کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رەگەزپەرستیی تورک لە عوسمانییەکانەوە بۆ ئۆردوگانییەکان

Tuesday, 26/01/2016, 0:03


ئەگەر بە مێژووی دەوڵەتی ئیمپریالیزمی عوسمانیدا بچینەوە .. کە لەژێر عەبای خیلافەتی ئیسلامی و مێزەری سوڵتانیدا، بە ناوی ئاینی ئیسلامەوە خۆڵیان لە چاوی گەلانی خۆشبڕوای ناوچە کرد .. بۆ ماوەیەکی زۆریش بە زەبری هێز و کوشتن و بڕین و خوێنرشتن دەستیان بەسەر ناوچەیەکی فراواندا گرت .. عوسمانییەکان مێژوویەکی خوێناوی و رەش و قێزەوەنیی پڕ لە کارەساتی تراژیدیایان هەیە .. بە بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژی دەستیان کرد بە کوشتن و ژینۆسایدی ئەو گەلانەی کە تورک نەبوون و، داوای مافەکانیان دەکردن، لەوانەش گەلانی ئەرمەنی و کورد و عەرەب و سریانی و کلدانی و ئاشووری و یۆنانی .. پشکی شێری ژینۆساید بەر ئەرمەنییەکان کەوت، وەک دەزانین کە لە ساڵی ( ١٩١٥) دا، عوسمانییە دڕندە و رەگەزپەرستەکان، زیاتر لە ملیۆن و نیوێک ئەرمەنییان سەربڕی و کوشتیانیان .. ئەوانەشی کە مابوونەوە دەربەدەریان کردن و بەشێکی زۆریان لە برسان و لە ترسان و لە سەرما مردن و زۆربەشیان منداڵەکانیان لێ بە جێمان .. ئەم تاوانەش پەڵەیەکی قێزەوەن و شەرمەزاریی تا هەتایە، بە نێوچەوانی تورکیای فاشستی و رەگەزپەرستەوە .. خۆ گەلی کورد و عەرەب موسوڵمانیشن .. ئەوەی تورکیا رەگەزپەرست بەسەر کوردیان هێنا لە کارەساتی قڕکردنی ئەرمەنییەکان کەمتر نییە. 
عوسمانییەکان هەر ناوچەیەکیان داگیربکردایە، کولـلە ئاسایی تاڵانیان دەکرد و خەڵکەکەشیان بە فەتارەت دەبردن .. منداڵ بووم هەموو جارێک باوکی رەحەمەتیم دەیگێڕایەوە کە ئەویش لە باوکی و لە بە تەمەنەکانی دێیەکەمان ( گۆگجە ـ شوان ) بیستبووی، دەیگێڕایەوە و دەیوت، چەند جارێک لەشکری عوسمانی، بە چەک و بە گالێسکەوە کە ئەسپ رایدەکێشان، دەیان دا بەسەر دێیە کوردییەکانی کەرکوکدا و، تاڵانیان دەکردن .. چییان بەردەست بکەوتایە، مەڕ و ماڵات، پەلەوەر، دانەوێڵە، رۆن، کسکیان لێدەدا .. تەنانەت خەڵکی لە ترساندا، گەنم و جۆ و دانەوێڵەکانیان لە ترسی تاڵانی لە چاڵدا شاردبوونەوە .. ئەوانەشیان دەدۆزینەوە و دەیان بردن، هەر کەسێکیش لێیان بپاڕایەتەوە، لێیان دەدان و، جوێنیان پێدەدان و، خەڵکیشیان دەکوشت .. ئەمە بوو رەوشتی عوسمانییەکان .. لەسەر بنەمای تاڵان و دزی و راوڕوت و سەرکوتکردن و داپڵۆسین و کاولکردن و ئەشکەنجە دان و رەشەکوژی و ژینوساید و زۆرداری خۆیان بەسەر گەلانی ناوچەکەدا سەپاند و حوکمڕانییان کرد .. بە زۆرداری زمانی تورکییان دەکرد بە زمانی فەرمی دایرە و خوێندنگاکان و نووسین .. ناوی گەلێک لە دێ و شارۆچکە و گەرەکە کوردییەکانیان گۆڕی بە ناوی تورکی .. سیاسەتی بە تورک کردنیان لە کوردستان و لە چەند ناوچەیەکی عەرەبیدا جێبەجێ کرد .. بە هەزاران خێزانی تورکیان لە شارەکانی تورکیاوە هێنان و لە باشووری کوردستاندا نیشتەجێیان کردن .. بەشێکی زۆری تورکمانەکانی ئەمڕۆی کەرکوک و دووزخورماتوو و کۆپری و هەولێر و مەندەلی .. لە پاشماوەی ئەو خێزانە هاوردانەی دەوڵەتی عوسمانین .. هەر بەوەشەوە نەوەستان زەوی و زاری موڵکی جووتیارانی کوردیان داگیردەکرد و، لەسەر سەرانی ئەو تورکە هاوردە بێگانانە تاپۆیان کردن .. جووتیارانی کورد ئەگەر زەوییە داگیرکراوانی خۆیان تۆوبکردایە دەبوایە چوارییەکی بەرهەمی دانەوێڵەکانیان بە ناوی ( مۆڵکانە ) وە بە سەرانی تورک لە کەرکوک بدایە . لەو داگیرکەرانەی کە زەویی کشتوکاڵی کوردیان لەسەر خۆیان تاپۆ کردبوو ( نازم بەگ ) و سەرانی ( نەوتچییەکان ) کە خۆیان لە تورکیا دەژیان، بەڵام بە هۆی وەکیلەکانیانەوە، مۆڵکانەیان لە جووتیارانی کورد وەردەگرت .. یەکێک لەو جووتیارانەش، باوکم بوو کە بە بیرم دێ ساڵی هەشت جەواڵ گەنم و جۆی بە ناوی (موڵکانە) وە دەبرد بۆ ماڵی نازم بەگ لە کەرکوک. 
تۆرانی یان ( پان تۆرانـیزم ) بزووتنەوەیەکی سیاسی و نەتەوەیی رەگەزپەرستی تورکییە ، کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەمیندا، لە نێوان تورکە عوسمانییەکاندا سەری هەڵدا .. لە فەرهەنگی تۆرانییەتدا، تۆرانی هەموو ئەو گەلانە دەگرێتەوە کە بە زمانی تورکی دەدەوێن، هاوزمان و هاوڕۆشنبیرن .. وشەی ( تۆران ) گوایە ناوی ناوچەیەکە لە ناوەڕاستی ئاسیا، کە یەکەمین مەڵبەندی تورکەکان بووە و، لەوێوە هاتوونە و، لە ئەنادۆڵدا نیشتەجێ بوونە، بەڵام ئەم بۆچوونە تا رادەیەک گوماناوییە .. تۆرانیەت لە تورک زیاتر دان بە هیچ نەتەوەیەکی تردا نانێن .. نەوەکانیشیان هەر بەم ئایدۆلۆژییە رەگەزپەرستییە گۆش و پەروەردە کردوون .

مستەفا کەماڵ ( ئەتا رەگەزپەرست )ی ماسۆنی، رەسەن نەزانراویش، هەر بە بیری تۆرانیەت گۆشکرا بوو، زۆریش سەرسامی نازییەکانی ئەڵمانیا و کەسایەتی هیتلەر بوو، وەکو چۆن نازییەکان پێیان وابوو، کە ئەڵمانییەکانیان شایەنی ئەوەن کە لە سەرووی هەموو نەتەوەکانەوبن، شوێنی ئەڵمانیا لە ژێر خۆرەوەیە .. هەر بە هەمان شێوەش تۆرانییەکان لە تورک زیاتر کەسی تر بە مرۆڤ نازانن و پێیان وایە .. کە خەڵکی جیهان هەموو تورکن .. ئەو کەسەش بە بەختەوەر دەزانن کە بڵێ : " من تورکم ".
لە ئەمڕۆشدا ئۆردوگانی هەڵگری میکرۆبی تۆرانیەت درێژە بە هەمان ئایدیۆلۆژیای رەگەزپەرستی دەدا، ئەمیش هەر وەکو عوسمانییە گۆڕبەگۆڕەکانی باپیرانی، لەژێر عەبای ئیسلامی و، لەژێر ناوی داد و گەشەکردندا، هەمان سیاسەتی شۆڤێنی و رەگەزپەرستی جێبەجێ دەکا .. نازانین ئۆردوگان بە چی عوسمانییەکانەوە شانازی دەکات ..؟ بە قڕکردنی ئەرمەنییە بێتاوانەکانەوە ..؟ بە کۆمەڵکوژیی کورد و عەرەب و یۆنانی و ئاشوورییەکانەوە .. بە تاڵانیی و بە دزییەکانیان .. یان بە رابواردنی سوڵتان و پاشاکانیان لەگەڵ کچە کەنیزەکاندا .. ؟  هیچ خەسڵەتێکی باشیان نەبووە تا شانازیان پێوە بکات .. ؟ ئۆردوگانیش کەسێکی دووڕووە و دۆزنە .. دژی هەموو نەتەوەکانی ترە و، خۆی بە دوژمنی سەرسەختی کورد دەزانێ و .. تا سەر ئێسقان دژایەتی کورد دەکا .. حاشا لە بوونی ( ٢٥) ملیۆن کورد لە باکووری کوردستاندا دەکا .. ئۆردووگان تورکیا کردووە بە پەناگەیەکی ئارام و بە پردێکی دڵنیایی بۆ تیرۆریستانی داعشی بەدڕەوشت و بەرەی نوسرەی جاشی بەکرێگیراویان و، بە هەموو شێوەیەک یارمەتیان دەدا، بە پارە، بە خۆراک، بە چەک و تەقەمەنی، بە داودەرمان، بە سیخوڕی، یارمەتی لۆجستی، بە مەشق و راهێنانیان .. بەو مەرجەی کە بە گژی کورد دا بچن .. هاوپەیمانی تورکیا دژی دعش نەک هەر درۆیەکی گەورەیە، بەڵکو مایەی پێکەنینە، چونکە تەنها داعشێکیشیان بریندار نەکردووە، بەڵکو ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ئۆردوگان هاوپەیمانی داعشەلە خزمەتی داعشدایە و، سنوورەکانیان واڵایە لە بەردەم پەڕینەوەی داعش بۆ عێراق و بۆ سوریا  ئۆردووگان و ئەبو بەکر بەغدای دوو رووی دراوێکن .. ئەو هێزە تورکیاش کە لە ناوچەی بەعشیقە جێگیر بووە، ئامانجیان روون و ئاشکرایە کە چییە ، بە بەرگی سەربازی تورکییەوە داعش دەنێرن بۆ عێراق بە تایبەتیش بۆ شاری مووسڵ و، چەک و تەقەمەنی و دەرمان بە داعش دەگەیەنن و .. سیخوڕی لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و گەلێ نیازی گڵاوی تریان لە ناردنی ئەو هێزە هەیە ، لە نووسینێکی پێشترم دا بە درێژی باسم لە مەبەستی تورکیا لە ناردنی ئەو هێزەی سەربازییەی بۆ بەعشیقە چییە کردووە. هەر تورکیاش بوو کە داعشی گەیاندە مووسڵ و کۆبانی و شەنگار و سنوورەکانی کوردستان .. تا ئەمڕۆش تورکیا نەوت لە داعش دەکڕێت .. گومان لەوەشدا نییە کە تەقینەوە خۆکوژییەکانی سروچک و ئەنقەرەش لەلایەن میتی تورکیاوە، پلانیان بۆ داڕشتبوون و جێبەجێ کران، چونکە ئامانجیان کورد کوشتن بوو .. تا ئەمڕۆش داعش بەرپرسێتی خۆی لەو تەقیینانەوە رانەگەیاندووە . 
لە ئەمڕۆشدا، ئۆردوگانی دیکتاتۆر و خوێنڕێژ، دەستەکانی سوورن بە خوێنی گەلی کوردمان لە باکووری کوردستاندا .. دەیەوێ بە عەسکەرتاری و بە هێز و تۆقاندن و سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژی و، بە گرتن و ئەشکەنجەدان و، بە وێرانکردنی کوردستان، کۆتایی بە راپەڕینی شارەکانی باکووری کوردستانمان بهێنێت.. تا ئێستا زیاتر لە (٢٥) هەزار سەربازی تورکی بە چەکی قورس و تازەوە، بە تۆپ و تانک و زرێپۆشەوە، بێجگە لە هەزاران میتی بەدڕەوش و پۆلیس، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی سەربازی لە دژی گەلی کوردمان دەست پێکردووە .. زۆر نامەردانە و دڕندانە و نامرۆییانە، پەلاماری خەڵکی سڤیلی شار و شارۆچکە و گەڕەکەکانی باکووری کوردستانیان داوە .. گەمارۆیەکی توندی سەربازی و ئابووری و راگەیاندنیان خستۆتە سەر شارەکانی باکووری کوردستان و، شەو و رۆژ، بە بێ دەست پاراستن، تۆپ بارانیان دەکەن .. تا ئێستا بە دەیان کوردمان شەهید بوونە، کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵ و ئافرەتن .. سوپای دڕندە و بێڕەوشتی تورکیا، هاتوچۆیان لەم شارانەدا قەدەغە کردووە، تانەت رێ بە خەڵکی نادەن کە مرد و شەهیدەکانیشیان بنێژن .. چەند رۆژێکیش بەر لە ئێستا لە شاری ( شرناخ )ی  خۆڕاگردا، سوپای تورکیا، گەنجێکی بێتاوانی کوردیان شەهید کرد .. بە مردووی پەتێکیان خستە ملی .. بۆ تۆقاندن و بۆ چاوشکاندنی خەڵکی شرناخی خۆڕاگر و پاڵەوان، بە دەبابەیەکەوە بەستیان و زۆر نامەردانە بەناو شەقامەکانی شارەکەدا رایانکێشا .. ئەمەش یەکێکە لە چەندین خەرباری رەفتار و کارە قێزەوەن و نامەردییەکانی سوپا دڕندە و رەگەزپەرستییەکەی تورکیای ئۆردوگانی شۆڤێنی .. دەرهەق بە رۆڵە بێتاوانەکانی گەلی کوردمان لە باکووری کوردستاندا .. تاوانیان هەر ئەوەیە کە کوردن و، داوای ئازادی و ئاشتی و دیموکراتی و یەکسانی و دادپەروەری دەکەن .. کوردبوونیش لە تورکیادا تاوانە .. داواکاری ئازادیش بە ناپاک تاوانبار دەکەن .. زۆر بێ شەرم و بێ ئابڕووانە راگەیاندنەکانی ئۆردووگان .. ئەو منداڵ و ئافرەتە سڤیلانەی کە شەهیدبوون بە پەکەکە ناو دەبەن .. یان تاوانی کوشتیان دەدەنە پاڵ پەکەکە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی .. بەڵام ئەوە مەحاڵە کە بتوانن ( بە بێژنگ بەری تیشکی خۆر بگرن ) و .. تاوانەکانیان پەردەپۆش بکەن .. ئۆرووگان فرمێسکی تیمساحی بۆ منداڵانی( غەزە)ی فەلەستینی دەڕشت، کەچی رۆژ نییە سی و چوار منداڵی کورد بە دەستی سوپا دڕندەکەی نەکوژرێن .. وا دیارە لای ئۆردوگانی دووڕوو، بانێکە و دوو هەوا.. یا بە دوو پێوەری جیاواز راستییەکان دەپێوی .. لۆمە و ئیدانەی ئیسرائیل دەکات، بەڵام وەکو شاعیرێکی کوردمان دەڵێ :
عەیبێکی خەڵک دەبینی، خۆت خاوەنی هەزاری
خەڵــکت لا خـــــــەرارە، خۆتـیش وەک دەواری
ئوردووگان خەیاڵی خاوە و، ئەو نیازە گڵاوەی دەباتە ژێر گڵەوە، کە بتوانێت بە رەشەکوژی کورد و بە سوتاندن و بە وێرانکردنی کوردستان و، بە تۆقاندن و بە داپڵۆسین و بە گرتن و ئەشکەنجەدان، چۆک بە گەلی خۆڕاگری کوردمان دادات .. ئێمە گەلێکین هەرگیز لە گیان بەختکردن و مردن سڵمان نەکردۆتەوە و ناکەینەوە .. هەرگیز دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵناگرین و کۆڵنادەین و وچان نادەین و ناسرەوین .. تا بە مافە رەواکانی خۆمان دەگەین و، مافی چارەی خۆنووسینمان دیاری دەکەین .. تا داگیرکەرانی کوردستان ناچاردەکەین کە دەست لە کوردستان هەڵبگرن و مل کەچی خواست و مافە رەواکانی گەلەکەمان بن .. دڵنیا و گەشبینین کە بە هیوا و ئامانجەکانمان دەگەین .. هەر گەلێک سووربێت لە خەبات و کۆڵنەدان، لە گیان بەختکردن نەترسێت .. زووبێت یا درەنگ بە هیـوا و مافـەکانی دەگات .
ئەگەر ئۆردوگان ئاگای لە مێژووی پڕ لە سەروەری و قارەمانێتی کورد بوایە .. دەبوایە سەری خۆی بە کێودا نەکێشایە .. چونکە نە کێو لەبن دێت و کوردیش لەبن دێت .. قەومی کورد زمان هەر ماوە و هەر دەمێنێت .. مێژووشمان چەند زووحاک ناوی خستە چاڵ .. ئۆردوگان و ئۆردوگانەکانی دوای خۆشی نامێنن .. بەڵام کورد هەر دەمێنێت و.. دەمێینێت . 
ئۆردووگان و ئەحمەد داود ئۆغڵو نوکووڵی لەوە دەکەن کە لە تورکیادا کێشەیەک هەبێ بە ناوی کێشەی کوردەوە .. ئەم قسەیە بە لای منداڵێکی ساواشەوە مایەی پێکەنین و تەڵفیسییە .. ئەی ئەو هەموو لەشکرەتان .. ئەو سوپا زەبەلاحەتان و ئەو ئۆپەراسیۆن سەربازییە گەورانە چین کە بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینی شارەکانی باکووری کوردستان دەیان نێرن ..؟ .. ئەی ئێوە بە گژی کێدا دەچن ..؟ نەوەت ساڵە کێشەی کورد کێشەیەکی سەرەکییە لە تورکیا و لە ناوچەکەدا .. دەتانەوێ حاشا لە كێشەی نەتەوایەتی(٢٥) ملیۆن کورد لە باکووری کوردستاندا بکەن ..؟ ئەی رۆژانە هەڕەشەی ئەوەمان لێ ناکەن .. کە هێزی زیاتر و زیاتر بۆ دامرکاندنی راپەڕینی شارەکانی باکووری کوردستان دەنێرن .. ؟ ئەم هەموو هێزە بەو چەکە قورسانەوە بۆچی دەنێرن ..؟ ئەی کێشەکەتان لەگەڵ کورددا نەبێت .. لەگەڵ کێدایە ..؟ 
ئەم قسەیەی ئۆردوگان و داود ئۆغڵو، ساڵی ( ١٩٥٦) دێنێتەوە یادم .. ئەو کاتە من منداڵ بووم .. لەو ساڵەدا، لە شاری قاهیرەی پایتەختی کۆماری میسردا، رادیۆیەکی کوردی دامەزرا، رۆژی چەند کاتژمێرێک بە زمانی کوردی پەخشی دەکرد، بە سروودی ( بەچکە شێران ) دەکرایەوە .. باڵیۆزی تورکیا لە میسر بە کردنەوەی ئەم رادیۆ کوردییە، زۆر نیگەران و هەراسان بوو .. خۆی پێنەگیرا و، چوو بۆ لای سەرکۆماری میسر، خوالێخۆشبوو ( جەمال عەبدولناسر ) .. داوای لێکرد کە ئەم رادیۆ کوردییە دابخات .. جەمال عەبدولناسریش داواکەی رەتکردەوە و، پێی وت :
" بۆ نیگەرانن و پێتان ناخۆشە بە کردنەوەی ئەم رادیۆ کوردییە .. ؟ ئەی ئێوە ناڵێن کورد لە تورکیادا نییە .. ؟ " 
ئەی خوشک و برایانی قارەمان و خۆڕاگرمان، لە شارەکانی باکووری کوردستان .. ئێوە تەنیا نین، هەموومان لە گەڵتان داین .. ئێش و ئازارەکانتان ئازاری هەموومانە .. خۆڕاگریتان شانازییە بۆ هەموومان .. دڵنیابن کە سەرکەوتن بۆ گەلی کوردی قارەمان و کۆڵنەدەر و خۆڕاگرمان دەبێت .. مردن بە سەربەرزی .. زۆر خۆشترە لە دیلی و ژێردەستی .. ئێمەی کورد هەردەم  : ناژین بۆ مردن .. دمرین بۆ ژیان .  

      




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە