لە نەرویج سەمینارێک بۆ ئیسماعیل بێشکچی سازکرا
Friday, 04/09/2015, 20:52
(یەکێتی خوێندکارانی کوردستان) و (کۆمەڵەی کەلتووری کوردی) لە شاری (بێرگن) کە دووەمین گەورە شاری نەرویجە .. بانگی کۆمەڵناس و نووسەر و رۆشنبیری تورک، دکتۆر (ئيسماعیل بێشکچی) یان کرد، بۆ سازدانی سەمینارێک دەربارەی (کورد و کوردستان) .. سەمینارەکە لە هۆڵی ( زانکۆی بێرگن ) سازکرا .. زیاتر لە ( ١٥٠) رۆشنبیری کورد و نەرویجی ئامادە بوون .
ئیسماعیل بێشکچی لە ساڵی ( ١٩٣٩) لە ( چوروم ) ی نزیکی ( ئەنقەرە ) لە دایک بووە، باوکی لەسەردەمی عوسمانییەکاندا مامۆستا بووە .. بێشکچی چوار برا و خوشکێکی هەیە، خێزانی هەیە بەڵام منداڵانیان نییە .. بێشکچی لە تورکیادا بە نازناوی (ساری هۆجە ) بانگی دەکەن، واتە (مامۆستا قژزەردەكە) .. لە ساڵی (١٩٦٢) دا، بڕوانامەی بەکەلۆریۆسی لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە (زانکۆی ئەنقـەرە) وەرگرت، ماوەیەک لە ( زانکۆی ئەرەزەڕووم ) دا وانەی دەوتەوە .. دوای دکتۆرای لە بواری (کۆمەڵناسی) دا وەرگرت .. بابەتی دکتۆانامەکەشی لێکۆڵینەوەیەکە دەربارەی خێڵی ( ئالیکان) ی کورد لە باکووری کوردستان .. ئیسماعیل بێشکچی تا ئێستا ( ٤٢) کتێبی چاپ کردووە .. کە هەموویان دەربارەی کورد و کوردستانن .. بەشی هەرە زۆری کتێبەکانی، لە تورکیا چاپ و بڵاوکردنەوەیان قەدەغەکراون .. دووان لە کتێبەکانی، وەریان گێڕاون بۆ سەر زمانی کوردیمان : یەکەم : کتێبی (کوردستان کۆڵۆنیەکی نێودەوڵەتی : وەرگێڕانی : حەمە رەشید : لە ساڵی ـ ٢٠٠٢ـ لە سلێمانی ) دووەم : کتێبی (تێزی تورک بۆ مێژوو، تێۆری زمانی خۆر و کێشەی کورد : وەرگێڕانی : ئاسۆس هەردی : لە ساڵی ـ ٢٠٠٠ـ لە سلێمانی ) هەردوو کتێبەکەش، لە لایەن ( دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ) ەوە بڵاوکراونەتەوە .. کتێبی ( کوردستان کۆڵۆنیەکی نێودەوڵەتی ) کە لەساڵی (١٩٩٠) دا نووسیوێتی، لە زمانی تورکییەوە وەریان گێڕاوە بۆ ئەم زمانانە : (ئەڵمانی، ئیسپانی، فەرەنسی، عەرەبی، کوردی ) .. بێشکچی بێجگە لە کتێبخانەیەک، کە لە ماڵەکەی خۆی لە (ئەنقەرە) داهەیەتی، لە شاری( ئەستەمبوڵ) دا، لە نزیک (گۆڕەپانی تەقسیم) ناسررودا، کتێبخانەیەکی زۆر گەورەی هەیە، کە زیاتر لە ( ٢٥٠٠٠) هەزار، کتێبی بابەت هەمەجۆرە و، رۆژنامە و، گۆڤار و، بەڵگەنامەی لەخۆگرتوون .. ئەم کتێبخانەیەی بێشکچی لە لایەن دەزگایەکی زانیارییەوە بەڕێوەدەبرێت، بە ناوی (وەکفا بێشکچی) دەزگایەکی زانیاری گشتییە و، بایەخ بە هەموو لقەکانی زانیاری و زانستی و ئەدەبی دەدات .. بەڕێوەبەری ئەم دەزگایەش ئەندازیاری کیمیاوی (ئبراهیم گوربوز) ە، کوردێکە خەڵکی شاری (قـارس) ە، لە باکـووری کوردستاندا .. پارێــزەر (رۆشـن ئەسـلان)یش، کە کـوردە و خەڵکی شاری (مـوش) ە، ئەندامێکی کارای دەستەی بەڕێوەبەری دەزگای زانیاری بێشکچی یە .. هەردووکیان لەگەڵ بێشکچیدا، هاتبوون بۆ نەرویج .
ئیسماعیل بێشکچی دۆستێکی زۆر نزیک و دڵسۆزی کوردە، داکۆکیکەرێکی زۆر سەرسەختە لە دۆزی کورد، زۆر بوێرانە و دلێرانە لەسەر کوردی نووسیوە، بەڵکو هەموو ژیانی خۆی بۆ داکۆکیکردن لە کورد تەرخان کردووە .. باجی ئەم خزمەت و هەڵوێسەشی دایەوە .. دادگای نادادپەروەری تورکیا، لە سەر ئەم هەڵویستە مرۆییانەی و خۆشەویستی بۆ کورد .. بە بەندکردنی بە ( ٢٥٨) ساڵ سزادرا .. بەڵام لەژێر فشاری رۆشنبیرانی جیهان .. دوای (١٧) ساڵ و ( ٣) مانگ زیندانی کردن .. ئازاد کرا، زیندانی کۆڵی بە بێشکچی نەدا و، پاشیمانی نەکردەوە .. ئەگەر حەڤدە ساڵی تریش زیندانی بکرێت، ئەوە مەحاڵە بە لای بێشکچییەوە، کە واز لەم هەڵوێسەی دەربارەی کورد و کوردستان بهێنێت .. بێشکچی کورد بە گەلێکی رەسەنی ناوچەکە دەزانێت و، لە تورک و عەرەب و فارس بە کەمتری نازانێت .. کوردستانیش بە لانکەی دێرینترین شارستانی دەزانێت .. کوردستان بە نیشتمانی کورد دەزانێت .. دەڵێت : " کوردستان نیشتمانی کوردە و، خاکی تورک نییە " کە لە ئەمڕۆدا، بەسەر چوار وڵاتی داگیرکەردا دابەشکراوە و، زۆر دڕنداندانە کۆمەڵکوژی کورد دەکەن .. بێشکچی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە کورد کێشەی ناسنامەیەی هەیە، دەڵێت : " کێشەی هەرە گەورەی کورد، کێشەی ناسنامەیە، لە تورکیادا کورد بە تورک ناودەبرێن، لە ئێران بە فارس و، لە عیراق و سوریاشدا بە عەرەب "
بێشکچی، هەر وەکو کوردێک، زۆر بە پەرۆشی ئەوەوەیە ، کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دابمەزرێت .. بۆ گەیشتن بەم هیوا و ئاواتەش ، بێشکچی دەڵێ : " بەر لە هەموو شتێک، پێویستە کورد یەکێتی نەتەوەیی بپێکبێنێ و، چی دیکە لە چوارچێوەی تورکیا وئێران و عێراق و سوریا دا، بیر لە کێشەی خۆی نەکاتەوە بەڵکو پێویستە لە چوارچێوەی کوردستانی سەربەخۆدا، بیر لە چارەسەری کێشەی خۆی بکاتەوە، گەلی کورد، گەلێکی ( ٥٠) ملیۆنییە، وەک هەموو گەلانی دنیا، پێویستە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت ".
لە ساڵی ( ٢٠١٣) دا، ئیسماعیل بێشکچی، سەردانی باشووری کوردستانی کرد .. پێشوازییەکی گەرم و گەورەی لێکرا .. سەردانی شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ی کرد و، سەمیناریان بۆ سازکرد .. چووە شاری (چەمچەماڵ) و ، گۆڕستان و مۆنۆمێنتی ئەنفالی بەسەرکردەوە .. بێشکچی بە بینینی پێشمەرگە و ئاڵای رەنگینی کوردستان، وتی : " بە بینینی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان زۆر دڵخۆش بووم "
بێشکچی و هەردوو هاوڕێکەی لەم هاتنەیدا .. لە کاتژمێری شەش و نیوی ئێوارەی رۆژی سێ شەممە (١ی/ سێپتەمبەر/ ٢٠١٥) گەیشتنە فرۆکخانەی بێرگن .. لە لایەن کۆمەڵێک خوێندکاری لاو و، چەند رۆشنبیرێکی کورد لە شاری بێرگن، بە گەرمی پێشوازی و بەخێرهاتنیان لێکرد .
بۆ رێزلێنانیش، لە ماڵی ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی کەلتووری کوردی، خوانێکی نانخواردنی کوردەواری، بۆ بێشکچی و هاوڕێکانی رازێنرابووەوە .
لە رۆژی چوارشەممە (٢ی/ سێپتەمبەر/ ٢٠١٥ )، بە ئامادەبوونی رۆشنبیرانی کورد و نەرویجی، هەروەها، تێکۆشەر و سیاسەتمەداری ناسراوی گەلەکەمان (مەهـدی زانا) ش ئامادە بوو .. لە کاتژمێری (شەش و نیوی) ئێوارەدا لە (هۆڵی زانکۆی بێرگـن)، سەمینارەکە دەستی پێکرد .. سەرەتا کورتە فیلمێکی ڤیدیۆیی دەربارەی ژیانی ئیسماعیل بێشکچی و کتێبخانەکەی و .. راو و بۆچوونی کەسانی کورد و تورک، دەربارەی رۆڵ و هەڵوێست و خزمەتی بێشکچی نمایش کرا .
سەرەتا بۆ ماوەی نیو کاتژمێر (ئیبراهیم گوربوز) بە کوردی، باسی لە خزمەت و، لە داکۆکیکردنی بێشکچی لە دۆزی رەوای کورد کرد .. کە بێشکچی خوازیاری ئەوەیە کە کوردیش بە ئاواتەکانی خۆی بگات، لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان .
ئینجا ئیسماعیل بێشکچی بە کورتی و بە چڕی، بە زمانی تورکی دەستی بە باسەکەی کرد دەربارەی (کورد و کوردستان) .. یەکسەر و راستەوخۆ، قسەکانی وەردەگێڕان بۆ سەر زمانی نەرویجی .. بێشکچی لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ .. باسی لەو ستەمە مێیژووییە کرد، کە لە کورد کراوە و، چۆن کوردستانیان بە ناڕەوا بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش کرد .. بەڵام کورد چۆکی دانەدا و .. چەند شۆڕشێکی لە بەشەکانی کوردستاندا بەرپاکرد، لە دژی داگیرکەرانی کوردستان، وەک شۆڕشەکەی شێخ مەحموود و شێخ سەعید و بارزانی .. تا هاتە سەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی ئەمڕۆی گەلەکەمان .. کە کورد بە شێوەیەکی قارەمانانە لە لایەن پێشمەرگە و گەریلا و هێزەکانی پاراستنی گەلەوە، گیانبەختانە، بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن و، شەڕی داعشی جاش و بەکرێگیراو دەکەن .
بێشکـچی، باسیشی لە شۆڕشەکەی ئێستای باکـووری کوردسـتان کرد ، کە لە بەرواری ( ١٥ی / ئەوگوستی / ١٩٨٤) دا، هەڵگیرسا .. باسیشی لە ستەم و لە تاوانەکانی دکتاتۆری گۆڕبەگۆڕ (سەدام حوسێن) کرد، کە بە چ شێوەیەکی دڕندانە کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد و، کۆمەڵکوژیی لە کوردی بێ تاوان کرد .. بێشکچی باسی شتی زیاتری کرد، دەربارەی خەباتی کورد لە پێناوی رزگاری بوونیدا .. بێشکچی دەڵێت : " پرسی کورد گرنگترین پرسی رۆژهەڵاتی ناوڕاستە .. " .. دوایش ئیسماعیل بێشکچی، بە کورتی و بە جوانی، وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە لە لایەن، ئامادەبووانی سەمینارەکەوە لێی کران .. (ئامادەکەری ئەم هەواڵەش ـ رەزا شوان ـ لە وەڵامی پرسیارێکمدا، کە لە بێشکچیم کرد : چ پێشبینییەک لە ئایندەی کوردستان دەکەی .. ؟ بێشکچی لە وەڵامدا وتی : " من گەشبینم بە ئایندەی کوردستان، لە سایەی یەکگرتن و یەکڕیزیدا، کورد دەگات بە ئاواتی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان " )
بێشکچی بڕواشی بە پرۆسەی ئاشتی نییە لە باکووری کوردستاندا، چونکە ئۆردوگان و پارتەکەی، بە راستیان نییە کە لەگەڵ ئاشتیدان، دەڵێت : " هێشتا سەرۆک وەزیران ـ کە ئێستا سەرۆک کۆمارە ـ باسی یەک دەوڵەت و یەک گەل و یەک زمان دەکات "
لە کۆتاییدا، لە لایەن کوردانی ئامادەبووەوە، چەند خەڵاتێکی رێزلێنانیان پێشکەش بە ئیسماعیل بێشکچی کرد .. کە لە نێو خەڵاتەکاندا، نەخشـەیەکی رەنگینی کوردسـتانی گەورەی تێدا بوو .. بێشکچی گەشایەوە و زۆری پێخۆش بوو .. خۆشی نەخشەیەکی کوردستانی بە ڕەنگەکانی ئاڵای رەنگینی کوردستان، لە یەخەی خۆی هەڵواسی بوو .. سەمینارەکە سێ کاتژمێر و نیوی خایاند .
(تێبینی : لە وێنەکەدا لای راستەوە بۆ لای چەپ : ڤێمان : سەرۆکی یەکێتی خوێندکارانی کوردستان لە بێرگن، پارێزەر ـ رۆشن ئەسڵان ـ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری دەزگای زانیاری بێشکچی، رەزا شوان ـ سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد لە نەرویج ، د . ئیسماعیل بێشکچی، کومەڵناس و نووسەری تورک، دۆستێکی نزیک و دڵسۆزی کوردە، سەیدا محەمەد ـ رۆشنبیر)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست