لە دۆزەخدا شیعر هەیە، بەڵام لە بەهەشتدا کەس پێویستی بەوە نییە شیعر بنووسێت "
(سۆلژ نیتسین) : " دەتوانیت هەر نووسەر و شاعیرێک بە بەرهەمەکانیدا بناسیتەوە "
( ئۆسکار وایڵـد ) : " شاعیر دەتوانێت لەگەڵ هەموو شتێکدا بسازێت، تەنها لەگەڵ
هەڵەی چاپدا نەبێت "
(شیرکۆ بێکەس ) : " غـەدری گـەورە لە کوێ بێت، شیعری منیش لەوێیە "
( کارڵ ساندبۆرک ) : " من هەندێ شیعرم نووسیوە، کە خۆشم لێیان تێناگەم "
(هێرمان کستەن ) : " قاوەخانە ژووری چاوەڕوانی شیعرە "
( میخائیل نەعیمە ) : " شاعیر وێنەگـرە، چونکی ئەو شتانەی کە دەیبینێت و، دەیبیستێت، لە بۆتەیەکی جـواندا، بە وشە دایان دەڕێـژێت "
( ئیسابیل ئەلێند ) : " شاعیرەکان و نانەواکان، دەکرێ وەکو برا سەیر بکرێن،
لەو روانگەیەوە، کە هەردووکیان خواردن بە دنیا دەبخـشن "
( فەروخـزاد ): " هەندێ شاعیر هەن رەفتاری رۆژانەیان، هیچ پەیوەندییەکیان بە
شیعرەکانیانەوە نییە .. تا شیعر دەنووسن شاعیرن، پاشان تەواو دەبن "
( ولیام بوتلەر باتس ) : " ئەگەر شاعیر شیعرەکانی خۆی شی بکاتەوە، لە سنووری
نهێنییەکانی خۆی نزیک نابێتەوە "
( عەبدوڵڵا گۆران ): بنووسە، بپرسە، مەترسە .. دوو وشەی شیعری جوانت بەسە "
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست