كێن ئەوانەی سود لەدروست بوونی قەیرانەكانی كوردستان و عێراق ئەبینن ؟
Wednesday, 02/05/2012, 12:00
كۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوریی رووی لە وڵاتەكەی كردووە كە بەهۆی توندكردنەوەی ئابڵوقەی ئابوری سەر وڵاتەكەی توشی بووە، ئەوە وایكردووە بیر لە ڕێگاچاریەك بكاتەوە بۆ ئەوەی ئەو قەیرانە تێپەڕێنێت، ئەو رێگاچارانەی كە كۆماری ئیسلامی ئێران گرتوونێتیبەر درووستكردنی قەیرانە لە دەرەوەی وڵاتەكەی خۆی وەكو عێراق و بەحرەین، ئەو پایە گرنگەی ئێران لە سوریا هەیبوو وردە وردە لە روخاندایە. بۆ قەربووكردنەوەی ئەو پایە گرنگەی كە لە سوریا لە دەستیداوە هەڵساوە بەبنیات نانی پایەكی گرنگی تر كە عێراقە و هەروەها لەپشت تەقینەوەی ناڕەزایەتیە شیعە مەزهەبەكانی وڵاتی بەحرەینیشەوەیە، نوری مالیكیش خەریكی گەمەكردنێكی سیاسی نوێیە و ئەیەوێت سود لەقەیرانەكان وەربگرێت و ببێتە ستەمكارێكی شیعی و دەم راستی شیعەكانی عێراق، بۆیە یەكەم هەنگاوی هەڵدانەوەی مەلەفەكانی تاریق هاشمی و تۆمەتباركردنی بە كارەكتەری پشت چەند تەقینەوەیەك كە لەعێراق ئەنجامدرابوون، دوای ئەوەی تاریق هاشمی هەڵ هات بۆ كوردستان و گلۆڵەی كەوتە لێژی ومالیكی لەوەدا تا رادەیەكی باش سەركەوتنی بەدەست هێنا و دووژمنێكی سونی مەزهەبی خۆی و شیعەكانی خست، ئەو سەركەوتنە وایكرد مالیكی هەڵسا بە هەڵدانەوەی مەلەفی دزین و بەتاڵان بردنی نەوتی كوردستان لەلایەن مەسعود بارزانیەوە و چاوپۆشیكردن لە بەتاڵانبردی نەوت لەلایەن تاڵەبانیەوە لەبەر ئەوەی تاڵەبانی لەبەرەی ئێران و مالیكیدایە و هەرچیشی پێ بڵێن بۆ یان جێبەجێ دەكات، جوڵاندنی بەتاڵانبردنی نەوتی كوردستان لەلایەن مالیكیەوە لەبەر چاوی كاڵی خەڵكی كوردستان نیە كە چەند ساڵە هاوار ئەكات و داوای ئاشكراكردنی پارەی گرێبەستە نەوتیەكان ئەكات و گوێی لێناگیرێت لەلایەن دسەڵاتی ستەمكاری كوردیەوە، بەڵكو لەبەر ئەوەیەوە كە دوو هەدەفی هەیە یەكەم ئەوەیە كە ئەو قەیرانەی لە ناو هاوپەیمانی شیعەكان هەیەتی خۆی لێ رزگار بكات و قەیرانەكە بخاتە دەرەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی دووژمنی نوێیان بۆ درووست بكات، بۆ ئەوەی یەكگرتووبن و پاڵپشتی لێبكەن، هەدەفی دوومەیشی ئەوەیە كە مەسعود بازرانی دوور بخاتەوە لە خۆ هەڵوایسن بەبەرەی توركیا و سونەكانەوە و ناچاری بكات خۆی هەڵ بواسێت بەبەرەی ئێران و شیعەكانەوە، یان هیچ نەبێت بەبێ لاینی بیهێڵنەوە.
لە كوردستاندا نارەزایەتیەكانی دژی ناعەدالەتی و نەبوونی سیستەمێكی دیموكراسی راستەقینە و سەردەمیانە تەقینەوە، لەبەرامبەردا یەكێتی و پارتی بە گوولە وەڵامی داواكاریە رەواكانی خەلكی ئازادیخوازی كوردستانیان دایەوە و سەركوتی نارەزایەتیەكانیان كرد، هوشیاری خەڵك لە كوردستان وایكردووە كە یەكێتی و پارتی لە ئاستی جەماوەریدا روو لە داكشانێكی گەورە بكات و رۆژ بەرۆژ بەرەی یاخیبوونی خەڵك لە ستەم و ناعەدالەتی ئەو دوو حیزبە بەرەوە هەڵكشان بچێت، ئەوەش بۆ خۆی خەتەرێكی گەورەی لەسەر دەسەەڵاتی ئەو دوو حیزبە درووستكردووە، بۆیە مەسعود بارزانی كە خەریكی شەڕی گرێبەستە نەوتیەكانی خۆیەتی هەڵسا شەڕی دەسڵات خوازی نێوان خۆی مالیكی كرد بە شەڕی نەتەوەی و مەترسی دیكتاتۆر بوونی مالیكی ورژاند وهەست و سۆزی هەندێك خەڵكی عاتیفی و بێزاكیرەی كوردی بۆلای خۆی راكێشایەوە و خۆی وەكو پەڵەوانی كوردایەتی دەردەخات، خۆیشی هەڵواسیوە بەبەرەی توركیا و سونەكانەوە و قەیرانێكی نوێ درووستكرد بۆ ئەوەی ئەو قەیرانەی رووی لە دەسەڵاتی بنەماڵەكەی كردوە لە كوردستان تێپەڕێنێت و لەبیری خەڵكی نارازی كوردستانی بەرێتەوە.
ئەتوانین بڵێن كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو قەیرانەی لە عێراق درووستكردوە بۆ ئەوەی ئەو قەیرانەی رووی لە خۆی كردووە تێپەڕێنێت و خۆشی وەكو ئیمپراتۆری شیعە لە ناوەچەكە نمایش بكات، مالیكیش بەهەمان شێوە ئەو قەیرانەی لە ناو هاوپەیمانی نیشتمانی بۆی درووست ببوو بە درووستكردنی قەیران لەگەل سونەكان ومەسعود بارزانیدا، بۆ ئەوەیە كە لەو قەیرانە رزگاری بێت كە هاوپەیمانە شیعەكانی بۆیان درووستكردوە وخۆشی بكاتە دەم راستی شیعەی عێراق و ئەوەشی لەگەڵی نەبێت وەكو خیانەتكار تەماشای كات، مەسعود بارزانیش بە هەمان شێوە كە ئەو قەیرانە لە كوردستان تووشی بووە ئەیەوێت بە درووستكردنی قەیران، قەیرانەكانی بنەماڵەو وحیزبەكەی تێپەڕێنێت و لە بیری خەڵكی بەرێتەوە وببێتە دەم راستی كورد و ئەوەیشی لە گەڵیدا نەبێت وەكو خیانەتكار تەماشای بكات.
درووست بوونی ئەو قەیرانانە هەمووی یاریكردنە بە خەڵكی كورد و شیعە و سونە لە عێراق، بازرگانە سیاسیەكانی خوێن لە عێراق و كوردستان ئەیانەوێت زۆرترین خەڵك بە مێگەل بكەن، بۆ ئەوەی بتوانن هەمیشە لە دەسەڵاتدا بمێننەوە.بەو شێوەیە توانیویانە وابكەن خەڵك گەندەڵی بە تاڵانبردنی داهاتی عێراق و كوردستانی لە بیر بچێتە و سەرقاڵیان بكەن بە كێشە قەومی مەزهەبیەكانەوە.
حیزبەكەی مالیكی و ئەندام پەرلەمانەكانی هەندێك لێدوانی حاقیدانە و توند ئەدەن كە دژی مافەكانی خەڵكی كوردستانە كە چەندین ساڵە خەباتی بۆ كردووە و قوربانی زۆرو زەوەندی داوە بۆ بەدەست هێنانی مافە رەواكانی خۆی، مەترسی ئەو لێدوانانە لەوەدایەى كە ئەیانەوێت ئیحساساتی خەڵكی ناڕزای كوردستان بجوڵێنن و هانیان بدەن پاڵشتی لە مەسعود بارزانی ستەمكار و خوێن ڕێژ و خیانەتكار و داردەست بكەن. ئەوەش تەنها بەسودی مەسعود بارزانی و بنەماڵە نەوت دز گومرگ دزەكەی دەشكێتەوە. ئەوەی سودمەندی سەرەكیە لە درووست بوونی قەیرانەكانی عێراق و كوردستان، هەریەك لە ئێران و مالیكی و مەسعود بارزانین و خۆشیان كەرەكتەری دروستكردنی قەیرانەكانن و بەمەبەستی رەواندنەوەی ئەو قەیرانانەی لە ناوخۆدا رووی لە هەرسی لایەن كردوە و بەو جۆرە گەندەڵی بێكاری لە بیری خەڵك بسڕنەوە و سەرقاڵیان بكەن بە دەمارگیری قەومی و تائیفی.زەرەرمەندی یەكەمی قەیرانەكانیش خەڵكی كوردستان وعێراق وئێرانن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست