کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەکارهێنانی منداڵان بۆ مەبەستی سیاسی تاوانە

Thursday, 21/01/2016, 22:22


لە ئەمڕۆدا سیاسەت بووە بە بەشێک لە ژیان و لە رۆشنبیریمان و، لە باس و خواسی رۆژانەمان .. بمانەوێت یا نەمانەوێت .. حەزبکەین یا حەزنەکەین .. سیاسەت چۆتە هەموو ماڵێکەوە، بە تایبەتیش لەو وڵاتانەی کە ئازادی و دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤ بوونیان نییە .. کوردستانی ئێمەش کە تا ئەمڕۆ کۆڵۆنیای چەند دەوڵەتێکی شۆڤێنی و رەگەزپەرست و دڕندەیە .. نەک هەر دان بە ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی و بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و، بە مافەکانی گەلی کوردماندا نانێن .. بەڵکو بێشەرمانەش نکووڵی لە بوونی پەنجا ملیۆن کورد و لە کوردستانیش دەکەن .. ئەم دەوڵەتە خوێنڕێژ و داگیرکەرانەی کوردسـتان سادەترین مافمان پێ ڕەوانابینن .. ئەوان لە دژایەتیکردنی کورددا، هەموو ناکۆکییەکانی خۆیان بە لاوە ناوە و گەلەکۆمەیان لە کورد کردووە . 
مەبەستیش لە سیاسەت تەنها حیزبایەتی نییە، مەودای سیاسەت زۆر لە حیزبایەتی بەرفراوانتر و هەمەلایەنترە .. سیاسەت هەموو بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە .. بەڵام لە ئەمڕۆدا سیاسیەت وەکو زاراوەیەک، زیاتر دەخرێتە پاڵ حیزبەکانەوە .. بە هەزاران سیاسی هەن کە بێلایەنن و سەر بەهیچ حیزبێک نین و، رۆڵێکی سیاسی بەرچاویشیان هەیە ـ لەگەڵ رێزمدا بۆ سیاسییەکان ـ ئەوەش پێوەر نییە کە هەر ئەندام حیزبێک بە سیاسی بزانین .. ئەندام حیزبی وەها هەن کە لەولای هیچەوە لۆقە دەکەن .. سي شەو و سێ رۆژ لە مەنجەڵێکدا بیان کوڵێنین .. تنوکێک سیاسەتیان لێنایەتە ئەنجام . 
لە ئەمڕۆدا تەلەفزیۆن وەک گرنگترین و بڵاوترین هۆی راگەیاندن، لە هەموو ماڵێکدا هەیە .. گەورە و منداڵ رۆژانە و شەوانە کاتێکی زۆر بە گوێگرتن و سەیرکردنی بابەتە هەمەجۆرەکانی تەلەفزیۆن بەسەردەبن . ناشتوانین بە تەواوی کۆنترۆڵی منداڵان بکەین و گوێ و چاویان بگرین و نەهێڵین سەیری هەواڵەکان و رووداوەکان و هەموو بەرنامە و دراما تەلەفزیۆنییەکان نەکەن .. منداڵان رۆژانە هەواڵی شەڕ و ئاژاوە و کوشتن و بڕین و توندوتیژی و خۆپیشاندان و کارەساتە تراژیدیییەکان لە تەلەفزیۆنەکاندا دەبینن .. گوێگرتن و سەیرکردنی ئەم هەواڵ و رووداوانە لە لایەن منداڵانەوە .. کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی نەرێنییان لە سەر ژیان و لە رەفتارەکانی ئەمڕۆ و داهاتوویان دەبێت . 
ئەوەی ئێمە لەم نووسینەدا مەبەستمانە، قۆستنەوەی دڵپاکی و ساوێلکەیی منداڵانە لە لایەن بەشێکی زۆری حیزبەکان و راگەیاندنەکانەوە، کە بۆ مەرام و مەبەستی تایبەتی خۆیان بەکاریان دەهێنینن .. بە تایبەتیش لە خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکانی دژ بە یەکتری .. منداڵان فیت و هاندەدەن بۆ ئەنجامدانی کاری توندوتیژیی نەشیاو و تێکدەرانە .. ئەوە گەورەکانن کە بەردیان دەدەنێ .. بۆ بەردبارانکردنی پۆلیس و ئاسایش و پاراستن و پاسەوانان، یا شقارتە و نەوتیان دەدەنێ بۆ سوتاندنی بارەگاکانی یەکتری و وێرانکردنی دایرە فەرمییە حکوومییەکان .. فێری وتنەوەی دروشم و قسەی ناشیرین و نەشیاویان و هۆیهایان دەکەن .. کە ئەمانە لە منداڵانی دڵپاک و بێئاگا ناوەشێنەوە .. تێشناگەن کە مەبەستی حیزبەکان لە بەکارهێنانیان لەم کارە توندوتیژییانەدا چییە .. وەکو دەزانین تا ئێستا چەندین منداڵ لەم خۆپیشاندان و رووداوانەدا شەهید و بریندار بوون .. چەندین مێردمنداڵیش بە توومەتی تێوەگلانیان و گیرەتێکدان لەم رووداوانە بەندکراون .. گەورە فێرکەرەکانیشیان خۆیان بە بێتاوان و بێئاگا دەزانن و، تاوانەکان دەکەوێتە سەر منداڵانی بێتاوان .. ئەم تاوان و کارانەش تەنها حیزبەکانی کوردستان ناگرێتەوە .. بەڵکو هەموو حیزبە تایفی و مەزهەبییەکانی شیعەکان و عەرەبییەکان و ئەفریقاییەکانیش دەگرێتەوە .. کە بۆ مەبەستی سیاسی و مەزهەبی و تایفی منداڵانیان بەکارهێناون .. هەریەکەش لە رێکخراوی داعشی تیرۆریست و بێڕەوشت، بوکۆ حەرامی حەرامزادە، بەرەی نوسرەی جاشی بەکرێگیراو، قاعیدە، دڵپاکی و ساوێلکەیی منداڵانیان بۆ ئامانجی گڵاوی خۆیان قۆستوونەتەوە .. بە زۆر چەک دەدەنە دەستی منداڵان و رەوانەی شەڕیان دەکەن .. یان بۆ كاری تیرۆریستی و خۆکوژی و بەدکاری بە کاریان دەهێنن، دوای ئەوەی کە بە ئایدۆلۆژیایەکی ئاینی و رەگەزپەرستیی بۆگەن و، بە قسەی پڕوپووچی بێ مانا و بێ بنەماش ئەقڵیان دەشۆرنەوە و، دەیان خەڵەتێنن .. بە خواردنەوەی ماددە کحوولییەکان و ماددە هۆشبەرەکانیش سەرخۆش و بێهۆشیان دەکەن .. ئاراستەی کاری خۆکوژی و خراپەیان دەکەن .. یا وەکو قەڵغان بۆ پاراستنی خۆیان بەکاریان دەهێنن .. هەموو ئەم کارە نامرۆیی و قێزەوەنانە، تاوانن دەرهەق بە منداڵانی دڵپاک و بێتاوان و خۆشباوەڕ .. پێشێلکردنێکی زەقی مافەکانی منداڵانن .. منداڵان نازانن بۆ ئەم کارانەیان پێ ئەنجام دەدەن .. ئەوەش نازانن ئەو کارانەی دەیکەن، چ ئەنجامێکی خراپیان لێدەکەوێتەوە .. 

بێگومان قۆناخی منداڵی گرنگترین و هەستیارترین و مەترسیدارترین قۆناخە لە ژیانی مرۆڤدا .. ئەم کارانە ئاسەوارێکی خراپی دەروونی و جەستەییان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ ئایندەی منداڵان دەبێت .. ئۆباڵیشیان لە ئەستۆی ئەو لایەن و رێکخراوە تیرۆریستییانە دایە کە دەیان خەڵەتێنن و، لە ڕێ دەریان دەکەن و، تاوانیانی قێزەوەنیان پێ ئەنجام دەدەن .. تاوانبارانی راستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستانە و، ئەو حیزبانەن کە دڵپاکی و ساویلکەیی و نەزانی منداڵان دەقۆزنەوە .. بە لاشیانەوە گرنگ نییە کە منداڵان دەبنە قوربانی تاوانەکانیان .. گرنگ بە لای تیرۆریستانەوە ئەوەیە کە نەوەیەکی تیرۆریست و توندڕە و دڵڕەق و دڕندە و پیاوکوژ بۆ داهاتوو دروست بکەن و .. کاری تیرۆریستی درێژەی هەبێت .. بێیگومان ئەمە زەنگ و پێشینەیەکی مەترسیدارە و، هەڕەشەیەکی ئاگادارکردنەوەیە ..  بۆ تێکدانی ئاسایش و ئاشتی لە جیهاندا . 
لە وڵاتانی ئەوروپادا، لە هیچ رێپێوان و خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی و ئاسایی و هێمنیشدا منداڵان بەشداری پێناکەن، چونکە لەم وڵاتانەدا یاسای پاراستنی منداڵان هەیە کە دژی قۆستنەوەیانە، هەچ حیزبێکیش سەرپێچی یاساکە بکا و، منداڵان بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربهێنێ .. رووبەڕووی لێپرسینەوە و دادگایی و سزادان دەبێتەوە .. هەر خۆشیان لە ئاستێکی رۆشنبیری و هەستیاری ئەوتۆدان کە دڵپاکی و بێتاوانیی منداڵ و منداڵێتی ناشێوێنن .. منداڵان بە سامانی گەلەکانیان دەزانن .. وەکو چۆن بە سۆز و بە پەرۆشن بۆ منداڵەکانی خۆیان .. ئاوهاش بە تەنگی هەموو منداڵانی گەلەکانیانەوە دێن . 
با ئێمەی کوردیش، کوردیلەکانمان فێری خۆشەویستی و خوشک و برایی و هاوڕێتی و یەکێتی و سازان و تەبایی و یەکڕیزی و هاودەنگی و هاوکاری و یەکتری قبووڵکردن و ئاشتی و مرۆڤایەتییان بکەین .. نەک فێری ناکۆکی و ململانێ و مشتومڕ و دوژمنایەتی دژایەتی و  بەربەرکانی و سووکایەتی و رق و کینەیان بکەین .. با منداڵەکانمان فێری گوڵباران بکەین .. نەک فێری بەردبارانیان بکەین .. با فێریان بکەین بە زمانی گوڵ بدوێن و گفتگۆ بکەن .. نەک بە زمانێکی زبر و بە قسەی رەق و زەق و ناشیرین و نەشیاو .. با بە هەستێکی پاکی کوردایەتی گۆشیان بکەین و، رایان بهێنین، بە سۆز و رێز و خۆشەویستی و بە کوردستان پەروەری پەروەردەیان بکەین و، بە دروستيش رێنمایی و ئاراستەیان بکەین .. نەک بە حیزبایەتی و خۆپەرستی و کەس پەرستی .. با فێریان بکەین کە هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان هەبێ .. نەک بۆ حیزبەکان .. با ئاڵای کوردستان بدەینە دەستیانەوە .. نەک ئاڵای حیزبی .. با فێری ئاشتی و هاوسۆزی و لێبووردنیان بکەین .. نەک فێری شەڕ و قین و تۆڵسەندنەوە .. شوێنی منداڵان قوتابخـانە و یاریـگا و شاری یـارییە .. نەک گۆڕەپـانی بەردەبـاران و شەقامەکـانی خۆپيشاندانی توندوتیژی و توڕەیی و جوێندان و هۆیهاکردن و .. هێڕشکردنە سەر یەکتری.. با فێریان بکەین نیشتمانەکەمان، گەلەکەمان، پێشمەرگە قارەمانمانەکانمان، شەهیدەکانمان، سەرکردە دڵسۆزەکانمان، مامۆستاکانیان، پۆلیسەکانمان و هەموو ئەو دڵسۆزانەش کە دڵسۆزانە خزمەتی کوردستانی شیرینمان دەکەن .. خۆشیان بوێن .. با فێری رەوشتی جوان و داب و نەریتە رەسەنەکانی کوردەواریمان و، بەها پیرۆزەکانی گەلەکەمانیان بکەین .. نەک فێری داب و نەریتێکی سەقەت و، کولتوورێکی نامۆی بێگانەیان بکەین .. مەبەستیشم ئەوە نییە کە داخراوبین و .. سوود لە شتە جوانەکانی گەلانی تر وەرنەگرین .. بەڵام هەموو گەلیکیش داب و نەریت و تایبەتمەندییەکانی خۆیان هەیە و خۆشیان دەوێن و .. شانازییان پێوە دەکەن و .. دەیان پارێزن .. نەوەی ئەمڕۆ بۆ نەوەکانی داهاتوویان دەگۆازێتەوە .. چونکە ئەوە بەشێکە مێژو و کولتوور و کەلەپوریان . 
زۆر جاریش راگەیاندنەکان و میدیاکان، دڵپاکی و ساوێلکەی و خۆشبڕوایی منداڵان دەقۆزنەوە و وەکو ماددەیەکی چەور و هەرزان و ئاسان دەیان کەن بە تێشووی راپۆرت و هەواڵەکانیان بۆ مەبەستێکی سیاسی و تایبەتی خۆیان، یان بۆ ئەو لایەنانەی کاریان بۆ دەکەن .. یان لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ ریکلام و بانگەشە و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن .. خۆکاندیدەکانی حیزبەکان بۆ مەبەستی سیاسی و حیزبی و، تایبەتیی خۆیان، منداڵانیان وەکو کەرەستەیەکی ئاسان و سەرنج راکێش بەکارهێناون .. بەبێ ئەوەی کە منداڵان لە مەبەست و لە ئامانجی بەکارهێنانیان بزانن چییە . 
داوا لە هەموو حیزبەکان و لایەنەکان دەکەین، چیتر دڵپاکی و ساوێلکەیی کوردیلەکانمان نەقۆزنەوە و، لە هیچ رێپێوان و خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی و توندوتیژی و، ئاساییشدا بۆ مەبەستەکانی خۆیان بەکاریان نەهێنن .. واز لە منداڵان بێینن و چیتر منداڵی و دڵپاکییان مەشێوێنن .. خۆشی و چێژی قۆناخی منداڵییان تاڵ مەکەن .. خەیاڵخۆشی و خەونە سەوزەکانی جیهانی وەنەوشەییان لێ تێکمەدەن .. سەریان لێ مەشێوێینن و .. فێری دژایەتی و دوژمنایەتییان مەکەن .. با بە ئاسوودەیی و هێمنی و خۆشی و ئاشتی بژین .. لە زۆر لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا، قۆستنەوەی منداڵان بۆ مەبەستی سیاسی و حیزبایەتی و بانگەشەی هەڵبژاردنەکان .. هێڵی سوورە و، دەچێتە چوارچێوەی تاوان دژ بە منداڵان .. یا بازرگانی کردن بە منداڵان .. سزایی یاساییان بۆ داناون . 
لە کۆتاییدا، بە توندی ئیدانەی گۆڤاری ( شارلی هیبدۆ ) دەکەین .. لەو سۆکایەتی و بێڕێزییەی کە بە کاکەلەی شەهید ( ئالان کوردی ) کردی .. کە لە هەفتەی رابردوودا لە وێنەیەکی کاریکاتێریدا لە ژێر ناوی (چارەنووسی ئالان چی دەبوو ئەگەر گەورە بوایە) .. نووسیبوویان گەر ئالان لە ژیاندا بمایا و گەەورە بوایە .. لە ئەڵمانیادا دەستدرێژیی بۆ سەر ئافرەت دەکرد .. بڵاوکردنەوەی ئەم کاریکاتێرە، کارێکی رەگەزپەرستی و قێزەوەن و بێڕەوشتییە .. سوکایەتی کردنە بە سەرجەم منداڵانی جیهان، بە تایبەتيش بە منداڵانی کورد .. چونکە لە جیهاندا لە منداڵان دڵپاکتر و بێتاوانتر نییە .. منداڵان هێمای دڵپاکی و بێتاوانین .. شایەنی ئەوە نین کە سوکایەتی و بێڕێزییان پێبکرێ .. ئەی ئەم گۆڤارە بۆ پێشبینی ئەوەی نەکردووە، ئەگەر ئالان کوردی بمایا و گەورە بوایە، رەنگە ببوایە بە پارێزەرێک و داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان و، لە ستەملێکراوان و، لە ماف خراوان بکردایە .. یا ببوایە بە مامۆستایەک و ساڵانە بەدەیان منداڵی فێربکردایە .. یا ببوایە بە زانایەکی داهێنەر و مرۆڤی خەنی بکردایە .. یا ببوایە بە هاوڵاتییەکی دڵسۆزی ئەڵمانیا و، خۆشەویستی و هابەستەبوونی بۆ ئەڵمانیا ببوایە .. ئێمەی کورد رێز و خۆشەویستییەکی تایبەتیمان بۆ گەلی فەرەنسی هەیە .. هەردەم خۆمان بە قەرزاری خانمە ئازادیخواز و مافدۆستی فەرەنسی .. دۆستی زۆر دڵسۆزی کورد، خاتوو ( دانیال میتیران ) ی نەمر دەزانین .. کە هێندەی نەمابوو ببێت بە قوربانی کورد .. بۆیە پەیوەندی نێوان کورد و فەرەنسا زۆر لەوە بەرزترە .. کە بە کاریکاتێرێکی قێزەوەنی ( شارلی هیبدۆ )  درز بکەوێتە نێوانمانەوە .. راستە  کە ئەو کاریکاتێرە هەستی هەموو کوردێکی بریندار کرد .. بەڵام ئەگەر بووش بە مایەی سوکایەتی و بێڕێزی و شەرمەزاری و رق لێبوونەوەە و بێزکردنەوە لە خودی گۆڤارەکەی خۆیان شارلی هیبدۆ .. چونکە تا ئێستا لە هەموو دنیاوە، بە هەزاران تف و نەفرەتیان لێکردوون و، بە کارێکی رەگەزپەرستی و قێزەوەنی دەزانن . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە