کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ ئاسایشی زاخۆ یاسا زینده‌به‌چال ده‌کرێت...

Friday, 17/07/2009, 12:00


لە لێدوانێكیدا (حامد محمد على) بەرپرسى مەكتەبى ڕاگەیاندنى یەكگرتوو سەبارەت بە رێگرى وەزارەتى ناوخۆ لە دەس بە كاربوونى تەلەفزیۆنى یەكگرتوو كەناڵى زاخۆ ، وتى : (بە داخەوە كە هێشتا لە كوردستان لە هەندێ دەڤەر وەك ساڵى نەوەدەكان مامەڵە لەگەڵ ئازادى ڕۆژنامەگەرى و ڕادەربرین دا دەكرێت و ئازادیەكە بۆ هەندێ سنوردارو پڕ لە خەوشە ، ئێمە لە سەرەتاى ئەمساڵەوە لە ڕێگەى وەزارەتى رۆشنبیریەوە كە لایەنى پەیوەندیدارەو ڕینمایىیەكانى لایە ، داواى رەسمیمان بۆ وەرگرتنى مۆڵەت بۆ دانانى كەناڵى تەلەفزیۆنى خابور/ سەر بە مەڵبەندى زاخۆى یەكگرتوو پێشكەش كردو دواتر ئەوان لە 15/2/2009 معامەلەكەیان ڕەوانەى وەزارەتى ناوخۆ كرد بۆ وەرگرتنى ڕاى ئەوان ، ئەوانیش پاش هەفتەیەك ڕەوانەى ئاسایشى گشتىیان كردووە ، دواتر چەندین جار سەردانى وەزارەت و ئاسایشى گشتیمان كردووە لە ڕێگەى پارێزەرێكەوە ، بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەبوو ، ئەگەرچى لە 17/3/2009 ئاسایشى گشتى موقابەلەیان لەگەڵ بەرپرسى مەڵبەندى زاخۆو بەرێوەبەرى TV خابوریش كرد!! دواتر پاش تێپەربوونى زیاتر لە سێ مانگ لە ئاسایش ، بە پارێزەرەكەیان ڕاگەیاند كە وەڵامەكەیان ناردووە بۆ وەزارەتى ناوخۆو ڕەزامەندیان نەداوە لە سەر كردنەوەى كەناڵەكە ، بە بێ ئەوەى هۆكارەكە دیارى بكەن ، بەڵام كە سەردانى وەزارەتى ناوخۆشمان كرد ئەوان تەنها بە سەرزارەكى وتیان ڕەزامەندى نەدراوە و ئامادە نەبوون بە نوسراو وەڵام بدەنەوە ! بە داخەوە وەزارەتى ڕۆشنبیریش كە لایەنى بەرپرسەو پێویستە داواى وەڵام لە وەزارەتى ناوخۆ بكات ، بێ دەنگە ، ئەگەرچى ئاگادارمان كردنەوە لە هەڵوێستەكە تەنها ئەوەندەیان وت كە ئێوە دەتوانن داواى یاسایى لە سەر وەزارەتى ناوخۆ تۆمار بكەن !) بەرپرسى مەكتەبى ڕاگەیاندنى یەكگرتوو لە درێژەى لێدوانەكەیدا وتى : (پاش نا ئومێد بوونمان لە وەزارەتى ناوخۆ و ئاسایشى گشتى كە هیچ پاساوێكیان نیە بۆ ڕێگرى لە كەناڵى TV زاخۆمان ، رۆژى 18/6/2009 لە دیدارى رۆژنامەنووسان لەگەڵ بەرێز سەرۆكى هەرێم وەك بەرپرسى مەكتەبى ڕاگەیاندنى یەكگرتوو یاداشتێكم سەبارەت بەو مەسەلەیە لە رێگەى بەرێز (د. فوئاد حسین) سەرۆكى دیوانى سەرۆكایەتى هەرێمەوە پێشكەش بە بەرێز سەرۆكى هەرێم كرد ، بەڵام بە داخەوە ئەویش پاش تێپەربوونى مانگێك هیچ وەڵامێكى نیە ..

بە ڕاستى ئێستاش هیچ رێگایەكمان نەما بیگرینە بەر ، بۆیە ناچار لە ڕێگەى دادگاى تەمیزى كوردستانەوە تانەمان لە بڕیارەكەى وەزارەتى ناوخۆ داوەو ئێستا چاوەرێى دادگاى تەمییزین كە مەسەلەكە یەكلا بكاتەوە ..)
سەبارەت بەوەى كە ئایا ئومێد هەیە دادگاى تەمییز لە بەرژەوەندى كردنەوەى كەناڵەكە بڕیار بدات ؟!
بەرپرسى مەكتەبى ڕاگەیاندنى یەكگرتوو وتى : (بەڵێ ئومێدمان زۆرە چونكە یەكەم بە پێى ماددەى (13) لە یاساى حیزبەكان ژمارە (17) كە لە تشرینى یەكەمى 1993 لە پەرلەمانى كوردستان دەرچووە ، هەموو حیزبێك كە مۆڵەتى یاسایى هەبێت ، مافى ئەوەى هەیە كە هۆكارەكانى ڕاگەیاندن بە كار بهێنێت بۆ بەدى هێنانى ئامانجەكانى . دووەم لە هەرێمى كوردستاندا تا ئێستا (یاساى ڕادیۆ و تەلەفزیۆن) دەرنەچووە ، بەڵكو تەنها هەندێ ڕینمایى وەزارەتى رۆشنبیرى هەیە كە بە پێى ئەوە هەردوو وەزارەتى ڕۆشنبیرى و گەیاندن بە شێوەیەكى ئاسایى مۆڵەت دەدەن و هیچ لارییان نەبوو بۆ ئێمەش ، بەڵام ئەو هەڵوێستەى وەزارەتى ناوخۆ هەڵوێستێكى سیاسى حیزبیەو هیچ پاساوێكى یاسایى و تەكنیكى نیە ..)
بۆیە چاوەروانى ئەوە دەكەین كە دادگاى تەمییز بڕیارەكەى وەزارەتى ناوخۆ ڕەتبكاتەوە و ڕێگە بە كردنەوەى كەناڵەكە بدات) .
*بەرپرسى مەكتەبى ڕاگەیاندنى یەكگرتوو

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە