وەزیرى كار... حكومەت مەكە شەرمەزار
Saturday, 24/11/2012, 12:00
وەزارەتى كارو كاروبارى كۆمەڵایەتى مەعنیە بەبەدەنگەوە هاتنى كێشەو گرفت و ناڕەوایى وناهەقیەكانى هاوڵاتیان و ئاوڕدانەوە لەكەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت و، باشتركردنى ژیان وگوزەرانیان و پڕكردنەوەى ئەو بۆشایەى لەئەنجامى كەم ئەندام بون و لەدەست دانى جەستەیان توشیان بووە ئەركى هەرە سەرەكى ئەوانە،،كە دڵنیام بەشێكى زۆرى ئەوكەسانە بەهۆى شەڕى نەفرەت لێكراوى ناخۆ یان بەهۆى مین و تەقەمەنیە وایان بەسەرهاتوە و ئێستا لە هەموو داراى دونیاو لەوهەموو پارەو پول و خێر وبێرەى بەسەر دەسەڵاتداران و وەزیر و مەسئولەكاندا رژاوە ئەوان تەنها بونەتە خاوەنى عەرەبانەیەكى كەم ئەندامى یان دارشەقێك یان سەماعەیەكى گوێچكە ،یان موچەیەكى چەند هەزاردینارى. هەموو دەزانین كە ئەو كەسانە وەكو مرۆڤى ئاسایى ناتوانن هەڵسوكەوت بكەن و بەكارو پیشەیەكەوە خۆیان سەرقاڵ بكەن و بژێوى و داهات و درامەتیان دابین بكەن، بۆیە پێویستە لەسەر حكومەت و وەزارەتى كارو كاروبارى كۆمەڵایەتى لەهەمو رویەكەوە هەوڵى بەدیهێنانى پێداویستى و داواو خواستە كانیان لەبەرچاو بگرێت و دابینكردنى تەواوى خواستەكانیان بكاتە ئەولەویەتى كارەكانى ،ئەوەش مافێكى سەرەتایى و سروشتى خۆیانە و بچوكترین داواكاریشە.
من تێناگەم ولەم بێخەمیەى وەزیرى كارو وەزارەتەكەى سەرم سوڕماوە. ئەوەتا ماوەیەى چەند رۆژێكە كۆمەڵێك كەم ئەندامى هەژار و كەم درامەت وبێبەش لەهەموو خۆشیەكى ژیان چونەتە بەردەم نوسینگەى پەرلەمان لەشارى سلێمانى و بۆ بەدیهێنانى داواو مافەكانیان مانیان لەخواردن گرتوەو و رەوشى ژیانیشیان بەهۆى ناتەواوى جەستەیانەوە زۆر ناجێگیرەو بەرەو خراپتریش دەچێت، سەیرەكە لەوەدایە تاكو ئێستا هیچ كەس و لایەنێك بەسەرینەكردونەتەوە و نەچوە بەلایانەوە تا گوێ لەداواو خواست وگلەیى و نەهامەتیەكانیان بگرێت، خۆشتر بوو هەر بۆ راگەیاندن و بەرزكردنەوەى سومعەى حكومەتە ساواكەمان كەسێكى مەعنى لەوەزارەتى ناوبراو یان پەرلەمان سەردانى بكردنایەو بەدرۆشەوەبوایە وەكو قەولە درۆكانیان دڵى خۆشكردنایەو بیوتایە داواكارى و خواستەكانتان دەگەیەنمە سەرو خۆم. بەڵام لەبەر ئەوەى ئەومانگرتوانە كەسانى ئاسایى نین ولەپێش چاوى ئەوان بەڕێز و قەدر و گەورە تەماشا ناكرێت هیچ كەسێك باكى پێیان نیە ،ئەوەتا بەسەرما و برسیەتى لەو شوێنە كەوتون و كەسێك ئاوڕێكى بەخێریان لێ ناداتەوە، تاكە فەرمانبەرێكى وەزارەتى كاریش ئامادە نیە بۆ چەند ساتێكیش گوێ بۆ راز گلەیى و خەمەكانیان شل بكات. تەنها جار جارە راگەیاندنى وەزارەت یەك دوو قسەو بەڵێنى كۆن و سواو مەستیان ئەكات و هیچى تر، وەزیریش كە چەند باسیدەكەن وبەشان وباڵیدا هەڵدەدەن و لەرێى وێنەو سایتى وەزارەتەوە چەندین وێنەى جۆراوجۆرى بڵاودەكەنەوە كە ئامێزى بۆكەم ئەندامێك كردۆتەوە ،یان فرمیسكى تیمساحى بۆ خێزانێكى كەم ئەندام دەڕێژێت ،یان هێندە سادە وساكار خۆى دەنوێنێت پاڵ بەعەرەبانەى كەم ئەندامێكەوە دەنێت، لەگەڵ كۆمەڵێك خاوەن پێداویستیدا نان دەخوات ئەمانە هەمووى دەركەوت كە تەمسیل و خۆنواندن و خۆبردنە پێشەوەبون، بۆخاترى ئەوەى لە هەڵبژاردنیدا بۆ دووساڵى دیكە شوێن پێى خۆى قایم و مەحكەم بكات بەو هۆیەش هەست وسۆزى ئەو توێژە بەلاى خۆیدا رابكێشێت،هەرواش بوو دوبارە كاندیكردنەوەى وەزیر بەهەوڵ و هیمەت و تەقەلاى تەواوى كەم ئەندامان بوو ،كەم ئەندامان بوون لەسەر دەسەلات كردیانە فشار كە دەبێت ئەو ژنە لەو پۆستەدا بمێنێتەوە ئەو قسەى من نیە قسەى وەزیر خۆیەتى و قسەى وتەبێژى مەكتەبى سیاسى یەكێتیە، هەروەها سوپاسەكەى وەزیرى كار بۆ كەم ئەندامان باشترین بەڵگەن كە ئەوپۆستە لەرێى ئەوانە پێىدراوەتەوە،ئەوەتا ئەویش زۆر زۆر بەسفەت و دڵسۆز و بەهەستە لەبەرامبەردا پاداشتى تەواوى ئەو كەسانە دەداتەوە، باشە عەیبە و ناشیرین و شورەیى و خەجاڵەتى نییە بۆحكومەت و كابینەكەى كە لەبەرامبەر ئەو كەسانەدا بێدەنگە و ناچێت بزانێت چیى دەخوازن، بەڕێزینە بەتایبەت وەزیرى كار ئەوانە داواى پلەو پۆست ناكەن، ئەوانە نایانەوێت بەخزمەتێكى كەم و ئەزمونێكى هەرزە وەكو هەندێك بەڕێوبەر یان براكەت پلەیان پێبدەیت و بیان كەیت بەشت، ئەوانە ناڵێن لەو ملیۆن پارەى نەسریەو هاوكاریە بشكمان بەرێ، ئەوانە ناخوازن ببنە بەڕێوەبەرى گشتى و بەڕێوەبەرى بەش، هیچ چاوێكیان لەپارەى نەوتى دزراو و پارەى گومرگ و بودجەى نادیار نیە، هەروەها داواى ڤێلا و ئاپارتمان و ئۆتۆمبَیل و دۆنمە زەوى ناكەن،تەنها هەر هێندە دەڵێن ئَێمە لەرووى جەستەوە وەكو مرۆڤى ئاسایى ناتوانین بژین و پێداویستى خۆمان فەراهەم بكەین با لەناووڵاتى پڕ لەدۆلار و زێر و نەوت و خێر بێردا لەبرساندا نەمرین و نەكەوینە سەرجادە ودەست لە كەسانى نامەردو هەرچى وپەرچى پان نەكەینەوە بارى دارایمان باش بكەن. ئەى جەنابى وەزیر هەر خۆت نەبویت سەدان جار ئەتوت من خوشك و دایك وكەسى كەم ئەندامانم و لەپێناوى ئەواندا هەموو شتێك دەكەم بۆ خزمەتى ئەوان من ئەو پۆستەم وەرگرتوە، ئەى ئێستا ئەمەت لەچى؟ ئەمە چ واتاو مانایەكى هەیە گوێ بە ئێش وئازارو خەمەكانیان نادەیت و بویتە زڕ خوشك و باوەژنیان و لەو بارە ناهەموارەیان بێخەمیت، بەبرى ئەوەى هەمو روژێك سەردانت بكردنایە و ورە وغیرەتت بجوڵایە و ئەنجومەنى وەزیران وپەرلەمانت بهێنایەتە دەنگ و بەزوترین كات داواكاریانت چارەسەر بكردایە، زۆر زۆر بێ هەڵوێست و بێخەمیت و ئەڵێت بائەوان بێن بۆلام. سەیرە بەڕێز ئەوانە هەمان
ئەو كەسانەن كەبونە كارتى گوشارو چەندین چالاكى و واژویان بۆكۆكریتەوە بۆ ئەوەىدوبارە ئەو پۆستەت پێ بدەنەوە لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەشیانا بەردەوام لەلایان كەوتوبیت و فرمێسكى شادیت ئەڕشت و،وەعدوبەڵێنى قەبە و قەڵەوت پێدەدان كە ئەگەر كاندیدكرایەوە هەموو شتێكیان بۆدەكەیت، یان تۆ بەدنمەك و سپڵەوبویت و دۆلارو نەسریە وئیمتیازات ئەوانى لەبیر بردویتەتەوە ، ئەوانت لەپێش چاو رەش بوە حەز ناكەیت رەنگ وروخسار جەستەى ناتەواو وسەقەتیان ببینیت،ناهەقت نیە چونكە خۆت لەسایەى ئەوانەوە جێگە پێى خۆت قایمكرد و پۆستەكەت مسۆگەركرد و ئێستە كارت پێیان نەماوە، هەروەها سبەى رۆژ بە پارەیەكى مفت و مۆڵیش خانەنشبن دەبیت،ئیدى كەم ئەندام چى لێدێت و ژیان و گوزرەانى چۆن بەرێدەكات جار بەجەهەنەم، گرنگ ئەوەیە تۆ لەپۆستەكەتدا خێرى چاكت بینى براكەت و كەسانى نزیكت كرد بەشت ،كەم ئەندامانیش با هەربۆخۆیان مان بگرن و لەبرس و سەرمادا رەق ببنەوە.لێتان ناشارمەوە ئەو وتەیەت كارەسات و مەهزەلەو ئەوپەڕى سوكایەتى و بەكەم تەماشاكردنى ئەو كەسانەیە،من هیچم نەماوە پێتان بڵێم تەنها ئەوەتان بیردەخەمەوە كە ئەوانەى مانیان گرتوە كەم ئەندامى جەستەو لەشن،بەڵام ئەڵێى چى لەوڵاتێكد دەژین كە هیچ نرخ و قیمەت ورێز و نرخ بۆ مرۆقەكان نیە بەهۆى كەسانى بەرپرس و نامەسئول و بێ خەم و وەزیرو كاربەدەستانێك كە كەم ئەندامى مێشك و هزر وبیرن دوو چارى ئەو بارە ناهەموارە دەبنەوە ،تاكو تۆ و هاوپیشەكانت رابەر وسەركردەو بەرپرسمان بن حاڵمان لەوە باشتر نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست