کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هیچ كه‌سێك نوێنه‌رى من نیه‌

Thursday, 09/12/2010, 12:00



له‌ په‌راوێزى هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌رانى كۆنگره‌ى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان

پێم وایه‌ هیچ خۆ به‌ زل زانین و هیچ عه‌نته‌ریاتێكى تێیدا نیه‌ گه‌ر بڵێم ئیمرۆ له‌ هه‌ڵبژاردنى ده‌ست نیشان كردنى نوێنه‌رانى كۆنگره‌ى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان له‌ هه‌ولێر ده‌نگم به‌ هیچ له‌و كاندیدانه‌ نه‌دا كه‌ ده‌ست نیشان كرابوون بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگیان پێبده‌م , چونكه‌ پێم وایه‌ خۆ كاندیدكردن وخۆ پاڵاوتن بۆ هه‌ر كایه‌ك مافى هه‌موو هاوڵاتیه‌كه‌ ناخاسمه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ به‌بێ فه‌رز كردن وپاڵپشتى كردنى هیچ كه‌س و گروپ و لایه‌نیك كار بۆ ئه‌وه‌ بكات له‌ رێگاى كۆنگره‌ یا له‌ رێگاى هه‌ر چالاكیه‌كى دیموكراتى بگاته‌ ئه‌و مه‌به‌سته‌ى كه‌ هه‌وڵى بۆ ده‌دات , ده‌نگ دان لاى من ئه‌و ئازادیه‌ ره‌هایه‌یه‌ كه‌بێجگه‌ له‌ویست وخواستى خۆم هیچ كه‌سێكى تر ناتوانێت ئه‌گه‌ر موڵكى هه‌موو دونیام پێببه‌خشێت بۆ ته‌نها ساتیكیش ویستى هیچ كه‌سێكى ترم له‌سه‌ر فه‌رز بكات , وه‌لێ له‌ هه‌ر پرۆسه‌یه‌كى دیموكراتیش وه‌ك دیارده‌یه‌كى ئاسایی هه‌موو كه‌سێك مافى خۆ پاڵاوتنى هه‌یه‌ به‌ڵام كاتێك ده‌ستگایه‌كى گه‌وره‌ به‌چه‌ند رۆژێك كاندیده‌كانى خۆى له‌سه‌ر حسێبى ماندووبوونى ئه‌م وئه‌و ده‌ست نیشان ده‌كات و به‌ هه‌موو شێوازكیش كار بۆ ئه‌و ده‌كات فه‌رزى ئه‌و واقیعه‌ نادیموكراتیه‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ى كاندیده‌كانى بگه‌نه‌ كۆنگره‌ى سه‌ندیكایه‌ك كه‌ تا ئێستا له‌ناوچه‌كه‌ جۆره‌ شازیه‌كى زۆر سه‌رسورهێنه‌رى تێدا به‌دى ده‌كرێت كه‌ ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ زۆرى وبۆرى به‌ناو رۆژنامه‌نووسان و ئه‌و جۆره‌ به‌ره‌ییه‌ى كه‌ هه‌موو حزبێك نوێنه‌رى خۆى تێدا هه‌یه‌ به‌بێ ره‌چاوكردنى كارى پیشه‌یى وئه‌زموون گه‌رى و لێهاتوویى .
من تێناگه‌م بۆچى ده‌بێت سه‌ندیكاى هه‌رێمێكى چوار پارێزگایى پێنج هه‌زار ئه‌ندامى هه‌بێت , پاشان منیش وه‌ك زۆرێك له‌وانه‌ى كه‌ ده‌مێكه‌ له‌ بازنه‌ى گه‌ران به‌دواى ئه‌م وه‌ڵامه‌ ده‌سورێنه‌وه‌ ده‌پرسم كێ رۆژنامه‌نووسه‌ ؟ ئایه‌ به‌ كه‌سێك ده‌گوترێت رۆژنامه‌نووس له‌ ژیانى دا دێرێكى نه‌نووسیبێت یا راپۆرتێكى رۆژنامه‌نوسى ئه‌نجام نه‌دابێت ؟ من نازانم ئه‌وه‌ى ناسنامه‌ى رۆژنامه‌نوسانى به‌ نوسراوى ده‌ستگاكه‌ى له‌ گیرفان كرد ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ؟ یا به‌و كه‌سه‌ ده‌گوترێت رۆژنامه‌نووس ته‌نها پیشه‌ى كار كردن بێت له‌ میدیایه‌ك ؟ یا ئه‌گه‌ر جه‌ناتایه‌ك و قات وریباتێكى سوڵتانت له‌ به‌ر كرد رۆژنامه‌نووسى دیاره‌ ئه‌م پرسیارانه‌و كۆمه‌ڵێك پرسیارى تر ده‌مێكه‌ له‌ هه‌زرو خه‌یاڵم ده‌سورێته‌وه‌ به‌ڵام دڵنیام وه‌ڵام دانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیارانه‌ى كه‌ من مه‌به‌ستمه‌ رووبه‌رووى ئاماده‌كارانى كۆنگره‌ى رۆژنامه‌نووسانى بكه‌م هیچ وه‌ڵامێكى نابێت چونكه‌ پێم وایه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ به‌یانى خیتامیش ئاماده‌ كراوه‌ كه‌سه‌كانیش ده‌ست نیشان كراوون تا چه‌ند ساڵێكى تریش به‌ هه‌مان شێوه‌ى ئه‌م جاره‌ هه‌ڵبژاردنى كاندیه‌كانى پرۆسه‌یه‌كى سه‌قه‌تمان بۆ به‌رێوه‌ ببه‌ن .
به‌ هه‌ر حاڵ ئیمرۆ زۆر زۆر ئاسوده‌م كه‌ ده‌نگم به‌و كه‌سانه‌ نه‌دا كه‌ چاوه‌رێى ئه‌و بوون به‌ چه‌پڵه‌ لێدان ده‌ربچن له‌م رۆوه‌ش بریارم داوه‌ له‌ هه‌موو پرۆسه‌یه‌كى دیموكراتى گه‌ر شه‌ره‌فى ده‌نگ دانم پێ به‌خشرا ئه‌و ده‌نگى من یا سپى وه‌ك كاغه‌زه‌ یا بۆ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵقوڵاوى ئێش وئازاره‌كانى جه‌ماوه‌ره‌ نه‌وه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ تاقه‌تى نیه‌ وه‌ڵامى سه‌لامیش بداته‌وه‌ ...


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە