کەڤالی باران
Thursday, 23/01/2014, 12:00
راوەدووی بای دەنا
سەری لە گێژی باخچەدا
لێ جێ ما، باران.
شەری گەردوون دەکەم
بەس هی تۆم پێ ناکرێ
کەدێی وەک باران
لەچاو ترووکاندنێکدا
شەلالم دەکەی بە دەسرێژی ئەشق.
کە دێمە بەر نمەی شەرەکانی تۆ و
مۆسیقای بەخوری ئاو
لە خەونێکی ئەرخەوانی یاخییەوە
دەبم بەپلینگێکی چنگ بەبارانی
عاشق
دێم بۆن بەرووحتەوە دەکەم.
پێیەکانی تەزین، باران
بەدیار چەپڵە بارگاوی یەکانی هەورەوە
دەستی سری کانوونەکانی گرتووە و
سەما دەکا.
وەک دلم لای ئەو بێ
سەری بە کەڤالی هەنسکم کردوە
باران.
منداڵیم،
سێریز تریقانەوەی بارانی دەهۆنییەوە،
تەر نەدەبوو.
گەورەییم، لەبەر تەوژمی
بێهومێدی تافاو
زەمەن وشک دەکاتەوە.
سەرم پر بوو لەجریوە
دەنووک لەگۆی ئیحساسم گیر دەکا
باران.
ئەوەندە دێتە بەر پەنجەرەکەم
دڵۆپ دلٶپ،
دەترسم،
لەنهۆمی حەوتەمی باوە،
بکەوێتە باوەشی سیناریۆی
بارانەوە ، دڵم.
سیویسڕا/ زویرخ
کەژاڵ عەلی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست