قائیمقامی كفری و داواكاری گشتی پەڵەیەكی شەرمن بە نێوچاوانی شارەكەمەوە
Wednesday, 30/11/2011, 12:00
كاتێك بیر لە مێژووی شارەكەم دەكەمەوە كە لە رابردودا شارێك بووە كە هەمیشە مرۆڤ دەتوانیت شانازی پێوە بكات، مێژویەك پڕ لە هونەر و مۆسیقا، پڕ لەعیشق، پڕ لە جوانی، پڕ لە باخ و پاكی ، پڕاوپڕ لە عەقڵ بەمانای وشە، شارێك بۆ پێكەوە ژیانی كورد و توركمان و عەرەب و جولەكە، شارێك پڕ لە مرۆڤی ئازا و نیشتمان پەروەر.شارێك پڕ لە مرۆڤی دژە ستەمكار.
كاتێك شارەكەم دژ بە ستەمی فاشیستەكانی بەعس ئەوەستایەوە، ستەمكارە بەعسیەكانیش رووخانی گەورەترین گەڕەكی شارەكەی كردە دیاری و خەڵكەكەی سەرگەردانكرد كە ئەویش گەڕەكی ئیمام مەحمەد بوو،چەندین گەنجی ریكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان لە سێدارەدران، چەندین پێشمەرگەی قارەمانی كردە قوربان بۆ رزگاری نیشتمان، هەزاران مرۆڤی لێ ئەنفالكرا و دەیان گوندی خاپوركرا، ئەوانە بوونە هۆكار رووخانی قەڵای زۆرداری و ستەمی بەعسیەكان، بەڵام مەخابن بەعسی كوردی جێگای گردنەوە.
دیاریەكانی بەعسی كوردی بۆ شارەكەم چی بوون؟
دیاریەكانی بەعسی كوردی بریتین لە بێدەنگكردن،بێعەقڵكردن، بە مێگەلكردن، كۆیلەكردنی هاونیشتمانیانی شارەكەم، چەكدراكردنی گەنجەكان بۆ پاساوانیكردن و خزمەتكاریكردن بۆ مرۆڤە گەمژە و تاڵانچەیەكان و ناوگەڵ تەڕەكانی دەسەڵاتی كوردی،بۆ تیرۆركردنی ئەو كەسانەی لە دەرەوەی عەقڵی بەعسیەكانی تاڵەبانی وبارزانی بیر ئەكەنەوە, بەڵام پێیان ئەڵێن: ئێمەش باشترین دیاریمان پێیە بۆ ئێوە، دیاریەكەی ئێمە بریتیە لە بەدادگای گەیاندنی ئێوەی كۆیلەی دەستی پارە و كورسی و سێكس، چاوەڕوانبن دوای ڕاپەڕینی خەڵك ئەو دیاریەتان پێشكەش ئەكەین.
ئەی شارەكەم، منداڵەكان، ژنەكان، كچاكان، كوڕەكان،گەنجەكانت، نازانم بۆچی هەموو پیر بوون و چەماونەتەوە لە بەرانبەر كۆمەڵێك بەرپرسی كۆیلەدا؟ بۆ بێدەنگیتان هەڵبژاردووە لەو هەموو زوڵم و ستەمە؟ ئەی شارەكەم كاتێك پارساڵ كۆمەڵێك چەتەی تاڵەبانی هاتن بۆ رفاندن و تیرۆركردنم و كە خۆش بەختانە رزگارم بوو لە ژێر چنگیان، لەبیرتە تۆ بێدەنگیت هەڵبژارد؟ ئەزانیت بێدەنگی تۆ بوو من دەستم لە تۆ هەڵگرت و تۆم بە جێ هێشت و بێزار بووم لە بێدەنگیت، لەبەرانبەر ئەو هەموو چەتەوە مافیای تاڵەبانی كە شاریان پڕكردووە لە مرۆڤی بێعەقڵ و جاهل و نەزان و ترسنۆك؟ ئەوەتا كاتێك هاوڵاتیەكی شارەكەم بە ناوی"محمەد ئەمین" راوبۆچوونی خۆی دەردەبڕێت، قائیم قامێك و داواكارێكی گشتییەك لە بودجەی گشتی پۆڵ وەردەگرن و یاسا دەكەنە سەگی پێش ماڵە حەرامەكانی خۆیان و هاوڵاتیەكانی شار بێدەنگ ئەكەن، ئەو چەتانەی تاڵەبانیە حەقی خۆیان تۆ بێدەنگ بكەن ئەیاشارەكەم، تۆیەك كە سەرت بردووەتە سوجدەوە سەرهەڵی نابڕیت هەروەكو مردووت لێ هاتووە، دەئیتر بەسە واز لە سوجدە بردن بهێنە، هەستەوە سەرپێی وسێ تف بكە نێًوچاوانی ئەو چەتانەی تۆیان دیلكردووە، دەهەستەوە هەنگاو بنێ بۆ لەدەست كردنی كەلەپچە بۆ دەستی چەتەكانی تاڵەبانی و بارزانی، دە هەستەوە بەرپرسە بێعەقڵەكانی شار لە دەسەڵات بهێنە خواروە و بیانخەرەوە بەرخوێندن و فێری وانەكانی ئازادیان بكە. دەهەستەوە پەڵە رەشەی سەر روومەتت بسرەِوە كە بەرپرسی وەكو قائیم قام و داواكاری گشتی كفری و چەند چەتەیكی تری تاڵەبانیە.
بەڵام من ئێستا لە شارێك ئەژیم كە ناوی سلێمانیە، ئەم شارەی كە منی لێم مافیاو چەتەكان و بێعەقڵەكانی تاڵەبانی و بارزانی زۆر هەوڵیاندا، وەكو تۆ كۆت و زنجیری لە دەست كەن و كۆیلەی بكەن سوجدەی پێبەرن، بەڵام ئەم شارە پڕێتی لە مرۆڤی ئازا و ئازاد، بۆیە هەرگیز نایەڵێت بتەكان حوكمی بكەن. من نازانم چۆن قەرزی ئەم شارە بدەمەوە كە پێشی خۆیانم دەخەن بۆ شكاندنی بتە سیاسیەكان، رێزمان دەگرن، ئەوەندەیان خزمەتكردووم، هەر وەكو شاری خۆم سەیری ئەكەم.
ئەی شارەكەم چیتر بەم حاڵەوە كە بوویت بە كۆیلەی قائیمقام و داواكاری گشتیەك،چەند چەتەیكیتری تاڵەبانی و بارزانی، لێم ببورە چیتر ناتوانم وەكو شارێك ناوت بێنم، بەڵكو تۆ ئێستا زیندانێكی گەورەیت و وەكو كۆیلە سوجدە بۆ بتە بێ رووحەكان دەسەڵات ئەبەیت، ئەو بتانەی كە تۆ راپێچی دادگا دەستكردەكانی خۆیان دەكەن، لەبەر ئەوەیە كە تۆ لە كاتی سوجدە بردنەكەتا سەرت هەڵنابڕی و باسی زۆڵم و ستەمی ناو زینداناكەیت، بەڵام هیچ مەترسە لەو زیندانە هەوڵ بدە خۆت بكە بەڕابەری كۆیلەكانیتر و ببە بە سەركردەیان بۆ شكاندنی ئەو بتە وەهمیانە كە تاوانبارن بە دەمكوتكردنی مرۆڤەكان.
چۆن لە وڵاتی تونسەوە لە كرێكارێكی عارەبانەچیەوە ڕاپەڕین و شۆڕش گڕی بەردایە ستەمكاری ئەو وڵاتە و دواتر بەهاری عەرەبی بەدواداهات، پێویستە هاوڵاتیانی شارەكەم،بەدادگای گەیاندنی "محەمەد ئەمین " كەلە سەر دەربَرینی بیروڕای جیاواز دادگایكرا، بكەنە دەسپێك بۆ رووخاندنی ستەمكارانی تاڵەبانی و بارزانی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست