حکوومەتی هەرێمی ئێران و تورکیا
Wednesday, 04/03/2009, 12:00
ماوەیەکە زۆربەی هاوسەنگییە سیاسیەکانی هەرێم و جیهان، سەرەڕای سووربوونی گەلێک لایەن لە سەر ئارمانجەکانیان، گۆڕانێکی زۆریان بە سەر هاتووە. ئەگەر بڵێین کە ئەم بابەتە هەموو سەرچاوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایانەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەگرێت، لەوانەیە ئەم هێزە لەوەندەی کە هەیە گەورەتر بزانین و بە هەڵە دا بچین و ئەو فاکتەرانەی دیکەی کە خاوەن کاریگەرییەکی تایبەتن لە بیر بکەین و ئەمریکا وەک هیزێک ناوزەد بکەین کە رۆڵی ناوەندی هەیە و سەرچاوەی هەموو رووداوەکان لە ئەمڕۆ و داهاتوو دا ئەمریکا لە قەڵەم بدەین. هەر چەندە کە ئەم وڵاتە و هێزە سیاسی و ئابووری و سەربازییەکەی و هێڵە ئایدۆلۆژییەکەی کاریگەری تایبەتیان لە سەر هاوسەنگیەکان و رووداوەکانی جیهان هەیە، بەڵام سەرەڕای ویستی ئەمریکا بۆ بەناوەند کردنی سیستەمەکەی خۆی لە جیهان دا، ئەوەندەی کە شیمانە دەکرێت ئەم پیلانە سەرکەوتوو نەبووە و ئەگەری سەرکەوتووبوونی ئەمریکا بە رێگای ئەم هەڵبژاردنانە و هاتنە سەرکاری مرۆڤێکی خاوەن سێ ناو و هەزار روو، جارێ شیمانە ناکرێت.
باس لە سەر هەڵویست و سیاسەتەکانی قۆناخی دوایی حکومەتی هەرێمی گۆیا کوردستانە و هۆکاری پێوەندییەکانی ئەم دوایانەی حکوومەت لە تەک دەوڵەتانی دراوسێیە کە هەرچەندە هەندێک بواری ئاسایی هەیە، بەڵام زۆر خاڵی نائاسایی تری لە سەر زاڵە. بۆ وێنە سازدانی چەند دیداری زۆر بە پەلە و بەدوای یەکدا لە گەڵ ئێران، باس و گفتگۆیەکی زۆری لە رای گشتیدا هێناوەتە ئاراوە. هاتنی مەنوچیهری موتەکی بۆ باشووری کوردستان و چوونی مام جەلال بۆ تاران و ئامادەکاری بۆ هاتنی هاشمی رەفسەنجانی بۆ باشووری کوردستان، لە ماوەیەکی کەمتر لە یەک مانگ، ئاستی ئاسایی ئەم دیدار و پێوەندییانە تێپەڕ دەکات و گومانگەلێکی زۆر لە مێشکدا ساز دەکات. هەر چەندە پێوەندییەکانی ئەم دواییانەی حکوومەتی هەرێم لە گەڵ رژێمی فاشیستی تورکیا پرس و گومان و شیمانەی مەترسیدارتر بەدی دێنێ، بەڵام لەم نوسراوەدا دەمانهەوێ باس لە چەند هۆکاری سەرەکە لە پێوەندییەکانی نێوان ئێران و حکوومەتی هەرێم دا بکەین. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە لە لایەن دەوڵەتانی دراوسێوە قەبووڵ نەکراوە و هەتا ئێستاش و لە داهاتووشدا، جیا لە هەندێک نزیک بوونی تاکتیکی، قەبووڵ ناکرێت. بەڵام ئاستی جیهانی رەنگدانەوەی پرسی کورد، پیلان و پرۆژەی زۆر دەوڵەت و هێزی دەرەکە وەک ئەمریکا، ئینگلیز، ئیسرائیل و .... لە سەر ئەم هەرێمە و هەروەها کراوە بوونی عەقلییەت و کەسایەتی بەرژەوەندی خواز و تەسلیمکاری لایەنە زاڵەکانی باشووری کوردستان بۆ بەکارهێنان، هەر لە کۆنەوە بۆتە هۆکاری سازبوونی هەندێک پێوەندی تاکتیکی نێوان YNK و PDK لە گەڵ ئەم دەوڵەتانە. بەم هۆکارەیە کە کاتێک بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم دیداری فەرمی لە تەک ئەم دەوڵەتانە سازدەکەن، مافی هەڵاوەسینی ئاڵای حکوومەتەکەیان لە پێش شاشەی کامێراکانیان نییە لە ئێران و تورکیا.
ئەم رووداوانەی دوایی و بە تایبەتی پاش هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئۆباما و پێشخستنی سیاسەتی نوێی خۆیان و نزیک بوونەوەی زیاتر لە ئێران و بەرێوەبردنی سیاسەتێکی ناسکتر لە جاران و هەروەها بەرەو پاش هەنگاونانەوەی ئەمریکا لە هەندیک بابەت لە بەرامبەر ئێران و لێک کردنیان لە سەر زۆر بابەتی تر، بۆ رژێمی ئێران زەمینێکی باشتر لە جارانی ئامادە کرد تا لە رۆژهەڵاتی ناڤین دا ئارمانجەکانی پێک بێنێ. حکوومەتی هەرێم بە دیتنی ئەم رووداوانە و بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە زیاتر لە سی هەزار سەربازی خۆی لە عێراق دەکێشێتەوە، کەوتنە ناو دڵەڕاوکەیەک کە ئیدی پشتیوانی دەرەکییان نەماوە و لازمە لە گەڵ دەوڵەتانی دراوسێ ـ بۆ ئەوەی حکوومەتەکەیان لێ نەستێننەوە ـ بکەونە ناو پێوەندییەکی چڕ و پڕ و مەیدان پێدان بەم دەوڵەتانە.
هاوکات گوشارەکانی حکوومەتی ناوەندی عێراق بۆ سەر حکوومەتی هەرێم و هەوڵدان بۆ زیاتر ناوەندی کردنەوەی حکوومەتی عێراق و پووچەڵ کردنەوەی ناوەرۆکی فیدراڵی ئەم حکوومەتە، یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ئەم پێوەندیانەیە. لەم خاڵەش دا کە بە بێ هیچ گومانێک دەستی رژێمەکانی ئێران و تورکیای تێدایە، ئەم رژێمانە گەیشتنە ئارمانجەکانیان و بە تایبەتی نەیانهێشت کە رێفراندۆمی کەرکوک بکرێت و بە چەند تەقێنەوە لە شارە کوردنشینەکان و زیاد کردنی گوشارە سیاسیەکانیان بۆ سەر حکوومەت، توانیان هەتا ئاستێک حکوومەتی هەرێم تەسلیم وەرگرن و ئەمجارەیان نەک پێیان خۆش نییە حکوومەت هەڵوەشێنن بەڵکوو دەیانهەوێ هەرێمی باشووری کوردستان، بە شێوەی دەوڵەتێکی بچووک لە بەرامبەر ئەمریکا و بە تایبەتی لە بەرامبەر کوردان و بزاڤە کوردییەکان بەکار بهێنن، کە هەڵبەت ملکەچی و ناسیاسی بوونی دەسەڵاتدارانی باشوور، کارهاسانی بۆ ئەم سیاسەتانە کرد.
یەک لە کێشە سەرەکیەکانی تورکیا و ئێران، پرسی کورد و هەبوونی دوو هێزی گەورەی کوردی وەک PKK و PJAK ە کە بە هەر شێوازێک خوازیاری لە ناوبردنی ئەم پارتیانەن. بەڵام ناتوانن ئەم کارە بە بێ بەکارهێنانی کوردان پێک بێنن و بە تایبەتی یەک لەو خاڵانەی کە ئێران و ئەمریکا، لێکیان کردووە، بابەتی کوردە. بۆیە لە هەموو دانیشتنەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و ئێران و تورکیا، مژاری هەرە سەرەکە، شەڕ لە گەڵ PKK و PJAK ە. حکوومەتی هەرێمی بە سازدانی رێورەسمی ساڵیادی هاتنە سەرکاری کۆماری ئێسلامی لە هەولێر و لە دارخستنی کۆنفرانسی دژە کوردی ئابانت، گلۆپی سەوزی رەزایەتی بۆ ئەم دەوڵەتانە نیشان داوە. هەر چەندە کە حکوومەتی هەرێم ئەم بابەتە بە باشی دەزانی کە توانای بەڕێوە بردنی شەڕی چەکداری لە تەک PKK و PJAK نییە بەڵام رێگای لە بەردەم ئەم دەوڵەتانە کردۆتەوە تا پیلانەکانیان لە دژی کوردستان پێک بێنن. هەروەک چۆن ئەم دەوڵەتانە و بە تایبەتی رژێمی ئێران هەتا ئێستاش شەڕی خۆیان لە بەرامبەر ئەمریکا، لە عێراق بەڕێوە دەبەن، ئەمجارەیان بە دەستی کورد هەوڵی ئاسیمیلە کردنی کوردان دەدەن و خاکی کوردستان بۆ شەڕ لە گەڵ کورد بە کاردەهێنن کە نموونەی ئەم بابەتانە پرۆپاگەندە و رێکلامی پیلان و سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی رژێمی ئێران و تورکیا و دانە قەبووڵ کردنی ئەم پیلانانەیە بە کوردانە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی.
قسەکانی مام جەلال لە سەر TRT6 و رێکلامەکەی لە سەر تیڤیەکانی باشوور و ئیزنی کردنەوەی ناوەندی ئیستخباراتی ئێران لە ژێر ناوی هەندیک ناوەندی گۆیا کولتووری و لەهەموان گرنگتر بەستنی پەیمانی سێ قۆڵی لە نێوان تورکیا ـ حکوومەتی هەرێم ـ ئەمریکا، لە دژی کورد و بزاڤی رزگاری خوازی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی PKK و PJAKە. فڕۆکە سیخوڕیەکانی ئەمریکا بۆ سەر هەرێمی قەندیل لە هەولێرە و شیمانەی ئەوە دەکرێـت کە فڕۆکە 16F ەکانی تورکیاش جارجار لە هەولێرەوە بەرەو قەندیل بفڕن. تەنانەت زۆر بەڵگە و بابەتی جیا هەیە کە دەستی حکوومەتی هەرێم لە راپۆرتی وەزارتی خەزێنەداری ئەمریکا لە مەڕ تیرۆریست ناوزەدکردنی PJAK هەبێ، کە هەڵبەت ئەمجارەیان ناراستەوخۆ و بە دەستی هەندێک لایەنی بەناو کوردی کە گۆیا لە بەرامبەر رژێمی ئێران شەڕ دەکەن و بە تایبەتی کەسایەتی وەک هیجری و موهتەدی کە بەبێ حکوومەتی هەرێم ئیزنی ئاو خواردنەوەیان نیە، لەم بابەتە دا بەشداری دەکەن.
ئەم بابەتانە لەم قۆناخەدا زۆر بەرچاو و ئاشکرا بوون و مەترسی زۆر گەورەتر لە بەردەم هەرێمی باشووری کوردستان هەیە. لە بەر ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێدی هێدی دەبێتە حکوومەتی هەرێمی ئێران و تورکیا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست