نەبونەوەی تاڵەبانی بەسەرۆك كۆماری عێراق یەكسانە بەتێگچونی رێكەوتنی بەناو سیتراتیجی
Saturday, 06/11/2010, 12:00
پاش ئەوەی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە 7/3/2010 ئەنجامدرا و هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردن دەرنەچوبو، جەلال تاڵەبانی خۆی گەیاندە ئێران و لەگەڵ خامەنەی لە شاشەی تیڤیەكانەوە دەركەوت، ئەو هەنگاوە ئەمریكایەكانی توڕەكردو لەو ماوەیشدا ئۆباما ئامادە نەبو تاڵەبانی ببینێت، لەوكاتەوە ئەمریكا نایەوێت جەلال تاڵەبانی ببێتەوە بە سەرۆك كۆماری عێراق، یەكێك لە هۆكارەكانیتریش ئەوەیە كە حزبەكەی تاڵەبانی لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی 12 كورسیە كە هیچ نیە لەچاو ئەو هەمو كورسیانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلایەكیترەوە ئەمریكا ناچێت لە بەر خاتر 12 كورسی تاڵەبانی 91 كورسی لیستی عێراقیە لەبەرچاونەگرێت.
لە ئێستادا لیستی عێراقیە گەشتونەتە ئەو باوەڕەی كە بەهێچ شێوەیەك ناتوانن پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەست بهێنن، بۆیە ئەیانەوێت پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بە هەندێك دەسەڵاتەوە وەربگرنو ئەمریكاش بەو رازیە، لیستی عێراقیە لەم ماوەدا دەبنە دو بەشەوە، بەشێكیان دەچنە نێو دەسڵاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن باڵانسی هێزەكانیان لە نێو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ رابگرن بەرامبەر هێزەكانی شیعە لەو دو وەزارەتە، بەشێكیتریشیان دەبنە ئۆپۆزسیۆن، پارتیش دوای ئەوەی بۆی دەركەوتوە كە جەلال تاڵەبانی لەپشت قانعی فەردەوەیە بۆ دەرچونی ئەو كتێبە كە باس لە خیانەتەكانی مەلا مستەفا دەكات، بۆیە هەرچەندە لەسەرەوە دەڵێت پۆستی سەرۆك كۆمار سازشی لەسەر ناكەین، بەڵام لەژێرەوە هەوڵ دەدات ئەو پۆستە نەدرێتەوە بە تاڵەبانی.
تاڵەبانی ئەو كاتەی پۆستەكەی پێنادرێت دو رێگا دەگرێتە بەر، رێگای یەكەم ئەوەیە كە بە درۆوە دەڵێت ئەوە لەبەر جێبەجێنەكردنی مادەی 140 وە ئەو پۆستە وەرناگرێتەوە، بەوشێوە دیماگۆژیانە خۆڵ لە چاوی هەندێك خەڵكی كۆیلە دەكات، رێگای دوەم ئەوەیە كە تاڵەبانی وەكو پیشەی هەمیشەی خۆی چەند سەیارەیەك خۆی دەكات بە گردەكەدا و دەڵێت لە گەڵ نەوشێروان هیچ شتێك روی نەداوە لە نێوانمان و ئێمە هاوڕێی دێرینی یەكین، تاڵەبانی بەو شێوە ریكەوتنی بە ناو ستراتیجی نیوان خۆی پارتی هەڵ دەوەشێنێتەوە و هەوڵ دەدات لەو رێگەیەوە تۆڵە لە پارتی بكاتەوە.
پارتی بۆچی هەوڵەكانی خۆی بە تەنها بەرامبەر بە لیستی گۆڕان خستوەتە گڕ بۆ گەڕانەوە بۆ ناو لیستی ئیئتلافە كوردستانیەكان؟ وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوەیە كە پارتی باش دەزانێت تاڵەبانی نابێتەوە بۆ سەرۆك كۆماری عێراق و ریكەوتنی نێوان حزبەكەی و حزبەكەی تاڵەبانی تێك دەچێت و حكومەتی هەرێم هەڵ دەوەشێتەوە.بۆیە لەوە دەترسێت یەكێتی و گۆڕان رێكبكەون و حكومەت پێك بهێنن لە رێگەی هاوپەیمانێتیەوە، بۆیە پارتی ئیەوێت ئەو كارتەی یەكێتی بسوتێنێتو گۆڕان بەلای خۆیدا راكێشێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە حاڵەتی تێكچونی لە گەڵ یەكێتیدا بتوانێت لەگەڵ گۆڕان حكومەت پێك بهێنن و هەندێك لە داواكانی گۆڕانیش قەبوڵ بكات، خۆنزیك كردنەوەی پارتی لە بەرخاتری ئەو هەشت كورسییەی گۆڕان نیە لە بەغدا وەكو باس دەكرێت، بەڵكۆ لەبەر خاتری ئەو25 كورسییەی گۆڕانە كە لەپەرلەمانی كوردستاندا هەیەتی.
پرسیارەكەی ئەوەیە ئایە بزوتنەوەی گۆڕان ئەیەوێت لە نێوان ئەو دو هێزەدا لە حاڵەتی تێكچونی نێوانیان لەگەڵ كام لادا ببێتە هاوپەیمان و حكومەت پێك بهێنن؟ ئەوە داهاتو وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست