کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كوردستانی سه‌ربه‌خۆ به‌ نه‌ڕه‌نه‌ڕی سه‌ركرده‌ دروست نابێ!

Friday, 15/08/2014, 12:00




گومانی تێدانییه‌ كه‌ دروستبوونی كوردوستانێكی ئازادو سه‌ربه‌خۆ خه‌ونی هه‌موو تاكێكی كورده‌ جا ئه‌م خه‌ونه‌ به‌ بروبیانوی جیاواز جاروبار خامۆش ده‌بێت و جاروباریش له‌لایه‌ن سیاسه‌تمه‌دارو ده‌سه‌لاتی سیاسی كوردوستانی باشووره‌وه‌ بانگاشه‌ ی بۆ ده‌كرێت ودێته‌وه‌ جۆش وخرۆش به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زه‌مینه‌سازییه‌كی گونجاوی بۆ كرابێت به‌م دواییه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌م بابه‌ته‌ی جارێكی تر هێنایه‌وه‌ گۆڕێ و هه‌راوزه‌نایه‌كی زۆری له‌ناو میدیای كوردی و بیانیدا نایه‌وه‌ ،گوڕو تینی ئه‌م بانگاشه‌یه‌ هاوڕێك بوو له‌گه‌ڵ داگیركردنی موسڵ له‌لایه‌ن چه‌ته‌كانی داعشه‌وه‌ ،به‌ڕاستی دنیایه‌كی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه‌ ده‌سه‌لاتێكی سیاسی كه‌هه‌تا ئێستا نه‌یتوانیبێت گه‌له‌كه‌ی رازیبكات چۆن ده‌توانێ كوردوستانی سه‌به‌خۆدروستبكات ! سه‌ركرده‌یه‌ك كه‌ هیچ ڕوانگه‌یه‌كی سیاسی نه‌بێت و هه‌رده‌م خه‌ریكی بازرگانی و نه‌وت فرۆشتن بێ ده‌بێ چۆن كوردوستانێكی سه‌ربه‌خۆ چێبكات! سه‌ركردایه‌تیه‌ك كه‌ هه‌رگیز پێش ڕووداوه‌كان نه‌كه‌وتووه‌ هه‌میشه‌ له‌دوای ڕووداوه‌كانه‌وه‌ ته‌په‌ی دێت ده‌بێ چ متمانه‌یه‌كی لای خه‌ڵكی دروست كردبێ بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێبكه‌ن ! به‌چاوی خۆمان بینیمان‌ چه‌كداره‌كانی زێڕه‌ڤانی كه‌ كاراترین و پڕچه‌كترین هێزی هه‌رێمه‌ نه‌یتوانی دوو شارۆچكه‌ی زه‌ما رو شه‌نگال له‌ده‌ست چه‌ته‌كانی داعش بپارێزی ئیدی چۆن ده‌توانێ به‌رگری له‌ هه‌مووكوردوستانی باشووربكات و سه‌روماڵی هاووڵاتیان بپارێزی ! ئایا چ هزرو لۆژیكێك قبوڵی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ لایه‌نێكی مێنتاڵ خێله‌كی بتوانێ به‌یارمه‌تی وموباره‌كه‌ی شۆڤێنیستی توركی و به‌عسی وعه‌ره‌بی وكۆكتێلێك له‌ پان ئیسلامیزم و عه‌ره‌بیزمی سوننه‌ مه‌زهه‌بی سعودی و قه‌ته‌ری كه‌ هه‌مویان پاڵپشت و دروستكه‌ری داعشن كوردوستانێكی ئازادو سه‌ربه‌خۆمان بۆ چێبكات ..!! درۆزنیی ده‌سه‌لاتی سیاسی له‌وه‌دایه‌ هه‌رئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر دزینی نه‌وت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندیدا بكه‌‌وێته كێشه‌وه‌ یان كێشه‌ی ڕاگرتنی مووچه‌ی مامۆستاوپێشمه‌رگه‌وفه‌رمانبه‌ران بته‌‌قێته‌وه‌ ، ڕاسته‌وخۆتیغی كوردوستانی سه‌ربه‌خۆ ‌ ده‌مه‌زه‌رد ده‌كاته‌وه‌و ده‌كه‌وێته گه‌وجاندنی خه‌ڵكی وبه‌ بانگاشه‌ی كوردوستانی سه‌ربه‌خۆ‌‌ كێشه‌ناوخۆییه‌كان له‌بیر خه‌ڵكی ده‌باته‌وه‌ !له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ هه‌موو په‌رله‌مانتاره‌كانیان هه‌روه‌كوو جاران له‌ به‌غداد كاری خۆیان ده‌كه‌ن و خۆیان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماركاندید ده‌كه‌ن یانژێ به‌م دواییه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم یارمه‌تی فڕۆكه‌ی جه‌نگی له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی وه‌رده‌گرێت و ده‌ڵێ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دروستكردنی حكومه‌تێكی ناوه‌ندی بنكه‌ فراوانداین به‌ مه‌رجێ مافی هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی وئیتنیكی و ئاینییه‌كانی تێدا پارێزراو بێت ،به‌ڕاستی ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ كۆمیدیه‌ ئه‌وپه‌ڕی شه‌رمه‌زارییه‌ بۆ ئه‌كادیمیست و ڕوناكبیره‌ كڵۆڵه‌كانی سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵات ، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم هێنده‌ سه‌رگه‌ردانن كه‌ هه‌تا ئێستاش نازانن دامه‌زراندنی هه‌رسێ ده‌سه‌لاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری به‌ردی بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیه‌ و به‌بێ چه‌سپاندن و ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و سێ ده‌سه‌لاته‌ ناچێته‌ ئه‌جێندای UN یوئێنه‌وه‌ و پێنج ئه‌ندامه‌ سه‌ره‌كیه‌‌كه‌ی یوئێن ده‌نگی له‌سه‌ر ناده‌ن .

به‌هۆی هاتنی داعش وقوچاندنی له‌شكری مالیكییه‌وه‌‌ ئه‌مجاره‌یان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه‌خشی هێناو كه‌ركووك و هه‌ندێ ناوچه‌ی تربه‌بێ ته‌قه‌ كه‌وتنه‌وه‌ ژێرده‌ستی پێشمه‌رگه‌ به‌مه‌ش كێرڤی ناسیۆنالیستیی به‌رزبۆوه‌و سیاسییه‌ نه‌وتفرۆشه‌كان كه‌وتنه‌وه‌ خۆهه‌ڵكێشان ونه‌ڕه‌نه‌ری كاڵوكرچ و بێناوه‌رۆك ، كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ بڵێن له‌مه‌ودواباسی مادده‌ی ١٤٠ناكه‌ین كه‌ ده‌بوو ته‌واو پێچه‌وانه‌كه‌ی بڵێن چونكه‌ مادده‌ی ١٤٠ ماده‌یه‌كی قانوونیه‌و زۆر ناوچه‌ی تریش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هێشتا له‌ژێر ده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندیدایه‌ ، هه‌رله‌ ئێستاوه‌ من دژی ئه‌و كوردوستانه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌م كه‌ ده‌سه‌لاتی سیاسی هه‌رێم یان ڕاستتربڵێم ده‌سه‌لاتی بنه‌ماله‌یه‌ك بانگاشه‌ی بۆ ده‌كات له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ی لای خواره‌وه‌:
١. ئه‌م كوردوستانه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ ڕژێمێكی پاشایه‌تی دیكتاتۆرده‌بێته‌ كوێخاوبڕیارده‌ری وتێیدا به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حیزبایه‌تی و خێڵه‌كی پێش به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌وێت و نه‌وتفرۆشتن ده‌بێته‌ پیشه‌ی سه‌ره‌كیان.
٢. ئه‌م كوردوستانه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ كه‌ركووك و ناوچه‌دابڕاوه‌كانی تێدا نابێت و ڕه‌نگه‌ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ كه‌ركووك له‌ده‌ست بده‌ین .
٣. كاتێ كه‌ پاشایه‌كی دیكتاتۆر سه‌رۆكی كوردوستان بێ ، گومانی تێدانییه‌ هیچ پلانێكی بۆ جیاكردنه‌وه‌ی دین له‌ده‌وڵه‌ت نییه‌ .
٤. مافی مرۆڤ ومافی ژنان و سه‌ربه‌ستی تاكه‌ كه‌س ( Individual Freedom) به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ژێرچه‌پۆكی پاشایه‌كی دیكتاتۆردا ده‌سته‌به‌رنابێ.
٥. مافه‌ دیموكراتیه‌كان ومافی دروستكردنی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی هه‌رگیز جێبه‌جێ ناكرێ .
٦. دوژمنایه‌تیكردنی كوردانی توركیاوسوریا و(ڕه‌نگه‌ كوردانی ئێرانیش) به‌ پێی خواستی توركیا ده‌بێته‌ مه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه‌.
جا كوردوستانێكی سه‌ربه‌خۆ كه‌ ئه‌وه‌ حاڵی بێ ،نه‌بوونی باشتره‌.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە