کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئۆباماو خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبڵ .....

Monday, 12/10/2009, 12:00


خه‌ڵاتی نۆبڵ ساڵانه‌ له‌ وڵاتی نه‌رویژده‌درێت به‌وکه‌سانه‌ی که‌ له‌ بواری زانسته‌ سروشتییه‌کان یان زانسته‌ مرۆییه‌کان یاخود شیعرو ئه‌ده‌بدا شاکارێکی بێوێنه‌ پێشکه‌ش به‌ کۆمه‌ڵگای مرۆڤ ئه‌که‌ن، له‌هه‌مان کاتیشدا به‌سیاسه‌تڤانان وچالاکڤانانی ماڤی مرۆڤ وژنان ده‌به‌خشرێت ،خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبڵ ئه‌مساڵ به‌رسه‌رۆک کۆمار به‌راک ئۆباما که‌وت ،دوێنێ قسه‌که‌ری کۆشکی سپی وتی ؛ئه‌مڕۆ ده‌مژمێری 6ی سه‌رله‌به‌یانی ته‌له‌فۆنم بۆ سه‌رۆک ئۆباما کردو ئه‌وهه‌واڵه‌ خۆشه‌م پێراگه‌یاند، هه‌رهه‌مان ڕۆژ و له‌یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌وانیدا ئۆباما وتی؛(له‌ڕاستیدا ئه‌م بڕیاره‌ سه‌رسامی کردم ومن به‌سنگێکی فراوانه‌وه‌ قبوڵی ده‌‌که‌م ،هیوادارم شایسته‌ی ئه‌م خه‌لاته‌ بم و له‌ ڕیزی ئه‌و که‌سانه‌دا جێم ببێته‌وه‌ که‌ پێش من ئه‌م خه‌ڵاته‌یان وه‌رگرتووه‌) ، له‌ ڕاستیدا پێش ئۆباماش چه‌ندین سه‌رۆک و سیاسه‌تمه‌داری ئه‌مریکایی خه‌ڵاتی ئاشتی پێ به‌خشراوه‌ له‌وانه‌ ؛ ودرۆ ویڵسۆن ، فرانکلین ڕۆزه‌ڤێڵت ، مارتن لۆسه‌ر کینگ ، هینری کیسنجه‌ر، بیڵ کلینتۆن وه‌ هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆک کۆمار ئاڵ گۆر.
ئه‌م هه‌واڵه به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن وکۆنسه‌رڤاتیڤه‌کانی شپرزه‌و سه‌رگه‌ردان کرد، پرته‌وبۆڵه‌ وگازنده‌یان سه‌رله‌به‌ری میدیای ئه‌مریکی گرته‌وه‌ له‌ لایه‌ک سه‌رکۆنه‌ی لیژنه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵیان ده‌کردوله‌ لایه‌کیش سه‌روپۆته‌ڵاکی ئۆبامایان ئه‌کوتییه‌وه‌ و ئۆبامایان به‌ شایسته‌ی خه‌ڵاتی ناوبراو نه‌ ئه‌زانی، ته‌نانه‌ت که‌سێک له‌ نه‌یارانی ئۆباما گووتی ؛ ئۆباما یه‌ک که‌ خۆی له‌ دایکبوی شاری شیکاگۆیه‌ هه‌تاکو ئێستا نه‌یتوانیوه‌ ئاشتی بۆ شیکاگۆ دابێن بکات که‌ ڕۆژانه‌ کاری چه‌ته‌گه‌ری وڕاوورووت پیاوکوشتن به‌رده‌وامه تێیدا ئیدی له‌کوێ که‌ڵکی خه‌ڵاتی ئاشتی پێوه‌یه‌..!! له‌ ئۆسلۆی پێته‌ختی نه‌رویژیش نوێنه‌ری کۆمیته‌ی نۆبڵ کاندید کردنی ئۆبامای بۆ خه‌ڵاتی ئاشتی ڕاگه‌یاند‌ و له‌ پاشکۆی ڕاگه‌یاندنه‌که‌شدا کۆبونه‌وه‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی سازدرا، ژۆرنالستێک پرسیارێکی گورچکبڕی ئاراسته‌ی کابرای نوێنه‌ر کردو گووتی ؛ ئۆباما هه‌تا ئێستاش ڕۆژانه‌ هه‌زاران سه‌رباز ڕه‌وانه‌ی به‌ره‌کانی شه‌ڕی ئه‌فگانستان ئه‌کا ، ئێوه‌ به‌ چ سیفه‌تێک ئۆباماتان بۆ ئه‌م خه‌ڵاته‌ هه‌ڵبژارد؟ ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا وتی ؛ ئۆباما سه‌باره‌ت به‌ و کارانه‌ی هه‌ڵبژێردراوه‌ که‌ هه‌تا ئێستا به‌ ئه‌نجامی گه‌یاندوون نه‌ک به‌و کارانه‌ی ئێستای، به‌هیواین له‌ پاشه‌ ڕۆژدا کاری باشتریش بکا ...!!بێئاگا له‌وه‌ی که‌ ئۆباما نزیکه‌ی 8 مانگه‌ ده‌ستبه‌کاره‌و هێشتا هیچێکی ئه‌وتۆی دیار نییه‌وپاشه‌ ڕۆژیش ته‌مومژاوی ونادیاره‌..!!
وڵاتێکی گچکه‌ی وه‌ك نه‌رویژ که‌ هیچ ئاماده‌گیه‌کی سیاسی و سه‌ربازی و ئیکۆنۆمی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی نییه‌ و لیژنه‌ی نۆبڵیش که‌ سه‌ ربه‌م وڵاته‌یه‌ حه‌تمه‌ن ده‌که‌وێته‌ ژیرکاریگه‌ری ئه‌وسیاسه‌ته‌ گشتگیره‌ی که‌ وڵاته‌ زلهێزه‌کان په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن به‌ دووریشی نازانم که‌ ڕه‌یسی ئۆباما وه‌ک یه‌که‌م سه‌رۆکی ڕه‌شپێستی ئه‌مریکاو پێشینه‌ ده‌ستکورتی وهه‌ژارییه‌که‌ی کاری کردبێته‌ سه‌رکۆمیته‌ی نۆبڵ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ کاریگه‌ری ئه‌و وتاره‌ به‌ناوبانگه‌ی که‌ چه‌ند مانگێک به‌رله‌ئێستا له‌ زانکۆی قاهیره‌ خوێندییه‌وه‌ که‌ تییدا داوای ئاشته‌وایی دونیای ئیسلام وئه‌مریکاوئه‌وروپای کردوبانگاشه‌ی بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی وئابووریه‌کانی جیهان کرده‌وه‌ له‌سه‌ربناغه‌یه‌کی مرۆڤدۆستانه‌تربه‌مه‌رجێ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موولایه‌کی تێدابه‌رجه‌سته‌بێ و ڕێز له‌ ته‌واوی ئایین وبیرووبۆچون ونه‌ته‌وه‌کان بگیرێ ، ئه‌گه‌رنا هه‌ڵبژاردنی ئۆباما بۆ خه‌ڵاتی ئاشتی هێشتا زوو بوو ...!! ده‌بوو کۆمیته‌ی به‌خشه‌ری نۆبڵ چه‌ند ساڵێکی تریش چاوه‌ڕوانی بکردایه‌، چونکه‌ ئۆباما هێشتا 3 ساڵ و4 مانگی تری ماوه‌ بۆ ته‌واوکردنی یه‌که‌م تێرمی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی...!!
به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی خێرا له‌ مێژووی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبڵ بۆمان ده‌رئه‌که‌وێ که‌ کۆمیته‌ی نۆبڵ هه‌رگیز بێلایه‌ن نه‌بووه‌ و ڕاسته‌وخۆ که‌وتۆته‌ ژێر کاریگه‌ریی سیاسه‌تی نێوده‌وله‌تی وپه‌یوه‌ندییه‌ ژێربه‌ژێره‌کانه‌وه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌کان و شه‌خسییه‌کان ، هه‌ر بۆ نموونه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا و له‌سه‌روبه‌ندی ڕێککه‌وتنی فه‌له‌ستین و ئیسرائیلدا کۆمیته‌ی نۆبڵ خه‌ڵاتی ئاشتی به‌خشییه‌ یاسرعه‌ره‌فا ت و ئیسحاک ڕابیین ، که‌ هه‌ردووکیان ده‌ستیان سوور بوو به‌خوێنی ده‌یان هه‌زارڕه‌شوڕووتی عه‌ره‌ب وجووله‌که‌ و زیتر له‌ 40 ساڵ ئیدامه‌یان به‌شه‌ڕداو که‌ سیان ئاماده‌ نه‌بوون سازش له‌گه‌ڵ یه‌کتردا بکه‌ن ....!!! جیا له‌مه‌ش له‌ساڵی 1973 داو به‌ ماوه‌یه‌کی کورت دوای شه‌ڕی ڤێتنام کۆمیته‌ی ناو‌هێنراو خه‌ڵاتی ئاشتی به‌خشییه‌ هینری کیسنجه‌رکه‌ ئه‌وکاته‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکابوو، ئه‌م پیاوه‌ به‌ ئه‌ندازیاری شه‌ڕی ڤێتنام دائه‌نرێ، ئه‌وشه‌ره‌ی که‌سه‌دان هه‌زارڤێتنامی وئه‌مریکایی تێداکوژراوله‌ژێرزه‌بری لافاوی خوێندا ڤێتنام کرا به‌ دووبه‌شه‌وه‌ ،جا نازانم ئه‌م که‌سانه‌ به‌ چ ستانداردێک شایانی خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبڵن ..!! ئه‌مه‌یه‌ وایکردووه‌ که‌ زۆرکه‌س گومان له‌ شه‌رعییه‌ تی کۆمیته‌ی به‌خشه‌رو وه‌رگری خه‌ڵاتی ئاشتی بکه‌ن ..!! که‌ی ڕه‌وایه‌ مه‌دالیای ئاشتی بدرێ له‌به‌رۆکی پیاوکوژ وشالیاروبازرگانانی شه‌ڕ..!!
له‌ حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا کۆمیته‌ی نۆبڵ خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی به‌خشییه فه‌یله‌سوف وگه‌وره‌ نووسه‌ری فه‌ڕه‌نسی (ژان پۆڵ سارته‌ر)که‌ سه‌ر به‌ قوتابخانه‌ی ئه‌ده‌بیی بونیاتگه‌رایی بوو، ئه‌میش مه‌ردانه‌ خه‌ڵاته‌که‌ی ڕه‌تکرده‌وه‌و قبوڵی نه‌کرد، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی به‌ شایسته‌ی خه‌لاته‌که‌ نه‌ده‌زانی به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌بوو که‌ ئه‌م که‌ڵه‌ پیاوه‌ گومانی له‌ کۆمیته‌ی نۆبڵ ده‌کرد و پێی وابوو که‌ ئه‌مانه‌ له‌وئاسته‌ دا نین که‌ بتوانن خه‌بات وبه‌رخوردانی فیکری وڕۆشنگه‌ری خه‌ڵکی هه‌ڵسه‌نگێنن ..!! ئه‌ز هێڤیدارم ئه‌مجاره‌یان کۆمیته‌ی نۆبڵ به‌ هه‌له‌دا نه‌چووبیت و پرێزدنت ئۆباماش شایسته‌ی خه‌ڵاتی ئاشتی بێت و بۆمان ببێت به‌ فریشته‌ی زه‌مانه‌و ئاشته‌وایی له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌روپاوئه‌مریکا دا سه‌قامگیربکات ....!!!!
ئارام حه‌مه‌ساڵح / کالیفۆرنیا-ئه‌مریکا
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە