کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


ئایا بزووتنەوەی گۆڕان ئەتوانیت ببیتە خاوەنی گوتاری نەتەوەیی؟

Thursday, 08/11/2012, 12:00


بەدریژای مێژوو داگیرکەران لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەهەموو شێوەیەک کاری لەسەر توانەوەی گەلی کورد کردووە و لەو پێناوەشدا چەندین قەسابخانەی گەورەی دژبەگەلەکەمان بەڕێخستبوو، سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و ستەمکاری و داگیرکاریە داگیرکەرانی کوردستان نەیانتوانی هەستی نیشتمان پەروەری و کوردایەتی لە عەقڵێتی تاکی کوردی لە هەرچوار پارچەی کوردستان بە گشتی و کوردستانی باشور بەتایبەتی بسڕنەوە.
لە کوردستانی باشور گەلی کورد لە پاش قوربانیدانێکی زۆر و زەوەند توانی لە هەلومەرجێکی ئیقلیمی کەڵک وەربگرێت و لە ئەنجامی خوێن لەبەر رۆیشتن و ئازارێکی زۆر لە بەهاری ١٩٩١ راپەڕینی سەرتاسەری لە دایک ببێت، دواتر پەرلەمان و حکومەتێکی حیزبی کلاسیکی نادیموکراسی لە سێ پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانی بهێنێتە بەرهەم.
لە ماوەی ٢١ ساڵی حوکمڕانی دوو حیزبی جاش ئیقلیمی گەندەڵ و مافیا و مشەخۆر و چاوبرسی و کورد کوژی وەکو یەکێتی و پارتی. گەلی کورد لەم پارچەی کوردستاندا هەستی نیشتمانی و کوردایەتی بەرەو کاڵبوونەوە رۆیشتووە و خەڵکی بێزاربوون لە درۆ و دەلەسەکانی مافیایاکانی تاڵەبانی و بارزانی و کەسایەتی کورد لەسایەی سەری ئەوندا سەد بەرامبەری سەردەمی داگیرکاری كەسایەتی تێک شکاوە لە بەرامبەر پارە و دەسەڵاتدا، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خودی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی و دەورو پشتەکانیان و بنەماڵەکانیان بۆ خۆیان کەسایەتی تێکشکاو زەلیل و کۆیلە لە بەرامبەر پارە و دەسەڵات و داگیرکەرانی کوردستان، کاتێک جاشایەتی لەلای سەرانی ئەو دوو حیزبە وەکو سەروەری و خەبات و پێشمەرگایەتی لە قەڵم دەدرێت و شانازی پێوە دەکەن، ئەوە وایکردووە جاشایتی لە ناو ریزەکانی ئەو دوو حیزبە ببێتە شتێکی ئاسایی و خەڵکانی دیش بەهەمان شێوە بەلایانەوە ئاسای بێت.
سەرانی یەکێتی و پارتی ناتوانن ببنە خاوەنی گوتارێکی راستەقینەی نەتەوەی نیشتمانی، چونکە
 یەکەم/ خاوەنی مێژوویەکی دور و درێژن لە جاشایتی و کورد فرۆشی،
 دووەم/ هەر لایەکیان بوونەتە بەشێک لە ستراتیجی داگیرکەرانی کوردستان،
 سێیەم/ خواستی ئەوان رزگاری نیشتمان و نەتەوە نەبووە لە ژێر چنگی داگیرکەران بەڵکۆ خواستیان بەگەیشتنە دەسەڵات و خۆدەوڵەمەندکردن بووە و ئەوەی وایکردووە لەدوای روخاندنی رژێمی بەعس لە٢٠٠٣ وە هەمیشە کێشەکانیان لە بەغداد شەرکردن بووە لە سەر بەدەستهێنانی زۆرترین پۆست و زۆرترین پارە و سامان بۆ خۆیان حیزبەکانیان، بۆ ئەوەی لەو ریگایەوە تاکی کورد گەمژە بکەن و بیانکەن لە کۆیلەی خۆیان و لەشکرێک لە کۆیلە بەدەوری خۆیان و حیزبەکانیاندا درووست بکەن.
چوارەم/ لەوەتەی ئەو دوو حیزبە بوونیان هەیە سیاسەت کردنیان لەدەستی دوو کەسی یەکەمی حیزبەکانیاندا بووە، ئەوەش وایکردووە هیچ گۆڕانکاریەک روونەدات لە سیاسەتی جاشایەتی کردن و ملکەچکردن لە بەرامبەر پارە و پۆست و داگیرکەرانی کوردستاندا،
 پێنجەم/ بیست و یەک ساڵە جگە لەدزی و تاڵانی و کورد کوژی و مافیای و نەوت دزین وداگیرکردنی ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان و کۆیلەکردن و گەمژەکردنی خەڵک،
 شەشەم/ کەرکوک و ناوچە دابڕێنردراوەکانی تری کوردستان تەنها وەکوکارتێکی فشار بەکار بهێنن بۆ بەدەستهێنانی پلە و پۆست و ئیمتیازاتی زۆرتر، جگە لەوانە هیچ ئەوتۆتریان نەکردووە بۆ خەڵکی کوردستان، ئەوانە و چەندین خاڵی تر خراپتری ئەو دوو حیزبە هۆکارن لەوەی کارتێکی سوتاوبن لە بەرامبەر مالیکی و حکومەتەکەی کە ئەمانیش شەریکە دزن لەگەڵێدا.
دیارە بزووتنەوەی گۆڕان کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتی و ئازار و ژناێکی بەشێکی خەڵکی کوردستان لە ٢٥/٧/٢٠٠٩ لەدایک بووە کە پێشوتریش دژی ئەم سیستەمە سەقەتە حیزبیە خیڵەکییە راوەستابوون، لە ٢٥/٧/٢٠٠٩ وە تا ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان لەبەر ئەوەی هەم مێژووەکەی تازەیە و هەمدیسیش تا ئەمڕۆکە لە کوردستان و لە بەغداش ئۆپۆزسیۆنە و بەشداری حکومەتی نەکردووە، ئەوە وایکردووە کە بەدوور بێت لەگەندەڵیکردن. لەو قەیرانەی کە ئێستا لە عێراقدا هاتووەتە پێشوە و کە بەشێکی ئەو قەیرانە سەرانی یەکێتی و پارتی تێدا بەرپرسن، چونکە هەریەکەیان بوون بە پاشکۆی سیاسەتی ئێرانیو تورکی، هەروەها لەبەر ئەو خاڵانەی سەروەش کە رونمکردوەتەوە یەکێتی و پارتی ناتوانن ببنە داکۆکیکار لە داوا رەواکانی خەڵکی کوردستان بە دیموکراسیکردنی حکومەتی ناوەندی، چونکە خۆیشیان لە کوردستان دوو هێزی نادیموکراسین کە من ناوم لێناوە درۆکراسی، واتە ئەو قۆرخکاری و ستەمکاریەی لە بەغدا پەیڕەوی لێدەکرێت کۆپی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیە ئیشی لەسەر دەکرێت.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایە گۆڕان ئەتوانێت خاوەنی گوتاری نەتەوەی بێت؟ ئایە ئەتوانێت جارێککە روحێتی نیشتمان پەروەری بگەڕێنیتەوە نێو عەقڵێتی تاکی کوردەوە کە ئێستا تەواو کاڵ بووەتەوە؟ بۆ وەڵامی ئەو دوو پرسیارە بەبۆچوونی من بۆ وەڵامی پرسیاری یەکەم رەنگە بتوانێت ببێت بە خاوەنی گوتاری نەتەوەی و بەشێوەیەکی باش بەکاری بهێنێت لە قازانجی خەڵکی کوردستان و گۆڕینی ئەو سیستەمە سەقەتەی لە کوردستان هەیە. بۆ وەڵامی پرسیاری دووەمیش، باوەڕم وایە ئەوە زەحمەتە هەروا بە ئاسانی ئەو روحێتە بگەڕێتەوە ناو تاکەکانی کۆمەڵگا تا خاوەنی ئەو دوو هێزە کۆنەپەرست و خێڵکی و کلاسیکیەی یەکێتی و پارتی بین.
هەرچەندە گەر سەرانی گۆڕانیش بیانەوێت یاری بەخەڵک بکەن و کۆیلە لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە، ئەوە گۆڕانیش کە زۆرێک لە هەڵسوڕاوەکانی هەڵگری بیری کلاسیکی ناو یەکێتی و پارتین تووشی پوکانەوە دەبن و دەبنە ڤایرۆسێکیتر لە ناو جەستەی ئەم نیشتمانەدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە