کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ هەموو ئەوانەی خۆپیشاندان ئەکەن

Thursday, 10/03/2011, 12:00




خۆپیشاندان لە ئەنجامی کۆمەڵێک ناعەدالەتی وزوڵم وزۆرو بێ مافی ئەنجام دەدرێ.لەهەرشوێنێک دزی وگەندەڵی وچەوسانەوە هەبێت ، لەوێ ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان سەرهەڵدەدات.
دیارە کۆمەڵگای کوردی بە درێژایی مێژوو،لە ژێر ستەمی یەک لە دوای یەکی ڕژێمەکاندا،بێ بەش نەبووە لە خۆپیشاندان.لە بیرەوری هەر نەوەیەکدا خەرمانێک بیرەوەری هەیە،کە نەبەردی خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆ دەمانباتەوە سەر ئەم بیرەوەریانە. نەوەی ئێمە لە ساڵەکانی ١٩٨٠ دا، کە لە تەمەنی گەنجەکانی ئەمڕۆی مەیدانی ئازادی بووین،هەر لەم شاری سلێمانیەو لە گەڕەکی (خەبات) دا، شەوانە لەبەر دەرکی دوکانێک یان ڕۆشنایی گڵۆپی دارتەلێکی کوچەو کۆڵانی گەڕەک کۆ دەبووینەوە.
زۆربەی جارەکان،خۆپیشاندانەکانمان بەوە دەستی پێدەکرد،کە دەرگای مزگەوتێکی نزیکمان بە مجێوری مزگەوتەکە دەکردەوە ، بە پەلە کاسێتی سرودی لە بابەتی " ئەی شەهیدان" نمان ئەخستە بەردەم مایکرۆفۆن و بڵندگۆی مزگەوتەکەوبەرە بەرە خەڵک کۆئەبوونەوە. دوای ئەوەی ژمارەمان زۆر دەبوو،بە چەپڵە ڕێزان و دروشم ووتنەوەدا ڕوومان دەکردە مەخفەرەکەی سەرشەقام، لەو دروشمانەی کە تائەمڕۆش لە بیرمە :-

چیتان دەوێ سەربگرێ
ئەم ڕژێمە لاببرێ !
تانک وتۆپ وتەیارە
دەرمان ناکا لەم شارە !
بژی گەل هێزی گەل
حوکم ڕانێتی بۆ گەل !

زۆربەی شەوانیش پیکاب وشۆفەرلێتەکانی (مولازم موحسین) و(نەقیب مەدحەد) لە دوورەو تەقەیان ئەکرد بەسەرماناو بڵاوەیان پێ ئەکردین. ئێستاش وەکو ئەوەی شەبەحی چەکدارەکانی دوێنێ ی بەعس هەر لەشار مابن،لە ژێر سایەی حکومەتی کوردی تەقە نەک بە ئاسمانا بەڵکو بە قەناس نیشان دەگرن لە سەرو دڵی خۆپیشاندەران بە گشتی وگەنجان بە تایبەتی.
بەر لە ڕاپەرینی ١٩٩١دا ، دەموچاوەکان و کەسایەتیەکانی نێو پێکهاتەی ئەم دەسەڵاتە کوردیە لە کەرەج و تاران وخێمەکانی سنوور کەوتبوون ! کە ڕاپەڕین ڕووی داو جەماوەری کوردستان دەسەلاتی بەعسی ڕاماڵی ، ئەم دەستەو تاقمە بۆشایی سیاسی و دەسەڵاتیان قۆزتەوەو بوون بە میراتگری نەک تەنیا حوکمڕانێتی ، بەڵکو بوون بە میراتگری ئەوهەموو جەورو ستەمەی بەعس دەیکرد دژ بە جەماوەری کوردستان.

هێشتا ساڵێک بە سەر حوکمڕانێتی ئەوان تێنەپەڕیبوو، هێشتا ئەوان هەرلەبەغدا خەریکی ماچ وموچی لاملی سەدام وعەلی کیمیاوی بوون ، کە خەڵک ڕاپەڕینی دووەمی دژ بەعس دەست پێکردو ئەم دەسەڵاتەش کاری ئەوە بوو لە جیاتی بەعس دژی جەماوەر بدوێ . یەکەم سوکایەتی دەسەڵاتی کوردی لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە ناوناتۆرەیان بۆ جەماوەر دروست کردو بە جەماوەریان ووت " تابوری پێنچ "، ئەمڕۆش هەر ئەم دەسەڵاتە وەکو ئەوەی مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە، بەدەر لەگولەو سەرکوتی خوێناوی، لە زمانی مەلایەکی کەلەپوتی وەک مەلابەشیر جەماوەری کوردستان بە (خەواریج) ناوزەد دەکا.
سوکایەتی ئەم دەسەڵاتە دژ بەخەڵکی کوردستان مەودایەکی فراوانی هەیە ، کە تەنیا تاڵانی سیستەمی سیاسی و تاڵانی سەروەت وسامانی ئەم میلەتە ناتوانی شەرحی هەمووی بکا ! سوکایەتی ئەوان درێژ دەبیتەوە بۆ وێران کردنی بەهای کۆمەلایەتی و کەسایەتی و ڕێزی مرۆڤەکانی کۆمەڵگە ، بیست ساڵە لەگەڵ ئەم سوکایەتیە ژیانمان بەڕێ کردو چاوەڕێ ی دەرفەتێک بووین کۆتاییەک بۆ ئەم سوکایتیە دابنێین ، ئەمڕۆ شۆڕشەکانی ناوچەکە دوا لاپەڕەی حوکمڕانێتی ئێوەی نزیک کردەوەو دەنگێک لە سلێمانیەوە وەک گەواڵە لە ئاسمانی هەموو شارو شارۆچکەیەکی کوردستان چاونەترسانە دەگرمێنێ :
قوڕتان بەسەر گەندەڵکاران ئێوە عەقڵتان زۆر سووکە
نەوەی نوێ لە مەیدانە و شۆڕشی فەیس بووکە !
 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە