ئەو رۆژنامەنووسانەی چونە نێو مەكتەبی سیاسی یەكێتی گرێ بەستی كۆیلایەتیان ئیمزاكرد
Thursday, 23/02/2012, 12:00
"مرۆڤی ئازادیخواز هەرگیز باكی بەمردنێك نیە بەدەستی جەلادەكانی ستەمكاران ئەنجام بدرێت، ئەوە كۆیلەكانن لەبەرامبەر مردندا زەلیلن و پەنا بۆ كەلتوری رسوابوونی خۆیان دەبەن، لەبەرامبەر جەلادەكانی ستەمكاران كڕنۆش دەبەن"
كەلتورێكی سەقەت لە ناو كۆمەڵگای كوردیدا باوە و بە درێژای مێژوو رەگی داكوتاوە و تائێستاش بەردەوامی هەیە، ئەو كەلتورە سەقەتەش باوەڕبوونە بە سوڵحی عەشائیری، بۆنمونە زۆر جار بینیومانە كە كاتێك هاوڵاتیەك بە ئەنقەست هاوڵاتیەكی كە دەكوژێت ، لە بری ئەوەی لێگەڕێن بۆ دادگا و دادوەر ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، كەچی یەكسەر خاوەن ماڵی تاوانبار پەنا دەبەنە بەر سوڵحی عەشائیری و ئەوەش پاڵنەرێكی سەرەكیە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە تاوانانە دووبارە ببنەوە.لە هەمان كاتیشدا بوونی دادگا و دادوەر هیچ مانایەكی نامێنێت و ئەو پارەشی وەری دەگرن بە هەدەردانی سامانی گشتی یە و گەندەڵیەكی ئاشكراشە، هەرچەندە لە كوردستان دادگا قەشمەرترین و سوكترین ناوە لەلای پیاوانی رژێمی بەعسی كوردی و ئەندامان و رەفیق حزبیەكانی یەكێتی و پارتی.
مایەی گاڵتە جاڕیە ناوی خۆت نابێت رۆژنامەنووس و باوەڕت بە سوڵحی عەشائیری ببێت، وەكو لەو نمونەی سەرەوە ئاماژەم كرد بەوەی كە چۆن تاوانكاران لە پای تاوانەكانیان پەنا بۆ سوڵحی عەشائیری دەبەن و دادگاكانیش رۆڵی گەوادەكانی بەرپرسەكانی حزب دەبینن. لێ ئەمڕۆ كۆمەڵێك رۆژنامەنووسی كۆیلە پەنایان بۆ ئەو كەلتورە ناشرینە برد كە پەنابردنە بە سوڵحی عەشائیری، بەڵام بە پێچەوانەوە. بۆ نمونە لە سوڵحی عەشائیریدا تاوانبار خەڵك ئەنێرێت بۆ ماڵی قوربانی بۆئەوەی لێی خۆش ببێت، كەچی ئەمڕۆ لە داهێنانێكی نوێ هەندێك رۆژنامەنووسی كۆیلەدا بۆ یەكەمجار بینیمان قوربانیەكان چوون بۆ لای تاوانباران و داوای لێخۆشبوونیان دەكرد و دەستی نزا و پاڕانەوەیان بۆ تاوانبارانی حزب بەرز دەكردەوە؟ بۆئەوەی تاوانی تریان بەرامبەر ئەنجام نەدرێت؟! كە ئەوە مایەی شەرمەزاریە و پەڵەیەكی رەشە بە مێژووی ئەو رۆژنامەنووسانەی كە ئەمڕۆ چوونە نێو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە و پەیمانی كۆیلەبوون و زەلیل بوونی خۆیانیان بۆ تاوانبارانی حزبی بەعسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئیمزاكرد. مرۆڤ بە ئازدی بمرێت لەوە باشترە بەشێوەی كۆیلەیەك كڕنۆش بۆ تاوانباراێكی وەكو مەلا بەختیار و مەلا بەختیارەكان ببات كە رۆژی دادگای كردنیان لەلایەن گەلەوە نزیك بووەتەوە و ژورە تاریكەكانی زیندان لە چاوەڕوانی ئەو تاوانبار و ساختەچی و ناوگەڵ نەخۆش و دۆلار دزاندایە، ئەوەی ئەمڕۆ ئەو كۆمەڵە رۆژنامەنووسە كردیان و چوونە نێو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئیمزاكردنی گریبەستی كۆیلایەتی بوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست