خۆپیشاندانی گەلانی عێراق وشەپۆلی گۆڕانكارییەكان
Wednesday, 18/12/2019, 23:20
عێراق و ناوچەكە ماوەیەكی دورو درێژە بۆتە گۆڕەپانی تاقیكردنەوەی ململانێ ناوچەیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەكان، ئەمەش بەداخەوە بەردەوام بۆتە هۆكاری دواكەوتن و شەڕو ماڵوێرانی و كوشتارو خوێن ڕشتن و ئاوارەیی و دەر بەدەری و دواكەوتن و نا ئارامی ، ئەمەش دواجار ئەبێتە هۆی لەدەسدانی دەستكەوتەكان و گەشەنەكردن و دواكەوتنی بەردەوام ڕۆژ دوای ڕۆژ گەڕانەوە بۆ دواوە .
ئەوەی ئێستا لە عیراق و ووڵاتانی دراوسێ ڕووئەدات ئەكرێت ژانی لەدایك بوونێكی نوێ بێت وە لە هەمانكاتدا وانەیەك بێت بۆ ئەو بەرپرس و كاربەدەستانەی كە ماوەی نزیكەی چارەكە سەدەیەكە نەیان توانیوە لە ووڵاتێكی دەوڵەمەندی وەك عێراقدا خزمەتێكی بەرچاو و شایستەی هاووڵاتیەكانی خۆیان بكەن تەنانەت لەم سەردەمی پێشكەوتن و گەشەكردنی بارزگانی و داهێنانەدا نەتواندراوە هاووڵاتیان بەمافەسەرەتاییەكانیان شاد بن لەم سەدەی بیست و یەكەدا كە سەدەی داهێنان و پێشكەوتن و نەمانی سنورەكانە لە ووڵاتێكی دەوڵمەندی وەك عێراقدا هاووڵاتیان ئەناڵنن بەدەست هەژاری و بێكارییەوە و تەنانەت سوتەمەنی و ئاو كارەبایان نیە لە كاتێكدا ئەمە بەشی هاوولاتیانی عێراقە بەڵام بەرپرسەكانیان لە ژیانێكی زۆر جیاوازدا ژیان بەسەر ئەبەن سەركردەكان و بەرپرسەكان لە ئاسمان و هاوڵاتیانیش ڕەش و ڕووتی سەر شەقامەكانن و زستانان لەسەرما هەڵئەلەرزن و هاوینان لە گەرماو تەپوتۆز و ئارەقدا ژیان بەسەر ئەبەن حكومەتێك نەتوانێ كارەبا دابین بكات و سوتەمەنی نەبێت و لاوانی بێكاربن و دەرچوانی زانكۆ پەیمانگاكان ئاسۆیەكی ڕونیان نەبێت و لااوانی ببنە خۆراكی ماسیە كانی دەریاكان و ئاوارەی كەمپی ووڵاتان بن یان لە ووڵاتی خۆیان هەر ڕۆژەی وەیشومەیەك بەرۆكیان بگرێت ژیانیان لەمەترسیدابێت و هیچ هیوایەكیان نەبێت بۆ ژیان هەر ڕۆژەی گروپێكی تیرۆرستی و چەكی نوێی ووڵاتانیان بەسەردا تاقیبكرێتەوە دایكان و باوكانیان جەرگ سوتاو بكرێن و خوشكان بێ برابكرێن و ئافرەتان بیوەژن بكرێن و مناڵانیان بێ باوك بكرێن ئەمە ئەو دیمەنانەن كە بەردەوام لەم ووڵاتەدا ئەیانبینین و ڕۆژانە كارەساتی نەخوازراو دوودبارە ئەبێتەوە.
لە دوای سالی 2003 وە و ڕوخانی ڕژێمی دكتاتۆری پێشو كاتێك پرۆسەی هەڵبژاردنەكان دێتەپێش و كاتی بانگەشە دەست پێدەكات سەدان بەڵێن و دروشمی بریقەدار ئەبیستین و ئەبینین بەڵام بەداخەوە دوای دەرچونیان و چونیان بۆ سەر كورسی دەسەڵات نەك بەڵێنەكانیان نابەنەسەر بەڵكو ڕۆژ بەڕۆژ ووڵات توشی قەریان و داڕمان و ماڵوێرانی زیاتر ئەبێت .
ئەو بارو دۆخەی كە ئێستا لە ناوەڕاست و خواروی عێراق هەیە پەیامێكە بۆ سەر جەم حیزب و دەسەڵاتداران و بەرپرسان و پێیان ئەلێن كە جام پڕ بوولێی ئەڕژێت .
وەك پێشینان ئەڵێن هەموو شتێك لە باریكدا ئەپسێت بەڵام ستەم لە بەهێزیدا لەناو ئەچێت، بەداخەوە ئەوەی لەم ووڵاتەدا ڕوو ئەدات ئەگەر بڵێن شێوەی نیە یان كەمە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم ووڵاتە بەرەو دواوە ئەگەڕێتەوە و ئاسۆ و ئایندە و داهاتووی دیارنیە، ئەم ووڵاتە ئارامی و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت، هۆكاری ئەم بارو دۆخە نە خوازراوانەش ئەگەرچی سیاسەت و بەرژەوەندی ووڵاتانی زلهێزە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان و دروستكردنی بازاڕو شەڕە بۆ تاقیكردنەوەی چەكەكانیان لەسەر خاكی ئەم ووڵاتانەو سوتەمەنیەكەشی هاووڵاتیانی بەش مەینەتی ئەم ناو چەیەن دواجار جۆرێكیترە لە داگیركاری بەشێوازێكی نوێ و بەتاڵانبردنی داهات و بەروبوومی ووڵاتان خۆیان بەڕاستەو خۆیی و ناڕاستەو خۆیی وێرانی ئەكەن و دواتر بەناوی جۆراو جۆرەوە دێنە مەیدانەكە بەناوی سەقامگیركردنی ئاشتی و كۆتایی هیًنان بەشەڕ ئەم ووڵاتانە ئەكەنە پێگەی خۆیان و تا چەندان ساڵیتر داهات و دەرامەت و تواناكانی بۆ خۆیان ئەبەن ئەمە لە لایەك لە لایەكیتریشەوە نابێت ئەوەش نادیدە بگرین كە، كاربەدەستان و بەرپرسانیش تاوانبارن بەوەی كە لە پێناو مانەوەی كورسی دەسەڵاتیان ئامادەن گەل و ووڵاتیان بكەنە قوربانی كۆتایەكەشی هەروایە لە پێشدا ووڵات وێران ئەكەن و گەل لەناو ئەبەن دواجار خۆشیان ئەبن بەپەندی زەمانەو نمونەكانی وەك صدام حسین و علی عبدالله صاڵح و قەزافی هاوشێوەكانیان نمونەن ، گرفتەكە لەوەدایە هێشتا یاری ووڵاتانی زلهێز لە سەر داهاتی ووڵاتان و كە سووتەمەنیەكەی گەلانی ناوچەكەن تەواو نەبوە .
ئەم خۆپیشاندانەی كە ئێستا لە عێراق و هەندێك ووڵاتیتردا هەیە هیوادارین سەرەتای بەئاگاهاتن و هوشیاربونەوەی گەلانی ناو چەكەبێت و كۆتایی بەم جۆرە سیستەمەی دەسەلات بهێن و حكومەت ببێتە حكومەتی هاووڵاتیان ئەجیندای كاری خزمەتی هاووڵاتیان و ووڵاتبێ سەرەتای لێپرسینەوەی گەندەڵكاران بێت لەلایەن هاووڵاتیانەوە كۆتایی بەنەهامەتیەكانی گەلانی عێراق و ناو چەكەبێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست