وەزیرى نوێ كەسوكارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بێ ئومێد دەكات مامۆستا ئارام پیاوە علوجەكە دەست بۆ بەردێكى گەورە دەبات
Friday, 17/06/2011, 12:00
دەمێك بوو ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى و كەسوكارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان دەیان ووت نامانەوێت (سباح ئەحمەد)ناسراو بەمامۆستا ئارام ببێت بەوەزیرمان, زۆر هاواركرا با پیاوێك لە ئەوروپاوە ئیستیراد نەكرێت بۆ وەزیرى وەزارەتى شەهیدانى حكومەتى هەرێمى كوردستان و ببێت بەبار بەسەر خەڵكى كوردستانەوە, بەڵام بێ ئاكام دەرچوو , یەكێتىو د,بەرهەم و عیماد ئەحمەد گوێیان لەكەس نەگرت , بەلایانەوە گرنگ نەبوو كە كەسوكارى شەهید و ئەنفالكراوەكان بۆ ناڕازین لەو وەزیرە. بێگومان لە بەر ئەوەیە كە شیاو نیەو لە فرمێسكە قەتیس ماوەكانى دایكى شەهید تێناگات و بیست و دوو ساڵە لەدەرەوەى وڵات ئەژى و هیچ هیچ كەسێكى شەهید نیە,و لە ڕوى كۆمەڵایەتى و سایكۆلۆژی و ڕایەڵەكانى ترەوە هیچ پەیوەندیەكى بە قوربانى و شەهیدەوە نەبووە لە پێشوترو ئێستاشدا. ناكرێت كەسێكى هاوردەى دەرەوەى وڵات و نامۆ بەكوردستان و گۆڕستانەكانى قوربانیدان ئاغاى خەڵكى پاشماوەى ئەنفال و شەهیدە سەنگەر گرەكان بێت, لەئێستاشدا لەدواى خواردنى سوێندى فراكسیۆنى كوردستانى و پەرلەمانى نەك یاسایى, دەست بۆ بەردێكى ئێجگار گەورە دەبات و بێگومان فەشەلى گەورەش دێنێت, ئەویش باسكردنى دادگایی كردنى جاش و مستە شارەكان , بێگومان ئەو كەسانە بەشێكى زۆریان ئێستا لە كوردستاندان و لەژێر باڵى یەكێتى و پارتیدا خەوى خۆش دەكەن و هەندێك جاریش لە بۆنەكانى ئەنفال و هەڵەبجەشدا دێن وەك ماتەم گێریش دادەنیشن , بە دڵنیاییەوە بەشێكى زۆر لەو میلیشیاو جاش و مستەشارانە لەلایەن پارتى و یەكێتیەوە نەك حیمایەو دێوەخانانە بەڵكو خزمەتكاریشیان بۆ دابین كراوە ئیتر خێرە سەباحى بە مامۆستا ئارام بوو دێت دەیان داتە دادگا, كە درۆ لەگەڵ ناوى خۆیشیدا دەكات ئیتر چۆن ڕاست لەگەڵ چینێكى هەستیارو دڵ ناسكى كۆمەڵگادا بكات.
بەدڵنیاییەوە كارێكى وا بكات هەموو كورد شانازى پێوە دەكات و ئێمەش بەئاشكرا دەڵێین پەشیمانین لەم جۆرە نوسینانەمان,بەڵام هەرگیز خەڵكى نەزان كارى جوانى پێ ناكرێت بەَلكو نەزانى زیاتر دەكات, حكومەتێكى وەكو عێراق و كەسێكى وەكو مالكى نەیتوانیوە جاش و مستەشار بگرێت ئەى مامۆستا ئارام چۆن دەتوانێت, كە هەرجاشێك بەقەدەر بەشێك لە حكومەتەكەى هەر عەشیرەت و خزم و كەسوكارو دەست و پێوەندى هەیە,ئێستاش فەتاح بەگ بە چاكەت و پانتۆڵە شینەكەى سەردەمى جاشێتیەكەى بە ناو كەلاردا دەسوڕێتەوە, ئەنوەرى حەمەڕەزا كارو كاسپى ئۆتۆمبێل دەكات, ئیسماعیل عەزیز ئاغا گۆڕان و یەكێتى شەڕى لەسەر دەكەن بۆ ئەوەى زیاتر لەگەڵ یەكێكیاندا بێت بەڵام ئەویش یارى بەعەقڵیان دەكات و ماوەماوە لەگەڵ یەكێكیاندا دەبێت واتە بە ئارەزوو ڕادە بوێرێت و بەشێكى زۆرى بەرپرسە هەرەباڵاكانى كوردستان لەبەر پێی هەڵدەستن, لەتیف ئەحمەد زێبارى و محمد كەریم زێبارى و عاسف ئەحمەد زێبارى گەورە جاشەكانى زێبارو نزیك لە هۆشیار لە كوێ مامۆستا ئارام دەرەقەدى دێت.ئەوان نۆت شوجاعەى بەعسیان وەرگرتووە ئێستا تۆ دوایان دەكەویت ئەى تۆ كە نۆت شوجاعەى بێویژدانى لە هاوڕێ نزیكەكانت و هەورى چڵكنى بێبارانى ئاسمانى خەڵكى بەشمەینەتى ئەنفال و نزیكەى بیست و پێنج هەزار شەهیدى حزبى شەهیدانت وەرگرتووە چۆن بە ئاسان بۆت دەڕواتە سەر.
بۆیە لێرەوە دەڵێین كوێرە موشەو كۆنپارێزو هەڵخەڵەتاوو مێش لەدەمدا تۆپیوو دەرۆزەكەرو كوڕە بچوكەكەى عیماد ئەحمەد و برابچوكەكەى دكتۆر بەرهەم مامۆستا ئارامى لە مەریخەوە هاتوو تۆ دەستت بۆ تاشە بەردەكانى چیاكانى كوردستان بردوەو بە خۆت و تەریقەتەكەشتەوە ناتوانن تەنها نیو جاش بگرن نەك جاشى تەواو بەتایبەت لە هەولێرى میواندارت. بێگومان ئەو فشەنامەو درۆنامەیە زیاتر چارەڕەشى نێو تەرمەكانى ژێرخۆڵى بیابانەكانى عەرعەرى كردى, بۆ یە باشترە خۆت بەخۆتدا بچیتەوەو هەست بەوە بكەیت كە دواى سوێند خواردنەكەت تەنهاو تەنها یەك كەس پیرۆزباى لێ نەكردى و كەسوكارى شەهیدانت زیاتر نیگەران كرد, ئەگەر تۆزێك هەستت هەبوایە خۆت تفى ویژدانت بەخۆتدا دەكردوو خۆت نەدەكرد بە گاڵتەجاڕى پارتى و خۆت نەدەكرد بە بارێكى قورسى سەردڵى پاشماوەى قوربانیەكان, نەدەبووى بە كەواسورى دژایەتى ئیرادەى خۆنیشاندانەكان و چقڵى چاوى داواكاریەكانى ئۆپۆزسیۆن و ئیرادەى گەنج, تۆى دابڕاو لە ڕوداوەكانى دواى ئەنفال تا قۆناغى بەردەركى سەرا, خێرە دواى دووساڵ دواكەوتن و فێركردنى سیناریۆ ئێستا بەشیعارى گەورە فرمێسكى تیمساحى بۆ ئەنفال و هەڵەبجە دەڕێژى. چۆن ڕوت دێت سەیرى دایكى شەهید بكەیت , چۆن لەڕوت دێت بێیتەوە بۆ كەركوكى پڕ لە كڵپەو گڕى توندى كەسوكارى شەهید, ئەم كەركوكەى كە بەشَكى زۆر لە شەهیدانى ڕێگاى ڕزگارى لە مزگەوتەكانى تەكیەى جەبارى و حسن مەكى لەگەڕەكى قەڵاو شێخ محێدین بەرزنجى لە ئیمام قاسم و مزگەوتەكانى شابەندەرەى مەلا ڕەفیق و مەلا ڕەزاى واعیز لە گەڕەكى پیریادىو شێخ ئیسماعیل لەتەكیەى شۆڕچەم دە شۆردران ودواتر لە قەبرسانەكانى پیریادى و تالەبانى و ئەبوعولك وتەپەى مەلا عەبدوڵاو ڕەحیم ئاوا و تەعلیم تەپە دەنێژران, بیرناكەیتەوە لە لەكەناڵێكى ڕاگەیاندنەوە یان لە مەراسیم و چالاكیەكدا ڕەنگ زەرد بكرێیت , دیارە حكومەتەكەت وەك دامەزراوەیەكى حوكمڕانى وسیاسى پێویستى بە گۆڕان و بەخۆدا چونەوە هەیەو تۆى میلیشیاى سیاسی ڕۆحیەتى ئەنفال لە دواى سوێند خواردنەكەتەوە وەزارەتى شەهیدانت كرد بە وەزارەتێكى خزمەت كوژ نەك خزمەت هەژێت,ئەو حكومەتەى جەنابت بەسەرۆكى هەرێمەكەشیەوە پەیامى چاكسازى هەڵگرتووە كەچى تۆى وڕوگێژ قوت دەكاتەوە, ئەمەش نیشانەى نەبوونى ئیرادەى چاكسازیە چونكە لە هەرشوێنێك بتەوێت گۆِڕانكارى بكەیت دەبێت ئامادەبیت قوربانى بدەیت, گۆنكارى سیاسى قوربانى دانە بە هەموو ئەو شتانەى كە ڕەنجت بۆ كێشاون و ئاسودەیت بۆ دەستەبەر دەكەن ئەو شوێنەش كە دەتەوێ بگۆڕدرێت دیارە شوێنێكە لە قەیراندایەو ناتوانێت بەم حاڵەى ئێستایەوە لە جێبەجێكردنى ئەو ئەركانە بەردەوام بێت كە پێویستە جێ بەجێ یان بكات بەڵام دروست لەو شوێنەدا كە خوازیارى بیگۆڕیت دەبێت گوێ لە وەلائى حیزبى و شەخسى و ماستاو چێتى و خەڵكى لەرزۆك بەلاوە بنەیت, ئەگینا بەرنامەكەت تەنها حوبرى سەركاغەزو درۆى ڕاگەیاندنەكان دەبێت, دەبێت خەڵكى سەركردەو سەرۆك دابنرێت بۆ پۆستى هەستیارو پڕلە گرفت,دیارە سەركردە یان لێپرسراوى هەربوارێك مرۆڤ بەتواناو كارامەى و لێهاتووى خۆى پێی دەگات بەو پەڕى توانایەوە بۆ خزمەتى گشتى بەكارى دەهێنێت نەك لەبەر ئەوەى كوڕى چاك و موحتەرەمە یان تیكەیە نانى چەورى دابێت بە عیماد ئەحمەد و سامان گەرمیانى لە ئەوروپا,بێگومان دەبێت كەسێك بۆ وەزیرى شەهیدان دابنرێت كە بتوانێت هزرە ئایدیا لیستى یەكەى خۆى بەسەر تاكەكانى كۆمەڵەكەیدا بەخش بكاتو بۆجێبەجێكردنى ئەو هزرەش سەرجەم كۆسپ و لەمپەرەكان ببەزێنێ وزاڵ بێت بەسەریاندا, نەك بەچاوى موكناتیسى و شان و شەوكەت و زمان لوسىو دەنگ نێریدا بناسرێیتەوە.
ئارام هیوادارم ویژدانت هەبێت و پاشە كشە بكەیت و هیچ نەبێت داواى لێبوردن لە خەڵكى خاوەن ئیرادەو كەسوكارى شەهیدان و خەڵكى پەشمەینەتى ماڵوێرانى ڕێگاى خەباتى نەتەوەى و نیشتمانى بكەیت, پێت دەڵێین كەسوكارى شەهیدان زۆر توڕەو نیگەرانن و تۆى نامۆ بەم وڵاتەیان پێ هەزم ناكرێت.ئەگەر پیاویت لە ئایندەدا لە گۆنگرەیەكى ڕاستەوخۆدا یان بەشداریت لەكەناڵێكى ڕاگەیاندن بەڕاستەوخۆى, ئەوكات بزان چۆن ڕەنگ زەرد دەكرێیت و ملت شۆڕتر دەكرێت و دەت نێرنەوە بۆ شەوە سورەكانى ئەوروپات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست