ئۆباما سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکای گرته ده‌ست به‌ڵام هیچی بۆ کورد پێنییه..!!
Sunday, 25/01/2009, 12:00
پێنج ڕۆژ به‌ر له ئێستا به‌راک ئۆباما به‌کۆشکی سپی شاد بوو، به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکای گرته ده‌ست، له مێژووی ئه‌مریکادا ئۆباما یه‌که‌م ڕه‌شپێسته، که بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار هه‌ڵببژێردرێت، به‌مه‌ش گه‌لی ئه‌مریکا مه‌زنترین و پیرۆزترین هه‌نگاوی مێژوویی خۆی نا و دڕی به شه‌وه‌زه‌نگی ڕاسیزمی و جیاکاری نێوان مرۆڤه‌کان دا له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕه‌نگی پێست، ئه‌و هه‌موو فرمێسکه‌ی له کاتی سهرهمۆنیای سوێندخواردنی ئۆبامادا له چاوی ڕه‌شپێسته‌کانه‌وه بهلێشاوهاتهخوارهوه، مه‌زنترین ئاماژه بوو، به زوڵم و سته‌می سه‌دان ساڵی زۆرداران و ڕه‌گه‌زپه‌رستان، به‌ڵێ ئه‌و ڕه‌شپێستانه‌ی که نزیکه‌ی 50 ساڵێک به‌رله ئێستا بۆیان نه‌بوو بچنه زۆر چێشتخانه و کافیتریا و دیسکۆ و یانه‌ی شه‌وانه‌وه، ته‌نانه‌ت له شوێنه گشتییه‌کان و ناو ئۆتۆبوس ومیترۆکاندا، ده‌بوو له بهرسپی پێسته‌کان هه‌ڵبستن وشوێنه‌کانی خۆیانیان بۆ چۆڵ بکه‌ن، وا هه‌نوکه سه‌رۆکایه‌تی گه‌وره‌ترین ئۆفیس ئه‌که‌ن له وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکادا..!
چاودێران ئۆباما به دوو سه‌رۆکی پێشووتری ئه‌مریکا ئه‌چوێنن یه‌که‌میان ئه‌براهام لینکۆڵن (1809-1865)، که ئازادیی ڕه‌های به‌خشییه ڕه‌شپێسته‌کان و دووه‌میشیان فرانکلین ڕۆزه‌ڤێڵت (1882-1945)، که له سییه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ڕوو به ڕووی گه‌وره‌ترین کێشه‌ی ئابوریی بۆوه، ئه‌م کێشه ئابورییه له مێژووی ئه‌مریکادا به داته‌پینی مه‌زن (Great Depression) ناسراوه، ڕۆزهڤێلت به ڕێژه‌یه‌کی سنوردار،توانی ته‌نگه‌ژه ئابورییه‌کان چاره‌سه‌ربکات.
له نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، کاندیدی دیموکراته‌کان بیل کلینتۆن به‌سه‌ر جۆرج بوشی باوک‌دا سه‌رکه‌وت و بوو به‌سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا، ئه‌و ڕۆژه له به‌غدادی ژێرده‌سه‌ڵاتی به‌عس و سه‌دامدا کرا به ئاهه‌نگگێڕان و ته‌قه‌ی خۆشی وایان ئه‌زانی کوده‌تای سه‌ربازی چێکراوه و ئیدی حکومه‌تی ئه‌مریکا سه‌رنگون بووه و سیاسه‌تێکی تردێتهکایهوه ..!! به‌هه‌مان شێوه‌ش کاتێک که ئۆباما به سه‌ر کاندیدی کۆماریه‌کاندا (جۆن مه‌ککه‌ین) دا سه‌رکه‌وت زۆر له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ڕووناکبیرانی عه‌ره‌ب و ئیسلام و له‌گه‌ڵیشیاندا هه‌موو ڕیکخراوه ئیسلامییه‌کان به توند ڕه‌و و میانه ڕه‌و و ڕاستڕهویانهوه که‌وتنه پیرۆزبایی له یه‌کترو سه‌رکه‌وتنی ئۆبامایان به‌سه‌رکه‌وتنی خۆیان نێوزه‌د کرد، جا ئه‌م په‌تایه به‌شیک له ڕوناکبیرو سیاسه‌تمه‌دارانی کوردیشی گرته‌وه ، هه‌ندێکیان ده‌یانگوت که سیاسه‌تی نوێی ئیداره‌ی ئۆباما له به‌رژه‌وه‌ندی کورده و هه‌ندێکیشیان ده‌یانگوت ئۆباما گۆڕینێکی بنه‌ره‌تی له سیاسه‌تی ئه‌مریکادا ده‌کات...!
سه‌ره‌تا ده‌بێ بزانین که ئه‌مریکا وڵاتێکه به تاکه که‌سێک گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی تێدا ڕوونادات با ئه‌و که‌سه سه‌رۆک کۆماریش بێت ، چونکه ئیداره‌ی ئه‌مریکا بریتیه له سیسته‌می دامه‌زراو له‌گه‌ڵ داموده‌زگا ، به سه دان دامه‌زراوه‌ی ئابوریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و ته‌کنه‌لۆژی و سه‌ربازی و ئه‌منی به‌شدارن له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م سیسته‌مه‌دا، ئه‌مه جگه له سه‌دان لۆبی و ئینستیتوتی سیاسیی و فیکریی توێژینه‌وه، که راسته‌وخۆ به‌شدارن له داڕشتنی پلان و نه‌خشه‌ی سیاسی و ئابوری ئه‌م وڵاته‌دا هه‌یه، ئیدی چۆن ته‌نها که‌سێک ده‌توانێ گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له پۆله‌تیکی ئه‌م وڵاته‌دا بکات؟..! هه‌روه‌ها پێویسته بزانین، که سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له ئاست بڕیاره هه‌ره گرنگ و چاره‌نوسسازه‌کاندا چه‌سپاو و نه‌گۆره، بۆیه هه‌رکه‌سێک به‌ته‌مای گۆڕینی بنه‌ره‌تی بێت له سیاسه‌تی ئه‌مریکادا ده‌بێ له‌و داموده‌زگا و دامه‌زراوانه‌وه ده‌ستپێبکات که پێشتر ئاماژه‌م پێدان، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش کارێکی نه‌کراو نییه، ئه‌گه‌ری کردنی له‌ئارادایه، به‌ڵام به حوکمی پێکداچوون و ئاڵۆزیی ئه‌و دامه‌زراوانه کارێکی هه‌تا بڵێی سه‌خت و دژواره و ده‌بێ له‌ئه‌نجامی پرۆسێسێکی هێواش و له‌سه‌رخۆدا بێته دی، که مه‌حاڵه به تێرمێکی (4ساڵ)یی یان دوو تێرمی (8ساڵ)یی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار جێبه‌جێ بکرێت.
هه‌روه‌ها له ڕووی یاساییه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک کۆمار له ئه‌مریکادا به سێهه‌مین ده‌سه‌ڵات داده‌نرێ، که ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێکردنه) Executive) که‌واته دوو ده‌سه‌ڵاتی به‌رزتر له ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک کۆمار هه‌ن بریتین له : ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان) Legislative) به‌هه‌ردوو ئهنجومهنهکهیهوه واتا ئه‌نجومه‌نی پیران (Senator) و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران (Representative) ئینجا ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی) (Judicialهه موو ئه‌مانه ئاماژه‌ن به‌وه‌ی که سه‌رۆک کۆمار ده‌سه‌لاتی ڕه‌های نییه و بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێکی چاره‌نوسساز، ده‌بێت پرس و ڕا به ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌روو خۆیه‌وه بکات و له‌وانه‌وه فه‌رمان وه‌ربگرێت، ڕاسته سه‌رۆک کۆمار مافی ڤیتۆی هه‌یه و سه‌رۆکی ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێکردنه و له هه ڵبژاردنی وه‌زیر و به‌ڕێوه به‌ره گشتیه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌رانی داموده‌زگا ئه‌منیه‌کاندا ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو شتێک نییه ، هه‌روه‌ها نابێ له بیرمان بچێ، که ئۆباما نه‌هاتۆته سه‌ر زه‌مینه‌یه‌کی سیاسی ته‌خت و نه‌رم و نیان، به‌ڵکو به‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی ناوخۆیی و جیهانی هه‌ره ئاڵۆز‌و دژوار‌دا که‌وتووه، هه‌ره گرنگترینیان بریتین له قه‌یرانی ئابوریی ناوخۆیی و پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و درێژه‌پێدان و به‌ڕێوه‌بردنی شه‌ڕ له عێراق و ئه‌فغانستان و قه‌لاچۆکردنی بزوتنه‌وه تێرۆریسته ئیسلامییه‌کان .
لێره‌دا ده‌توانین بڵێین، که گرنگترین هۆکارێک له‌پشت بردنه‌وه‌ی ئۆباماوه بوو، ئه‌و ته‌نگه‌ژه ئابورییه بوو، که له ساڵی ڕبردوودا له ئه‌مریکاوه ده‌ستی پێ‌کرد و دواتریش زۆربه‌ی وڵاته پیشه‌سازیه گه‌وره و وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانی گرته‌وه.
هه‌رچی ده‌رباره‌ی ناوخۆی ئه‌مریکایه دیارده‌ی ئیفلاسکردنی کۆمپانییه گه‌وره‌کان و بانکه‌کان و ئینکۆرپۆرهیشنه زه‌به‌لاحه‌کان سه‌رله به‌ری ئه‌مریکای گرته‌وه و به‌مه‌ش سه‌دان ههزارکرێکار له سهرکاردهرکران و بێ‌کاری هه‌موو ئه‌مریکای ته‌نییه‌وه، به شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ ڕێژه‌ی بێکاریی گه‌یشته %6.5 ، که ڕێژه‌یه‌کی هه‌تا بڵێی به‌رز و ترسناکه و له‌مێژووی ئه‌مریکادا که‌م وێنه‌یه، له هه‌مان کاتیش‌دا نرخی خانوبه‌ره (Real Estate) دابه‌زینێکی یه‌کجار خێرای به‌خۆیه‌وه بینی، هه‌تا هه‌نوکه‌ش هه‌ر به‌رده‌وامه، چونکه له ئه‌نجامی بێکارییه‌وه خه‌ڵکی نه پاره‌ی هه‌بوو قیستی مانگانه‌ی خانوه‌کانیان بده‌ن و نه ده‌شیانتوانی خانوو بکڕن، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامدا به زه‌ره‌ری سه‌رمایه‌داره‌کان و خاوه‌ن بانکه ئه‌هلییه‌کان شکایه‌وه، بۆیه له کۆتایی ساڵی ڕابردوودا کۆنگرێسی ئه‌مریکا بڕی 700 بلیۆن دولاری خسته خزمه‌تیانه‌وه و هاوکاتیش زۆریانی خۆماڵیکرد یان پشکی سه‌ره‌کی لێکڕین و بوو به هاوبه‌شیان، له‌سه‌ر هه‌مان نه‌زمیش 3 کۆمپانیای زه‌به‌لاحی دروستکه‌ری ئوتۆمۆبیل که بریتین له فۆرد و جی ئێم و کرایسله‌ر داوای بڕی 25 بلیۆن دۆلار ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چیتر کرێکار ده‌رنه‌که‌ن و بتوانن درێژه به دروستکردن و به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازی ئۆتۆمۆبیل بده‌ن ..!
هه‌ڵبه‌ته نوچدان و شکست هێنانی ئابوریی سه‌رمایه‌داریی هه‌میشه ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه، چونکه سه‌رمایه‌داره‌کان هه‌رده‌م به‌دوای گه‌وره‌ترین سود و قازانجدا ده‌گه‌ڕێن له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا، جا سه‌باره‌ت به نه‌بوونی هیچ جۆره سانسۆرێک و ئازادییه‌کی ره‌ها به‌ئاره‌زوی خۆیان هه‌ڵبه‌زو دابه‌ز به سه‌رمایه و بازار ده‌که‌ن، نرخێکی به‌رز و خه‌یاڵی له سهرکالاکانیان داده‌نێن.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه و له دنیای یهکجهمسهریدا ئه‌مریکا وه‌ک گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین سیسته‌می کاپیتالیستی جیهان به‌هانای سه‌رمایه‌داره‌کانه‌وه چوو، خۆیکرده هاوبه‌ش و هاوده‌ردیان، چونکه ئه‌م ته‌نگه‌ژه ئابورییه به‌شێوه‌یه‌کی هێنده ترسناک دنیای سه‌رمایه‌داریی له‌رزان و شپرزه کرد، که زۆرێک له ڕاڤه‌کارانی سیاسیی به گه‌ڕانه‌وه‌ی مارکس و کۆمۆنیزمیان نێوزه‌د کرد.
جێگای ئاماژه پێکردنه، که ئۆباما به هه‌ڵبژاردنی چه‌ند که‌سێکی کارامه وخاوه‌ن پێگه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریی بۆ ئیداره نوێکه‌ی مسته‌کۆڵه‌یه‌کی به زه‌بری سره وانده، ده‌می وڵاتانی عه‌ره‌ب و بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌کان، له‌وانه: یه‌که‌م (جۆ بایدن) که بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆک کۆمار هه‌ڵیبژارد، ئه‌م پیاوه خاوه‌ن ئه‌زموونێکی دوور‌و درێژه و ڕۆڵێکی دیار و ئاشکرای له سیاسه‌تی ئه‌مریکادا هه‌یه و دۆستێکی هه‌ره نزیکی ئیسرائیله، دووه‌م (ڕام ئه‌مانۆیل) که کردی به‌سه‌رۆکی گشتی ستافه‌کانی کۆشکی سپی ، ئه‌م پیاوه جوله‌که‌یه‌کی ده‌مارگیره و له دایکبوی ئه‌مریکایه و له سه‌رو به‌ندی جه‌نگی که‌نداودا به خۆبه‌خشی خزمه‌تی سه‌ربازیی له سوپای ئیسرائیل‌دا کرد ، پێشتریش یه‌کێک بوو له ڕاوێژکهرهکانی بیل کلینتۆن. سێهه‌م هه‌ڵبژاردنی خاتوو (هیله‌ری ڕادۆم کلینتۆن) بۆ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه، ئه‌م خانمه هاوسه‌ری سه‌رۆک کۆماری پێشوو بیل کلینتۆنه و به هه‌ماهه‌نگی و نزیکی له وڵاتی ئیسرائیله‌وه ناسراوه، له‌لایه‌کی تریشه‌وه سه‌باره‌ت به پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و مافی ژنان به دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئیسلام به تایبه‌تی شانشینی سعودیه ده‌ناسرێ ، جگه له مانه‌ش هێشتنه‌وه‌ی وه‌زیری به‌رگری ئیداره‌ی پێشوو (ڕۆبه‌رت گه‌یت) له جێی خۆیدا ئه‌مه له لایه‌ک ، له‌لایه‌کی تریشه‌وه وا بۆ بیست ڕۆژ ده‌چێت شه‌ڕی غه‌ززه به‌رده‌وامه، له‌م شه‌ڕه نابهرانبهروخوێناوییهدا سوپای ئیسرائیل به‌وپه‌ڕی گومڕایی و بێویژدانییه‌وه و به‌گه‌وره‌ترین چه‌کی قورس به‌ربۆته گیانی خه‌ڵکانی سڤیل و بێدیفاعی که‌رتی غه‌ززه و له‌ئاکامدا سه‌دان منداڵ وئافره‌تی بێ‌تاوان گیانیان له ده‌ستداوه، ده‌بوو ئۆباما وه‌کوو هه‌موو ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و داموده‌زگا نێوده‌وله‌تییه‌کان پڕبه‌ده‌م هاواری ڕاگرتنی ئه‌م شه‌ڕه کاولکارییه بکردایه و له‌هه‌مان کاتیش‌دا ئیدانه‌ی هێرشی دڕندانه‌ی ئیسرائیل وچه‌کداره تێرۆریسته‌کانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بکات، که خه‌ڵکی مه‌ده‌نی وه‌کوو قه‌ڵغان به‌کارده‌هێنن و باره‌گا و پادگاکانیان ده‌به‌نه شوێنه گشتییه‌کانی وه‌کوو قوتابخانه و زانکۆ و مزگه‌وته‌کانه‌وه، که‌چی مه‌خابن به‌راک ئۆباما له ئاست ئه‌م مه‌رگه‌ساته‌دا بێده‌نگی هه‌ڵبژارد ، له کاتێکدا ده‌یتوانی نه‌ک له‌به‌ر خاتری حه‌ماس به‌ڵکو له‌به‌رخاتری که‌سانی مه‌ده‌نی و بێتاوانی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل له وتارێکدا هه‌ردوولای شه‌ڕکه‌ر مه‌حکوم بکات و به‌مه‌ش ده‌موچاوێکی مرۆڤدۆستانه پیشان هه‌موو جیهان بدات ، ئه‌م بێهه‌ڵوێستییه‌ی ئۆباما دوو ڕه‌هه‌ندی هه‌یه؛ یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه که هێرشه‌کانی سوپای ئیسرائیلی لاپه‌سه‌نده و له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی حکومه‌تی ئیسرائیل‌دا ته‌بایه، دووه‌میشیان بریتییه له په‌راوێزخستنی بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌کان و گوێنه‌دان به‌ڕای گشتی عه‌ره‌بی وئیسلامی.
هه‌رچی ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌مریکا و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کوردستانی باشووره، ڕوون و ئاشکرایه که ئیداره‌ی پێشووی کۆماریه‌کان به سه‌رۆکایه‌تی بوشی کوڕ هه‌ماهه‌نگی و نزیکی زیاتری هه‌بوو له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستاندا، چونکه بۆ ماوه‌یه‌کی کورت پێویستیان به یه‌کتری هه‌بوو ، هه‌میشه ئه‌مریکا وه‌کوو کارتێکی فشار به‌کاری ده‌هێنان و ئه‌مانیش به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌کیان بۆ پاشهرۆژ هه‌بێت له خۆ بایی ببوون، خۆیانیان پێوه ڕائه‌وه‌شاند، به‌ڵام له‌مه‌ودوا ئه‌و مانگی هه‌نگوینه به‌سه‌رچوو، ئه‌مریکا هیچ کاری پێیان نه‌ماوه و له ئێستا به‌دواوه ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی به‌غدا مامه‌ڵه ده‌کات، هه‌ڵبه‌ته بێهه‌ڵوێستی و هیچ لهبارانهبویی حکومه‌تی هه‌رێم له‌مه‌ڕ کێشه ناوخۆیی و ده‌ره‌کیه‌کانی کوردستان و ناوچه‌که، ئه‌مریکای ناچارکرد که هیچ حسابێکیان بۆ نه‌کات و له هاوکێشه سیاسییه‌کانی خۆیانی وه‌ده‌رنێ، ئاشکرایه حکومه‌تی هه‌رێم له به‌ر گه‌نده‌ڵیی و گیرفانپڕکردن و به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌س نه ده‌توانێ ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریکا، نه ده‌شتوانێ ئاسته‌نگێک دروست بکا بۆ بازاڕ و ساغکردنه‌وه‌ی به‌روبوومی بازرگانی ئه‌مریکا، به‌مه‌ش هه‌ره‌شه له به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بکات ، ئیدی ئه‌مریکا ده‌بێ چ کارێکی به حکومه‌تی هه‌رێم و کوردستان مابێ؟.! بۆیه زێده‌ڕۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێم ئیداره‌ی نوێی ئۆباما هیچی بۆ کورد پێ نییه.
کالیفۆرنیا-ئه‌مریکا 25ی ژانوهری 2009
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست