بۆچی موچەی كەمئەندامیەكەمیان خستووەتە سەر خانەنشینی؟
Monday, 27/02/2012, 12:00
لە پێش 25-7-2009 روونكردنەوەیەكم لە كوردستانپۆست لەسەر موچەی كەمئەندامیەكەم بڵاوكردەوە. بە پێویستی نازانم دووبارە ئەو قەوانە دووبارە بكەمەوە. خوێنەرانی كوردستانپۆست ئەتوانن لەو لینكەوە ئەو روونكردنەوە بخوێننەوە.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=1fbfc994 لە كاتی هەڵبژاردنەكانی 25-7-2009 بۆ ماوەی دوو مانگ مووچەكەم كە 120 هەزار بوو لە بەر زۆری رێژەی كەمئەندامیەكەشم 80 هەزاری بۆ زیادكرابوو، كە كۆی گشتی دەكاتە 200 هەزار دیناری عێراقی، ئەمە وەستێنر،ا بە هۆی ئەوەی كە لە كفری نووسینگەی بزوتنەوەی گۆرانمان بەڕێوە دەبرد. بەڵام پاش دوو مانگ موچەكەیان دایەوە بەبێ ئەوەی بەدوایدا بچم. لەو كاتەوە هاوڕیەكانم موچەكانیان زیادی كرد و 15 ملیۆن دیناریان وەرگرت و بە ئیمتیازاتیشەوە، بەڵام موچەكەی من هەر لە جێگای خۆیدا مایەوە هیچ ئیمتیازتیكیشم وەرنەگرت. هەرگیز ڕۆژێك بەدوایدا نەچووم، چەندین جاریش بێمنەتی خۆمم راگەیاندووە، كە بیبڕن، چونكە من دژی ئەو دەسەڵاتەم هەرگیز ئامادە نیم بەرامبەر پارە و پۆست بیر و فكری خۆم بفرۆشم.
ئەوە بۆ ماوەی دوو مانگ ئەچێت ئەو 200 هەزارە وەستێنرابوو، پاش پرسیاركردن بۆم دەركەوت مووچەكەی من چەندین كەمئەندامی تر خراوەتە سەر خانەنشینی پێشمەرگە بە پەلەی سەرباز، واتا موچەكە ببوو بە 355 هەزار بەبێ ئەوەی خۆم ئاگادار بكرێمەوە، بەڵام یەكسەر داوام لێیان كرد مووچەكەم ببڕن و چونكە من كەمئەندامم نەک خانەنشینکراو، ئیتر بۆچی دەمخەنە سەر خانەنشینی، لە وەڵامدا وتیان هەر تۆ نیت چەندین كەمئەندامی تر خراوەتە سەر خانەنشنینی ناشیبڕین چونكە حەقی خۆتە وەریبگریت.
چەندین جار دەسەڵاتی كوردی فشاری كۆمەڵایەتییان خستوەتە سەرم و هەوڵیانداوە بە پارە بمكڕن، بەڵام هیچ سودی نەبووە، بۆیە ناچار بوون هەوڵی رفاندن و تیرۆركردنیان دام، بەڵام خۆشبەختانە توانیم لە ژێر دەستیان هەڵبێم، ئەو هەموو هەوڵە نەیتوانیوە بمتریسێنێت و چۆكم پێدابدات، بەڵام گومانم هەیە دەسەڵاتی كوردی بۆ ئەوەی ناشرینم بكەن موچەكەی منیان لە كەمئەندامیەوە گواستووەتەوە بۆ سەر خانەنشینی، كە من خۆم كەمئەندامم نەك كەسێكی بەتەمەن. پێشموایە ئەوە بۆ ئەوەیە بتوانن لەو رێگایەوە بمشكێننەوە. وەكو بۆمبێك بۆیان چاندووم، بەڵام لێرەوە ئەو بۆمبە پوچەڵ ئەكەمەوە و هەر بۆیە بە پێویستم زانی پێشوخت ئەو روونكردنەوە بنووسم و خوێنەرانی كوردستانپۆستیش بزانن، كە دەسەلات ئەیەوێت بە سیستەم گەندەڵت بكات و دواتریش دەهۆڵت بۆ بكوتێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو رێگایەوە شەرمەزار و دەمكووتمان بكات و بمانكات بە كۆیلە. هەرچەندە بودجەی كوردستان پارەی نەوتە و پارەی تاڵەبانی و بارزانی نییە، هەقی خۆیەتی بە دادپەروەرانە بەكاری بهێنن، بەسەر هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردییدا، بەبێ ئەوەی بكرێنە كۆیلەی حزب و حكومەت،بەڵام هەرگیز كۆڵنادەم لەسەر كووتانی ئەو دەسەڵاتە، ئەوەتا بەراشكاوی لەسەر خۆیشم دەنووسم. كاتێك بێباك بم بەرامبەر مردن بەدەستی بەعسیەكانی تاڵەبانی و بارزانی، ئیتر چی مەجبوورم خۆم بكەم بە كۆیلەی پارە.
پێشم وایە ساتێك لەش ساخی هەموو پارە و سەروەت و سامان و دەسەڵاتی دوونیا ئەهێنێت، هەرچەندە سەرەڕای ئەو هەموو ئازارەش كۆڵم نەداوە و نەبوومەتە كۆیلەی دەسەڵات و پارە، بەڵام خەڵك هەیە لەشی ساخە، كەچی بووەتە كۆیلەی بەرپرسەكان و تەنەزول بۆ پارە و پلەو پایە ئەكات تا ئەو پەڕی سوكایەتیكردن بەخۆی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست