کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


عەلى كیمیاوى لەكفرى لەسێدارە درا

Monday, 16/03/2009, 12:00


كفرى: ئەمڕۆ دوو شەممە 16ى 3ى 2009 كاتژمێر 11:20ى سەر لە بەیانى، كۆمیتەى كفرى ڕێكخراوى چاودێرى كوردۆساید (ناوەندى چاك) هەستان بە ئەنجامدانى چالاكییەك كە جیاوازە لە چالاكییە حیزبیى و ڕێكخراوە ناحكومییەكانى تر، كە بریتى بوو لەسێدارە دانى تاوانبار (عەلى كیمیاوى) لە شێوەى پەیكەرێك دا.
سەرەتا كۆمیتەى كفرى ناوەندى چاك یاداشتێكى داواكارییان خوێندەوە كە ئاڕاستەى هەریەك لە سەرۆكایەتى كۆمارى عێراق و ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق و ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و دادگاى باڵاى تاوانەكان لە عێراق و لیستى هاوپەیمانى كوردستان و لیستى یەكگرتوو لە پەرلەمانى عێراق و قائیمقامیەتى قەزاى كفرى كراوە.
هاوكات هەریەك لە قایمقامى كفرى و چەند بەرپرسێكى حیزبیش ئامادەبوون و خەڵكیش خۆشحاڵى و سەرسامى خۆیان لە مەڕ ئەم كارە دەربڕى.
دانا ڕزگار كە بەرپرسى ڕێكخستنە لە كۆمیتەى كفرى بۆ كوردستانپۆست دەڵێت : كەیسى هەڵەبجە و ئەنفال كە بەشێكن لە كوردۆساید بە تەواوى لەلایەن پەرلەمانتارە كوردەكانەوە لە بەغداد پشتگوێخراوە، ئەو ئەندام پەرلەمانانەى كە تەنها لەهۆڵ گیرفانى خۆیان دان و لە كارەكانیان دا فاشیلن.
دانا هەروەها وتیشى : دكتۆر مەحمود عوسمان كە ئێستا وەك محمد سعید سەحافى لێ هاتووە تەنها خەریكى لێدوان دانە بۆ كەناڵە ئاسمانیی و دەزگا ڕاگەیاندنەكان و خەریكى ئاسانكاریى كردنە بۆ ئەندامە گەندەڵەكانى یەكێتى و پارتى.
دانا ڕزگار بە د. محمود دەڵێت : ئەگەر ئەو سەربەخۆیە بۆچیى تا ئێستا هەڵویستى جیاوازى نییە لە ئەندامە حیزبییەكان.

یاداشتنامەكە لەگەڵ ئەم هەواڵەدایە...

لەبیست و یەكەمین ساڵیادی تاوانی هەڵەبجەدا بابەس بێت پشتگوێخستنی سزاى تاوانباران
 بۆ : سەرۆكایەتى كۆمارى عێراق
 بۆ : ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق
 بۆ : ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق
 بۆ : دادگاى باڵاى تاوانەكان لە عێراق
 بۆ : لیستى هاوپەیمانى كوردستان و لیستى یەكگرتوو لە پەرلەمانى عیراق
 بۆ : قائیمقامیەتى قەزاى كفرى
 
 ئەمڕۆ دوو شەممە 16-3-2009 بۆ ئێمەى خەڵكى كوردستان هیچ جیاوازییەكى نییە بەلامانەوە لە ڕۆژى 16-3-1988، چونكە دواى تێپەڕبوونى 21 ساڵ بەسەر خنكاندنى هەڵەبجەكەمان.. هێشتا بریندارەكان ئازار دەچێژن هەروەكو دایكە جەرگسووتاوەكانى گەرمیان تا ئێستاش لەتاو ئازاردا دەتلێنەوە و ئومێدیان بە كەس و هیچێك نەماوە، بریندارەكانى هەڵەبجە لەجیاتى ئەوەى ببرێنە باشترین نەخۆشخانە تا چارەسەر بكرێن، ڕۆژ لەدواى ڕۆژ مەرگێكى تاڵ پێشوازییان لێ دەكات، مەرگێك لەگەڵ چەشتنى دوایین هەناسەدا كە بۆنى سێوى لێ بێت، بۆنى سێوێكى پیس.
 
 ئێستا تاوانباران لە قەفەسى دادگاى باڵاى تاوانەكاندان لەعێراق، چەندین جار بڕیارى سەپاندنى سزایان بۆ دەرچووە، بەڵام بۆچی سزاكانیان دوا دەخرێن و گەلى كوردستان بێئومێد دەكەن؟ عەلى كیمیایى و ئەو كەسانەى دەستیان لەكۆمەڵكوژى گەلەماندا هەبووە دەبێت بەزووترین كات بگەن بەسزاى خۆیان، ئەگینا ئیتر دادگاى باڵاى تاوانەكان متمانەى خۆى لەدەستدەدات، هەروەها داوادەكەین لە(جەعفەر موسەوى) كە داواكارى گشتییە لەدادگاى باڵاى تاوانەكان، بڕیارى دەستگیركردنى سەرجەم جاش و ئەنفالچییە كوردەكان بدات كە ئێستا لەلایەن یەكێتى و پارتییەوە پەنا دراون.
 
 جێگەى داخێكى زۆرە كە ئەندامانى لیستى هاوپەیمانى كوردستان لە پەرلەمانى عێراق و وەزیرە كوردەكان وەك ئەوەى حەپى بە عەرەببوونیان خواردبێ لەبەغداد، نەماندین ڕۆژێك داكۆكى لە كەیسى هەڵەبجەو ئەنفال بكەن، بەرپرسەكانى ئێمە هەر كە دەگەنە بەرزترین ئاست ئیتر گەلى كوردستانیان بیردەچێتەوە.
 
 هەڵەبجە ناسنامەى گەلى كوردە.. بناغەى دامەزراندنى دەوڵەتى كوردستانە.. ئەگەر ئێمە وەكو هەر گەلێك لە جیهان دا دانپێدانراوبین ئەوا مافى خۆمان دەوێت، ئەو حكومەتە عێراقییەى گەلى ئێمەى جینۆساید كردووە دەبێت داواى لێبووردنمان لێ بكات و مافەكانمان پێڕەوا ببینن، هەر گەلێكیش ئاوا ڕووداوێكى بەسەردا بێت دوا بەدواى ئەوە دەوڵەتى سەربەخۆى پێڕەوا بینراوە تا جارێكى تر تاوانى لەو جۆرەى لە دژ ئەنجام نەدرێت، ئێمەى گەلى كورد لە ڕێگەى ڕیفراندۆمێكى تایبەتەوە لە دواى شەڕى 2003 لە عێراق بە ڕێژەى 98% دەنگمان خستە پاڵ ئەوەى دەوڵەتى سەربەخۆى كوردستانمان دەوێت. بەڵام وا دیارە حكومەتى عێراقى ئێمە بە مشك دەزانن كە هەر جارەى كەسێك بێت ماددەى كیمیكاڵیى بەئێمە تاقى بكەنەوە، ئێمەى نەتەوەى كورد عێراقى نین بەڵكو ئەوە بە زۆر سەپێنراوە، جا بۆیە بەبێ شەڕ ئێمە داواى جیابوونەوە دەكەین لە عێراق.
 
 داواكارییەكانمان لە چەند خاڵێك دا:-
 1.    داوادەكەین لە دادگاى باڵاى تاوانەكان بڕیارى سزاكان بەسەر تاوانباران دا بە زووترین كات جێبەجێ بكات.
 2.    داوادەكەین لە (جەعفەر موسەوى) كە داواكارى گشتییە لەدادگاى باڵاى تاوانەكان بڕیارى دەستگیركردنى سەرجەم جاش و ئەنفالچییە كوردەكان بدات.
 3.     داوادەكەین هەموو ئەو بەرپرسانەى لە بەغدادن خێرا بكەن لە گێڕانى ڕۆڵى خۆیان بۆ بە ئەنجام گەیاندنى ئەم داوایانە كە داواى خەڵكى كوردستانە.
 4.    پێویستە حكومەتى عێراق بزانێت ئەگەر هەر كاتێك كوردستان خۆى بە دەوڵەت ڕابگەیەنێت پێویست بە خۆهەڵكێشان ناكات چونكە ئەوە مافێكى سروشتى ئەم گەلەیە و نامانەوێت هەڵەبجەیەكى ترمان بۆ ئەنجام بدەن و ڕابردوومان لەگەڵ عێراق تاڵە و عێراق هەر زوو متمانەى خۆى لەدەستداوە لەناو گەلى كوردستان دا.
 
 16ى 3ى 2009     دوو شەممە     كۆمیتەى كفرى ڕێكخراوى چاودێرى كوردۆساید (ناوەندى چاك)
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە