دەبێت وەزیرى كار دادگایى بكرێت
Monday, 10/12/2012, 12:00
بەهۆى فشارو زۆرى رێكخراوەكان و ئەندامانى پەرلەمان، لەپاش دە رۆژ لەمانگرتنى كەم ئەندامان، وەزیرى كار رەحمى تلیسایەوە و بە ناچارى چوو بۆلاى مانگرتوان و وەكو پێشان هەندێك قسە و بەڵێن و درۆى عەرزكردن،ئەوەش دادى خاتونى نەدا ومانگرتوان هەرسوربون لەسەر مانگرتن ، وەك مانگرتوان خۆیان باسیان كرد ساڵانێكە ئەو بەڵێن قسە دڵخۆشكەرانەمان بەگوێدا دەدەن ،بەڵام بەكردار هیچ پێشكەوتن و گۆڕانكاریەك نابینین و هەنگاوى عەمەلى نەنراوە .
زۆر سەیرە لەوڵاتێكدا دەژین كە هەرچى خێر وبێر و داهات و رسق هەیە هەمانە،ئەوەندە زۆرە هەر نەبێتەوە ئەوەتا هەرچى بانكى وڵاتان هەیە پڕە لەپارە و سامانى بەرپرسان، هەرچى كۆشك وتەلار و كارگەو شوێنى گران بەهایە لە ئیمارات و لەندەن و ئەمریكا وتوركیا وقوبرس و ئەڵمانیاو.. ئەمان بونەتە خاوەنى، هێندە پارەو پولیان هەیە لەدەستیشیان دێت نەك ئەم شتانە بگرە دەتوانن وڵاتێكیش بەتەواوى دانیشتوانەكەیەوە بكڕن و بیكەنە تاپۆ وموڵكى خۆیان. بەڵام بۆ هاوكارى هەژارێك ،نەخۆشێك،دەردەدارێك، كەم ئەندام و بێ نەوایەك،هەزاران درۆو فێڵ و تەڵەكە دەهێننەوە گوایە لەدەست ئەواندا نیە و ناتوانن داوا و خواستى خەڵكان دابین بكەن، وەك لەقسەى ئاسۆسى وەزیركار گۆێمان لێبوو كەلەبەرەدەم مانگرتواندا دەیوت چەند خاڵێك هەیە لەدەسەڵاتى ئێمەو حكومەتیشدا نیە،من زۆرم پێ سەیر بوو ،ئەو خاڵانەم لێ بوو بەمەتەڵ، لەخۆم دەپرسى دەبێت ئەو خاڵانە چى بن واجێبەجێكردنیان ئەستەم ومحاڵە، بڵێت بەئەندازەى خاڵەكانى سەر چڕو چاوى مەسعود زەحمەت و گەورەبن، تۆبَڵیت كەم ئەندامان داواى شوێنەكەى نێچیر یان تاڵەبانى بكەن؟ یان حەزیان لە پۆستى وەزیر بێت و مرخیان لە شوێنەكەى ئاسۆس خۆش كردبێت؟ یان داوابكەن رۆژى پارەى چەند تەنكەر نەوتى دزراو بەوان بدرێت؟ یان ئەوانیش حەزیان لە دۆنمە زەویى و مۆنیكا و ڤێلایە؟؟ نەخێر ئەمانە هیچیان نەبوون،ئەو مانگرتوانە هەرگیز بیر لەشتى واناكەنەوە بەخەیاڵى شاعیرانە نایانەوێت وەكو فیلمى هندى بژین،بەڵكو داواى هەندێك ماف و ئیمتیازى سادە و ساكار دەكەن كە بەشێكیان هەر زو وەكو وەعدى سەرخەرمان وەعدیان پێداون،هەندێكیشیان داواكارى خۆیانە و شتێكى زۆر سادەو سروشتیە، ئیدى نازانم بۆچ بەدیهَنان و جێبەجێ كردنیان ئەستەم و قورس و گران بێت؟؟من لێرەوە رووى دەمم دەكەمە حكومەت و ئاسۆس خان بەتایبەتى ودەڵێم:- گەر بخوازن و مەیلیان لێ بێت بۆ چارەسەرى ئەوگرفتە ئەوە جۆرەها رێگە و شێواز هەیە،ئاسانترینیان وەكو مام رۆستەم وتى ئەتوانن هەندێك دەعوەت و زیافەت و میواندارى كەم بكەنەوە چ لە ئەنجومەنى وەزیران ،چ وەزارەتى كارو بەشەكانى،ئەوە نەك چارەى گرفتى كەم ئەندامان بگرە چارەى گرفتى دارایى و نەبوونى بەشێكى زۆرى میللەتیش دەكات.ئەوەش نا با لەمانگێكدا تەنها یەك رۆژ بەرپرسان لەخۆیان ببورن پارەى ئەو بەنزینەى سەرفیدەكەن بۆ پێداویستى ئەوانى دابنێن،، ئەوەش چارەیەكى دیكەیە.یان دەتوانن بڕێكى كەم پارە لەهەر بەرپرس و مەسئول و وەزیر وئەندام پەرلەمان و راویّژكارو ئەوانە ببڕن بیكەنە سندۆقێكەوە بۆهاوكارى ئەوان و نەداران،كەمن دڵنیام نەك كوردستان بگرە سۆماڵ وسۆدانیشى پێ دەبوژێتەوە،یان دەتوانرێت بەرپرسە ورگ زل و قژ بۆیاغكراوەكان مانگى یەك شەو لەخۆیان ببورن و كەیف و سەفاو قومار و دەگەو رەقس نەكەن وپارەى ئەو شەوە بۆ ئەوان تەرخان بكەن و چارەسەرى گرفتەكانیانى پێبكەن، كەبەو داهاتە ئەتوانرێت نەك ژیانى كەم ئەندامان بگرە هاوكارى ئاوارە و لێقەوماوانى سوریاشى پێ بكرێت..یان خۆكفر نابێت با لە ساڵێكدا قیروسیا لە دووساڵیش هەرتیا ئەبێت با لەو دووساڵەدا تەنها مانگێك قاتى چاكەت و پانتۆڵى تازە نەكەن، یان قژیان بۆیاغ نەكەن و ژنەكانیانئاهەنگێك كەمتر سازبكەن،یان تێچووى پارەى مەزرەعەو ئاژەڵەكانیان نەختێك كەم بكەنەوە بیخەنە لاوە بۆ ئەمان چى دەبێت، یان ساڵانە تەنها یەك دانە مانگ ئەو پارەیەی مالیكى بۆهەندێك بەرپرسى دەنێرێت بەناوى مووچەى پاسەوانیەوە كە هەریەكەیان نزیكەى هەزارپاسەوانى بۆ خۆى نوسیوە و مووچەى قەبە و زل وەردەگرێت و پاسەوانەكانیشیان ناكەنە 50 كەس ، بدەن بەو كەسانە و هاوكارى هەژارانى پێ بكەن، بزانم وڵات نابێتە شامى شەریف؟؟ ئەوانەش بەهەرحاڵ چونكە مەسئول و پیاوەتى و مەسئول و هاوكارى و مەسئول ودەستگیرۆى هەژاران شتێكى موستەحیلە،ئەوانە قەت قەت چاكە و پیاوەتى و حەسەناتیان لێ ناوەشێتەوە، پارەو پول و سەروەت و سامان لایان لەخەڵك ومیللەت و كورد وكوردستان بەقیمەت ترە. بێجگە لەوە وەزارەتى كارو كاروبارى كۆمەڵایەتى ساڵانێكە بەئارەزوو و خواستى هەردوو حزبى دەسەڵاتدار پارە دەبەخشێت بەلایەنگرانى ، ئەوەتا شوێنێك هەیە پێى دەوترێت (موچەى تایبەت) ئەم شوێنە سەرچاوەى گەندەڵى ودزى و پارە خواردنە، و راستەوخۆ بە ئەنجومەنى وەزیرانە و بەندە، ئەم مووچەى تایبەتە بەبێ هیچ مەرج و رێنمایەك بە ئارەزوى خۆیان مووچە بۆ خەڵكانێك دەبڕێتەوە جا كەسەكە دەوڵەمەند بێت ،موچە خۆر بێت،بەرپرس بێت كێشە نیە،ئەوەتا بڕۆن سەیربكەن و ببینن بزانن چۆنە، تاك وتەرا نەبێت خەڵكى هەژار و كەم درامەتى تیایە ئەگینا،هەرهەموویان كەسانى حزبى و بەرپرس و خزمانى وەزیرن ولەلایەن مەلبَەندو لقەوە پشتگیرى دەكرێن و موچەیەكى باشیان بۆدەبڕنەوە،لەسەدا نەوەدیان ناموستەحەقن ،یان كەسانى پاشەڵ پیس و كۆنە بەعسى و جاشن، باشە ئەگەربێت و وەزارەتى كار موچەى ئەو كەسە ناموستەحەقانە ببڕێت و بیدات بەكەم ئەندامان و هەژاران و نەداران كێشەكەیان چارەسەر نابێت؟ بەڵى بێگومان ،نەك چارە بگرە ئەتوانرێت بەشێكى زۆریش لەو پارەیە بگێڕێتەوە بۆ خەزێنەى حكومەت و بكرێتە پڕۆژەى سوود بەخش، شتێكى دیكە كە ئەمەیان زۆر زۆر ئاسانەوە قورسى و زەحمەتى تیا نیە، پێم وابێت زۆر كەس لەو شتە ئاگادارنین، ئەویش بڕینەوەى موچەیە بۆ زۆرێك لە خەڵكان بەناوى كەم ئەندام و نابینا و بیركوڵ و كەڕ وڵال و...... كەلەراستیدا هیچیان وانین و ژمارەیەكى زۆر وخەیاڵیشن وناچێتە عەقڵەوە ، ئەوشتە كاتى خۆى بۆ هەڵمەتى هەڵبژاردن و دەنگ كڕین كراوە، لەرێگەى مەڵبەند و لق و وەزارەتى كارەوە ئەنجام دراون، هاتون لەگەڵ خەڵكدا رێك كەوتون كە بەكەم ئەندام یان نابینا یان بیر كوڵ یان هەر شتێكى دیكە ناونوسیان بكەن و مانگانە موچەیان پێبدرێت ،لەبەرامبەردا ئەوانیش بۆهەڵبژاردن دەنگ بدەن بە لیستى هاوپەیمانى،بڕوا بكە زەلامى واى تیایە بەسەر بورجى ئاسیا وگەورەترین دارگوێزى هەورامان سەردەكەوێت كەچى موچەى كەم ئەندامى هەیە، كەسى وا ئەبینیت چاوى ئەڵێى زەرقاى یەمایە و پێناسى نابیناى لەباخەڵایە ،زەلام هەیە دەرچووى زانكۆیە بە بیركوڵ تۆماركراوە، ئەمانە هەر لە خانەقینەوە تا سەرسنورى توركیا بەو چەشنە ناونسكراون، كە ژمارەیان نزیكەى دووسەد هەزار كەس دەبێت، بێجگە لە كەسانى بێوەژن و كەم داهات و بیمە بێكارى و چاودێرى خێزان و چى و چى كە لەسەدا هەشتایان فرت و فێڵ و ناعەدالەتیە كەئەوانیش نزیكەى دەیان هەزار كەس دەبن و كەمترین موچەشیان سى هەزارە،ئەگەربێت و پیاچونەوە بەوانەدا بكرێت و دوبارە بدرێنەوە بە لیژنەیەكى عادیل و ناحیزبى بڕوادەكەم رێژەیەكى زۆر كەم بمێنێتەوە ،پارەیەكى باشیش بۆحكومەت و وەزارەت بگەڕێتەوە،دەتوانن بارى گوزەرانى سەرجەم هەژارانى پێ باش بكرێت و سەدان پڕۆژە و كارى خێرخوازیشى پێ بكرێت، بەڵام نایكەن و توخنى كارى واناكەون، یارى بەو ئاگرە ناكەن و چارەنوسى خۆیان نادەنە بەر قەدەر و نادیار،لەبەر ئەوەى هەردو حزبى حاكم لەهەموو رویەكەو مایە پوچ و نابوت و دۆڕاون ،لەهەموشتێك داشۆراون، وەكو جاران كەس بەدەهۆڵیان هەڵناپەڕێت، بەقسەو درۆ و دەلەسەكانیان فریوناخۆات، بۆیە ئەیانەوێت بەو كارە پڕشورەیى وبێ شەرمانانە خەڵكى ساویلكە و خۆشباوەر لەخشتە بەرن و چەند ساڵێكى تر تەمەن و مەرگى خۆیان دریژبكەنەوە، كەم ئەندامان وهەژارانیش با هەر زەقەى چاویان بێت و هێندە مان بگرن تا لەپەل و پۆ دەكەون, هەق وایە لەبەرامبەر ئەو هەموو گەندەڵى وناعەدالەتى و بەهەدەردانى پارەى میللەت و دزى وفزى وبێ خەمیە وەزیرى كار لێپَچینەوەى لەگەلدا بكرێت و ئەوكارانە وەكو تۆمەت و گەندەڵى ئەژماربكرێن و لەسەرى دادگایى بكرێن وهەوڵبدرێت هەرچى پارەو پولێك كەبەوشێوەیە یان بۆمەبەستى دوبارە كاندیكردنەوەى خۆى و تەكەتولەكانى تەخشان وپەخشانى كردوە لێى وەربگیرێتەوە بدرێتەوە بەكەم ئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان ،چونكە هەقى خۆیانە و ئەوان لێیان زەوت كردوون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست