کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌م شه‌و سی و یه‌کی ئابه‌ !

Tuesday, 31/08/2010, 12:00


هۆ شاره‌که‌م ئه‌م شه‌و سی و یه‌کی ئابه‌ و بۆ تۆی خۆراگر ده‌نووسم ،بۆتۆ و قه‌ڵا و مناره‌ و په‌شێوه‌ یاخی بووه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتی کورد کوژی ده‌نووسم، بۆ گشت هاورێ و هاوسه‌نگه‌ران ده‌نووسم،
ئه‌م شه‌و شه‌وی مێردانه‌ ،شه‌وی هۆڵاکۆ به‌زێنه‌، داوا له‌ قه‌ڵا و مناره‌ ده‌که‌م زه‌رده‌خه‌نه‌ له‌ سه‌ر لێوه‌کانیان نه‌تۆرێ و نیگه‌ران نه‌بن ، ئه‌ی هه‌ولێری هۆڵاکۆ به‌زێن داوات لێ ده‌که‌م ، بگه‌رێوه‌ بۆ قه‌ندیل و کارۆخ و سه‌فین، زه‌ندۆڵان له‌ باوه‌ش بگره‌ و له‌ هه‌ورازان تێ هه‌ڵچه‌وه‌،تکات لێ ده‌که‌م هه‌سته‌وه‌ هه‌موو سه‌نگه‌ره‌کانی پێشوت ئاوه‌دان بکه‌وه‌، ئه‌وسا هاوسه‌نگه‌ره‌کانت ده‌نگ بده‌و بانگیان بکه‌... با تاخمه‌ و چه‌که‌کانیان ئاماده‌ بکه‌ن و ده‌ستیان له‌سه‌ر په‌لاپیتکه‌ بێت و پێیان بڵێ ئه‌و شه‌و زیڕه‌ و زنجیری ده‌بابه‌کانی سی و یه‌کی ئاب وا نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی کوردستان و ده‌یه‌وێت که‌رامه‌تی په‌رله‌مان و ئاڵای کوردستان بخاته‌ ژێر پێ !
زاڕۆیانی هه‌ولێر به‌ قه‌ڵا و مناره‌ بڵێن ئه‌م جاره‌ بۆ لایان ناگه‌رێمه‌وه‌ چاوه‌رێم نه‌بن، تاکوو هه‌واڵی سه‌رکه‌وتن له‌ کاروانێکی سووری حه‌زاوی سه‌ر له‌نوێ له‌سه‌رتاسه‌ری کوردستاندا ده‌ست پێ نه‌که‌مه‌وه‌،
ئه‌م جاره‌ مژده‌ ده‌ده‌م و دێمه‌وه‌ گۆڕه‌پان و مناڵه‌ چاوگه‌شه‌کان و پێ خاوسه‌کان و برسیه‌کانی هه‌ولێر و که‌رکووک و دهۆک و سلێمانی و خانه‌قین له‌ باوه‌ش ده‌گرمه‌وه‌،تف له‌ پیاو کوژان و گورگه‌کان و دڕنده‌کان ده‌که‌مه‌وه‌ ،
تف له‌ 31 ئاب ده‌که‌م، له‌ خه‌وی بێ ئاگا له‌ ده‌نگی زیڕه‌ی ده‌بابه‌کان ئاگاداریان ده‌که‌مه‌وه‌ ،پێیان ڕاده‌گه‌ینم بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ چیاکان و قه‌دپاڵه‌کان ،له‌ سه‌نگه‌ره‌کانتان دا بمرن ،هه‌زار جار سه‌ربه‌رزترن نه‌وه‌ک به‌ ده‌بابه‌وه‌ هه‌ولێر بگرن !
هۆ شاره‌که‌م
شاری پیره‌ قه‌ڵا و مناره‌
شاری دێرین
هه‌ولێری ژێر په‌تی قه‌ناره‌
هۆ شاره‌که‌ی
هۆڵاکۆ به‌زێن نه‌ت زانی تۆ ؟
ئه‌م جاره‌ش ته‌یمووری کوردان
هه‌ر وه‌ک سه‌بزه‌واری ئێران
له‌ نیوه‌ شه‌و دا
به‌ ده‌بابه‌ ده‌تکاته‌‌ وێران !
ده‌زانم ئه‌و شه‌و گه‌ڵێک به‌ ئازاری
خه‌وت لێ زراوه‌ و بێ داری
له‌ ده‌س ته‌یموور
ده‌س به‌سه‌ر و له‌ خۆ بێزاری !
ئوسترالیا سدنی
30/8/2008

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە