بەعس ههزاران گەرمیانیان ئەنفالكرد و سەروەت و سامانەكانیانی بەتاڵانبرد، جەلالیەكانیش نەوتەكەی بەتاڵان دەبەن؟
Tuesday, 29/11/2011, 12:00
ناوچەی گەرمیان و زۆربەی هاونیشتمانیەكانی، بە تایبەتی گوندنشینەكانی ئەو ناوچەیە، هەمیشە لە بەرەی رزگاركردنی نیشتماندا بوونە و ژێردەستی داگیركەرانیان پێ هەزم نەكراوە، هەموو رووبەروونەوەیەكی زاڵمان و داگیركەران باجەێكی گەورەی دەوێت، ئەوەش وایكردووە كە هەرچی جێگا و بەندار و دەوەنێكی نیشتماندا دەڕۆیت خوێنی گەرمیانێكی تێدا رژاوە، بە تایبەتی لە پرۆسەی روو بەرووبوونەوەی داگیركەرانی بەعسدا، زۆرترین پێشمەرگەی قارەمانی بوونەتە قوربانی و پەتی سێدراەكانی بەعس زۆرترین ملی گەرمیانیەكانی پیادا هەڵواسراوە و لە شڵاوی دڕندانەی بەعس و جاش كوردەكاندا زۆرترین هاونیشتمانیەكانی دەڤەركە زینەبەچاڵ و گۆڕ غەریب كران.سەروەت و سامانەكەشیان بەتاڵانبرا.
لە دوای راپەڕینی بەهاری 1991وە لەبری ئاوەدانكردنەوەی گوندنشینانی ئەو دەڤەرە و خزمەتكردنی پاشماوەی ئەنفالكراوەكان،كەچی یەكێتی و پارتی و ئیسلامیەكان بە هەمان عەقڵی جەلادەكانی بەعس گەرمیانیەكانیان راپێچی شەڕەكانی براكوژی كرد، لەو مابەینەدا زۆرترین منداڵی گەرمیانیەكان كرانە قوربانی مەرامە گڵاوەكانی سەركردەی حزبەكان و لە پێناوی بەرژەوەندی سەركردە عەقڵی جاهل و نەخۆشەكانی سەرانی جەلالی،مەلای، ئیسلامیەكان.
لە دوای ساڵی2003 وە و روخانی دەسەڵاتی خوێنڕێژی بەعسیە سەدامیەكانەوە،سەرانی یەكێتی و پارتی و هاوپەیمانەكانیان لە بری ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و راكێشانی هێڵی كارەبا و راكێشانی رێگاوبانی قیرتاوكرادنی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و هاوكاری جوتیارەكان بۆ برەودان بە مەڕداری و كشتوكاڵ و ئەو پێداویستیانەی بۆ گۆند نشینانی ئەو دەڤەرە پێویستن. كەچی بە هەمان عەقڵی فاشیستانەی بەعسەوە گوندنشینەكانیان ناچاركرد بڕژێنە ناو شارەكانەوە و منداڵەكانیشیانیانكرد بە چەكدار بۆ پاسەوانیكردن لە سەروەت و سامانی دزراوی گەل كە لەلای بەرپرسانی حزبی و حكومیەكانە.
پاش ئەوەی ماوەی چەند ساڵێكە جەلالیەكان ئەرزە و ئاوی سلێمانیان بەتاڵانبرد و هەرچی جێگای باش و شازە هەیە داگیریان كرد، ئەمجارەیان روویان لە گەرمیان كردووە، بۆگەڕان بەدوای نەوتدا و وخاكەكەیان وەكو بێژنگ كون كون كردووە، لەئەنجامی گەڕانەكەیاندا لە چەندین گوندێكدا نەوتیان دۆزیووەتەوە، لە ئێستادا لە گوندی حەسیرەی كە دەكەوێتە نێوان ناحێیەی رزگار و ناحێیەی سەرقەڵاوە، پرۆسەی نەوت دەرهێنان دەستیپێكردووە و كەس نازانێت نەوتەكەی بەرە و كوێ بەتاڵان ئەبرێت و پارەكەشی دەچێتە سەر ژمارە حسابی چەند بەرپرسی جەلالیەكانەوە؟هەروەها چەندین بیرە نەوت كە ئیشی تێدا دەكرێت و ئەوانەش لەماوەیەكی كەمدا نەوتیان لێدەر ئەهێنرێت، بۆیە پێویستە هاونیشتمانیانی كوردستان بەگشتی و گەرمیانیەكان بە تایبەتی بزانن رۆژانە چەند بەرمیل نەوت دەرئەهێنرێت و پارەكەی چەندە و پارەی پترۆدۆلارەكەشی چەندی بەر ناوچەكە ئەكەوێت ودواتر لە چیدا خەرج ئەكرێت؟
پێویستە گەنجانی گەرمیان هەموو بیرو بۆچونێكی حزبی و عەشائیر و ئاینی، ئایدۆلۆژیا، بەلاوە بنێن و پێكەوە دەست لە ناو دەست كار بكەن، بۆ ئاشكرا كردنی و پارەی نەوتی ناوچەكەیان و ریگا نەدەن هیچ چەتەیكی حزبی و حكومی خۆی بكاتە كویخای ناوچەكە و سەروەت و سامانەكەی بە تاڵان ببات. ئەگەر گەرمیانی ئەنفالكراو و تاڵانكراوی دەستی جەلادەكانی بەعسی سەدامی و بەعسی كوردی بەزوترین كات بە خۆیان نەكەون، دەبێت باش بزانن هەمیشە وەكو كەركوكیەكان دەبێت دەسەسڕی سواڵ راخەن و لە بەردەم بەرپرسە شەرواڵ پیس و گەوج و نەزان و تاڵانچیەكانی تاڵەبانی و بارزانیدا بپارێنەوە بۆپارە و كار، بۆ ئەوەی دڵیان نەرمكەن تا تۆزیێك لە بەردەسیەكەی خۆیانیان بن پێیان.
گەرمیانیەكان لە رابردوودا مێژوویەكی پڕ لە هەڵسانەوەیان تۆماركردوە، بەرانبەر بەهەموو زوڵم زۆرداریەك، هەمیشە رقیان لە چەمانەوە بووە، هەر بۆیشە دەبینین لە خۆپیشاندانەكانی دژی زوڵم وستەم تاڵانچیەكانی تاڵەبانی و بارزانی لە هەرێمی كوردستاندا،پشكی شێریان بەركەوتووە و قوربانیشیانداوە، بۆیە چاوەڕوانكراوە ئەمجارە گەرمیانیەكان پێش هەموو گەنجانی زوڵم لێكراوی كوردستان، ئەو دوو دومەڵە پیسە سەر جەستەی كۆمەڵگا بتەقێنن كە بریتین لە ڤایرۆسی یەكێتی وپارتی. ترسی تەواوی جەستەی كۆمەڵگا بشكێنن لە ئازارەكانی تەقاندنی ئەو دوو دومەڵە پیسە، لە هەموو لایەكەوە بەرنەشتەرگەری بدرێت و ئەو شتە پیسە فڕێ بەنە ناوە زبڵدانی نەخۆشخانەی ستەمكارانەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست