وەڵامێک بۆ پرسیارەکەی ئەرشەد ساڵحی
Thursday, 04/06/2015, 16:17
رۆژی سێ شەممەی رابردوو ( ٢/ ٦/ ٢٠١٥) سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە کەرکوک ( ئەرشەد ساڵحی ) لە بارەگای بەرەکەیان لە شاری کەرکوک، بۆ میدیا و کەناڵەکان و هەندێ لە رۆژنامەنووسان .. دەربارەی کەرکوک وتی " متی کانت کرکوک جزءا من کوردستان حتی یتم اعادتە الی کوردستان الآن ؟ " وەرگێڕانی پرسییارەکەی بە زمانی کوردی : " کەی کەرکوک سەر بە کوردستان بووە تا لە ئێستادا بگەڕێنرێتەوە بۆ سەر کوردستان؟ "
ئەمە نە یەکەمین جارە و نە دوا جاریش دەبێت، کە ئەرشەد ساڵحی تۆرانی شەکری وا بشکێنێت .. پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەرشەد ساڵحی نە نوێنەری هەموو تورکمانەکانی کەرکوکە و نە شەکرشکاندنەکەشی گوزارشت لە را و لە بۆچوونی هەموو برا تورکمانەکانی کوردستان دەکات .
وادیارە ئەرشەد ساڵحی کابرایەکی نابەڵەد و گیلۆکەیە لە بارەی مێژووەوە .. یا ئەوەتا هەردەم بە چاوێلکەیەکی رەشی قین و رق و رەگەزپەرستییەوە لە کورد دەڕوانێت .. ئەو لە ئاستی کورد سوور دەزانێت کە ماست سپییە بەڵام ئەو دەڵێت رەشە ..؟!
چونکە گەر زەلامێکی مێژووخوێن بوایە و لە ئاستی بەڵگە مێژووییەکان و ئەو هەموو کتێب و گەشتنامانە و بیرەوەرییانەی کە ناڵێین لە لایەن کوردەوە نووسراون، بەڵکو لە لایەن مێژوونووس و رۆژهەڵاتناس و گەشتیارە بیانییەکان کە بێ لایەنییانە دەربارەی مێژوو و جوگرافیا و، رێژەی دانیشتوانی نەتەوە رەسەنەکانی کەرکوک نووسیویانە ..کە هەموویان هاوڕان و جەختیان لەسەر ئەم راستییە کردۆتەوە، کە کەرکوک پارێزگایەکی کوردستانیە و زۆربەیی دانیشوانەکەی کوردن .. بۆیە عوسمانییە تۆرانچییەکان و عەرەبە شۆڤێنییەکان بە پێی پلان و پیلانێکی نەخشەداڕێژراو، بۆ گۆڕینی توبۆگرافیای نەتەوەیی دەستیان بە تورککردن و بە بەعەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک کرد .. بەڵام تا ئەمڕۆش کورد زۆرینەی کەرکوکن و، هەڵبژاردنەکان ئەم راستییەیان دەرخست .
بە ئەرشەد ساڵحی دەڵێین بۆ وەڵامی پرسیارەکەت ، بڕۆ، لاپەڕە ( ٣٨٤٦) ی ( بەرگی پێنجەمی ) ی کتێبی ( قاموس الأعلام ) لە نووسینی زانا و مێیژوونووس و گەشتکاری ناسراوی تورکی ( سەمسەدین سامی ) بخوێنەوە کە لە ساڵی (١٨٩٦) دا لە شاری ئەستەمبوڵ چاپی کراوە .. کە بە ئەنسیکلۆپیدیای مێژوویی و جیۆگرافیایی و زانیاری دەوڵەتی ئیمپریالیزمی عوسمانی دادەنرێ .. شەمسەدین سامی خۆی وەک گەشتیار و مێژوونوووسێک سەردانی شاری کەرکوکی کردووە و، نووسیوێتی : " کەرکوک شارێکی کوردستانییە و سەر بە ولایەتی موسڵە و سێ لەسەر چواری دانیشتوانەکەی کوردە ئەو دواییەکەشی تورک و عەرەب و جوولەکە و کلدانین " ئەو کاتە ژمارەی کەرکوک ( ٣٠٠٠٠) هەزار کەس بووە، لەم ژمارەیە ( ٢٢٥٠٠) ی کورد بوون .
شەمسەدین سامی تورکە و کورد نییە، تا ئەرشەد ساڵحی ئەوە بکا بە بیانوو، بڵێت لایەنگیری کوردی کردووە .. بەڵکو راستییەکانی بە چاوی خۆی بینیون .
لە سەردەمی دەسەڵاتی میرەکانی ( ئەردەلان ) و، پاشاکانی ( بابانییەکان ) یشدا کەرکوک سەر بە کورستان بووە و مەڵبەندی شارەزوور بووە .. بە دەیان بەڵگە و راستی و گەواهی و مێژووییە هەن، کە کوردستانییەتی کەرکوک دەسەلمێنن .
من گومان لە رەسەنایەتی ئەرشەد ساڵحی دەکەم .. چونکە لە ناوچەی کەرکوکدا هۆزی ( ساڵەیی ) ی کورد هەیە و سالحی نییە، عوسمانییە تورکچییەکان و دوای ئەوانیش عەرەبە شۆڤێنییەکان لە تۆماری سەرژمێریی دانیشتوواندا، نایان نووسی (ساڵـەیی) بەڵکو بەبێ رازیبوون و بەبێ ئاگایی دەیان نووسی (سالحی) .. پێش سیاسەتی بە عەربکردنی خەڵکی بە زۆرداری، دەوڵەتی ئیمپریالیزمیی عوسمانی رەگەزپەرستیش بۆ گۆڕینی باری نەتەوەیی لە کەرکوکدا زۆر کەسییان بە زۆرداری بە تورک نووسی یا هەندێ کەس بە ناچاری و بۆ هەڵسوراندنی ژیان و بەرژەوەندییان خۆیان بە تورک دەنووسی .. بە دووری نازانم کە باپیرەی ئەرشەد ساڵحیش یەکێک بێ لەوانە و رەسەنی خۆی گوڕیبێ بە تورک .. ئەرشەد ساڵحیش لە ئەمڕۆدا نوکوڵی لە رەسەنایەتی خۆی بکا و دژایەتی کورد و کوردستانییەتی کەرکوک بکات.
یا ئەگەر تورکمانیشە، ئەوا باپیرەی یا باوکی لە پاشماوەی جەندرمەکانی عوسمانیە تۆرانچییەکانن و نامۆن . بۆیە ئێمەش لە ئەرشەد ساڵحی دەپرسین ئەی تۆ لە کەیەوە کەرکوکی .. تا بە ناوی تورکمانەکانەوە قسەبکەیت ؟! ئەو ناماقوڵییەش بکەیت و بڵێیت : " کەرکوک لە کەیەوە کوردستانییە تا لە ئیستادا بگێرێتەوە بۆ سەر کوردستان .."
دەربارەی (پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک) یش کە تۆ بە مافی تورکمانی دەزانی .. لە راستیدا ئەو پۆستە کورد بە دەنگەکانی خۆی بە دەستی هێنا و بۆ تورکمان دەستی لێ هەڵگرت .. ئەگینا بە پێی پوینتی دەنگەکانی تورکمان بێت ئەو پۆستەیان بەرناکەوێت .. چونکە کورد زۆرینەی کورسییەکانی کەرکوکی بە دەست هێنا. ئەمەو تورکمانەکان لە ئەنجامی ناکۆکیی نیوانیانی خۆیاندا، تا ئیستا نەیان توانیوە کە دەنگ لەسەر تورکمانێک بدەن بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە .. چونکە بەرەی تورکمانی بۆ تورانچییەک دەگەڕێت، کە تا سەر ئێسک دژایەتی کورد و خواستەکانی بکات ..؟!
بە ئەرشەد ساڵحی دەڵێن : گومان لەوەدا نییە کە کەرکوک کوردستانییە و هێڵی سوورە و هیچ کوردێک، لە هیچ کاتێکدا سازش لەسەر کورستانییەتی کەرکوک ناکات .. کەرکوک شارێکی پیرۆزی کوردستانە .. بە کوێرایی چاوی نەیاران و ناحەزانی کورد و کوردستان .. زووبێت یا درەنگ دەیگەڕێنینەوە بۆ باوشی کوردستان .. ئەمەش مافێکی کوردە و خواستی هەموو کوردێکە .. هەموو مافێکیش وەردەگيرێت ئەگەر خاوەن ماف دەستی لێ هەڵنەگرێت و، دوای بکەوێت و قوربانی بۆ بدات.
-------------------
ارشد الصالحي: متی کانت کرکوك جزءا من کوردستان؟
“متی کانت کرکوك جزءا من کوردستان حتی یتم اعادتە الی کوردستان الآن” هذا هو سٶال رئیس الجبهة الترکمانیة للـ(إخوان الکورد) کما یقول.
عقد بعد ظهر الیوم الثلاثاء الثاني من شهر حزیران الجاري ارشد الصالحي رئیس الجبهة الترکمانیة في مقر حزبە في شارع المحافظة مٶتمرا صحفیا.
اعلن الصالحي في المٶتمر ان کرکوك ینبغي ان یبقی في اطار العراق. وقال “انني اتسائل، متی کانت کرکوك جزءا من کوردستان حتی یتم اعادتە، انني ارید ان افهم من الاخوان الکورد متی کانت کرکوك جزءا من کوردستان؟”.
واشار ایضا الی انهم لایریدون الحدیث بخصوص هویة وجغرافیة الاماکن، لکن ان کان هناك طرف یتحدث عن کرکوك، فإن مٶیدیهم یطلبون منهم ان یتحدثوا عن اربیل.
وانتقد زیارة اعضاء الکتلة الترکمانیة في مجلس محافظة کرکوك الی برلمان کوردستان وذکر “انە مادام البرلمان العراقي باقیا لا ینبغي لهم زیارة برلمان کوردستان لایصال مشاکلهم”.
وبخصوص منصب رئیس مجلس المحافظة، اکد الصالحي علی ان “ذلك المنصب من حق القومیة الترکمانیة، لکن الکورد تأخروا في اعادتە”.
وانتقد مٶیدي الاتحاد الوطني الکوردستاني بأنهم اطلقوا النار في الهواء في یوم تأسیس حزبهم في الایام القلیلة الماضیة عند مرورهم امام مقرهم.
یأتي حدیث رئیس الجبهة الترکمانیة حول مصیر کرکوك اداریا، في الوقت الذي تحاول ادارة المحافظة ربط کرکوك بإقلیم کوردستان اقتصادیا، وذلك بتصدیر النفط عن طریق الاقلیم واستلام المیزانیة وعائدات النفط من الاقلیم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست