لێدانی ئاسۆس هەردی بەبێ ئەمری جەلال تاڵەبانی نەكراوە؟
Tuesday, 06/09/2011, 12:00
پاش ئەوەی كە هەواڵەكان باس لەوە دەكەن، هێرشكرانی سەر ئاسۆس هەردی بە ئەمری ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كراوە و ئەو ئەندام مەكتەب سیاسیەش عومەر فەتاحە، ئەوەی من ئاگاداربم رۆژنامەی ئاوێنە شتی زۆر وردتری لەلایە لە بارەی هەوڵی تیرۆركردنی ئاسۆس هەردیەوە، بەڵام هەموو راستیەكانی بۆ خوێنەر ئاشكرا نەكردووە، بگرە ماستاویشی بۆ هەندێك خەڵك كردووە، بەداخەوە ئەم رۆژنامەیە خەریكە ئەكەوێتە داوی سینارۆكانی دەسەڵاتەوە و ئەیەوێت پێمان بڵێت هەموو ئەو كارە تیرۆرستی و راودوونان و ئەشكەنجەدانی رۆژنامەنووسان و چالاك وانانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەموو كاری شەخسین، چونكە دەسەڵات ئەیەوێت بە هۆی ئاشكراكردنی ئەم كارەوە و بە شەخسیكردنی بابەتەكە، بە هاونیشتمانیان و ریكخراوەكانی مافی مرۆڤ، بڵێت كە ئەوەی بەارنبەر رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی و كادیرەكانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان دەكریت، هەموو كاری شەخسین و پەیوەندیان بە باندە مافیایەكانی حزبەكەیانەوە نیە، كە لە ناو دەزگا بەدناوەكانی ئاسایش و زانیاری و پاراستندا مەڵاسدراون و تەنها بۆ ئەم جۆرە كارانە درووستكراون، ئەركیان تیرۆركردن و ئەشكەنجەدانی نەیارەكانیان و رۆژنامەنوسانی دەرەوەی حزب و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كادیرەكانی دەرەوەی حزبەكەیانن، بۆیە دەبێت تاكی كوردی زۆر هوشیارانە مامەڵە لە گەڵ ئەم جۆرە كەیسانەدا بكەن و سەیری مێژووی ئەم حزبە بكەن كە پڕێتی لە تیرۆر و تۆقاندن و ترساندن.
هاونیشتمانیان دەبێت باش بیر لەوە بكەنەوە ئەو كاتەی ئەو هەواڵەی لە سەر عومەر فەتاح بڵاو بوویەوە كە 18 ملیۆن دۆلارهکهی دزیووە، یەكسەر سكرتارێتی جەلال تاڵەبانی هاتنە سەر خەت و ئەو كارە قێزونەیان پەردەپۆشكردوو گرتیانە ئەستۆی خۆیانەوە، جەلال تاڵەبانی بۆچی لەپشت پەردەپۆشكردنی دزی و تاڵانیەكانی عومەر فەتاح و عومەر فەتاحەكانەوەیە، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە عومەر فەتاح باشترین پیاوی تاڵەبانی بووە كە دزی و تاڵانی بۆ خودی جەلال تاڵەبانی وهیرۆی ژنی كردووە، هەروەها ئەگەر ئەو كەیسە كە رۆژنامەی ئاوێنە زانیاری زۆری لەسەر بڵاوكردەوە، بە تایبەت چۆنێتی پەردەپۆشكردنی ئەو كەیسە، ئەگەر كەیسەكە دانەخرایە و عومەر فەتاح روبەروی دادگای بكرێتەوە لەو كەیسەدا، ئەوە خودی جەلال تاڵەبانی تاوانباری سەرەكی دەردەچێت، هەر بۆیشە ئیهتمام دانی رۆژنامەی ئاوێنە بەو كەیسە خودی تاڵەبانیشی هەراسان كردووە، بۆیە گڵۆپی سەوزی بۆ عومەر فەتاح هەڵكردووە، بەڵام كێشەكەی ئەوان لەوەدایە كە بێ ئاگان، لەو هوشیارییەی هاونیشتمانیان و كاریگەری میدیا ئۆپۆزسیۆن و ئەهلی و جیهانی و ریكخراوەكانی مافی مرۆڤی جیهانی لە كوردستاندا، هەر بۆیە ئەم كارە تیرۆرستیانەیان زۆر بەسەردا شكایەوە و ئێستا ئەیانەوێت لە رێگای بە شەخسەنەكردنی كەیسی هەوڵی تیرۆركردنی ئاسۆس هەردی بە جۆرێك لە جۆرەكان پەردە پۆشی كەن و هاونیشتمانیان و ریكخراوە جیهانیەكانی پێ رازی بكەن.
جەلال تاڵەبانی لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا بە ئەمری خودی خۆی ئەوانەی دەنگیان بە حزبەكەی نەداوە هەموو ئەو كەسانەی نان بڕوكراون، ئاگای لە هەموو روداوەكانی كوردستانە وبە بێ ئەمری جەلال تاڵەبانی هیچ یەكێك لە كۆیلەكانی حزبەكەی ناتوانێت نانی خەڵك ببڕێت و شەق لە خەڵكی هەڵبات و ئەشكەنجە و تیرۆری هاونیشتمانیانی دەرەوەی حزبەكەی بدات، بۆ خۆمان باش شارەزای مێژووی جەلال تاڵەبانین و هەمیش مێژووی كۆیلەكانی دەورو بەریشی كە ناتوانن بەبێ ئەو پەنجا بكەن بە ئاودا دەزانین، چونكە هەموویان كۆیلە كردووە لە رێگای دزی و تاڵانی و شەرواڵ پیسی و فایلداری و مرۆڤ كوشتنەوە، یەكێك لەو كۆیلانەش كە عومەر فەتاحە ناتوانێت بەبێ ئەمری تاڵەبانی پەنجا لە ئاودا بكات،بۆیە ئەمەوێت لە رێگای ئەم وتارەوە بە هاونیشتمانیانی كوردستان بڵێم كە ئەوەی لە پشت ئەم كارە قیزەونەوەیە خودی جەلال تاڵەبانیە و جێبەێكارەكەشی عومەر فەتاح و چەند كۆیلەیەكی تری ئەو حزبەن. عومەر فەتاح ئەوەندە بێ عقڵیش نیە كە بچێت بەبێ ئەمری ئاغاكەی ئەو كارە بكات و بە سەریدا بشكێتەوە، ئەوانەشی ئەیانەوێت ئەم كارە بە شەخسەنە بكەن و حزبە تیرۆرستەكەیانی لێ بێبەری بكەن، ئەوانە دوو ئامانجیان هەیە، یەكەم ئامانجیان ئەوەیە كە هەموو ئەو كارە قیزونانەی دەزگا تیرۆرستی و سیخورەكانی یەكیتی بە بەرنامە و بە ئەمری تاڵەبانی ئەیكەنە سەر رۆژنامەنووسانی دەرەوەی حزب و نەیارەكانیان، بە شەخسەنەیان بكەن و بەو شێوەیە پاساو بۆ ریكخراوەكانی مافی مرۆڤی جیهانی بهێننەوە و تیرۆر و ئەشكەنجەدانەكانی حزبەكەیان بەردەوام پێ بەن لە ژێر ناوی كێشەی شەخسیدا، ئامانجی دووەمیش كە ئەیانەوێت ئەم كارە تەنها بە مل عومەر فەتاحا بشكێننەوە و ئەوانی دی خۆیانی لێ قوتار بكەن،دووەم ئامانجیشیان ئەوەیە كە خودی بەرهەم ساڵح و كۆسرەت رقی شەخسیان لە عومەر فەتاحە و ئەیانەوێت تەنها بەرپرسیارێتیكە بخەنە ئەستۆی ئەو ئەمانیش خۆیانی لێ رزگار بكەن.
بەرهەم ساڵح یەكەم رۆژ وتی: ئەمە كاری گروپێكی مافیایە؟ باشە ئەگەر وابێت ئەوە خودی بەرهەم ساڵح خۆشی مافیایە، چونكە خەڵاتی ئەو كەسانەی كرد كە لە كاتی خۆپیشاندانەكانی دوای 17 شوباتدا، منداڵانی كوردیان خەڵاتانی خوێن دەكرد و تیرۆریان دەكردن، بۆیە دەبێت هاونیشتمانیانی كوردستان ئەو راستیە باش بزانن كە هەموو ئەو كارانەی دژ بە چالاكوانانی مەدەنی و رۆژنامەوانانی دەرەوەی حزب و كادیرەكانی ئۆپۆزسیۆن دەكرێت هەموو كاری رێكخراوەی هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكەیە و هەمووشی بۆ ترساندن و تۆقاندنی ئەو دەنگە بەرزانەن كە دەسەڵاتی توشی پەركەمی سیاسی كردووە. تاوانباری یەكەمی ئەم رووداوانە خودی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانین، چونكە خودی خۆیان دوو تاوانباری شەڕی براكوژین و تاڵانكەری داهاتی خەڵكن.
دەبێت رۆژنامەی ئاوێنەش ئەو جورئەتەی هەبێت راستیەكان وەكو خۆی بگەیەنێتە خەڵكی و ئەویش خۆڵ لە چاوی خەڵك نەكات و هەندێك بەرپرس بە تاوانبار بناسێنێت و دەست خۆشیش لە هەندێك دیان بكات كە زۆربەیان بەرپرسن لە كوشتن و تیرۆركردنی هاونیشتمانیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست