کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


نامەیەک بەر لەوەی هەواڵی مەرگم بڵاو بێتەوە

Friday, 13/12/2013, 12:00


من لە بوونمەوە بڕوام بەمردنی سەر جێگە نەبووە، مردنێکم دەوێت کە بکوژەکەم تێیدا فێری وانەی ژیان و مرۆڤبوون بکەم، مردنێک واتادار بێت، بەسانایی لەبیر نەچێتەوە .
قه‌ده‌ر ‌ وايكردوه‌ کە ئێمە له‌ وڵاتێكدا بژین سیستەمێک حوكمڕانى ده‌كات و بەرهەمی عه‌قڵییەتێکە، لە هەناویدا کەسانی بچوک، ئەڵقەلەگوێ و کۆیلە و دواکەووتوو بەرهەم دەهێنێت، ئەم عەقڵییەت و حوکمڕانییە وەک کارگەیەک وایە هەمیشە خەڵکی قەزم بەرهەم دەهێنێت. ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌م کارگەیە یان قوتابخانەیەدا دەردەچن کەسانێکن  خه‌ڵكى لومپن، چه‌قۆكێش، دز، پياوكوژ و بێهەستن، ناتوانن بڕوا بەمرۆڤبوونی خۆیان بکەن و لە دڕندەیەکی ناشرینی ناو چیرۆکەکانی جەنگەڵ دەچن، گەرچی خۆیان دەوریان بەترسنۆکیی و تارمایی گیراوە ، بەڵام بە کۆمەڵ چەشنی گورگ بەدوای ئەو نێچیرەوەن، کە ئاغاکانیان فەرمانیان پێدەکات. ئاغاکانیشیان کەسانی شه‌لاتی ده‌گرنه‌ خۆيان و بۆ سه‌رانه‌ سه‌ندن، بۆ تۆله‌سه‌ندنه‌وه‌، بۆ كوشتن، گوێبڕێنى ئاژه‌ڵه‌كانى نه‌ياره‌كانيان به‌كاريان دەهێنن. ئێمه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و عه‌قڵیەته‌ به‌ربه‌رى و كۆنه‌په‌رستانهدا به‌ره‌و رووبووينه‌ته‌وه‌ كه‌ عه‌قڵییەتى به‌شێكى زۆرە له‌ حوكمڕانانى ئه‌م نیشتمانە کڵۆڵ و داگیر کراوەی ئێمە، بۆيه‌ ده‌بێت هه‌ميشه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش بیین له‌ به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌كانمان له‌سه‌ر ئه‌و عه‌قڵییەته‌ كۆنه‌په‌رستانه‌ى حوكمڕانانى ئەم بەشە بچوکەی باشورى كوردستان، به‌ كوشتن وه‌ڵام بدرێینه‌وه‌. واته‌ مه‌رگى خۆمانمان له‌ به‌رچاوه‌ و مەرگ بۆ ئێمە بۆتە یەقین بەدەست ئەم کۆیلانەوە .

لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێـت لەم نامە کراوەیەدا پەیامم بگەیەنمە دەست خۆشەویستەکانم هەردوو "دايكم و باوكە" بەساڵاچووەکانم و لەوێشەوە بۆ خوشك و برا و كه‌سوكاره‌كه‌م و هاوڕێيان و هاوپيشه‌كانم، پێيان بڵێم: له‌ دواى كوشتنم نه‌داواى ليژنه‌ى لێكۆڵێنه‌وه‌ بكه‌ن، نه‌ داواى ياسایی تۆمار بكه‌ن، نه‌بكوژه‌كانم دادگایى بكه‌ن، چونكه‌ ليژنه‌ و ليژنه‌كاریى و دادگا و دادوه‌ر هه‌مووى سيناريۆ و گاڵته‌جاڕيكردنه‌ بە هەستی تاک بەتاکمان، ئه‌وانه‌ى دێن ئه‌مانكوژن، كارگه‌يه‌ك له‌ پشتيانه‌وه‌يه‌ هه‌زاران مرۆڤكوژى ديكه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنن و به‌رهه‌ميان هێناوه‌، ته‌نها ده‌بێت به‌دواى ئه‌و به‌رپرسه‌ مافيانه‌ى ده‌سه‌ڵاتدا بگه‌ڕێن كه‌ پيلانى كوشتنه‌كه‌میان داناوە، ئەوان كارگه‌يه‌كن بۆ به‌رهه‌مهێنانى کەسانی مرۆڤكوژ، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتان هه‌بوو پلانداڕێژه‌رانم به‌ سزا بگه‌يه‌نن. ئەوە ئەرکی ئەخلاقی هاوڕێکانمە هه‌روه‌ها پێتان دەڵێم: کە من "موڵكى هيچ حيزبێكى دياريكراو نيم"، ته‌نها  موڵكى خه‌ڵكانى ئازاديخوازیى نیشتیمانەکەمم، له‌ هه‌ركوێیەکی دنيا بن، من موڵی مرۆڤایەتییم . داواكارم له‌ دواى خۆم يه‌ك فلس له‌ كه‌س وه‌رنه‌گرن، چونكه‌ "من به‌روتى هاتومه‌ته‌ دنياوه‌ و به‌ رووتيش دەچمە ژیر خاكەوە و بۆ سروشت دەگەڕێمەوە".
دواى خۆم نه‌ پاره‌ بە ناوی من کۆبکرێتەوە، نه‌ شه‌هيدانه‌ و نه‌به‌ياننامه‌ى ئيدانه‌كردنى جه‌لاده‌ مرۆڤكوژەکان.

ڕازی مه‌بن مرۆڤكوژه‌كان بێنه‌ پرسه‌كه‌مه‌وه‌ و به‌درۆ غه‌مبارى خۆيان ده‌رببڕن، مه‌هێڵن ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌، كه‌ پێمان ئه‌ڵێن جنێوفرۆش و ئیستا له‌ دواى مردنم بڵێن رۆژنامه‌نووسێكى ئازا و ئازادبوو، چونكه‌ پێش مه‌رگى كاوه‌ى هاوڕێم زۆرم له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ بینی، کە كاوه‌يان به‌رۆژنامه‌نووس نه‌ده‌زانى، به‌ڵام دواى مردنى بێشه‌رمانه‌ وه‌ك رۆژنامه‌نووسێكى ئازا و ئازاد باسيان ده‌كرد و خۆيان وه‌ك هاوڕێى و هاوخه‌مى كاوه‌ نمايش ده‌كرد. من لە بیرمە كاتێك كاوه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى له‌سه‌ر بوو ئه‌وانه‌ بێده‌نگيان هه‌ڵبژاردبوو.
راسته‌ ژيان خۆشه‌ گومانم نییە: به‌ڵام کاتێک تاوانباران بڕیار لەسەر چۆنێتی ژایانت و بیرکردنەوەت دەدەن، لەناویدا مامەڵەی کۆیلایەتیمان لەگەڵدا دەکەن، من ئەمە بەژیان نازانم بۆيه‌ مردن له‌ رێگاى ئازاديیدا رزگار بوونه‌ له‌ کۆیلایەتی. مرۆڤ تاکە جارێک دەژی دەبێت بە دوایی کەرامەتی ژیانەوە بێت، بە ئازادیی بژی لێوانلێو پڕ بێت لە مانا و لە خۆشەویستی و لە ئارامیی، چونکە تامی ژیانت بۆ خۆشتر دەکات، منیش لەوەتەی دەستم داوەتە قەڵەم هەمان رێگەم گرتووە دەمەوێت بە گیانی خۆم ئازادیی کەسانی تر رامبکەم، هی گەلەکەم چونکە ئەمە ئەرکی بەرپرسیارێتی و ئەخلاقی ئەوانەیە، کە دەیانەوێت قەڵەم بەدەست بن.

كێ هه‌يه‌ له‌ ئێمه‌ بتوانێت نه‌مرێت؟ به‌دڵنياييه‌وه‌ كه‌س نیيه‌ له‌ مردن رزگارى بێت، ئەمە سروشتی ژیانە لە دایکبووندا مردن وەک سێبەر بە چرکەش جێمان ناهێڵێت، مردن بەوەفایە چۆن خاوەنی خۆی جێدەهێڵێت؟ هەموو جارێک ئۆجه‌لان ڕووی دەکردە گەریلاکان و ده‌یووت "مرۆڤ ده‌بێت مردنه‌كه‌شى مانايه‌كى تێدا بێت" بۆيه‌ ئه‌م رێگا پيرۆزه‌م گرتووه‌، كه‌ رێگاى ئازادىی مرۆڤى كورد و گەڕانەوەی كه‌رامه‌تی تێکشکاومان و به‌گژاچوونه‌وه‌ى فيرعه‌ونه‌كانى ده‌سه‌ڵاتە، كه بوونەتە مافياى مرۆڤكوژى و مافيايى تاڵانكردنى لوقمی خه‌ڵك. ڕێپێوان لەم كاروانه‌دا لەم ڕێگەدا پيرۆزترين شتگەلێکە به‌لامه‌وه‌، هه‌ربۆيه‌ مردنى خۆم ده‌كه‌مه‌ خه‌ڵات بۆى و به‌پێكه‌نين و رووى خۆشه‌وه‌ پێشوازى له‌و مردنه‌ پڕمانايه‌ ده‌كه‌م.

ئەگەر هەرچییەکم بەسەر هات، من خاوەنی کتێبخانەیەکی بچکۆلەم تکایە ئەوە بەرن بۆ کتێبخانەی گشتی کەلار، با گەنجە کراس ڕەشەکان بیان خوێننەوە و تێبگەن لەچ سەردەمێکدا و لەچ زەمەنێکدا دەژین و کێ حوکممان بەسەرەوە دەکات!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە