بـهرگی دووەمـی تـهنیایــی
Friday, 22/08/2014, 12:00
سەرگەرمی قەت کردنی
سێبەرەکانی ئاگر بووم..
کە تاقەکانی جەسارەت
پر بوون لە ئاو..
لە هەلخستنی گۆرانیە
تەرەکانی رووبار
نەبووبوومەوە هێشتا..
کە ئاو
وەک کورێکی برۆنزی
خۆی کرد بە مالی کەنارما و
لە بەر خۆری چاوەروانیم
راکشانی هەلخست..
* * *
تازە خۆشەویتی بە هێزی چەند
ئەژنۆی شکاوی ئەم بێ باوەری یەم
ئەبا بۆ ئەوبەری یەقین..
وەفا بە پلەی چەندی رووناکی
دلنیاییم دادەگیسێنێ..
دلنیایی بە پێوەری چەندی وەفا
تەنیاییم پر دەکاتەوە لە نیشتیمان..
من ئەزانم لەسەر نەخشەی بێئومێدی
پنتی گومان ئەکەوێتە کوێی هێلی
ئیستیوای غەریبی یەوە..
ئێستا نا
پاش خەمێکی تر
پۆلە بێزاری یەک دێن و
ئەم ناوە پر دەکەن
لە چەهچەهەی فرین
لە نۆتەی تەنیای
لە جریوەی مەراق..
دێن و بە لای چاوەروانیم دا ئەدەن و
بە ئاستەمیش
جوامێریان بەر کبریائم ناکەوێ..
* * *
هەمیشە وا بووە
شتێک لە هەناومدایە و ماندووم ناکا
دایکێتیمە بۆی ئەژیم..
ئەوەی بە دوامەیە و بەردەوام
بە دوای خۆمدا کێشی دەکەم
کۆیلەییمە لێم نابێتەوە..
ئەوەش پیاسەی لەگەل دەکەم..
لە پارکەکانی مەحەببەت
ئەوەش بە قاچەکانمەوە گرێ دراوە
سێبەرەکەی خۆمە خۆم
سێبەرەکەی خۆمە و بەس..
* * *
دیقەت دە
کۆترەکان نەیاندا لە شەققەی ئاشتی
گولەکان لە دەرگای بەرائەت..
نەگەیشتین تالەکانی حوزن
لە ریشی ئەو مندالانە کەینەوە ،
بە بیانووی دلۆپێ ویژدان
دەم لە مەمکی تفەنگەکان ئەکوتن..
بە هەنجەتی تیکەیەک بەزەیی
مندالی یان وەک ئاوەرۆ
بە حیکایەتی سەردابی
زبلخانەکاندا دەکەن..
نەشیاین سیاسەت وەرگێرینە سەر
زمانە زیندوەکەی خۆسووتاندنی بەفر..
نە وڕێراین
نینۆکەکانی غەیب بۆیە کەین و
پەنجەکانی ئاین بگرینە خەنەی پرسیار..
دە با رێگاکانی بەرائەت پاک کەینەوە
لە درک و دالی خیانەت ..
لە وردە شووشەی فیراق
ئێستا نا
پاش کەمێکی تر
کەژاوەی خۆر ئاوا بوون ئەگات..
بە سپایی دەست بەرە
بە تەنیشت زەمەندا
گلۆپی سۆز پێکە
پەنجەرەی تەمەن
بخە سەر گازەرای لیقا
با شنەبای ئەوین
پەردەکانی گومان
تا راددەی دلنیایی بلەرێنێتەوە..
15/7/2012
زیـوریــــخ
کــەژاڵ عـەلــــــی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست