کورد و مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی
Tuesday, 22/09/2015, 15:21
هەر مرۆڤێک لەم دنیایەدا بێت، لە هەر نەتەوەیک بێت، لە هەرشوێنێکدا بژیت، بەبێ جیاوزی مافی هەیە و ئەرکیشی لە ئەستۆدایە .. گرنگترین مافی رەوای هەر کەسێکیش
مافی (ئازادی) یە، مافی ئەوەشی هەیە کە خۆی سەرپشک بێت و، خۆی بڕیار لە هەر شتێک بدات، کە پەیوەندی بە خودی خۆیەوە هەبێت .. بێ ئەوەی پرس بە کەسانی تر بکات و مۆڵەتیان لێ وەربگرێت .. هەر کەسێکیش لەم دنیایەدا، پێگە و پایەی خۆی هەیە و، (ئازادی) یش کەسایەتی پێ دەبەخشێت . هەر خۆشی دەتوانێت بڕیار لە ئەمڕۆ و لە داهاتووی بدات .. بەڵام بەداخەوە تا ئەمڕۆش کە بە سەردەمی مافی مرۆڤ و ئازادی دەزانرێت .. لە زۆر شوێنی جیهاندا نەک هەر مافی ئازادی لە کەسان و خەڵکی زەوتکراون .. بەڵکو زۆر بە زەقی و رەقیش، زۆر بە دڕندانەیی و بێ بەزەییانە مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت و، مرۆڤ دەچەوسێنرێتەوە و، مرۆڤی ئازادیخواز و ژیانخواز سەرکوت و دەمکورت دەکڕێن و لە لایەن رێژێمە زۆردار و ستەمکارەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەر و سەرکوتکەرەکانی کە واژوویان لەسەر جاڕنامە و بڕیارنامەکانی مافەکانی مرۆڤ کردوون و بەڵێنیان داوە، کە رێز لە ئازادی و لە مافەکانی مرۆڤ بگرن .. بەڵام کردەوە قێزەوەن و دڕندەییەکانیان، بە تەواوی بە پێچەوانەی ئەو بڕیار و بەڵێنانەوەن .
( جان جاک رۆسۆ ) دەڵێت : " مرۆڤ بە ئازادی لە دایک دەبێت .. کەچی لە هەموو شوێنێکدا زنجیری کۆیلایەتی بەکێش دەکات " بێگومان سەرەکیترین و، یەکەمین کۆڵەکەی ژیان و بەرزترین هیوای مرۆڤ (ئازادی) یە .. ژیان بەبێ ئازادی ژیان نییە.
( گـاندی ) یش دەڵێت : " ئەگەر نەتوانین بە ئـازادی بژین .. باشتر وایە باوەش بۆ مەرگ بکەینەوە " .. ( مەدام رۆلاند ) دەڵێت : " ئەی ئازادی، چەندەها تاوان بە ناوی تۆوە دەکرێن " .. واتا ژیان و ئازادی تەواکەری یەکترین .. لێکدابڕینیان ناتەواوییە .
بەڵام گەر مرۆڤ سەرکوت بکرێت و، ئەم مافەی لێ زەوت بکرێت .. واتا ئازادی و دەسەڵاتی لێ زەوتکراوە و، ناتوانێت خۆی بڕیار لە تایبەتمەندییەکانی خۆی بدات .. ئا لێرەوە پێویستە، هەر مرۆڤێک لە پێناوی بەدەستهێنانی ئازادی و مافەکانی خۆیدا، خەبات بکات و کۆڵنەدات .. گەر گیانیشی لە پێناویاندا دابنێت .. چونکە ( مردن بە سەربەرزی .. خۆشترە لە ژیانی ژێردەستی )
هەر گەل و کۆمەڵێکی خاوەن ناسنامەی نەتەوەیی جیاوازیش، بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بە خواست و ویستی خۆیان، دەتوانن بڕیار لە چارەنووس و مافی چارەی خۆنووسین و بەڕێوەبردنی کار و باری خۆیان بدەن، بەبێ دەست تێوەردان وفشاری دەرکی لە بڕیار و لە کاروبارەکانیاندا .
مافی چارەی خۆنووسین چییە ؟
زاراوەی " مافی چارەی خۆنووسین " کە لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی و، زانیاری سیاسیدا هاتۆتە ئاراوە و، بووە بە زاراوەیەکی یاسایی و سیاسی جیهانی .. ئاماژە بەوە دەکات، کە هەر نەتەوە و گەلێکی خاوەن ناسنامەی جیاواز، مافی ئەوەی هەیە کە خواستە سیاسییەکانی خۆی دیاری بکات و.. شێوازێکی سیاسی دروستیش بگرێتەبەر بۆ هێنانەدی ماف و داوا رەواکانی و، بەڕێوەبردنی ژیانی گەلەکەی، لە چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستووریدا .. بەبێ دەست تێوەردانی دەرکی، یا سەرکوتکردنی بەهێز لە لایەن دەوڵەتانی بێگانەوە .
رەگردنی مافی چارەی خۆنووسین :
هەندێ پێیان وایە کە رەگی چەمکی مافی چارەی خۆنووسین، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەیەمین، کە لە ساڵی ( ١٦٥٩) دا، بیرمەندی چیکی ( جۆن ئامۆس کۆمینۆس :١٥٩٢ ـ ١٦٥٩) کتێبێکی نووسی بە ناوی ( شادی گەل ) ەوە، کۆمینۆس لە کتێبەکەیدا، پێناسەی گەل دەکات و هەژدە مەرجیشی بۆ هێنانەدی شادی دیاری کردووە، کە لە نێوانیاندا، ئەو دەسەڵاتەیە کە، پشت بە گەل ببەستێت .
هەروەها مامۆستا و بیرمەندی ناسراوی فەرەنسی ( جان جاک رۆسۆ:١٧١٢ ـ ١٦٦٨) لە کتێبەکەیدا ( قەباڵەی کۆمەڵایەتی ) پێناسەی مافی چارەی خۆنووسین تێدا کردووە، کە بریتییە لە سەروەریی گەل .
یاسانووسە نێودەوڵەتییەکانیش بە زۆری هاوڕان لەسەر ئەوەی، کە سەرهەڵدان و دەست پێشکەری و شانازی بۆ چەمکی مافی چارەی خۆنووسین، دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو شۆڕشە رزگاریخوازەکانی ئەمریکا و فەرەنسا، شۆڕشەکەی ئەمریکا لە ساڵی ( ١٧٧٥ ـ ١٧٨٣ ) دا، شۆڕشی فەرەنسا لە ساڵی (١٧٨٩ـ ١٧٩٩) کە لەسەر بنەمای پرەنسیپی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و، مافی چارەی خۆنووسین بەرپابوون .
سەرۆکی بیست و هەشتەمینی ئەمریکاش ( ودرۆ ویلـسۆن : ١٨٥٦ ـ ١٩٢٤) کە لە ساڵی (١٩١٩) دا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی وەرگرت و، یەکەمین کەسیش بوو کە کۆتری سپی کرد بە هێمای ئاشتی .. پرەنسیپەکانی مافی چارەی خۆنووسینی لە چواردە خاڵدا راگەیاند .. لە چەمکی دەیەمیندا، جەختی لە زامنکردنی مافی چارەی خۆنووسین نەتەوە کۆڵۆنییەکان کردووە . ویلسۆن راگەیەندنامەکەی دایە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی وەک سەرچاوەیەک لە بەرچاوی بگرن .
تا ئەمڕۆش کۆمەڵێک بڕیارنامە و راگەیاندن، لە لایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و، چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دەربارەی یاسایی و رەوایی مافی چارەی خۆنووسین راگەیەندراون و، هەموویان پشتگیری لەم مافە دەکەن و جەخت لەسەر جێبەجێ کردنی دەکەنەوە .. بە کورتی ئاماژە بە هەندێ لەو بڕیارانە دەدەین :
(*) گرنگترینی بڕیارەکان، بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە ژمارە (١٥١٤) ە، لە (١٤ ی / دێسەمبەری/ ١٩٦٠) دا دەرچووە، بە ناونیشانی ( راگەیاندنی پێدانی سەربەخۆیی بۆ وڵاتان و گەلانی ژێردەستە ) لە مادەی یەکەمی راگەیاندننامەکەدا .. کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت : " هەموو گەلێک مافی چارەی خۆنووسینی هەیە، بەپێی ئەم مافەش، مافی ئەوەی هەیە کە بە ئازادی پێگەی سیاسی خۆی دیاری بکات، بە ئازادیش هەوڵی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری خۆی بدات " (٩٠) دەوڵەت دەنگیان بۆ ئەم بڕیارە دا، (٩) دەوڵەتیش دەنگیان بۆ نەدا .. بڕیارەکە ئاماژەش بەوەش دەکات : " ژێردەستکردن و زاڵبوون و چەوسانەوەی گەلان لە لایەن بێگانەوە، ئەوە دەگەیەنێت کە حاشا لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەکرێت .. ئەمەش دژ بە راگەیاندنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوەیە، تەنگ بە پروسەی ئاشتی و هاوکاری نێودەوڵەتی هەڵدەچنێ .."
هەر لەم بڕیارەدا، جەخت لەسەر ئەوە کراوە، کە نەگونجانی ئاستی سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتی و رۆشنبیری، نابێت ببێت بە هۆکارێک بۆ پەڵپگرتن و بیانوو پێگرتن بۆ دواخستنی سەربەخۆیی گەلانی هەرێمەکان، کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردنیان نییە .
(*) دەقی راگەیاندنی پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی کە پەیوەندیان بە دۆستایەتی و هاوکاری نێوان دەوڵەتانەوە هەیە، بە پێی رێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم بڕیارە لە لایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە، ژمارە (٢٦٢٥) ی ساڵی (١٩٧٢) لە ژێر ناوی ( چەمکی یەکسانی گەلان لە مافەکانیان لە بارەی بڕیاری چارەی خۆنووسین ) : " بە پێی پرەنسیپی یەکسانی گەلان لە مافی چارەی خۆنووسین، هەر گەلێک مافی بڕیاردانی چارەی خۆنووسینی هەیە .. وەک لە رێکەوتننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دیاری کراوە .. بەبێ دەست تێوەردانی دەرەکیش، بە ئازادی مافی دیاری کردنی پێگەی سیاسی خۆی هەیە .. بە ئازادیش هەوڵی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری خۆی بدات .. بە پێی بڕیارەکا ی ئەم رێکەوتننامەیە پێویستە دەوڵەتانیش رێز لەم مافە بگرن .. "
(*) لە کۆنگرەی ئاسایش و هاوکاری وڵاتانی ئەوروپادا، کە لە (١ ـ ٨ ـ ١٩٧٥) لە شاری (هەلسەنگی ) لە فنلەندا بەسترا، (٣٣) وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکاش بەشداریان تێدا کرد .. تێکڕا جەختیان لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان کردەوە .. کە هەر گەلێک بە یەکسانی وبەبێ جیاوازی مافی ئەوەی هەیە، کە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و، سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی بکێشێت ، بەبێ دەست تێوەردان و فشاری دەرەکی .
(*) لە کۆنگرەی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە لە ( ١٤ـ ٥ـ ١٩٩٣) لە ( ڤێنا) ی پایتەختی نەمسا، بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسترا .. لە راگەیاندنی کۆتایی بەشداربووانی ئەم کۆنگرەیەدا ، تێکڕا دووبارە جەختیان لەسەر یاسایی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان کردەوە و، پشتگیریشیان بۆ دەقی ئەو بڕیارانە راگەیاند، کە پێشتر دەربارەی مافی چارەی خۆنووسین دەرکراون .
(*) کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکـگرتووەکـان، لە ساڵی ( ١٩٧٣) دا، لە بڕیـاری ژمـارە ( ٣٩٧٠) دا،داوای لە هەموو وڵاتانی ئەندام کرد .. دان بە مافی چارەی خۆنووسین و سەبەخۆیی گەلاندا بنێن و، هاوکاری مادی و لۆجستی و هەموو جۆرە یارمەتییەکی پێویستی تری ئەو گەلانە بکەن، کە لە پێناوی ئەم ئامانجانەدا خەبات دەکەن .
چۆن نەتەوەکان بە مافی چارەی خۆنووسین دەگەن :
بۆ ئەوەی وڵاتان و نەتەوەکان ئەم مافە بەدەست بهێنن، پێویستی یەکەم، لەو دەوڵەتە داگیرکەرانە رزگاریان بێت، کە وەک مێردەزمە بەسەر سنگیانەوەن و، هەموو سامان و خێروبێرێکی نیشتمانەکەیان دەدزن و، خەلكییەکەیان بە هەژاری و بێکاری و برسێتی سەردەنێنەوە، ئازادی و سەروەرییان لێ زەوت کردوون .. هەرگیز گەلان ناتوانن مافی چارەی خۆنووسینیان هەڵبژێرن، تا لە داگیرکەری نیشتمانەکەیان رزگاریان نەبێت و نەبن بە خاوەنی دەسەڵات و بڕیاری خۆیان .. ئەمەو گەلان و ڵاتانی پەرتەوازە و لێکدابڕاو، یا کە رووبەڕووی شەڕی ناوخۆیی بوونەتەوە، لەسەر کورسی و دەسەڵات و رابەری و تاکڕەوی و قورخکردن .. فرە کوێخان و، لە مشت ومڕ و ململانێدان و، لە نێو خۆیاندا رێک ناکەون .. تا یەک نەگرنەوە و هاودەنگ و هاوخەبات و نەبن و، بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەیان نەخەنە سەرووی بەرژەوەندی حیزبایەتییەوە .. ناتوانن ئایندەی خۆیان دیاری بکەن و بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆیان بدەن و، سەربەخۆیی و سەروەریی خۆیان رابگەیەنن .. دەبێ ئەوەش باش بزانن، کە هەمیشە داگیرکەران و دەست تێوەردەران، هەوڵی دووبەرکی لە نێوان وڵاتانی داگیرکراو و گەلانی ژێردەستە دەدەن و، سیاسەتی " پەرتکە و زاڵبە " پەیڕەوی دەکەن .. کەواتە یەکێتی و یەکڕیزی و یەک وتاری و، ستراتیجییەتێکی سیاسیی نەتەوایەتی، نەخشەداڕێژراوی توکمە، زامنە بۆ هێنانەدیی مافی چارەی خۆنووسی و، راگەیاندنی جیابوونەوە و سەربەخۆیی .
ئەم مافەش بەخشین نییە، بەڵکو مافێکی رەوا و یاساییە، رووبەڕووی هیچ کێشەیەکی یاساییش نابێتە .. چونکە هەموو بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و، رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، دانیان بەم مافەدا ناوە و کۆکن لەسەری و، جەخت لێ دەکەنەوە .
ئەزموونە مێژووییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە رێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان و، جێبەجێکردنی .. هۆکارێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی دۆستایەتی و هاوکاری و رێز و خۆشەویستی لە نێوان وڵاتان و گەلان جیهاندا .. هۆکار و پاڵپشتێکی بەهێزیشە بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا.
شارەزای بێلایەنی نەتەوە یەکگرتووەکان ( ئەلفرێد دی زایاس ) دەڵێت : " ئاشتییەکی هەمیشەیی، بریتییە لە جێبەجێکردنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ هەموو گەلان، بەبێ جیاوازی " ئاماژەشی بەوە کردووە کە : " حاشاکردن لە جێبەجێ کردنی مافی چارەی خۆنووسینە،کە بەربەرەکانی دروست دەکات )
هەر ئاسایش و سەقامگیرییەک، بە هێز و توندوتیژی و سەرکوتکردن و دەمگرتن و ستەملێکردن و کوشتن و بڕین و، زۆرەملێ بسەپێنرێت و، نکووڵی و حاشا لە ناسنامە و مافە رەواکانی نەتەوەیی بکرێن و، مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی بە ناپاکی و تاوان بزانن .. ئەوە ئاسایش و سەقامگیری نییە، بەڵکو ئەمانە تاوانن بەرانبەر بە گەلانی ئازادیخواز و رزگاریخواز، کە دەیانەوێت مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان دیاری بکەن .. داگیرکەرانی کوردستان، زۆر زیاتر لەم سیاسەتە سەقەت و رەفتارە نامرۆییانە دەرهەق بە گەلی کوردمان پەیڕەوی دەکەن .
لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە، مافی چارەی خۆنووسین و، جیابوونەوە و سەربەەخۆیی، بوون بە چەمکێکی جێگیر و چەسپا و، جێبەجێ کراو، چەندین گەل و وڵات مافی چارەنووسی خۆیان دیاری کرد و، دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند، کە لە ئەمڕۆدا ئەندامن لە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاڵاکانیان لەسەر بارەگاکەیدا دەشەکێنەوە .. ئەم مافە تەنها پەیوەندی بە وڵاتانەوە نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە گەلانەوە هەیە، گەلێکی گەورەبن یا بچووک بن .
شێوازە رێگای مافی چارەی خۆنووسین :
١ـ بە رێگای ریفراندۆمە ( راپرسی گشتی ) : ئەم شێوازەش باشترین رێیە، بۆ ئەەوەی کە گەلانی ئازادیخواز بە ئازادی دەنگ بدەن و بڕیار لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی و ئایندەی خۆیان بدەن .. ئەم راپرسییەش یاساییە و، دژ بە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی نییە .. پێویستە راپرسییەکەش بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت .. نمووونەی ئەم شێوازەش، جیابوونەوە و سەربەخۆیی ( تەیموری رۆژهەڵەت) لە ئەندەنۆسیا لە ساڵی (٢٠ی / مای/ ٢٠٠٢) دا .. هەروەها جیابوونەوەی ( ئەریتریا ) لە ( ئەسیوپیا ) لە ساڵی (٢٣ی/ مای/١٩٩٣) دا . سەربەخۆیی ( کۆماری باشووری سودان ) لە سودان لە ساڵی (٩ی/ یولیۆ/ ٢٠١١) دا .. جیابوونەوەی ( کۆسۆڤۆ ) لە (سربیا ) لە ساڵی ( ١٧ی/ فبرایەر/ ٢٠٠٨) دا.
٢ـ بە رێگای خەباتی چەکدارییەوە : گەر داگیرکەر و، دەسەڵاتی خۆسەپێن، رازی نەبوون کە بە شێوازێکی ئاشتی و بە ریفراندۆم، گەلی ژێردەستەکراو و نیشتمانی داگیرکرراویان، نەتوانن مافی چارەنووس و سەر ەخۆیی دەستەبەر بکەن .. ئەو نەتەوە و نیشتمانە داگیرکراوە، مافێکی رەوای خۆیانە، کە لە پێناوی مانەوەی خۆیان و بەرگریکردن لە نیشتمانەکەیان و رزگاربوونیان لە داگیرکەران، ناچاربن پەنا بۆ شۆڕش و راپەڕین و خەباتی چەکداری بەرن .. ئەم رێبازەش تا ئەمڕۆش باوترین و بڵاوترین خەباتە بۆ ملکەچکردنی داگیرکەران و دەستەبەرکردنی مافە رەواکانیان و هێنانەدیی مافی چارەی خۆنووسین و، بڕیاردان لە جیابوونەوە و راگەیاندنی سەربەەخۆیی خۆیان .. نەتەوە یەکگرتووەکانیش، بەرگری و پەنابردن بۆ راپەڕین و شۆڕشی چەکداری بە مافێکی رەوای گەلانی ستەملێکراو دەزانێت .. بۆ نموونە ( کۆماری جەزائیر ) لە ڕێی شۆڕشێکی چەکدارییەوە توانی لە فەرەنسا رزگاری بێت و لە ( ٥ی/ یۆلیو/ ١٩٦٢) دا سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت .. نموونەی تر زۆرن، کە کە لە رێی بەرگری و خەباتی چەکداریییەوە، نیشتمانەکەیان لە داگیرکەر رزگارکرد .
جیاوازی لە نێوان کاری تیرۆریستی و بزووتنەوەی رزگاریخواز دا :
گروپ و رێکخراوی تیرۆریزمی بۆ هێنانەدیی ئامانجە گڵاوەکانیان، چی کاری ناشرین و قێزەوەن و، بێ رەوشتی و نامەردی و نامرۆڤایەتی هەیە سڵی لێ ناکەنەوە و ئەنجامی دەدەن، گیانی هەزاران بێ تاوان دەکەنە قوربانی مەرامە گڵاوەکانیان .. کاریان کوشت و بڕین و کاولکردن و داگیرکردن و پەلاماردانی ئابڕووە، بە کورتی تیرۆریستان هیچ بەهایەکی رەوشتی و مرۆڤایەتییان نییە .. خوێنڕێژ و ویژدان مردوو و بێ بەزەیین .
بەڵام خەباتی چەکداری لە پێناوی رزگاری و ئازادیدا، زۆر دوورە لەو کار و رەفتار و رەوشتە قێزەوەنانەوە .. بە درێژایی شۆڕشەکانی گەلی کوردمان، لە رێبازی پیرۆزی شۆڕش لایان نەداوە و، هەمیشە شۆڕشگێڕێکی رەوشت بەرزبوونە و، رەفتار و کاری ناشیرینیان ئەنجام نەداون .. نەیارانی گەلەکەشمان لە پێش دۆستەکانماندا، دان بەم راستییەدا دەنێن و نکووڵی لێ ناکەن .. زۆریش لێبووردەین و، هیچ کاتێکیش بیرمان لە تۆڵەکردنەوە نەکردۆتەوە .
لەبەر نەبوونی پێناسایەکی نێودەوڵەتی بو تیرۆریست .. بەداخەوە کە هەندێ لە دەوڵەتە زلهێزەکان و خاوەن بڕیارەکان، بۆ بەرژەوەندی و بۆ مەرامی خۆیان، زۆر بە ناڕەوا و بێویژدانییەوە، تومەتی تیروریست دەدەنە پاڵ شۆڕشی رزگاریخواز و ئازادیخوازی باکووری کوردستان .. کەچی دەوڵەتێکی رەگەزپەرستی وەک تورکیا، کە کوردستانیان داگیرکردووە، تا ئێستا چەند جارێک جینۆسایدی کوردیان کردووە، تا ئەمڕۆش بە کوشندەترین چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی کورد دەکوژن، گوند و شاری کوردستان وێران دەکەن .. بە فڕۆکەی ( ئێف شانزە) ی ئەمرێکی رۆژانە منداڵ و ئافرەتی کورد دەکوژن و دێمان وێران دەکەن و مەڕ و ماڵاتمان دەکوژن و، باخ و رەز و دارستانمان دەسووتێنن و .. گەنجانمان دەگرن و بێ سەر و شوێنیان دەکەن .. ئەی ئەمریکا بۆ تورکیا بە وڵاتێکی تیروریست ناو نابەیت .. ؟! کە بە ئاشکرا و بەبێ شەرمکردن و شاردنەوە بەرچاوی ئێوە و وڵاتانی ترەوە، بە چەک و لۆجستی یارمەتی داعشی تییرۆریستی دەدات .. ئەگەر بە ویژدانێکی زیندووەوە وەڵامان بدەنەوە .. کێ بە راستی تیرۆریستە، تورکیا .. یا .. شۆڕشی ئازادی و رزگاریخوازی باکووری کوردستان .. ؟؟! شەرمەزارییە بۆ دەوڵەتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا .. گوایە خۆی بە دیموکراتیخواز و دادکۆکیکەر لە گەلانی چەوساوە دەزانێت ـ لە راستیشدا وانییە ـ ئەی بۆ لە ئاستی چەوسانەوەی كورد ( کوێر و کەڕ و لاڵ ) ن .. هەر ئێوەش چرای سەوزتان بۆ تورکیا هەڵکرت، کە پەلاماری کوردستان بدات .. هەر ئێوەش ئەندازیار و هۆی سەرەکیی جوانەمەرگ کردنی ( کۆماری کوردستان : ١٩٤٦) بوون و،هەر ئێوە بوون کە رۆڵێکی سەرەکیتان هەبوو لە توانەوەی ( شۆڕشی ئەیلوول : ١٩٦١ ) ، هەر ئێوەش پلانڕێژی ( رێکەوتننامەی جەزائیر: ١٩٧٥) ی شووم بوون .. ئەم تاوانانە هەمووی لە ئەستۆی ئێوەدان .. لە ساڵی ( ١٩٧٥) دا، وەزیری دەرەوەی ئەوسات ( هێنری کیسینجەر ) ی ئەندازیار و نەخشەکێشی رێکەوتننامەی جەزائیر .. دەڵێت : " ئێمە زۆر بێ رەوشتیمان بەرانبەر بە کورد نواند .. نە پشتیانمان گرت کە ببن بە شت .. نە لێشیان گەڕاین کە خۆیان ببن بەشت " .. لە ئەمڕۆشدا هەمان سیناریۆ دووبارە دەکەنەوە .. تورکیا بە چاوپۆشی و بێ دەنگیی ئێوەیە و ( حیلفی ناتۆ) تاوانەکانی لە دژ کورد ئەنجام دەدات .
لە کرۆکی باسەکمان کەمێک لامان دا .. كورد وتەنی : " قسە .. قسە دێنێت "
کورد و مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی :
بە پێی چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوە، کە لەلایەن مێژووناسان و رۆژهەڵاتناسان و گەڕیدەکانەوە ئەنجام دراون، وەکو گەواهی مێژوویش، بە سەدان بەڵگەی مێژوویی و کەرەستەی بەردین و قوڕین و کانزایی کە لە ئەشکەوت و شوێنەوارەکانی کوردستاندا دۆزراونەتەوە .. بەشێکیان لە مۆزەخانەکانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکایان پێ رازاندوونەتەوە .. شوێنەوارێکی زۆری کوردستانیش تا ئەمرۆش کوێرەوە نەبوون و، مۆرک و رەسەنایەتی گەلی کوردیان پێوە دیارە، لەو باوەڕەشدام، کە چەندیین شوێنەواری و دێرینگامان هەیە ترمان هەیە کە تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە .. مەبستم لەو پێشەکییە، رەسەنایەتی گەلی کوردمانە لە ناوچەکە و جیهاندا، وەڵامێکیشە بۆ نەیارانی کورد کە نکووڵی لە رەسەنایەتی و شارستانیی کورد و، مێژووی دوور و درێژی پڕ لە سەروەەری و شکۆداریمان دەکەن .
ئەگەر بە پێوەر و بنەما سەرەکییەکانی ئەمڕۆ گەل پێناسە بکرێت و بەگەل بناسرێت .. بێگومان هەموو مەرج و بنەماکانی گەل لە گەلی کوردماندا هەن کە ئەمانەن :
١ـ ئێمەی کورد خاوەنی جوگرافیایەکی هاوبەشین کە کوردستان نیشتمانی هەموومانە. گەرچی بە زۆرداری و ناڕەوا دابەش کراوە .. بەڵام ئێمەی کورد هەرگیز دان بەو دابەشکردنەدا نانێین و، هیچ سنوورێک لە بەردەم هەستی نەتەوایەتیماندا بوونی نییە .
٢ـ زمانێکی یەکگرتووی هاوبەشمان هەیە کە زمانی کوردیی رەسەن و دەوڵەمەندە .
٣ـ مێژوویەکی دێرین و درێژی پڕ لە سەروەری و شکۆداریی هاوبەشمان هەیە .
٤ـ بەرژەوەندییەکی ئابووری هاوبەشمان هەیە .
٥ ـ خاوەنی تایبەتمەندی و خەسڵەتی نەتەوەیی خۆمانین و داب و نەریتی خۆمان هەیە.
٧ـ هاوبەستەبوونمان بۆ کورد و کوردستان هەیە و شانازی بە نەتەوەکەمانەوە دەکەین.
٨ ـ خاوەنی هیوا و ئامانجێکی هاوبەشین و، چارەنووسمان پێکەوە گرێ دراوە .
٩ـ لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریشەوە، لە ئاستێکی پێویست داین .
١٠ـ چەندین پارت و رێکخراومان هەیە و .. هێزی بەرگریمان هەیە کە پێشمەرگەیە .
واتە ئێمەی کورد، هەموو خەسڵەت و مەرج و تایبەتمەندی و بنەماکانی گەلمان تێدایە . ئەمانەش پێویستن بۆ هەر کۆمەڵێک کە بە گەل بزانێت و، مافی چارەی خۆنووسین و دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت .. ئەو تەگەژانەی کە لە بەردەم دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دان، تەگەژەی یاسایی نین، بەڵکو تەگەژەی سیاسین .. لەلەیەن تورکیا و ئێران و عێراق و سوریاوە، کە کوردستانیان بە سەردا دابەش کردووە، بەردەوام گەلە کۆمە لە گەلی کوردمان دەکەن و، پیلان لە دژی هێنانەدیی خواسەکانی گەلەکەمان دەگێڕن و .. ئەوان دان بە ناسنامەی کوردا نانێن و، بێ شەرمانە دەڵێن ئێمە ناهێڵین دەوڵەتێکی سەبەخۆی کوردی دابمەزرێت .. ئەوان خاکی کوردستان بە موڵیكی خۆیان دەزانن . بە دڵنییاوە سەرکەوتن بۆ ئێمەی کورد و .. ملکەچیش بۆ ئەوان دەبێت.
لە ئەنجامی کۆتایی شەڕی جیهانی یەکەم لە ساڵی ( ١٩١٨) دا، چەند ئیمبراتۆریەت و دەوڵەتی گەورە هەڵوەشێنرانەوە، لەوانەش دەوڵەتی عوسمانی و روسیای قیسەری و ئەڵمانیا بوون .. بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلانی چەوساوەش دەستی پێکرد، کە داوای ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی نیشتمانەکانیان دەکرد، دوور لە خۆسەپاندن ئیمپریالیزم .
نهێنییەکانی رێکەوتننامەی ( سایکس بیکو :١٦ی/ مای/ ١٩١٦) ش بۆ گەلان ئاشکرا بوون، کە لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا و روسیای قەیسەریدا بەسترا و، واژوویان لەسەر بەندەکانی کردبوون .. بەپێی ئەم رێکەوتننامەیە میراتی دەوڵەتی عوسمانیان بەسەر خۆیاندا دابەش کرد .. ئەمەش دژی بەرژەوەندیی گەلان بوو، بە تایبەتیش دژی بەرژەوەندی و هیوا و خواسەکانی گەلی کوردمان بوو، بەپێی ئەم رێکەوتننامەیە ناڕەوایە، کوردستان بەسەر تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا دابەش کرا .. ئێمەی کورد بوینە قوربانی ئەم تاون و ستەمە .. کە تا ئەمڕۆش باجی ئەو رێکەوتننامە و غەدرە مێژووییە دەدەینەوە .
تا رادەیەک هیوامان پەیماننامەی ( سيڤەر :١٠ ی / ئاوگست/ ١٩٢٠) کە لە پاریس واژوویان لەسەر کرد، لە بەندەکانی (٦٢، ٦٣ ، ٦٤)ی بڕگەی سێیەمدا، بنەما یاساییەکانی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردیان دیاری کردووە، جەختیشیان لە مافی سەروەریی کورد لەسەر خاکی کوردستاندا کردووە . هەر بەپێی بەندی (٦٢) ی ئەم رێکەوتننامەیە، رێ بە ولایەتی ( موسڵ ) یش دەدرێت کە بچێتە پاڵ کوردستان . بەڵام بە داخەوە لە پەیماننامەی ( لۆزان :٢٤/ یولی/ ١٩٢٣) لە کە لەسەر داوای تورکیای کەمالی واژووکرا، هەموو ئەو بەڵێنانەی کە لە (سیڤەر ) بە کوردیان دابوون، لێیان پاشگەزبوونەوە و، بە جارێ ئێمەی کوردیان بێ ئومید کرد و پەراوێزیان کردین . پەیمانی لۆزان بە تایبەتی لە دژی خواستەکانی گەلی کوردمان بەسترا .. ئەم تاوانەش پەڵەیەکی قێزەوەن و شەرمەزارییە .. بە نێوچەوانی دەوڵەتە هاوپەیمانەکان، چونکە ئەوانن بەرپرسی سەرەکین، لە هەموو ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە گەلی کورد کران و دەکرێن .. بە تایبەتیش بەریتانیا .. کە تا ئەمڕۆش لە ئەنجامی ئەو ستەم و ناهەقییانە، خوێن لە جەستەی گەلەمان دەچۆڕێتەوە و، بە هەزاران قوربانیمان داوە .. تا ئەمڕۆش ئێمەی کورد کە (٥٠) ملێۆن کوردین، گەورەترین گەلین لە جیهاندا، کە دەوڵەتێکی سەربەخۆمان نییە .. کەچی لە ئاسیا و ئەورۆپادا، دەوڵەتی وا هەن کە ژمارەیان لە ملێونێکیش کەمترن .. ئەمەیە ناڕەوایی و نایەکسانی و نادادپەروەری و دووفاقی .
بەڵام کورد ملکەچی داگیرکەرانی کوردستان نەبووە و نابێت .. نزیکی سەدەیەکە لە خەبات و تێکۆشانێکی بەردەوام داین و بەردەوام دەبین، چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشمان هەڵگیرسان .. کۆڵنادەین و ناسرەوین .. تا سەردەکەوین .
هیچ کاتێکیش لە قوربانیدان و گیان بەخشین، سڵمان نەکردۆتەوە و، ناکەینەوە .. وەکو شاعیری نەمری گەلەکەمان ( فایـەق بێکەس ) دەڵێت :
داری ئــازادی بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر نـاگرێ
سەربەخـــۆیی بێ فـیداکـــاری ئەبــەد ســەر نــاگرێ
شکستهێنانی زۆربەی ئەم شۆڕشانەش، دەستی دەوڵەتە زلهێزەکانی تێدابوون، کە یارمەتی و پشتگیریی داگیرکەرانی کوردستانیان دەکرد و، کوشندەترین چەکی قەدەغەکراویان بە داگیرکەرانی کوردستان فروشت بۆ سەرکوتکردنی گەلی کوردمان، بەڵام ئیرادە و خۆڕاگری و باوڕبەخۆبوونی گەلەکەمان لە هەموو ئەو چەکانە بەهێزترن .. ئەوە ئەستە کە کۆڵ بدەین و دەست لە خەبات هەڵگرین .. تا نەگەین بە هیوا و مافە رەواکانمان، مافی چارەی خۆنووسین و، راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان .. ئەمەش خەون نییە، بەڵکو هیوا و خواستی هەموو کوردیکە .. مافێکی رەوای خۆمانە کە لەسەر خاکی کوردستاندا دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنین .. ئێمە لە هیچ روویەکەوە لە تورک و عەرەب و فارس کەمتر نیین .. با باش ئەوەش بزانن کە تا کورد رزگاری نەبێت و، دەوڵەتی کوردی دروست نەبێت .. عەرەب و تورک و فارسیش ناتوانن بە ئاسوودەیی و ئارامی و ئاشتی بژین .. ئاشتی و سەقامگیریش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرار نابێت .. تا رۆژێ زووتر دەوڵەتی کوردستان دروست بێت .. ئاشتی زووتر باڵی بەسەر گەلانی ناوچەکەدا دەکێشێت .. چونکە گەلی کوردمان مافی خۆیەتی کە درێژە بە شۆڕش و بەرگری بدات و، چەک و یارمەتی لە ئازادیخوازان وەربگرێت .
لە ئەمڕۆدا، گەلی کوردمان سەنگ و پێگەیەکی نێودەوڵەتی هەیە و .. خەریکە پرسی کورد ببێت بە پرسێکی جیهانی و، دەوڵەتانیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە، کە بەراورد لەگەڵ گەمەکارانی دیکەی سیاسی لە ناوچەکەدا، کورد دەتوانێت رۆڵێکی سەرەکی هەبێت لە بە سیکولارکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست .
هەندی لایەن پێیان وایە لە ئێستادا، فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان تا رادەیەک لە بارن نین و هاندەرنین بۆجیابوونەوە و راگەیاندنی سەبەخۆیی کوردستان . بەڵام ئەوە ناگەیەنێت کە چاوەڕوانی ئەوەبین، ( با ) هەڵبکات و دار هەنجیرەکە راوەشێنێت و هەنجیرەکانمان بۆ بەرەبداتەوە .. پێویستە بە خێرایی و بە ستراتیجییەتێکی تۆکمەی نەتەوەیی بەرەو دەوڵەتی کوردی هەنگاو بنێین .. بە تایبەتیش کورد لە باشووری کوردستاندا .. تا رادەیەک توانای خۆی سەلماندووە بۆ بەڕێوەبردن و، هەنگاونان بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری، هێزێکی بەهێزی پارستنی سەربەخۆشمان هەیە کە ( هێزی پێشمەرگەی کوردستان ) ە .. بۆیە فاکتەرەکان لە بەرژەوەندی کوردان، بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی رابگەیەنین .. راستە کە ئەمە بڕیارێکی ئاسان نییە .. بەڵام پێویستە بە ئەوپەڕی جورئەتەوە، هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو بگرین و ئامادەیی سەرکەوتنمان هەبێت .. کورد وتەنیش : ( ئەوەی بترسی ناخەلەسێ ) پێم وایە هەلێکی باشمان لە بەردەست دایە .. دەبینین کە عێراق بەرە و داڕمان و هەڵوەشاندنەوە و دابەشبوون دەچێت .. پێویستە زەمینەیەکی زیاتر و باشتر بڕەخسێنین و، لایەنگرانی زیاتر بۆ لای خۆمان رابکێشین تا پاڵپشتمان بن لە راگەیاندنی دەوڵەتی سەبەخۆی کوردیدا .. کەواتە پێویستە بە جدی و بە گەرمی هەوڵی بۆ بدەین .
شایەنی باسیشە، کە کوردستان پێگەیەکی جیوسیاسی و ستراتیجیی و ئابووری گرنگی لە ناوچەکە و لە جیهاندا هەیە .. زۆریش دەوڵەمەندە لە کانزا و سامانی سروشتی و وزە و لە ئاوی شیرین لە نەوت و لە گاز .. دەرهێنانی نەوت و بوونی یەدەکێکی زۆری نەوت لە خاکەکەماندا هێندەی تر گرنگی شوێن و پێگەی کوردستانیان شیرینتر کردوون .. ئەمانەش فاکتەرێکی بەهێزی ترن، بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان .. گەشبینم و بڕوام وایە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا، گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینین، سەیریش نییە، کە لەسەر ئەو نەخشەیەدا ( کوردســـتان ) ی سەربەخۆ ببینین .
دەوڵەتی سەبەخۆی راگەیاندنی کوردی لە باشووری کوردستاندا :
پێویستیمان بە چ ئامادەکارییەک هەیە بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا، لە باشووری کوردستاندا دەوڵەتێکی کوردی رابگەیەنین، من وەک تاکێکی کوردی کوردستان پەروەر و گەشبین، ئاواتەخواز و تامەزرۆی ئەو رۆژەم، کە کوردستانی سەربەخۆ ببینم .. بە کورتی لەم خاڵانەدا، را و بۆچوون و پێشنیارەکانم چڕکردوونەتەوە :
١ـ پێویستە ئیرادەیەکی بەهێزمان هەبێت و، بڕوامان بە توانای گەلەکەمان هەبێت .
٢ـ پێویستە لە ( کۆنگرەیەکی گشتی نەتەوەیی ) دا، کە نوێنەری هەموو لایەنە کوردستانییەکان و کەسانی ناسراوی گەلەکەمان تێیدا بەشدار بن .. لەم کۆنگرەیەدا نەخشەرێگا و هەنگاوە پێویستییەکانی بڕیاردان لە دەوڵەتی کوردیمان دیاری بکەن و .. دوایش دەقی بڕیارنامەکەی کونگرەکە بخەنە بەردەم گەلەکەمان و بۆ ئەوەی هەر تاکێکی کورد، بە را و پێشنیاری بەسوود دەوڵەمەندی بکەن .
٣ـ پێویستە ئیستراتیجییەتێکی نەتەوەیی تۆکمەی هاوبەشمان هەبێت .. کە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانییەکان لەژێر چەترێ کوردایەتیدا کۆبکاتەوە .
٤ ـ پێویستە ناوماڵی کوریمان رێکبخەین و .. وتارێک سیاسی یەکگرتوومان هەبێت .
٥ـ دیاری کردنی شێوازێکی گونجاوی مامەڵەکردن، لەگەڵ رژێمەکانی ئەو دەوڵەتانە کوردیان تێدایە ( مەبەستم لە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانن )
٦ـ پەرەدان بە خەباتی ئاشتییانە بۆ بردنەپێشەوەی دۆزی کورد و، دروستکردنی پردێکی ئاشتی و پێکەوە ژیان و قەناعەت پێکردن بە گەلانی عەرەب و تورک و فارس، کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەبێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا .
٧ـ پێویستیمان بە دبلۆماسییەتێکی یەکگرتووی بەهێز هەیە .. لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و عەرەبی و جیهانیدا.. کە گوزارشت لە ئیرادە و خواستەکانی گەلی کوردستان بکات .
٨ ـ بە ئەوپەڕی توانامانەوە هەوڵی پێکهێنانی لۆبییەکی چالاکی کورد، لە ئەوروپا و لە ئەمریکادا بدەین، فشار بخەنە سەر دەوڵەتانی زلهێز و خاون بڕیار، بۆ ئەوەی دوست و پاڵپشت و لایەنگرێکی زیاتر بۆ رەوایی و یاسایی دەوڵەتی کوردی پەیدا بکەین .
٩ـ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی هیوا و خواستی هەموو کورێکە .. پرۆژەیەکی نەتەوەیی گشتییە و .. بە تەنها پرۆژەی هیچ لایەن و حیزبێکی سیاسی کوردیمان نییە .
١٠ـ پێویستە هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکبخرێت و بە دامەزراوەیی بکرێت .
١١ـ پێویستە نەوتێکی زیاتر دەربهێنین و بفرۆشین، تا ژێرخانێکی ئابووری بەهێزمان هەبێت و، بتوانین چەک و پێویستی باشتر بۆ پێشمەرگە بکڕێن .
١٢ـ دەزگایەکی میدیا و راگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆی کوردیی بەهێزترمان هەبێت .. تا زیاتر رۆڵیان لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی کوردستاندا هەبێت و .. رەنگ و دەنگ و خواستەکانی گەلی کوردمان بە جیهان بگەین .
١٣ـ پەڕلەمانی کوردستان، بە مەرجەعیەتی گەلەکەمان بزانین .
١٤ـ پاراستن و بەهێزکردنی یەکێتی و یەکڕیزی و یەکدەنگیی گەلەکەمان .. مەرج و پێویستیی سەرکیین، بۆ هاوڕایی و کۆدەنگی لە سەر بڕیارە نەتەوەییەکانمان .
١٥ـ کۆتایی هێنان و، خۆ دوورخستنەوە، لە ململانێ و مشت ومڕ لە نێوان حێزبە کوردستانییەکان .. پێویستە لەمەڕ کێشە نەتەوایەتییە چارەنووسازەکانمان یەکدەنگ بن.
١٦ـ بنبڕکردنی هەموو جورە گەندەڵییەک لە دەزگاکانی حکوومەت و لە نێو حیزبەکاندا.
١٧ـ بەستنی چەندین کۆڕ وسەمینار و کۆنفرانس لە کوردستان و لە وڵاتانی هەندەراندا، بۆ باسکردن لە رەوایی و لە یاسایی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی .
١٨ـ ناردنی ( دەستەیەکی باڵای کوردی ) لە کەسانی بە توانا و زمانزان .. بۆ وڵاتانی جیهان، بۆ روونکرنەوەی کێشە و داخوازییە رەواکانی گەلی کوردمان، لە گەڵ پەڕلەمان و حکوومەت و پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە کۆببنەوە و بۆیان باس بکەن.
١٩ـ دەرکرنی پارەیەکی هێمایی کە تایبەتمەندیی کوردستانی بەسەرەوە بێت .
٢٠ـ دەرکردنی بەرزترین ویسام بە ناوی ( ویسامی باڵای کوردستان ) ەوە . ببەخشرێت بەو میوانە گەورانەی، کە سەردانی کوردستان دەکەن .
هەندێ پێیان وایە کە دەوڵەتی کوردی خەونێکە .. بەڵام هەر خەون و خەیاڵە، کە لە سایەی بڕوا و خەبات و تێکۆشان و خۆڕاگری کۆڵنەداندا دێتە دێ و، دەبێتە راستی .. من زۆر گەشبینم و، لەو باوەڕەدام کە خۆری دەوڵەتی کوردی گزنگی داوە و، رۆژ بە ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە و .. لە هەڵهاتنەوە نزیک بۆتەوە .
لە ئەمڕۆدا کورد بووە بە بەشێک لە هاوپەیمانی دەوڵەتانی جیهان و، رۆڵێکی سەرەکی و گرنگ و کاریگەری هەیە لە شەڕی دژی داعش و، گروپ و رێکخراوە توندڕەوە تیرۆریستییەکان، لە عێراق و لە سوریادا .. خۆڕاگری و قارەمانێتی پێشمەرگە و گەریلا و هێزەکانی پاراستنی گەل و، كچە شۆڕشگێڕە پاڵەوانەکانی شەڕڤانانی گەلەکەمان، کە لە جیهاندا بێ وێنەن، بوونەتە سیمبولی خۆڕاگری و دلێری و قارەمانێتی لە هەموو جیهاندا .. بوونەتە ویردی سەر زاری هەموو ئازادیخوازنی جیهان .. بە دۆست و دوژمنانیشیان سەلماند، کە کورد لە پێناوی پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستاندا، لە گیان بەخشین و شەهید بوون سڵ ناکاتەوە .. بە جیهانمان سەلماند، کە هەمیشە ئێمەی کورد گەلێکی ئازادیخواز و ئاشتیخواز و دیموکراتیخواز و ژیانخوازین .. هەرگیز لە گەڵ شەڕدا نەبووینە و نابین، سەد ساڵی گفتوگۆمان لە رۆژێکی شەر پێ باشتر بووە .. بەڵام داگیرکەرانی کوردستان، شەڕخوازان، دوژمانی ئازادی و دیموکراتی و ژیانن .. بە زۆر و زۆرداری، شەڕیان بەسەردا سەپاندووین .. تا ئەوان رۆکێتێکیان پێوەنەنابین .. ئێمە فیشەکێمان ئاراستەیان نەکردوون .. بەرگریکردنیش مافێکی رەوای هەر گەلێکە.
نەرویـج : ٢٠ی/ سێپتەمبەر/ ٢٠١٥
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست