کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بارزانی باوك نەبوو .... بەڵكو.....

Friday, 16/07/2010, 12:00


سەرەتا وتارەكەی بەرێز كەمال رەئووف تووشی شۆكی كردم، ویستم هێرشێكی توندی بكەمە سەر و جامی توڕەیی خۆمی بەسەرا برژێنم و چی قسەی نابەجێ هەیە پێی بڵێم و بە جاش قەڵەم تۆمەتباری بكەم، بەڵام خاتوو سۆزان رەمەزان م بیركەوتەوە یەكسەر دەستم شل بوو. با نموونەیەكی زیندووتان بۆ بهێنمەوە، مەلا بەشیر یەكێك بوو لە مەلا ناودارەكانی هەولێر و كاریگەرییەكی زۆری هەبوو لەسەر خەڵكی هەولێر بەتایبەتی توركمانەكان، پارتی زۆر فشاری خستە سەر بۆ ئەوەی مل دابنێ بۆ داواكارییەكانی پاراستن، سەرەنجام مەلا بەشیر كوردستانی بەجێ هێشت و رووی كردە سوریا، بەڵام پاراستن بەوەش نەوەستا، نامەیەكی زۆر توندیان بۆ ناردو پێیان راگەیاند كە ئەگەر مل كەچ نەبێت و نەبێتە پیاوی پارتی ئەوا فلیمێكی سێكسی بەزۆر بۆ خێزانەكەی و منداڵەكانی دەردەهێنن و بڵاوی دەكەنەوە، ئینجا مەلای بەستەزمان تەنازولی كرد و قاپی خودای بەجێهێشت و رووی كردە قاپی رەحمەتی پارتی و ئێستاش چاوەرووانی فەرمانی پارستنە بۆ ئەوەی بزانی كەچی حەرامە و چی حەڵاڵە لەمانگی رەمەزاندا!! جا خوێنەری بەرێز با ویژدانی خۆی بكاتە مەحەك و با بزانێ ئایا خۆی بەرگەی ئەم جۆرە هەرەشانە دەگرێ؟

بابێینەوە سەر ئەو سەرۆكە وەهمیەی كە ناوزەد دەكرێت بە باوك: دوای گەڕانەوەی لە یەكێتی سۆڤیەتی جاران مەلا مستەفا ماوەیەك لە بەغدا نیشتەجێ دەبێت و سەردانی سیاسیەكانی عیراقی ئەو سەردەمە دەكات و ئەوانیش بەهەمان شێوە. عەونی یوسف بەڕەحمەت بێت كە لەزاری خۆی ئەم قسەیەم بیستووە گوتی: رۆژێكیان سیاسی ناوداری عیراقی كامل چادرچی م بینی دوای سڵاو و هەواڵ پرسین پێی گوتم: كاكە عەونی الله یرحم الشعب الكردی (واتە خودا رەحم بە گەلی كورد بكات) منیش گوتم بۆچی؟ كامل چادرچی گوتی: كاكە عەونی سەرۆكەكەتان وەكو گوێزێكی خڕ و زۆر جوان وایە لەڕواڵەتدا، بەڵام ناوەڕۆكی پووچ و بەتاڵە! ئێمەی خەڵكی سیاسی عیراقی كەدەمانویست قسە لەگەڵ مەلا مستەفادا بكەین چەندین جار لەدڵی خۆماندا قسەكەمان دووبارە دەكردەوە دەمانگوت نەوەكا لەحزوری بارزانیدا هەڵەیەك بكەین! چونكە ئێمە وامان دەزانی كەبارزانی ماوەی سێزدە ساڵان لە یەكێتی سۆڤیەت بووە، بووەتە فەیلەسووف و دونیا غەل و وێران دەكات بەبیروبۆچوونەكانی!!! دواتر كامل چادرچی بە عەونی یوسف دەڵێت مەسەلەی مەلا مەستەفا چیرۆكی فیردەوسی و شوانەكەم بیردێنێتەوە! دەلێت كاتی خۆی فیردەوسی (دانەری كتێبە بەناوبانگەكەی شاهنامەی فیردەوسی) كە لەزینداندا دەبێت جێگەی زۆر ناخۆش و تەنگ دەبێت، دەسەڵاتدارانیش بۆ ئەوەی زیاتر ناڕەحەتی بكەن، شوانێكی بێ تاوان دەگرن و دەیبەن لە زیندانەكەی فیردەوسی دەپەستن. فیردەوسیش لەقەڵەم و كاغەز مەحروم دەكرێت هەربۆیە كە شیعرەكانی دەهۆنێتەوە پەنا دەباتە بەر گوتنەوەیان بۆ ئەوەی لەبیریان نەكات. كاتێك فیردەوسی شیعرەكانی لەبەرخۆی دەخوێنێتەوە شوانەكە دەست دەكاتە قوڵپی گریان، فیردەوسیش نازانێ ئەم كابرایە شوانێكی هیچ نەزانە وادەزانی ئەمیش فەیلەسوفە، فیردەوسی لەدڵی خۆیدا دەڵێت ئاخۆ ئەم پیاوە چ كەڵە بلێمەتێك بێت! ئاخر خۆ هەموو كەس لە شیعرەكانی من تێناگەن! هەربۆیە فیردەوسی زیاتر ڕێز لە شوانەكە دەنێت و قاچەكانی خۆی دەكێشێتەوە بۆ ئەوەی جێگای شوانەكە فراوانتر بكات. چەند شەو و ڕۆژێكی بەسەردا تێپەڕ دەبێت و فیردەوسیش مەراق دەیگرێت و دەیەوێت بزانێ ئەم پیاوە بلیمەتە كێیە وا بەئاسانی لە شیعرەكانی دەگات و لەگەڵیاندا دەگریێت. فیردەوسی خۆی بۆ ناگیرێت و دەپرسێت: دەڵێت بەڕێزم دەمەوێت بزانم تۆ كێیت؟ و بۆچی كاتێك كە شیعرەكانم دەخوێنمەوە گریان بەرۆكتان بەرنادات؟ ئاخر هەموو كەس لەشیعرەكانم ناگەن! پێم ناڵیی مەسەلە چیە؟ شوانەكەش لەوەڵامدا پێی دەڵێت: كاكە بەڕاستی من هیچ لە شیعرەكانت ناگەم، بەڵام كاتێك تۆ كە شیعر دەخوێنیتەوە من هەندێ یادگاریم بیردێتەوە، تۆ لەگەڵ شیعر خوێندنەوەدا ڕیشت تەكە تەك دەكات هەروەك ئەو تەگەیەی (نێریەی) كەكاتی خۆی هەمبوو و زۆرم خۆشدەویست، كاتێك (تەگە)كەم ئاوی لەسەر كۆل دەخواردەوە ڕیشی تەكە تەكی دەكرد هەروەك ڕیشی جەنابت!!!

ئەم بابەتەی سەرەوە بە ئەمانەت و بەبێ دەستكاری لە بەرێز عەونی یوسف وەرگیراوە.

حەقیقەتێك هەیە سەبارەت بە بارزانی و هەڵكەوتنی وەك سەركردەیەك دەبێت دانی پێدا بنێین ئەویش ئەوەیە بارزانی بەبلیمەتی و لێهاتوویی خۆی نەبووە ئەم سەركردەیە بەڵكو دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی كردیە ئەم كەڵە پیاوە ناودارە بێ ناوەڕۆكە. هەر لەسەرەتاكانی دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بیر لە لاوازبوونی دەوڵەتی عێراق كرایەوە چونكە عیراق بەهێزترین دەوڵەتی عەرەبی بوو لەڕووی سوپا و ئابوورییەوە. كێشەی كورد لەلایەن ئیسرائیلەوە قۆسترایەوە بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ بخەنە سەر دەوڵەتی عیراق و خەریكی بكەن بەكێشەیەكی ناوەخۆ.

ئەمەی سەرەوە كە باس دەكەین مانای ئەوە نیە كە كێشەی كورد وجودی نەبووە، بەڵی بوونی هەبووە وەلێ دەمەوێ ئەمە بخەمە ڕوو كەوا هەست و سۆزی نەتەوایەتی و نیشتیمانیمان لەلایەن بنەماڵەی بارزانیەوە ئیستیغلال كرا بۆ خزمەت كردنی مەرامە بنەماڵەییەكانی خۆیان نەك بۆ كورد، تۆ وەرە چاوێك بە ساڵانی حەفتاكاندا بخشێنەو بزانە ئەم بنەماڵەیە چیان بە كورد كردووە، چەندین لاو گەنجی ئەو سەردەمە بوونە قوربانی و لەسێدارە دران و لەسەنگەرەكاندا تا دوا دڵۆپی خوێن بەرەنگاری هێزەكانی دوژمن بوونەتەوە...هتد. بەڵام بارزانی باوك وەك ئەوەی نەبای دیبێت و نەباران زۆر بە ئاسانی دەلێت كاری من تەمام شود! ئاخر ئەگەر تۆزقاڵێك شەرەفی سەركردایەتی تێدابووایە ئەم قسەیەی چۆن دەكرد، لەكاتێكدا چەندین پێشمەرگە لە حەژمەتاندا خۆیان كوشت و لەناوبرد، بارزانی باوك بێ ئومێدیەكی وای دروست كرد كە ئیرادەی میللەتی كوردی تەفروتونا كرد. ئەم دێرەی سەرەوە (كاری من تەمام شود) بەڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەخات كەوا بارزانی باوك سیخوڕێكی ئیسرائیلی بووە و ئەگێندای ئیسرائیلی بەجێگەیاندووە. هەربۆیە كاتێك فەرمانی وەستانی شۆڕشی پێ دەكرێت یەكسەر بێ سێ و دوو جێبەجێی دەكات و بێ گوێدانە هیچ پرەنسیپێك دەلێت ئەو كارەی بەمن سپێردرابوو ئیتر تەواو. ئاخر چ باوكێك ئاوا بە ئاسانی دەستبەرداری ڕۆڵەكانی خۆی دەبێت و لەم چۆڵەوانیەدا بەجێیاندێڵێت!

لەكۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بە كاك كەمال ڕەئووف بڵێم كەوا ئێمەی خەڵكی هەولێرێ بەم جۆرە باوكە دەڵێین (زڕباب).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە