کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


مێژووی تەقینەوەی نارەزایەتیەكانی هاونیشتمانیانی كوردستان دەگەرێتەوە بۆهاوینی ساڵی 2005 نەك 17 شوبات

Sunday, 19/02/2012, 12:00









 هەندێك لە نەوەی كۆنی نیشتمانەكەمان بە درێژای 80 ساڵی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی بەغداد خوێنی لەبەر ڕۆیشتووە، دەیان جار راپەڕین و سەرهەڵدان و لەم شار و لەو شار و لەو گوند سەری هەڵداوە، بەڵام ئەو راپەڕینانە بە زەبری هێز و كوشتن و بڕین وئاگر و ئاسن سەركوتكراوە و دامركێنراوەتەوە، بەڵام كاتێك حكومەتی بەعسی كوردكوژ وڵاتی كۆیت داگیر دەكات و بە زەبری هێزی هاوپەیمانان لە وڵاتی كۆیت وەدەردەنرێت، لەو كاتدا وتا بەهاری ساڵی 1991 هاونیشتمانیانی خوێن لەبەر رۆشتووی نیشتمانەكەمان رادەپەڕن و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی بەعسی تەفروتونا دەكەن و كوردستان پاك دەكەنەوە لە بەعسی سەدامی.
 لە دوای بەهاری ساڵی 1991 وە كە پەرلەمانی فیفتی بە فیفتی یەكێتی و پارتی دائەمەزرێت و حكومەتی فیفتی بە فیفتی لە سكی پەرلەمان یەتە دەرەوە،ئەوش لە ئەنجامی یەكتر قەبوڵ نەكردنی ئەو دوو هێزە سەرەكیەی ئەوكاتەوە سەر هەڵدەدا كە بە درێژای مێژووی نیو سەدە لە شاخدا هەزاران گەنجی نیشتمانیان كردە قوربانی هێنانە دی مەرامەكانی خۆیان و داگیركەرانی كوردستان، لەو كاتەدا هێزێكی ئەوتۆی رەخنەگر ناتوانێت لە دایك ببێت و ئەو دوو هێزە رەخنە باران بكات و هاوانیشتمانیان هوشیار بكاتەوە، ئەگەر ئەو هێزە رەخنە گرەش هەبووبێت دیار زۆر بچوك بووە و نەیتوانیووە خۆی ئاشكرا بكات، هۆكاری درووست نەبوونی هێزێكی رەخنەگر لەو كاتەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە گەلەكەمان بۆ یەكەمجار  لە مێژوودا بەو جۆرە رزگاری لە زڵم و ستەمی داگیركەرێكی نیشتمانەكەی بووبوو، بۆیە هەستیان بە ستەمكاری كوردی نەدەكردوە، هەربۆیشە تا ساڵی 2003 و روخانی رژێمی بەعس، هاونیشتمانان بەگشتی  بەدڵ و بەگیان خۆیان دەدا بەكوشت  بۆ ئەو دوو هێزە ستەمكارە كوردیە بە تایبەت لە شەڕی نەگریسی براكووژیدا.
 قۆناغی درووست بوونی رەخنەگرتن لە دەسەڵاتی كوردی و هوشیاركردنەوەی هاونیشتمانیان، بۆ ئەوەی هەست بە ستەمكاری یەكێتی و پارتی  و حیزبەكانیتر بكەن، بە چەند قۆناغێكدا تێدەپەڕێت.
 بە بۆچنی من قۆناغی یەكەم كە بە رەخنەگرتن لە دەسەڵاتی كوردی دەست پێدەكات، لە دروستبوون و لەدایك بوونی میدیای ئەهلیەوە دەست پێدەكات، قۆناغی دووم لە دوای كەتونی رژێمی بەعسەوە لە ساڵی 2003وە كە پارەیەكی زۆر رژایە نێو گیرفانی یەكێتی و پارتیەوە كە لەژێر ناوی حكومەتی هەریمی كوردستاندا وەریان دەگرت و بەتالڵانیان دەبرد، ئەوە وایكرد وردە وردە هەندێك لە هاونیشتمانیانی كوردستان، هەست بەستەمكاری كوردی واتا یەكێتی و پارتی بكەن و ئازارەكانی ئەو نەخۆشیە پیرەی سەر جەستەیان بڵیسە بسێنێت و هەستی بیركردنەوە لە ناخیاندا بچێنێت و بیر لە چارەسەری ئەو دەردە كوشندەیە بكەنەوە كە ئایندەی جەستەی نیشتمانی خستووەتە ژێر مەترسی و لەناوچوونەوە، ئەو هەستی زانین  بەستەمكاریە لەلای هەندێك لە هاونیشتمانیان رەگ لە مێشكیاندا دادەكوتێت، هەر بۆیە لە هاوینی ساڵی 2005 خۆپیشاندانینێكی گەورەو فراوان لە كەلار ئەنجامدرا و تێدا گەنجێك بوو بە قوربانی چەندین كەسیش زیندانی كران، دواتر سەرجەم شارو شارۆچكەكانیگرتەوە، بۆیە ئەتوانین بڵێن سەرەتای  تەقینەوە ناڕەزایەتیەكان و هاتنە سەر شەقام بەو شێوەیەكی فراون و دژ بە ستەمكار كوردی واتا یەكێتی و پارتی، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی ساڵی 2005 لە شاری كەلار و زۆریك لە شارو شارۆچكەكان بەبێ پشتیوانی هیچ هێزێك ئەو ناڕەزایەتیانە تەقینەوە،  لە 16/3/2006 خۆپیشاندان هەڵەبجەی شەهیدی گرتەوە و تێدا گەنجێك بووە قوربانی چەندین هاولاتی خۆپیشاندەریش دەستگیركران،بۆیە ئەوەی كە ئەمڕۆ میدیاكانی ئۆپۆزسیۆن و ئەهلی نمایشی دەكەن و ئەیانەوێت مێژووی تەقینەوەی ناڕەزاتیەكانی هاونیشتمانیان  و هاتنە سەرشەقام و شەهید بوون لەو ڕێگایەدا بگەڕێننەوە بۆ 17 شوبات، ئەوە چەواشەكاریەكی زۆر گیلانە و نەفامانەیە و نەگەڕانەوەی مێژوو وەكو خۆی بۆ نەوەكانی داهاتوومان، هەروەها بێحورمەتیكردنە بە شەهیدان و زیندان و بریندارەكانی راپەرین و خۆپیشاندانەكانی هاوینی 2005 كەلار و شاروشارۆچكەكانی كوردستان و خۆپیشاندەرانی هەڵەبجەی شەهید كە لە 16/3/ 2006 خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ئەو رۆژنامەنووسانەیش كە هەوڵی تیرۆركردنیان دراوە و ئەوانەشی تیرۆركراون،لە هەمان كاتدا بۆ ئەو كەسانەش لەسەر هەوڵوێستەكانیان نان بڕاو و شەهید و بریندار و زیندانیكراون.
 ناڕەزایەتیەكانی هاونیشتمانیانی كوردستان لە قۆناغێكیتردا وە دەست پێدەكات، واتا لە 25/7/2009 كە بۆ یەكەم جار هێزێكی  ئۆپۆزسیۆنی لێ لە دایك دەبێت، درووستبوونی هێزی ئۆپۆزسیۆن، بەرئەنجامی ناڕەزایەتی پەنگخواردووی چەندین ساڵەی هەندێك لە هاونیشتمانیانی كوردستانە، شەهید و بریندار و زیندانیكردن و ئەشكەنجە ونان بڕینیشی لێكەوتوەتەوە، نەك وەكو هەندێك كۆنە یەكێتی و دوو حیزبی ئیسلامی  باسی دەكەن و ئەیانەوێت واینمایش بكەن، كە ئەوە ئەوانن ناڕەزایەتیان درووستكردوە و ئۆپۆزسیۆنیان درووست كردووە، بەڵام ئەوە راست نیە، بەڵكو ئەوە هەندێك لە هاونیشتمانی  و زۆرێك لە نەوەی نوێن ناڕازین ئەوانیان درووستكردووە و ئەوانیشان  هێناوەتە نێو ئەو مێژوەوە. درووست بوونی ئۆپۆزسیۆن كە بەرئەنجامی ناڕەزایەتی هەندێك لە هاونیشتمانیانە، ئەتوانم بڵێم هەنگاوێكی باشی بڕیووە لە هوشیار كردنەوەی تاك، بەڵام هێشتا نەشیان توانیووە ببنە ئۆپۆزسیۆنێكی راست و رەوان و بە جورئەت، هەر ئەو نەبوونی جورئەتەیە وایكردوە وردە وردە هاونیشتمانیان بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش جێ بهێڵن و پشت بە خۆیان و مردن بەدەستی بەعسیەكانی تاڵەبانی و بارزانی ببەستن و لە رێگای تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە داوا لە یەكتری بكەن بەشێوەیەكی خۆرسكانە بڕژێنە سەر شەقامەكان، دەسەڵاتی كوردی زۆر گیلانە هەموو ناڕەزایەتیەكانی هاونیشتمانیانی خستووەتە توركەی هەرسێ لایەن ئۆپۆزسیۆنە خانەنشینكروەكەی وڵاتەوە، بووەتە پاسەوانی ئەەو تورەكەیە. بەڵام دەبێت دەسەلاتی بەعس ئاسای تاڵەبانی و بارزانی ئەوە بزانن كە ئەو تورەكەی خەریكە بەتالأ ئەبێتەوە و ناڕەزایەتیەكان لە نێو ئەو تورەكەیەدا نین، بۆ راستكردنەوەی ئەو بۆچونەشم بەڵگە ئەوەیە كە تەنها گەنجەكان بەپشت بەستن بەخۆیان و دوور لە پشتگیر ئۆپۆزسیۆن، بەعسیەكانی دەسەڵاتیان هێناوەتە سەرشەقامەكان و روخساری هەڵتۆقیویان ئاشكرا دەكەن.
 قۆناغێكی تری مێژووی بەگژاچونەوەی ستەمكاری كوردی  و رژانە سەر شەقامەكان لە 17 شوباتەوە دەست پێدەكات، ئەم قۆناغەیان ئەتوانین ناوی لێبنێن قۆناغی بە چەكوش كێشانی بتە سیاسیەكان، دیارە تەقینەوەی ناڕەزایەتیەكان و هاتنە سەرشەقام بەو شێوە فراوانە لە  17 شوباتی ساڵی 2011 لە سەرای ئازدی سلێمانی و شارو  شارۆچكەكانیتری كوردستان، شەهید و بریندارێكی زۆری بەدووای خۆیدا هێنا، دوای زیاتر 64 رۆژ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی ستەمكاری بەعسیانەی یەكێتی و پارتی، بە زەبری هێز خۆپیشاندانەكان سەركووتكرا. لەدوای سەركوتكردنی ناڕەزاتیەكانی ساڵی پارەوە، دەسەلاتی كوردی زۆر مەغرورانە هیچ هەنگاوێكی كرداری نەناوە بۆ هێنانەدی خواستەكانی هاونیشتمانیانی راپەڕیوی 17 شوبات، بگرە ناڕەزایەتیەكان تابێت بەرفراونتر دەبێت و دەسەڵاتیش زۆر بێباكەنە بەردەوامە لە بەتاڵانبردین سەروەت و سامانی هاونیشتمانیان.
 ئەو بوغرایەی دەسەڵاتی فاشیست بەعسیانەی یەكێتی و پارتی كە بە بەكار هێنای هێزەوە سەرخۆش بوون، ئەم مەستبوونەی دەسەڵات كۆتایەكەی كەلە كێشانە بە دیواری ئیرادەی گەلدا كە وەكو پۆڵاو ئاسن وایە، سەدام و بەعسیەكان زۆر لە دەسەلاتی كوردی خاوەن هێزی سەركوتكەر و دەبابە و تەیارە بوون، بەڵام كە لافاوی توڕەی هاونیشتمانیانی كوردستان هاژەیكرد هەرچی پیسای و دار و دەوەن و پوش و پەڵاش هەیە رای ماڵی و نیشتمانی لێ پاككردنەوە. پێم وایە ئەوەندەی نەماوە كە لافاوی توڕەی خەڵكی كوردستان هاژە بكات و پۆش و پەڵاش و پیسایەكانی بەعسی تاڵەبانی و بارزانی رابماڵێت، هاتنی ئەو لافاوەش پەیوەندی بە گۆڕینی كەشو هەوای سیاسی ناوچەكەوە  هەیە كە لە قازانجی زوڵملێكراوان و بە زەرەری ستەمكاران كۆتای دێت.كەی ئەو هەوری بارانی تورەیەی خەڵكە گەیشتە كوردستان، ئەوەكاتە لە لێواری چەم و روبارەكانی مێژووی،تەرمەكانی ئەو ناپاكانە دەدۆزرێتەوە.
 بیرۆكەی نوسینی ئەووتارەم، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە دەبینم میدیاكارانی ئۆپۆزسیۆن و ئەهلی زۆر نابەرپرسانە بەرامبەر مێژوو راوەستاون و لە گۆمی لێڵدا مەلەوانی دەكەن، خەریكە هەم خۆیان دەخنكێن و هەمدیسیش نەوەی نوێ كە ئەیانوێت فێری مەلەوانیبین لە ناو گۆماوی مێژووی سیاسەتدا، بۆ ئەوەی ببن بە مەلەوانێكی باش و لە گۆمی لێڵی سیاسەتدا نەخنكێن، ئەبێت میدیاكاران و نوسەران گۆمی سیاسەت و مێژوو رۆشنبكەنەوە، بۆ ئەوەی هەم خۆیان نەخنكێن و هەمدیسیش نەوەی نوێش نەخنكێت. ئەوەی تیبینیمكرد، لە ساڵیادی 17 شوباتدا، میدیاكارانی ئۆپۆزسیۆن و ئەهلی مێژووی دەسپێكردنی ناڕەزایەتیەكانی هەندێك لە هاونیشتمانیانی كوردستانیان لە 17 شوباتدا كورتكردوەتەوە، ئەوەش بێحورمەتیكردنە بەو كەسانەی كە لە ساڵانی پێش 17 شوبات بوونە قوربانی، وەكو شەهیدانی ناڕەزیەتیەكانی هاونیشتمانی  كەلار و شارو شارۆچكەكانیتری كوردستان كە لە هاوینی 2005 راپەرین و خۆپیشاندانی هەڵەبجەی شەهید  لە ساڵی16/3/ 2006  و شەهیدانی قەڵەم سۆرانی مامەحمە و  شەهید سەردەشت وهتد.......
 
 
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە