كۆسرەت ڕەسوڵ لە كابرای مەلەوان دەچێ
Saturday, 21/02/2009, 12:00
ئێوە خەمی گیرفانتانە.. میللەت لاتان حەیوانە ئێوە وەكو نـیسك وان.. بەرو دواتان نــییە سواربوون عەیـبێكە.. دابەزیـن دوو عەیـب ئەڵێن چەند گەنجێك دەبێ چەند ڕۆژ جارێك دەچن بۆ مەلەوانی لەكاتی مەلەكردندا یەكێك لە گەنجەكان هاوار دەكات بگەنە فریام كاتێك برادەرەكانی دەچن ڕزگاری بكەن كاتێك سەیر دەكەن برادەرەكەیان گاڵتەیان پێ دەكات، چەند ڕۆژێك ئەو گەنجە بەو شێوازە بە هاوڕێكانییەوە ڕادەبوێرێ، تا ڕۆژێك بەڕاستەوە هاوار دەكات: ڕزگارم بكەن خنكام، كەس بە هانایەوە ناچێت، برادەرەكانی وادەزانن ئەم جارەش وەك جارەكانی تر پێیان ڕادەبوێرێ،بۆیە بەهۆی ئەوەى متمانەی خۆی لای هاوڕێیەكانی لە دەست دابوو هەر ئەوەش دەبێتە هۆكارى ئەوەى كەس بە هانایەوە نەچێت و ئینجا دەخنكێ. كۆسرەت ڕەسوڵ و بە هەمان شێوەی كابرای مەلەوانیان بەسەر هاتووە وادەزانن خەڵك گێل و گەوجە دوای دووجار تۆراندن كەچی هەمدیس دەگەڕێتەوە ،ئەوە بووەتە هۆكاری ئەوەی كە ئەمجارە وەكو كابرای مەلەوان كەس بە هاواریانەوە نەچێت و تا بۆ خۆیان دەخنكێن.
كۆسرەت و هاوڕێكانی ئەبێ چ دڵێكیان بە خۆیان خۆش بووبێت كە خۆشیان متمانەیان بە خۆیان نییە، ئەیانەوێ متمانە بۆ خۆیان بگەڕێننەوە، بەڕاستی ئەمە كارەساتە بۆ ئەو جۆرە مرۆڤانە، من یەكێكم لەو كەسانەی بۆ جارێكی تر ئەم مۆدێلە مرۆڤانە بڵێن ماست سپییە من پیان دەڵێم: نا ڕەشە.
بەڕاستی ئەگەر چاوێك بەو 11 خاڵەی كۆسرەت و كۆسرەتییەكاندا بخشێنینەوە بۆمان دەردەكەوێ كە ئەمانە" شینی حەسەن و حوسێن-یان نەبووە، شینی هەریسەكەیان بووە " ئەو خاڵانەی ئەوان باسیان لێوە كردووە هیچی پەیوەندی بەژیانی ڕۆژانەی خەڵكەوە نییە زۆرتر پەیوەندی بە قایم كردنی كورسییەكانی خۆیانەوە بووە كە قاچى كورسییەكەیان ڕزیبوو ژەنگی جەلالیزم لێی دابوو.
كۆسرەت و ئەوانەشی وەك ئەو بیردەكەنەوە، هەمیشە ئەبێ جێگای باوەڕی هیچ كەسێك نەبن چونكە ئەمانە مرۆڤی كاڵفام و نەخوێندەوارن، هەر زوو بەقسەی لوس و پارە و پول كە پێی دەگوترێ چڵكی دەست ئەم جۆرە مرۆڤانەی پێ هەڵدەخەڵەتێنرێت، چونكە ئاوەزیان لەگەڵ كوشتن و بڕین و تاد.. گەورە بووە، ئاوەزیان هیچ شتێكی بیریاری و ڕۆشنبیری تێدا نییە تاوەكو میللەتی پێ فێر بكەن، هەر بۆیەش لە ڕوانگەی مێشكی خۆیانەوە مێشكی مرۆڤەكانی تر دەخوێننەوە، بۆیە شەرم لەخۆیان ناكەن هەر زوو لەبەر پارەو پول و كورسی دەسەڵات متمانەی خۆیان لەلای خەڵكی كوردستان لەدەست داوە تەنانەت بەشی ئەوەشیان نەهێشتوەتەوە كە مرۆڤ بتوانێ لە ڕووى بێت باسیان بكات بۆ لەمەودوا،من یەكێكم لەو كەسانەی كە بێزم نایتەوە جارێكی كە باستان بكەم و باوەڕتان پێ بكەم ، چونكە لە پێش چاوی من و هەزارانی وەكو من ئەوەندەی پووشێك قورسایتان نەماوە ،گوناحە كاتی خۆمان بە ئێوەوە لەدەست بدەین و وشە بەئێوەوە سەرف بكەین.
بەڕاستی تاڵەبانی باش ئێوە دەناسێتەوە دەزانێ ئیوە وەزنتان چندە بۆیە ئاوا وەكو پلەى ستەیشن یاریتان پێدەكات و پەشیمانتان دەكاتەوە كە ئێوە مەبەستتان دەستەڵاتی خۆتان و پارەیە، با دڵنیاشتان بكەمەوە ئەوەی تاڵەبانی ئیمزای كردووە بۆ ئێوە تا دوای هەڵبژاردنەكان دەخواتەوە وەكو دوعای شێخ وایە بۆ عاشقێك، وەكو جێبەجێ كردنی ماددەی 140 وایە، بەس هەڵخەڵەتاندنی مرۆڤی ساویلكەو نەخوێندەوارە.
بەڕاستی شەرمە ئەمانە باسی ئەو یەكێتییە دەكەن كە بەس كەوڵەكەی ماوەو گورگەكان ناوەڕۆكەكەیان خواردووە، نازانم ئەگەر یەكێتی مابێت چۆن ئاوا مەسعود بارزانی بە ڕۆژی ڕووناك دەست لەكاروباری ناوخۆی یەكێتی وەردەدات؟! كە ئەگەر ئەوە پارتی بوایە جەلال تاڵەبانی دەستی لە ناوخۆی پارتەكەی وەردایە ئێستا شەڕی براكوژی دەستی پێدەكردەوە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست