کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یه‌كێتی هه‌تیوێكی باوك مرده‌یه‌

Friday, 25/04/2014, 12:00





له‌ماوه‌‌ی زێتر له‌ سی ساڵی ڕابردوودا یه‌كێتی نیشتمانی ئه‌و هێزه‌ چه‌كداره‌ بوو كه‌ هیچ كام له‌ هێزه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردوستان نه‌یانده‌وێرا رووبه‌ڕووی ببنه‌وه‌ ، یه‌كێتی هێزێكی چه‌كداری ئه‌وه‌نده‌ شه‌ڕكه‌رو دڕی هه‌بوو كه‌ هه‌رگیز باكی به‌كه‌س نه‌بوو ،به‌كوردیه‌كه‌ی كه‌سی به‌پیاو نه‌ده‌زانی ، هێزه‌ چه‌كداره‌كانی تریش جار جار به‌ ته‌نها و جاروباریش به‌ كۆمه‌ك و گه‌له‌كۆمه‌كێ په‌لاماری یه‌كێتیان داوه‌ به‌لام له‌هه‌مووكاتێكدا شكستیان هێناوه‌و یه‌كێتی زه‌بری گورچكبڕی پێگه‌یاندوون, مه‌خابن سه‌باره‌ت به‌م هێزه‌ شه‌ڕكه‌رو چاونه‌ترسه، هیچ كاتێك سیاسه‌توانانی ئه‌م حیزبه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی گشتگیریان بۆ جیۆپۆله‌تیكی وڵاتانی دراوسێ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ زۆروزه‌وه‌نده‌كانی دونیا نه‌بووه، هه‌میشه‌ خوازیاری ئه‌وه‌بوون كه‌ له‌ڕێگای هێزه‌وه‌ خۆیان بسه‌پێنن وحساب بۆ كه‌س نه‌كه‌ن ، هه‌رئه‌مه‌شه‌ هێزه‌كانی تری كوردوستانی ناچاركردووه‌ په‌نابه‌رنه‌ به‌ر هه‌موو جۆره‌ فێڵوته‌ڵه‌كه‌بازیه‌ك بۆ له‌ناوبردن یان وردتربڵێم بۆ شكاندن وبچوككردنه‌وه‌ی یه‌كێتی ، كاره‌ساتی هه‌كاری نموونه‌یه‌كی زیندووه‌ كه‌ به‌پلانی ئێران و توركیاوعێراق و به‌كارهێنانی پارتی سازدرا هێنده‌ی نه‌مابوو یه‌كێتی له‌ناوبه‌رێ ‌ هه‌روه‌ها ده‌رپه‌ڕاندنی یه‌كێتی له‌ ٣١ ی ئابی ١٩٩٦دا له‌ كوردوستان نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی تره‌ .
ئه‌و شكستی و سه‌رگه‌ردانییه‌ی له‌ئێسته‌دا ڕیزه‌كانی یه‌كێتی گرتۆته‌وه به‌ته‌واوی ئه‌م حیزبه‌ی له‌لێواری مردن نزیككردۆته‌وه‌،له‌ڕاستیدا ده‌ردی ئه‌مجاره‌ی یه‌كێتی زۆرگرانه‌، له‌لایه‌ك بێسه‌ركرده ‌وباوك مرده‌یه‌ له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌ده‌ست سێ باڵی (هێرۆو كۆسره‌ت و به‌رهه‌م) ه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ ، سه‌رباری ئه‌مه‌ش له‌دوا هه‌ڵبژاردندا ده‌نگه‌كانیان كه‌میكردوو بوون به‌پله‌ سێ ومتمانه‌ی جه‌ماوه‌رێكی زۆریان له‌ده‌ستدا ، له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ پارتی كه‌ ڕێككه‌وتنی ستراتیجی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بوو، پاشگه‌زبۆوه‌و به‌پێی ژماره‌ی ده‌نگه‌كانیان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كردن و له‌بری ئه‌مان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ڕێككه‌وتن ئه‌مه‌ش ئه‌ونده‌ی تر یه‌كێتی شپرزه‌و سه‌رگه‌ردانكرد.....!!!!

باڵانسی هێز له‌نێوان پارتی وگۆڕان ویه‌كێتیدا:

پارتی زۆرباش ده‌زانی كه‌له‌ ده‌ڤه‌ری سلێمانی و گه‌رمیاندا دۆڕاوی یه‌كه‌مه‌ و له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا هه‌موو هه‌وڵ وته‌قه‌لایه‌كی خسته‌ گه‌ڕ بۆ خڕكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ده‌ستچووی له‌و دووده‌ڤه‌ره‌دا به‌ڵام شكستیخوارد و نه‌یتوانی وه‌كوو حیزبێكی خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر بێته‌وه‌ مه‌یدان ، پارتی دیموكراتی كوردوستان له‌تاوباڵاده‌ستی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی یه‌كێتی له‌ ده‌ڤه‌ری سه‌وزدا ناتوانێ هێزی چه‌كداربنێرێته‌ ئه‌وناوچه‌یه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌هیچ قورساییه‌كیان له‌ناوچه‌كه‌دا نه‌بێت ، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ پارتی كه‌وته‌ خۆلیای لاوازكردنی هێزی چه‌كداری یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ چه‌كداره‌كانی خۆی بنێرێته‌ ده‌ڤه‌ری سه‌وزولێره‌شه‌وه‌ به‌زه‌بری چه‌ك و پاره‌ وپول جه‌ماوه‌ر بۆ خۆی په‌یدا بكا ، هه‌رئه‌مه‌ش بوو وای له‌پارتی كرد كه‌ به‌بێ سێ ودوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌یه‌كێتی بسه‌نێته‌وه‌و ڕاده‌ستی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی بكات نابێ ئه‌وه‌شمان له‌یاد بچێ كه‌ئێران ڕۆڵی تایبه‌تی خۆی له‌م گه‌مه‌یه‌دا هه‌بوو، ئه‌ڵبه‌ته‌ پێشكه‌شكردنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كه‌ وه‌زاره‌تێكی گه‌وره‌وگرنگه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بێمه‌لامه‌ت نییه‌...!!!كوردواته‌نی ئه‌م ماسته موویه‌كی تێدایه‌، پارتی به‌م كاره‌ی ده‌یه‌وێ به‌ڕه‌كه‌ له‌ژێرپێی یه‌كێتی ده‌ربێنێ وهێزه‌چه‌كداره‌كانیان له‌ده‌ست ده‌ربێنێ یان لانی كه‌م لاوازیان بكات به‌وپێیه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌هه‌یه‌ به‌شێك له‌هێزی پێشمه‌رگه‌ی ده‌ڤه‌ری سه‌وزسه‌رپێچی بكه‌ن و قبوڵی نه‌كه‌ن بچنه‌ ژێرڕكێفی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌، به‌مه‌ش دژایه‌تی ودووبه‌ره‌كی ده‌كه‌وێته‌ نێوڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ و دووریش نییه‌ پێكدادان وهه‌ڵپژانی چه‌كداری له‌نێوانیاندا رووبدات ،جا لاسه‌نگی هێز لێره‌دا دروست ده‌بێت و پارتی هه‌لی زێڕینی بۆ ده‌ڕه‌خسێ و ده‌توانێ هێزی چه‌كداری خۆی له‌ده‌ڤه‌ری سه‌وزدا ساز بكات و له‌سه‌رخۆ بكه‌وێته‌كۆكردنه‌وه‌ودنه‌دانی جه‌ماوه‌رچونكه‌ هێزی چه‌كدارله‌ده‌ڤه‌ری سه‌وزدا بوون به‌دووبه‌شه‌وه‌ووه‌كوو جاران كۆك نین ، لێره‌دا نابێ ڕۆڵی ئێران و توركیا نادیده‌بگیرێ چونكه‌ ئه‌م دوو ولاته‌ دراوسێیه‌ به‌رژه‌وه‌ندی زۆریان له‌گه‌ڵ سه‌رانی هه‌موو هێزه‌سیاسییه‌كانی كوردوستانی بنده‌ستی عێراقدا هه‌یه‌و ، به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ره‌كی ئێران له‌گه‌ڵ هێزه‌باڵاده‌سته‌كانی ده‌ڤه‌ری سه‌وزدایه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ره‌كی توركیاش له‌گه‌ڵ پارتیدایه‌،ئه‌م دوو وڵاته‌ هه‌رگیز واز له‌ڕۆڵی ئاژاوه‌گێڕی له‌كوردوستانی باشوردا ناهێنن ، حیزبه‌كانی كوردوستانیش ئه‌وه‌نده‌ی له‌خه‌می حیزبه‌كانیاندان نیوهێنده‌ له‌خه‌می خه‌ڵكی كوردوستاندا نین بۆیه‌ ئاماده‌ن سه‌رله‌به‌ری پیلانه‌كانی ئه‌و دوو ولاته‌ پیاده‌ بكه‌ن ، ده‌بینین به‌شێوه‌یه‌كی هێنده‌ چڕوپڕ تێكه‌ڵی ئه‌و دوو وڵاته‌ بوون كه‌ جیاكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانیان زۆر سه‌خته‌ به‌تایبه‌تی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی پارتی وتوركیا كه‌ به‌ بلیارد دۆلار دێته‌ ئه‌ژماردن‌...!!!
له‌ ڕابردوودا په‌یوه‌ندی هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئێران و توركیا له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی كوردوستانی عێراقدا په‌یوه‌ندیه‌كی بازاڕی و ڕۆژانه‌ ‌بوو ئه‌و دوو ولاته‌ به‌مه‌به‌ستی به‌كارهێنانیان كه‌مێك ده‌ستگیرۆییان ده‌كردن و ئه‌مانیش به‌گوێیانده‌كردن ، به‌لام هه‌نووكه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه ‌په‌ڕیوه‌ته‌ قۆناغێكی ترو زیاتر ئابووری و بازرگانییه‌ و هه‌ردولا پێویستیان به‌یه‌كتر هه‌یه‌ ، كوردوستان بووه‌ به‌بازاڕێكی گه‌وره‌ بۆ ساغكردنه‌وه‌و فرۆشتنی هه‌زاران جۆر كالاوشمه‌كی ئێران و توركیا و به‌سه‌دان كۆمپانیای ئه‌و ولاتانه‌ له‌كوردوستاندا كار ده‌كه‌ن ، تێكچوونی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ به‌زه‌ره‌رو زیانی هه‌مویان ده‌شكێته‌وه‌و قه‌یرانێكی ئابووری له‌ ناوچه‌كه‌دا چێده‌كا ،جگه‌له‌مه‌ش به‌م دواییه‌ بازرگانی نه‌وتیشی هاته‌پاڵ كه‌ به‌مه‌زنترین بازرگانی ئه‌م ڕۆژه‌ ئه‌ژمارد ده‌كرێت وله‌هه‌موو دنیادا حسابی تایبه‌تی بۆ ئه‌م پیشه‌یه‌‌ ده‌كرێت ، بۆیه‌ ‌ئێران وتوركیا ده‌یانه‌وێ نفوزی خۆیان له‌كوردوستاندا زیادبكه‌ن و بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌مكاره‌ش پێویستیان به‌ هاوپه‌یمانێتی جدی هه‌یه‌ ، هاوپه‌یمانێكی ئه‌وتۆ خاوه‌ن هێزبێ و‌بتوانێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانیان بپارێزێ ، توركیا كه‌بۆی ده‌ركه‌وت هێزی باڵاده‌ست له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان وهه‌ولێرداپارتییه‌ به‌بێ سڵه‌مینه‌وه‌ ده‌یان كۆنتراكتی بازرگانی و نه‌وتی له‌گه‌ڵدا مۆركردن كه‌ ڕه‌نگه‌ یه‌كێتی نیشتمانی له‌دووریشه‌وه‌ ئاگادار نه‌بوبێ ...!!! ئێرانیش كه‌ سنورێكی گه‌وره‌وبه‌رفراوانی له‌گه‌ڵ ده‌ڤه‌ری سه‌وزدا هه‌یه‌ به‌هه‌مان شێوه‌، به‌ڵام كاتێ كه‌ ئێران ده‌ركیكرد كه‌ یه‌كێتی و ده‌ڤه‌ری سه‌وز له‌غیابی مام جه‌لالدا شكستی خواردووه‌ و توشی پاشاگه‌ردانی بووه‌ چیتر‌ متمانه‌یا‌ن وه‌كوو جاران به‌یه‌كێتی نه‌ماوكه‌وتنه‌ سۆراخی ئه‌لته‌رناتڤێكی تر كه‌ بێگومان ئه‌ویش بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ .
سه‌ردانه‌ چڕوپڕه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی وه‌فدی ئێران بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌سلێمانی وهه‌ولێرئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ پێكهاتنی كابینه‌ی هه‌شته‌م به‌ ئیزن و ڕه‌زای ئه‌مان بووه‌ لێره‌شه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌مان ده‌ستده‌كه‌وێ كه‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ژێرفشاری ئێراندا له‌یه‌كێتی سه‌ندراوه‌ته‌وه‌وپێشكه‌ش به‌ گۆڕان كراوه‌ چونكه‌ له‌ئێسته‌دا گۆڕان له‌ڕووی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ له‌ یه‌كێتی زیاتره‌و ده‌توانێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابووریه‌كانی ئێران له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا بپارێزێ، خۆ ئه‌گه‌ر بێتو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش وه‌كوو یه‌كێتی بكه‌ونه‌ ریایی و سه‌رشۆڕكردن بۆپارتی ئه‌وا پاشه‌ ڕۆژی ئه‌وانیش له‌یه‌كێتی ئه‌گه‌رخراپتر نه‌بێ باشتر نابێ ، خه‌ڵكی كوردوستان به‌په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕێی سیاسه‌تی گۆڕانن به‌ڵكو ئه‌مان له‌ئیداره‌ی حكومه‌ت ومامه‌ڵه‌یاندا له‌گه‌ڵ پارتی وچاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا له‌یه‌كێتی حه‌كیمتربن .! با ڕونتر بڵێم یه‌كێتی ئیمتیحانی خۆیدا و ساقت بوو ئێستا نۆره‌ی گۆڕانه‌.
‌ ‌
‌ ‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە