سایکۆلۆژیای رەنگەکان لەسەر منداڵان
Saturday, 03/10/2015, 20:35
بزانین یا نەزانین، لە لەدایکبوونەوە تا مردن، رەنگەکان راستەوخۆ کارتێکردن و رۆڵێکی سەرەکییان بە ئەرێنی و بە نەرێنی لە ژیانی رۆژانەماندا هەیە .. کارتێکردنیان لەسەر جەستە و هۆش و دەروون و چێژ و رەفتارەکانمان هەیە .. رەنگەکان بیناییمان رووناک دەکەنەوە و، رووحمان رەوان دەکەن و، دەمارەکان و ماسوولکەکانی لەشمان خاودەکەنەوە .. زاخاوی هەستمان دەدەن .. تێیاندا هەیە خۆشی و شادیمان پێدەبەخشن و گەشی دەخەنە روومانەوە .. هەشیانە مشەوەشمان دەکەن و گرژ و بێزارمان دەکەن .. هەیانە گەشبینی و گەرم و گوڕی و تین و چالاکی و هیوای سەرکەوتنمان پێدەبەخشن .. هەشیانە ورەمان نزم دەکەنەوە و، بێزارمان دەکەن و ساردمان دەکەنەوە و، دڵتەنگ و بێ ئومێدمان دەکەن .
بێگومان تێڕوانین و حەز و خۆشیمان بۆ رەنگەکان وەکو یەک نییە، لە کەسێکەوە بۆ کەسێک یا کەسانی تر جیاوازە .. دەشێ من رەنگێک لە رەنگەکان خۆشێیەکی زیاترم پێ ببەخشێت و لە هەموو رەنگەکانی تر بەلامەوە جوانتربێت .. تۆ رەنگێکی ترت بەلاوە جوانترە .. ئەو رەنگێکی تر .. سروشتیش بە رەنگاوڕەنگی لەدایکبووە و.. بە هەموو رەنگەکان خۆی رازاندۆتەوە .. سەرچاوەی رەنگەکانیش هەر سروشتە .
هەریەکەش لە ئێمە لە دید و لە روانینی خۆمانەوە، پێناسەی رەنگەکان دەکەین .. ئەمە رەنگێکی جوانە و دڵم پێی دەکرێتەوە .. ئەو رەنگە ناشیرینە و، بە دڵم نییە و دڵمە گوشێت .. ئەم رەنگە ئارام بەخشە .. ئەوەیان دڵتەنگ کەرە .. ئەوەیان سارد و سڕ و بێ چێژە .. ئەمەیان رۆمانسی و شاعیرانەیە، ... هتد .
ئاڵاکانی وڵاتانی جیهانش، بە ئاڵای رە گین و جوانی کوردستانیشەوە .. رەنگاوڕەنگن ..هەر ڕەنگێکش هێمایەکی شانازییە و گوزارشتە، لە واتا و لە مەبەستێک و، لە تایبەتمەندییەکی ئەو گەل و وڵاتانە .
رەنگ، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی تیشک، لە راستیدا تیشکی سپی وەکو لە رەنگەکانی پەلکەزێڕینەدا دەیان بینین .. لە حەوت رەنگی جوان پێکهاتووە کە ئەمانەن : ( سوور ، پرتەقاڵی ، زەرد ، سەوز ، شین ، ئەرخەوانی ، وەنەوشەیی ) .
رەنگەکان، ناوێکن بۆ تیشکە بینراوەکان .. لێکدانەوەی بینایی چاوەکانی مرۆڤن، بەرانبەر بە جیاکردنەوەی شەبەنگەکان .. رەنگەکانیش بە گوێرەی بەرزی و نزمی لەرەلەری شەپۆلەکانی کارمۆگناتیسی، کە هێزێکی دیارییان هەیە، جیادەکرێنەوە .
منداڵ لە تەمەنی سێ مانگانەوە، هەست بە رەنگەکان دەکات، بە تایبەتیش رەش و سپی دەناسێتەوە .. رەنگەکان کارتێکردنێکی سایکۆلۆژیان لەسەر گەشەکردن هەیە .. منداڵی ساوا لەو کەرەستە جوان و رەنگاوڕەنگانەی بابەتەکانی یارییەکانی دەڕوانێت، سەرنجی ئەو شتە رەنگاوڕەنگانە دەدات، کە لە ژوورەکەیدا دانراون یا هەڵواسراوان یا ئەو شتە جوانانەی کە لانک و بێشکەکەیان پێ رازاندوونەتەوە، سەرنجی رەنگەکانی پەردەکان و سەرچەف و پێخەفەکانی دەدات، ئەو جلوبەرگە رەنگاوڕەنگانەی لە بەریان کردووە .. هەموو ئەم شتە رەنگاوڕەنگانە زانیاری و شارەزایی و بەهرە بە هۆشی دەبەخشن .
بە دڵنیاییەوە تا رادەیەک، جیاوازی لە نێوان حەزی کچان و کوڕان بۆ رەنگەکان هەیە .. کچان بە زۆری حەزیان بە رەنگە ئارامەکان هەیە وەک رەنگی پەمەیی و سەوز، کە یارمەتیی لە یەک نزیکبوونەوەی هەستەکانیان دەدەن .. بەڵام کوڕان ئارەزووی رەنگی شین دەکەن، رەنگێکی ساردە، هێمنی و خاوبوونەوەیان پێ دەبەخشێت و، رۆڵی هەیە لە هێورکردنەوەی هەڵچون و گرژییەکانیان .. بۆیە ئەم رەنگە بۆ منداڵانی لاسار و بزێو باشە، تا رادەیەک هەڵچوونەکانیان هێور و خامۆش دەکاتەوە .. ئەو منداڵەی کە کەم چالاکیشە، باشتر وایە کە ژووری نووستنەکەی بە رەنگی زەرد بۆیە بکرێت .. چونکە رەنگێکی هاندەرە بۆ هۆشیاری و چالاکیی بیر و هۆشی ، یارمەتیدەریشە بۆ خەیاڵ فراوانی و داهێنان .. بە لێکۆڵێنەوەش ئەوە دەرکەوتووە کە، منداڵان بە رێژەیەکی زۆر، حەزیان لە رەنگە گەش و روونەکانە .. نەک لە رەنگە بۆر و تاریک و تۆخەکان.
لە ئەمڕۆشدا، رەنگەکان هۆکارێکی گرنگن بۆ فێرکردن و فێربوون .. مامۆستایان، بە تایبەتیش مامۆستایانی قوتابخانە بنەڕەتیەکان، تا رادەیکی زۆر، وەکو هۆکارێکی گرنگی هۆیەکانی روونکردنە و فێرکردنی بابەتەکانی وانەکانیان، سوودێکی زۆر لە بەکارهێنانی رەنگەکان بۆ روونکردنەوە وەردەگرن .. رازاندەوەی دیوارەکانی پۆلەکان و قوتابخانەش بە وێنەی رەنگەکان، هێمنی و خۆشی و ئارامی بە قوتابیان دەبەخشن .
ماڵ ئەو شوێنەیە کە زۆرترینی کاتەکانی ژیانمانی تێدا بەسەردەبەین .. بۆیە هەڵبژاردنی رەنگە گونجاوەکان بۆ بۆیەکردنی دیوارەکانی ژوورەکان و .. رەنگەکانی کەلوپەلەکان و کەرەستەکانی ناوماڵ .. دیکۆر و دیزاین و رازانەوەی شتومەکەکان .. پێوست و گرنگن بۆ ئەوەی، ئارامی و دڵخۆشی و دەروونخۆشی و چێژمان پێ ببەخشن .
زۆر گرنگە، کە دایک و باوک ئەوە بزانن، کە چ جۆرە رەنگ و دیزاینێک بۆ ژووری ساوا و منداڵەکانیان هەڵبژێرن و .. چۆن ژوورەکانیان و جێ خەوەکانیان بە دیکۆرێ گونجا و، بە شتی رەنگاوڕەنگی جوان و سەرنج راکێش بڕازێننەوە .. ئەوەش بزانن کە سایکۆلۆژیای رەنگەکان کارتێکردنی راسەوخۆیان لەسەر جەستە و دەروون و هۆش و زەین و بیر و رەفتارەکانی منداڵەکانیان هەیە .. ئەو رەنگانە هەڵبژێرن کە دەروونیان ئاسوودە دەکەن و، رەفتارەکانیان ئاسایی و باشتر دەکەن و، حەز و توانای بیرکردنەوە و جوانیخوازی و داهێنانیان پێ دەبەخشن .
لێکۆڵینەوە پراکتیکییە تازەکان، کە بایەخێکی زۆر بە تەندروستی دەروونی منداڵان دەدەن .. ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە، کە زۆربەی منداڵان حەز بەوە دەکەن کە رەنگی ژوورەکانیان و پێخەفەکانی جێ خەوەکانیان و شتومەکەکانی ناو ژوورەکانیان و، رەنگی دیوارەکانیان و، پەردەکانیان .. رەنگەکانیان گەش و کاڵبن، وەک : سەوزی کاڵ، زەردی کاڵ، پەمەیی کاڵ، وەنەوشەیی کاڵ .. شتەکانیش پێکەوە بگونجێن و لە یەکتری بێن .
دەروونناسانی منداڵان .. زۆر جەخت لەسەر، کارتێکردنی رەنگەکان لە سەر منداڵان دەکەنەوە .. کە تا رادەیەکی زۆر کارتێکردنێکی خێرایان هەیە لە گەشە و لە بنیاتنانی کەسایەتی منداڵان و،لە ڕەفتارەکانیاندا .. تا ئەمڕۆش لیکۆڵینەوە لەسەر سایکۆلۆژیای رەنگەکان و کارتێکردنیان، لەسەر دەروون و بنیاتنانی کەسایەتی مرۆڤ بەردەوامە .
گەلێ کارڕێگا هەیە بۆ ئەوەی بزانن کە منداڵەکانتان زیاتر حەز بە چ رەنگێک دەکەن .. بۆ نموونە : بۆ چەند جارێک کۆمەڵێک نوقڵی رەنگاوڕەنگی هەمان تام و چێژ بخەرە بەردەستی منداڵەکەت .. لێی بڕوانە و بزانە زیاتر دەست بۆ کام رەنگیان دەبات .. یا پاکەتێک پێنووسی داری یا ماجیکی رەنگاوڕەگ و پەڕەیەک کاغەزی سپی لە بەردەمی دابنێ بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆی وێنە بکێشێت و بۆیەی بکات .. با چەند جارێکی تر دووبارەی بکاتەوە .. سەرنجی وێنەکانی بدە و بزانە بە زۆری کام رەنگی بەکارهێناوە .. یان کە لەگەڵ خۆتدا دەیبەیت بۆ فرۆشگایەکی جلوبەرگ فرۆشتن .. دەتەوێت فانیلەیەکی تی شێرت، یا کراسێکی بۆ بکريت .. خۆی سەرپشک بکە و بزانە کام رەنگی بە دڵە .. گەلێ کارڕێگای تر هەن، بۆ ئەوەی بزانیت کە منداڵەکەت بە زۆری هۆگری چ رەنگێکە .. راسەوخۆش لێی بپرسە، کە حەز بە چ رەنگێک دەکات .
منداڵەکانتان لەسەر بەکارهێنانی رەنگەکان رابهێنن، بۆ ئەوەی لە دەرگا فراوانەکەیەوە، بچنە نێو جیهانی رەنگەکانەوە .. بە کورتی ئەمانە چەند سوودێکی رەنکردنن لە لایەن منداڵانەوە خۆیانەوە .. سوودیان لە بنیاتنانی کەسایەتیان :
(*) گەشەکردنی بیر و خەیاڵی منداڵ .
(*) دەرکەوتنی بەهرەکانی منداڵ .
(*) لە تەمەنی منداڵییەوە فێری ئەوە دەبێت کە شتەکان پێکەوە بگونجێنێت .
(*) فێری ستراتیژییەتێکی نەخشەکێشان و هێڵکاری دەبێت .
(*) هۆشی ناوەوەی منداڵ پێشدەکەوێت .
(*) منداڵ هەموو بەشەکانی هۆشی بەکاردەهێنێت .
(*) راهاتنی منداڵ لەسەر بیرکردنەوە .
(*) گەشەکردنی زوو وەرگرتن و، خێرا لێکدانەوە، لە لای منداڵەوە .
(*) منداڵ چێژ لە جوانی رەنگەکان وەردەگرێت و رەنگەکان دەبن بە بەشێک لە ژیانی .
(*) فێری بەکارهێنانی کەرەستەکانی دەروە دەبێت .
(*) گەشەکردنی هەستی منداڵ و راهێنانی لەسەر بە دواداچوون و فێربوون و داهێنان .
(*) فێری ئەوە دەبێت کە هەرشتێک و، هەر رەنگێک سنووری هەیە .
(*) فێری بەڕێوەبردنی کارەکان دەبێت و .. کارەکان تێکەڵ ناکات .
(*) رەنگ، لە تەمەنێکی بچووکدا، زاخاوی بەهرەی زیرەکی منداڵان دەدات .
(*) ئەمانە و رەنگردن لە لایەن منداڵانەوە .. چەندین سوودی تریان پێ دەبەخشێت .
تایبەتمەندییەکانی رەنگەکان :
رەنگی شــین : لە هەموو رەنگێک زیاتر، یارمەتیی بەرهەمهێنان دەدات .. چونکە یارمەتيی هۆش و لەشی مرۆڤ دەدات، بۆ هێمنی و خاوبوونەوە و ئارامی و دڵنەوایی و، بیر و خەیاڵی فراوان دەکات .. حەزی دەستپێشخەریی دەوروژێنێ .. حەزی هاوکاری و پیاوەتیی دەبێت .. یارمەتیی داگرتنی پاڵەپەستۆی خوێن و، دڵەکوتێ دەدات .. بۆیە پێشنیاری ئەوە دەکرێت کە ژووری نووستن و گەرماوی خۆشۆوشتن، بە رەنگی شین، بە تایبەتیش بە رەنگی شینی کاڵ ( ئاسمانی ) بۆیە بکرێن .
رەنگی زەرد : رەنگی رووناکیییە وگەشبینییە ، رەنگی رێکپۆشییە .. بۆ چاو خۆشە و، سەرچاوەی داهێنانە .. رەنگی باوەڕبەخۆبوون و ئازاییە .. رەنگی حەزکردنە لە دەسەڵات .. بە زۆریش رەنگی چێشتخانەی ماڵەوەی پێ بۆیە دەکرێت .. ئامۆژگاریش دەکرێت ، کە ژووری منداڵ بە زەرد بۆیە نەکرێت .. چونکە زیاتر گرینۆکیان دەکات .
رەنگی سـەوز : رەنگێکی دیاری سروشتە و .. رەنگێکی تەندروستی و ئارام بەخشە .. رەنگی باوەڕبەخۆبوون و بەرەنگاربوونەوەیە .. رەنگی لاساری و پێداگرتنە .. رەنگی دادوەرییە .. لە هەموو رەنگەکان زیاتر خۆشی بە چاو و بە دڵ دەبەخشێت .. یارمەتیی جێگیربوونی باری دەروونی مرۆڤ دەدات .. رەنگێکی سەرەکییە لە ئێکسوارەکانی ماڵدا .. بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت و، هەڵبژاردنێکی باشە، کە ژووری نووستن سەوز بکرێت .. زانکانیش پێیان وایە کە رەنگی سـەوز، رەنگی گەشبینی و هیوایە .. سەرچاوەی شادییە و .. رەنگی خۆشەویستیی ژیانە .
رەنگی سـوور : رەنگێکی گەرمە و، کراوەیە بە رووی خەڵکیدا .. رەنگی خۆشەویستی و سۆز و لاوی و دڵتەڕییە .. رەنگێکی چالاکی و رۆمانسییە .. رەنگی ئاگر و شۆڕش و راپەڕین و قوربانیدانە .. رەنگێکی بەهێزە و، راستەوخۆ کار دەکاتە سەر مرۆڤ .. هێز و گوڕ و چالاکی بە مرۆڤ دەبەخشێت .. توانای روو بەڕووبوونەوە و حەزکردنە لە دەسەڵات .. رەنگی خێرایی تووڕەبوونە .. پاڵەپەستۆی خوێن و لێکدانی دڵ زیاد دەکات .. بە زۆریش سوور بۆ وریاکردنەوە بەکار دەهێنرێت .. هەروەکو لە سێ رەنگەکەی ترافیکدا دەیبینین .. ئامۆژگاری دەکرێت کە ژووری چێشتخانەی پێ بۆیە بکرێت .. چونکە ئارەزووی خواردن زیاد دەکات .. بۆیە دەبینرێت کە زۆربەی چێشتخانە و رێستورانەکان، سوورکراون .. یا بەشێکیان لێ سوورکردوون .. منداڵان لە هەموو رەنگی زیاتر مامەڵە لەگەڵ رەنگی سووردا دەکەن .. لە دوای سووریش مەیلێکی زۆریان بۆ رەنگی سەوز هەیە .
وەنەوشەیی ( مــۆر : بنەوشەیی ) : رەنگێکی جوانی پڕ لە رۆمانسی و ئارامی و دڵنیاییە .. خۆشی بە چاوەکان بە و بە دڵ و .. بە دەمارەکانی لەشمان دەبەخشێت .. منداڵانیش زۆر حەزیان بەم رەنگە جوانە هەیە .. ئامۆژگاری دەکرێت، کە پێویستە لە ئێکسوارەکانی هۆڵی دانیشتن و لە ژووری نووستندا رەنگی وەنەوشەیی بوونی هەبێت .. رەنگێکی لەبارە بۆ بۆیەکردنی ژووری منداڵان .. بەڵام رەنگی مۆر بۆ بە تەمەنکان رەنگە رەنگێکی دڵتەنگی بێت .
رەنگی پەمەیی ( گۆڵەباخی ): رەنگی هێمنی و دڵنیاییە .. رەنگێکی کچانەیە و، بە زۆری کچان حەزیان بەم رەنگەیە .. رەنگی پەمەیی هێمایە بۆ وردبینی و قووڵی .. هێمایە بۆ ئاشتی و سازان .. یارمەتیی خاوبوونەوەی ماسوولکەکان دەدات .. رەنگێی باشە بۆ شەڕانگێزان و توندوتیژان .. بۆ ئەوانەش کە لە خۆبایین .. چونکە کەشێکی رۆمانسی لە ماڵدا دروست دەکات و .. یارمەتیدەرە بۆ هێورکردنەوەی توندوتیژی و گرژی و هەڵچوون و، بۆ خاوبوونەوەی ماسوولکەکان و لۆچەکانی گرژی .. ئامۆژگاری دەکرێت، کە ژووری نووستن و گەرماوی خۆشووشتنی ماڵەوە، پەمەیی بکرێن .
رەنگی پرتەقاڵي : رەنگێکی گەرمە .. گەلێ سوودی بۆ تەندروستی هەیە .. سووڕی خوێن چالاک دەکات .. چالاکی بە هۆش و، بە دەزگا دەمارییەکان و، دەزگای هەناسەدان دەبەخشێت .. کارە فسیۆلۆژییەکانی گەدە و پەنکریاس و میزڵدان و سپڵ و سییەکان ئەکتیڤ دەکات .. لێدانی دڵ بەهێز دەکات .
رەنگی رەش : رەنگێکی فەرمی و سەرەکی جوان و سە گینە .. رەنگی رێک و پێکی و ئارامییە .. رەنگی راستگۆیی و خزمەتکردنە .. دەبینین ئەو شتانەی کە پارەدارەکان رادەکێشێت .. بە زۆری بە رەش بۆیە دەکرێن .. بۆ نموونە ئۆتۆمبيلی ( جاکـوار ) . سەرەڕای ئەوەی کە رەش لە لای زۆربەی گەلان بۆتە، هێمای تاریکی و ماتەمینی .. کەسانێکی زۆریش هەن کە حەز لە رە نگی رەش دەکەن و .. بە هێمای پاکی و .. رێکی و سەنگینی و هێمنی دەزانن .
رەنگی سـپی : هێمای رووناکی و خۆشی و دڵنەواییە .. رەنگێکی بێ لایەنە .. رەنگی هێمنی و لەسەرخۆییە .. خۆ بە دوورگرتنە لە ژاوە ژاو .. بە زۆری سپی دەکرێت بە بەکڕاوندی رەنگەکانی تر .. لەگەڵ هەموو رەنگەکانی تری ژووری منداڵدا دەگونجێت .. هەستی پاکی و، نمونەیی بەمنداڵ دەبەخشێت .. سپی رەنگی پاکی و بێ تاوانییە .. رەنگی ئاشتی و پێکەوە سازانە .. رەنگی کراسێ بووکێنییە .. رەنگی سپی لە هەموو رەنگەکانی تر زیاتر ئارامی بە دەروونمان دەبەخشێت .. لە هەندێ وڵاتیشدا، وەکو وڵاتی چین و كوریا، سپی رەنگی ماتەمینییە .
رەش و سپی، بوونەتە دوو جەمسەرە دژەکەی رەنگەکان، لە هەستی مرۆڤدا .
رەنگەکان لە هەموو شتێ زیاتر لە بەرچاوی منداڵانن .. تەمەنی منداڵ هەرچەندێ بێت .. رەنگەکان گرنگترین هۆکاری هەست بزوێنی و درکێن، لە دەروونی منداڵاندا .
منداڵانی ئاسایی بە زۆری حەزیان بە رەنگی گەش و روونە .. بەڵام منداڵانی شەڕانی و لاسار، بە زۆری حەزیان بە رەنگی توخ و تاریکە .
سەرەڕای ئەوەی کە ( ١٥٠ ) ساڵ، بەسەر دەست پێکردنی لێکۆڵێنەوە و توێژینەوە، دەربارەی کارتێکردنی رەنگەکان لەسەر دەروون و جەستە و هۆشی مرۆڤ تێپەڕیوە، بە تایبەتیش لەسەر چارەسەرکردن بە رەنگەکان بە شێوەیەکی زانیاری و زانستی .. بەڵام تا ئەمڕۆش لەسەرخۆ و زانستیانەتر، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، لێکۆڵێنەوە و بە دواداچوون بۆ کارتێکردنی رەنگەکان درێژەی هەیە و .. تیۆری تازە دێنە ئاراوە .
لە وڵاتی بەریتانیادا، دامەزراوەیەکی ناحکوومی پەیوەندیدار، بە چارەسەرکردن بە رەنگەکان، بە ناوی ( دامەزراوەی راهێنان بۆ چارەسەرکردن بە رەنگ ) چالاکیی هەیە .. چەندین کۆمەڵە و دامەزراوەی تریش لە شوێنانی تری جیهاندا هەن .. دەیانەوێت بە ئەنجامدانی کاری پراکتیکی و مەیدانی .. چارەسەری بە رەنگەکان بەلمێنن .
بەڵام مێژوو ئەوەشمان پێ دەڵێت، ئەمە هەوڵێکی تازە نییە .. بەڵکو لە سەردەمەکانی کۆنەوە چارەسەر بە رەنگەکان لە لایەن شارستانییە کونەکانەوە زانراوە، بە تایبەتیش لەوپەڕی رۆژهەڵاتی ئاسیادا، لە وڵاتانی ( چین ، هیندستان ) باوبووە .. لە رۆژهەڵاتی ناوەراستیشدا ( لە ولاتانی نێوان دوو روبار )، لە سەردەمی ( فرعەونییەکانی میسر) و ، لە ( یۆنان ـ گریکەکان ) یشدا .. بایەخیان بە چارەسەرکردن بە رەنگەکان داون .
پزیشکە دەروونییەکان، بۆ تووڕەیی و گرژی و هەڵچوون و دوو دڵی و نائارامی و، ماندوون و مشەوشیی هۆش .. چەخت لە چارەسەرکردنیان بە رەنگەکان دەکەنەوە .
دکتۆر ( مۆرتـۆن ) لە کتێبەکەیدا ( هـێزی رەنگەکان )، دەڵێت : " دەشێت رەنگەکان لە بەندیخەنەکان و مەڵبەندەکانی لێکۆڵێنەوە و، مەڵبەندەکانی چارەسەری تووشبووانی خووگرتوو بە ماددە هۆشبەرەکان و، کەسە شەڕانییەکان بەکار بهێنرێت .. بۆ ئەوی هێور و ئارام و خاویان بکەنەوە "
( سیو ) ش، دەڵێت، لە تاقیکردنەوەیەکدا، کە لە لایەن پۆليسەوە ئەنجام درا .. دوو ژووریان بۆیە کرد .. یەکێکیان بە ( رەنگی سەوزی کاڵ ) .. ئەوی تریان بە ( رەنگی سووری تۆخ ) .. گومان لێکراوەکان، لەو ژوورەی کە بە سووری تۆخ بۆیە کرابوو .. بە ئاسانی و زیاتر دانیان بە تاوانەکانیان دەنا، نەک لە ژوورە سەوزە کاڵەکەدا .
چارەسەر کردنی نە خۆشییەکان بە رەنگەکان :
لە رووی فیزیکییەوە، رەنگەکان بەوە راڤە دەکرێن، کە گەردیلەن لە تیشک، کە لە شەپۆڵێ جیاوازی خێرایی پێکدێن .. هەر رەنگێکش شەپۆل و لەرەلەری سنوورداری خۆی هەیە .
چارەسەریش بە رەنگەکان، ئەوەیە کە لەشی تووشبوو بە نەخۆشی، بخرێتە بەر لەرەلەرەی رەنگ و تیشکە گونجاوەکان .. کە یارمەتیی چاکبوونەوەی دەدات .
زانیارییە نوێیەکانیش سەلماندیان .. کە رەنگەکان هێز بە لەش دەبەخشن، ئەم هێزەش تێکچوونی باری دەروونی و هەست و سوزداری راست دەکاتەوە .. لەوانەش رەفتاری سیکۆپاتی ( کە لەریزی مەیلی دوژمنکاریدا ریزبەندی دەکرێت .. تا رادەیەکی زۆریش دوورە لە پێنەگەیینی سۆزداری )
باس لە تاقیکردنەوەیەکی پراکتیکی دەکەین کە لە ( لەنـدەن ) ی پایتەختی ئینگلتەرا، لەسەر پردی ( بلاک فــرایار ) ئەنجام درا، کە بە پردی ( خۆکـوژی ) ناودەبرێت .. چونکە زۆربەی خۆکوژەکان، لەسەر ئەم پردەدا خۆیان کوشت .. رەنگە ( خۆڵاوییە تاریکەکە ) یان گۆڕی بە رەنگێکی ( سەوزی جـوان ) .. ئەم رەنگە بووە هۆی ئەوەی کە رێژەی خۆکوشتن لەسەر ئەم پردەدا زۆر دابەزێت .. رەنگی سەوز خۆشی و گەشی و رۆشنی و ئاسوودەیی بە چاوەکان دەبەخشێت .. چونکە گۆڕەپانی بینایی رەنگی سەوز بچووکترە لە گۆڕەپانی بینایی رەنگەکـانی تر، هەروەها درێژیی شەپۆلەکەشی مامناوەندییە، نە وەک شەپۆلی سوور درێژە، نە وەک شەپۆلی شین کورتە .. سەوز رەنگێکە کە بە رێژەی لە ( سەدا سەد ) ئەرێنی و تەندروستیە .
دکتۆر ( س . با کوست ) لە ساڵی (١٨٧٧) دا، لە کتێبێکیدا بە ناوی ( تیشکی سوور و شین )، بە وردی باسی لە کارتێکردنی تیشکی سووری ورووژێنەر و، تیشکی شینی ئارم بەخش، لەسەر جەستەی مرۆڤ کردووە .
زانای ناسراویش ( دی . بی . غادیلی ) لە ساڵی (١٨٦٨) دا، ئەوەی دۆزییەوە، چۆنییەتی و هۆکاری کارتێکردن، بە تیشکی رەنگاوڕەنگ لەسەر گیانلەبەر، غادیلی لە تيۆرەکەیدا دەڵێت : " هەر گیانلەبەرێک و یاسایەک لە یاساکانی لەش .. رەنگی تایبەتی خۆی هەیە، کە دەیوروژێنی و ئاگاداری دەکاتەوە .. رەنگییی تریش هەیە کاری ئەو ئەندامە یا یاسایە پەک دەخات .. لە میانەی زانینی کارتێکردنی رەنگەکان لەسەر ئەندامانی لەش و یاساکانی .. دەتوانرێت رەنگی دروست بەکاربهێنرێت کە دەبێتە هۆی بە دیهێنانی بەڵانسی کاری ئەندامەکە یا یاساکە کە بە شێوەیەکی سروشتی و دروستی بەڕێوە دەچێت " ( غادیلی ) لە ساڵی ( ١٩٣٣) دا، دوای چەند ساڵێک لە لێکۆڵێنەوە .. زنجیرە نووسینێکی زانیاریی بڵاوکردەوە، لە ژێر ناوی ( هونەری پێوانەی رەنگەکانی پەلکەزێڕینە ) و، بەکارهێنانیان لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان .
دکتۆر ( ئیدویـن بابیت ) یش، لە ساڵی ( ١٨٨٧) دا، کتێبێکی لێکۆڵینەوەی دەربارەی کارتێکردنی رەنگەکان بڵاوکردەوە، بە ناوی ( بنەماکانی تیشک و رەنگەکان ) کە تێیدا رای سپاردووە .. بە هۆی ئامیری تایبەت و، شێوازی بەکارهێنانەوە، رەنگەکان بۆ چارەسەر بەکاردەهێنرێن .
زانای ئەڵمانیش ( مەنـدل ) لە ساڵی ( ١٩٨٠) دا، ئەویش زنجیرە نووسراوێکی زانیاری تری دەربارەی رەنگە سەرەکییەکان و، ئەو رەنگانەش کە یەکتری تەواو دەکەن بڵوکردەوە .. چۆنیش ئامێری چارەسەر بە رەنگەکان، بۆ چارەی نەخۆشییەکان بەکاری دەهێنن .
ئەم باسە زۆر هەڵدەگرێت .. ئێمە زۆر بە کورتی و چڕی .. ئاماژە بە هەندێ لەو نەخۆشییانە دەدەین، کە بە هۆی رەنگەکانەوە، تا رادەیەک باش چارەسەر دەکرێن :
سـەوز : رەنگی سروشتە .. لە هەموو رەنگەکانی تر زیاتر خۆشی بە دیدە و دەروون دەبەخشێت .. بۆ چارەسەری ئاڵۆزبوون، کێشەکانی دڵ، رەقبوونی دەمارە خوێنبەرەکان، بۆ ئەنفلونزا، بۆ تا ، بۆ دۆخی هەڵچوون و توورەبوون، بۆ سییەکان، بۆ هێمنی و هێورکردنەوەی توندوتيژی و شەرفرۆشی، بۆ هەموو جۆرەکانی ئازار بەکاردەهێنرێت .
سـوور : بۆ چارەسەری دڵ، بۆ شکاوی، بۆ برین، بۆ شێرپەنجە، بۆ پێست، بۆ هێز و گوڕبەخشین و چالاکی بە لەش .. بۆ وریاکردنەوە و ئاگاداری .. بۆ چارەسەری کەم خوێنی، بۆ زیادکردنی لێدانی دڵ، بۆ چارەسەری ساردوسڕی لە کاری جووتبووندا .. بۆ تووشبوونی میزڵدان .. نابێت ژووری نووست بە رەنگی سوور بۆیە بکرێت .. ناشبێت بۆ ئەو کەسانەی کە دووچاری پاڵپەستۆی بەرزی خوێن بوونە بەکاربهێنرێن .
زەرد : بۆ چارەسەری دڵتەنگی ، بۆ نەخۆشی جگەر، گورچیلەکان، دەزگای هەرس ، بۆ ئەکزیما، بۆ دەزگای دەماری، بۆ شەکرە، بۆ باداری، ئازارەکانی گورچیلە، رزگارکردنی لەش لە ماددە ژەهراوییەکان، بۆ کێشە هۆرمۆنییەکان .. بۆ زیادکردنی رێژەی زیرەکی .
شـين : بۆ نەهێشتنی ئازار ، بۆ وەستاندنەوەی بەربوونی خوێن، بۆ باداری، بۆ رەقبوونی دەمارە خوێنبەرەکان، بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن، سەر ئێشە، نەخۆشیی پێست، بۆ بۆ خامۆشکردنی تووڕەیی و هەڵچوون و کێشە دەروونییەکان، بۆ پەستی و دڵتە گی و بێزاری .
وەنەوشەیی : بۆ چارەسەری نەخۆشیی جگەر، بۆ بێ هێزبوون، بۆ تێکچوونی بارودۆخی دەروونی و هەست و سۆزداری، بۆ هێورکردنەوەی ئازاری منداڵ بوون، بۆ دان ئێشە، بۆ کەمکردنەوەی ئازاری جمگەکان، بۆ ئازاری میزڵدان، بۆ ئێسک، بۆ سپڵ، بۆ چەندی دۆخێکی تریش .
پرتەقاڵی : بۆ کەمکردنەوەی ماندوویی، بۆ ورووژاندنی ماسوولکەکان، بۆ نەخۆشی جگەر، بۆ زراو، بۆ نەخۆشییەکانی چاو، بۆ قەدەغەکردنی خەوەنووتکێ .
سـپی : هێمای ئارامی و دڵنیایی و ئاشتی و پاکییە .. بۆ راگرتنی بەڵانسی هێز لە لەشدا ، بۆ شێرپەنجە ، بۆ بەهێزکردنی خڕۆکە سپییەکانی خوێن، بۆ چارەسەری نەخۆشی نەرمبوونی ئێسک، بۆ نەخۆشی سییەکان، بۆ چارەسەری زەردوویی، بە تایبەتیش بۆ ئەو منداڵە تازە لەدایکبووانەی، تووشی زەردوویی دەبن، کە تیشکێکی سپیی بەهێز دەخرێتە سەر ناوچەی جگەری .. چاک دەبێتەوە .
رەش : بۆ زیاتر هەستکردن بە هێز، بۆ باوەڕبوون بەخۆ، بۆ کەمکردنەوەی گەرمایی بەرز لە لەشدا، ئارەزووی خواردن کەمتر دەکاتەوە ، بۆ داگرتنی کێشی زیاد .
خۆڵەمێشی : بۆ نەخۆشی سییەکان و، بۆ تووشبووانی خووگرتوو بە جگەرەکێشان .
تەنانەت ڤیتامینەکانیش پەیوەندییان بە رەنگەکانەوە هەیە، دەبینین ئەو خواردنانەی کە رەنگیان زەرد یا سەوزە، وەک : لیمو، هەڵوژەی زەرد، کاهوو، بیبەری سەوز، دەوڵەمەندن بە ڤیتامین " سی " .. ئەو خواردنانەش کە سوورن وەک : تەماتە، سێوی سوور دەوڵەمەندن بە ڤیتامینی " بی، بی : ١٢ " خواردنی وەنەوشەیش ڤیتامین "ئی " سەوزەشدەوڵەمەندە بە ڤیتامین " دی "
نەخۆشییەکیش هەیە بە ناوی (کوێری رەنگەکان)، نەخۆشییەکە تووشی مرۆڤ دەبێت، کە ناتوانێت جیاوازی لە نێوان چەند رەنگێک یا هەموو رەنگەکاندا بکات .. بە هۆی تێکچوونێ تۆڕی چاوەوە ، یا بە هۆی تێکچوونی دەماری چاو، یا تێکچوونی خانەکانی بینایی لە مێشکی مرۆڤدا .. یەکەمین کەسیش کە ئەم نەخۆشییەی دۆزییەوە، زانای کیمیاوی ئینگليزی ( جـۆن دالـتۆن ) بوو، کە باسێکی دەربارەی ( کوێری رەنگەکان ) بڵاوکردەوە .. شایانی باس و سەیریشە، کە ئەم زانایە خۆی تووشی ئەم نەخۆشییە ببوو .
لە ئەمڕۆدا، دکتۆر پسپۆری رەنگەکان و، کەسانی شارەزا هەن، لە بواری چارەس بە رەنگەکان .. ئەگەرچی لە لای ئێمە بایەخ ئەوتۆ بە گرنگی و کاریگەری رەنگەکان و، بە چارەسەر بە رەنگەکان نەدراوە، کە شایانی ئاماژە و باسکردن بن .
لە کۆتاییدا هیوادارم، کە خوێنەرانی ئازیز سوود لەم بابەتە وەربگرن .. بە تایبەتیش دایکان و باوکان و مامۆستاکان و، هەموو ئەوانەی کە دڵسۆز و خەمخۆری منداڵانن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست