کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


نهێنی كرانەوەی نێچیرڤان بارزانی بە ڕووی لیستی گۆڕان و ڕۆژنامەو گۆڤارە ئەهلیەكان

Monday, 16/11/2009, 12:00


لە ژمارە 107 گۆڤاری (لڤین) دا نێچیرڤان بارزانی شانازی بەوەوە دەكات كە توانیوێتی لە سەردەمی كابینەكەی ئەودا نەوت و غاز دەرهێنراوە ، توانراوە بەو هۆیەوە كارەباچاك بكرێت بە هۆی بەكارهێنانی غازەوە و بەهۆی غازە و نەوتیشەوە ئەوروپا لە كورد نزیك بێتەوە. نێچیرڤان ئەوە بە دەسكەوتێكی گەورەی كابینەكەی خۆی دادەنێت. بەڵام ئەوە گەورەترین خیانەتە كە كردوێتی بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان، دەرهێنانی ئەو نەوتە گەورەترین شەڕە بۆ نەوەكانی داهاتوو درووستكراوە، چونكە كاتێك لە ساڵەكانی 20 كانی سەدەی بیستەم كاتێك كە نەوت لە كەركوك دەرهێنرا. ئیتر لەوە كاتەوە كوردستانیانی ئەو شارە بوونەتە سوتەمەنی داگیركران و زلهێزانی جیهان ، هەر بەو بۆنەیشەوە بە سەدان هەزار كورد ئەنفال و شەهید و كەم ئەندامبوون لە پێناوی ڕزگاری كوردستان بە گشتی و كەركوك بە تایبەتی. ئەگەر كەركوك نەوتی تیادا نەبوایە ئێستا كوردستان خاوەنی دەوڵەتی خۆی دەبوو و ئەو هەموو شەهید و ئەنفالەشمانە نەدەدا، نەوتی ئەوشارە بوو بە ئاگرو جستەی گەلەكەمانی پێسوتێنرا و تائێستاش بە ئاگری ئەو نەوتەوە دەسوتێنرێین. جا بۆیە دەرهێنانی نەوت لە كوردستاندا گەورەترین ئاگرە بەدەستی بەرپرسانی كوردخۆی لە جەستەی تاكی كورد بەردەدات. ئەگەر نێچیرڤان برەوی بە كوشتوكاڵ و گەشت و گوزار بدایە دەتوانرێت گوندەكان ئاوەدان بكرایەتەوە و خەڵكی بەرهەم هێن درووستبكرێت و چاوی تەماعی داگیركەران و زل هێزانیش لە سەر نەبێت. برەودان بەو دوو كەرتەگرنگەی بواری ژیان، سەرچاوەیەكی گەورەی بونیادنانی دەوڵەتی كوردی دەبوو. سەرەڕای ئەو مەترسیانەی كە بەبۆنەی دەرهێنانی نەوتەوە لە داهاتوودا ڕوو لە گەلەكەمان و نەوەی داهاتوو دەكات. مەترسیەكی تری دەرهێنانی نەوت ئەوەیە كە تائێستا تاكی كوردی ئاگای لە چۆنێتی فرۆشتنی نەوتەكەی ژێر خۆی نیە كە چۆن چۆنی دەفرۆشرێت، ئەوتا ڕۆژانە فەزیحەتەكانی چۆنێتی فرۆشتنی نەوتی كوردستان دەردەكەون لە میدیاكانی جیهانەوە، گەورەترین فەزیحەتیش ئەو فەزیحەیەبوو كە ڕۆژنامەكانی نەرویج ئاشكرایان كرد، ئەوتا ڕۆژنامەی فینێنشاڵ تایمزی ئەمریكی ئەو فەزیحەیەی ئاشكرا كردووە كە چۆن (جەی گارنەر)ی حاكمی پێشووی سەربازی عێراق و (زاڵمای خەلیل زاد) باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق لە سەردەمی ئیدارەی بوشداپشكی شێریان هەیە لەو كۆمپانیایانەی كە نەوت دەردەهێنن لە كوردستان، هەموو ئەو فەزیحەتانەی كە بەسەروەت و سامانی كوردستانەوە دەكرێت كە نێچیرڤان و خانەوادەكەی و تاڵەبانی خانەوادەكەی لە ڕێگای دەڵاڵیەكیانەوە و ئەنجامی دەدەن ئەویش ئاشتی هەورامیە وەزیری بەناو سامانە سروشتیەكانە. نێچیرڤان كە خۆی و مامی و ئامۆزاكانی و تاڵەبانی و خانەوادەكەی بوونەتە بازرگان بە سەروەت و سامانی كوردستانەوە، كەچی هاتووە ئەو بازرگانی كردنە بە دەسكەوتی نەتەوەی و نیشتمانی لە قەڵەم دەدات. زۆرجار خەڵكانێكی ناحاڵی دەڵێن نێچیرڤان لە هەولێر ئیشی باشی كردوە، بەڵێ منیش دەڵێم ئیشی باشی كردوە، بەڵام ئیشی باش بۆ كێی؟ ئیشە باشەكانی نێچرڤان كە درووستیكردنی ئەو باڵەخانانەی هەولێرە و هێنانی چەند كارگەیەكە. دەپرسین ئەو باڵەخانانە تا ئێستا چەند خەڵكی فەقیرو هەژاری هەولێر سودی لێی بینیووە؟ بەندە دەتوانم بڵێم هەموو ئەو باڵەخانانەوە كارگانە زۆربەیان هی نێچیرڤان و خانەوادەكەیەتی و تەنها خۆیان و چەند گیوڕایەڵێكی خۆیان سودیان لێبینیوە، ئەم پرۆژانەی نێچیرڤان كە زۆربەی خاوەنی ڕاستەقینەی نێچیرڤانن لە ژێر ناوی جیاواز جیاوازدا ئەمەشیان لە ڕێگای دەڵاڵێكی ترەوە ئەنجام دەدرێت كە ناوی نەوزاد هادیە. هەندیەك پرۆژەی باشكراوە ئەو پرۆژە باشانەش خۆ دەستكەوتی نێچیرڤان نینە، ئەو پرۆژانە كۆریەكان كردویانە. لە هەموو ئەو بازرگانیكردنەی نێچیرڤانیشدا ئەگەر ڕۆژێك دادگایەكی سەربەخۆ هەبێت و خەڵكی هەولێر بتوانن سكاڵای لەلا بكەن، ئەوجا بۆمان دەردەكەوێت زۆربەی زەویەكانی ئەو پرۆژانە بە ئەرزی ئەزەڵات لە خەڵك داگیركراون. بۆ مەسەلەی كارەباش ئەوە هەموو خەڵك باش دەزانن لە كابینەكەی نێچیرڤاندا هەر عومەر فەتاح نەبوو 18 مللوێن دولاری لوشد، ئەوە جگە لەوەی ئاخۆ ئیستا دەبێت چەند مللیۆن دولاری تردان لوشدابێت بە ناوی كارەباوە ئەوە داهاتوو ئەوانەشمان بۆ ئاشكرا دەكات.
نامەوێت چیتر لەوە زیاتر لە سەر نێچیرڤان بچم كە فەزیحەتەكانی تری چین. نێچیرڤان لە دوای هەڵبژاردنەكانی 25 تەمموزی كوردستانەوە دەركەوتنی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی لیستی گۆڕان، پەیوەندیەكی یەكجار باشی لە گەڵ لیستی گۆڕاندا درووستكردوە، لە دوای لەسەركار لاچوونی لە سەروەكایەتی حكومەتیش كەوتووەتە لیدواندان بۆ ڕۆژنامەو گۆڤارە سەربەخۆكان. لێرەدا پرسیارێك خۆی قوت دەكاتەوە ئەویش ئەوەیە ئایە بۆ نێچیرڤان پەیوەندی باشی هەیە لە گەڵ لیستی گۆڕان و لیدوان دەدات بۆ ڕاگەیاندنە سەربەخۆكان؟ پەیوەندیەكانی نێچیرڤان لەوەوە سەری هەڵ داوە كە لە كابینەكەیدا فەزیحەتی یەكجار گەورەی كردووە، بۆیە لەوە دەترسا كە ئۆپۆزسیۆن ببێتە لەمپەرێكی گەورە لە بەردەم كارە بازرگانیەكانی و هەڵدانەوەی ئەو فەزیحەتانەی كە ئەنجامیداوە. نێچیرڤان لەم پەیوەندیەدا سودێكی یەكجار گەورەی بینیوە. سودەكەش لەوەوە دەركەوت كە كاتێك فراكسوێنی گۆڕان ئاشتی هەورامی بانگێشتی پەرلەمان كرد، لە برامبەر ئەو پەیوەندیە باشانەی نیچیرڤان و لیستی گۆڕان ئاشتی هەورامی توانی زۆر بە ئاسانی و بێمنەتانە فەزیحەتەكانی بە منەتەوە بفرۆشێتەوە بە خەڵكی كوردستان و پەرلەمانتارەكان و دووبارە ئاشتی هەورامیشی كردەوە بە وەزیر، ئەوە خۆی لە خۆیدا گەورەترین بێڕێزی بوو بە ئۆپۆزسۆن و خەڵكی كوردستان .
نزیك بوونەوەكانی نێچیرڤان لە میدیای ئازادەوە لە دوای نەمانی دەسەڵاتی وەك سەروەكی حكومەتەوە، بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە بەو شێوەیە سرنجی خوێنەرەكانی میدیای ئازاد بۆ لای خۆی ڕاكێشێ و كارێكی واشە بكات میدیای ئازاد هەندیەك چاو پۆشی بكەن لە فەزیحەتەكانی و دەشزانێت كە خەڵكی كورردستان هیچ باوەڕیەكیان بە میدیای چەواشەكەری دەسەڵات نەماوە ، بۆیە دەیەوێت لەڕێگای ئەم میدیا پڕ خوێنەرانەوە خۆیمان لێ بكات بە فریشتە. نێیچیرڤان بە بەردیەك چەندین چۆلەكە دەكوژێت. بەڕاستی بازرگانێكی یەكجار گەورەی كوردە بە پارەی دزراوی كوردستانەوە بۆ هێنانە دی ئاواتەكانی خۆی خانەوادەكەی. لەو ڕۆژەوە بەرهەم ساڵح دەنگۆی هەیە ببێتە سەروەكی حكومەت لیستی گۆڕان كار لە سەر ڕابردووی دەكەن و فایلەكانی هەڵ دەدەنەوە، ئەوەكاری ڕاستەقینەی گوڕانە وەك ئۆپۆزسۆین. بەڵام خۆ نێچیرڤان زۆر زۆر لە بەرهەم ساڵح دزترە، ئەی گۆڕان كار لە سەر بە دادگای گەیاندنی نێچیرڤان ناكات كە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەی تاڵانفرۆش كردووە؟.
لەلایەكی ترەوە پێشوازی سەرانی یەكێتی ئەورۆپا لە مەسعود بارزانی دوو ڕووی ئەو یەكێتیە دەردەخات بۆ گەلەكەمان، چونكە لەلایەك ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ئەوروپا مانگانەو ساڵانە باس لە دڕەندەی دەزگا سەركوتكەرەكانی یەكێتی و پارتی دەكات، كەچی لەملاشەوە پێشوازی لە مرۆڤ كوژێك دەكەن. ئەو پێشوازی كردنەی یەكێتی ئەوروپا لە مەسعود بارزانی بۆ بازرگانی كردنە بە نەوتی كوردستانەوە. هەروەها توركیا كە ئێستا دەرگاكانی بەڕوی كوردا كردوەتەوە ئەوانیش پشكی شێریان لە نەوتی كوردستاندا بەركەوتووە. ئەوەی زەرەر مەندی یەكەمی ئەم كارە بازرگانیانەیە تەنهاو تەنها تاكە فەقیرو هەژارەكانی گەلەكەمانە كە هەندێكیان بە موچەیەكی 30 هەزار دیناری دەم كووت و كۆیلە كراون. لە خوێندنەوەی ئەو چەندین دێڕەی سەرەوە بۆ مان دەردەكەوێت كە بۆچی نێچیرڤان خۆی لە گۆڕان و میدیای ئازاد نزیك دەكاتەوە. وەكو چۆن سەرانی كورد كوژی ئەتاتورك لە بەر تاڵانكردنی سامانی كوردستان پەیوەندیان لە گەڵ بەرپرسانی یەكیًتی و پارتی ئاسای كردوەتەوە و بە حەفتەش دەعوەتیان دەكات بۆ توركیا، نێچیرڤان و سەرانی تری دەسەڵاتی تاڵانكاری كوردستان ئەبێت باش ئەو ڕاستیە بزانن كە نە لیستی گۆڕان دادیان دەدات و نە میدیای ئەهلیش. چونكە دادگای گەل ئەو دادگاییە كە سەرانی ئەنفالچی و تاڵانچی بەعسی دادگای كرد. دڵنیابن ئێوەش چارە نوستان هەمان چارەنوسی ئەوانە، ئەوەش مێژووی دیكتاتۆرەكانی جیهان ئەوەی سەلماندوە كە دیكتاتۆریەت و تاڵانكردنی سامانی گەل واتا كوشتنی خودی دیكتاتۆرەكان بە دەستی خۆیان. ئەبێت میدیای ئازاد كە خۆی بە سەربەخۆ ناساندوەو لیستی گۆڕان كە خۆی بە ئۆپۆزسیۆن ناساندوە بە ئاگایەوە لەو نزیك بوونەی نێچیرڤان هەڵسوكەوت بكەن، ئەگەر ئاگایان لە خۆیان نەبێت ئەوە هەرزوو ئێوەش دەبنە لاپەڕەیەكی ڕەش لە مێژووی ئەو تاوانكاریانەی دەسەڵاتدا، چونكە ئەوتا ئەیانەوێت دەستی چەوریان بە خەڵكی تر بسڕن بە تایبەتی میدیای ئازاد ناشرین بكەن.

سەرچاوەكان

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=66eb012a

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=525bd8c6

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=6bdce921


http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=7b59d5cb

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=c70bebba

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=16f8a5e7
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=62ae9482



[email protected]
باشوری كوردستان




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە