کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


گرنگی خۆپیشاندانە مەدەنیانەكەی خەڵكی دەڤەری باڵەكایەتی لە چیدایە و هۆكاری سەرهەڵدانی داواكاریەكەیان چیە؟

Saturday, 04/02/2012, 12:00




ئەوە بۆ ماوەی چوار رۆژە خەڵكی دەڤەری باڵەكایەتی بەشێوەیەكی مەدەنیانە ناڕەزای دەردەبڕن و هاتوونەتە سەر شەقامەكان، دیارە ئەو ناڕزایەتی دەربڕینانە بەهۆی كوشتنی گەنجێكی دەڤەرەكەوە سەرچاوەی گرتووە كە لەلایەن كەسێكی ترەوە بەشێوەیەكی دڕندانە كوژراوە، داواكاری خەڵكی دەڤەری باڵەكایتی بۆ ڕادەستكردنی بكوژەكە بە كەس و كاری كوژراوەكە لەلایەن زۆرێك لە یاساناسان و بەرپرسانی حكومەتەوە بەكارێكی نایاسای لە قەڵەم دەدرێت، بەبێ ئەوەی خوێندنەوە بۆ هۆكاری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی ئەو دەڤەرە و داواكاریەكەیان بكرێت.
بەبۆچونی من یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی ئەو داواكاریە،بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ماوەی 21 ساڵی حوكمڕانی یەكێتی و پارتیدا یاسا لە كوردستاندا رۆڵی خۆی نەگێڕاوە، زۆر جار قوربانی كردوەتە جەلاد و جەلادیشی كردوەتە قوربانی، بۆ نمونە دەیان كەس كە بە نەهەقە خوێنی خەڵكیان ڕشتووە وەكو بەرزەگی بانان بۆی دەرچووە، هەیە خەڵكی كوشتووە لە دەڤەری ناوچەی جەلالیەكان و رایكردووە بۆ دەڤەرەكەی لای پارتی، پارتیش لەبری ئەوەی تەسلیمی دادگای بكات، كەچی داڵدەیانداوە و دواتر كراوەتە جەلاد بۆ سەركوتكردنی نەیارەكانی حیزب، بەهەمان شێوە بە پێچەوانەشەوە خەڵك هەیە لە دەڤەری پارتی خەڵكی كوشتووە و رایكردووە بۆ دەڤەری لای جەلالیەكان و لێرە كراوە بەبەرپرس و كراوەتە جەلاد بۆ سەركووتكردنی نەیارەكانی حیزب، ئەمە وایكردووە جەلادەكان بەكەیفی خۆیان بسوڕێنەوە، دادگا و یاساش تەنها بكرێتە كوتەكێك بۆ سەركوتكردنی نەیارەكانی حیزب و گرتنی خەڵكانی فەقیر و هەژار و بێ پشت و پەنا. وەكو خەڵكی دەڤەری باڵەكایەتی ئاماژەیان بۆ كردووە چەندین كەیسی هاوشێوەی ئەوەی ئێستا هەیە لەبەر ئەوەی بێدەنگیان لێكردووە، دێزە بەدەرخۆنەكراوە، ئەوە بووەتە هۆكارێك ئەم جۆرە رووداوانە دوبارە ببنەوە، كەوایە ئەوەی وایكردوە كە خەڵك بەو شێوە بەرفراوانە خۆپیشاندانی مەدەنیانە ئەنجام بدەن، نەبوونی متمانەی خەڵكە بە جێبەجێكردنی یاسا، كە هەموو لایەك دەزانێت یاسا لە كوردستاندا بەدەستی جەلادەكانی حیزبەوە ئیفلیجكراوە. لە سەرجەم یاساناسانیش دەپرسین زەحمەت نەبێت پێمان بڵێن لە چی شوێنێكی ئەم كوردستانەدا لە ماوەی 21 ساڵی رابردوودا یاسا رۆڵی خۆی بینیوە و بە دادپەروەرانە كاریان كردووە؟ ئەگەر هەیە با بۆمان رونبكەنەوە، ئەگەریش نیە كەوایە یتر بۆچی بودجەی كوردستان بەتاڵان ئەبەن بە ناوەی جێبەجیكردنی یاساوە.
یەكێكیتر لە هۆكارەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خەڵكی قارەمانی ئەو دەڤەرە وەڕس بوونە لە دەسەڵاتی خێڵەكیانەی بنەماڵەی بارزانی كە هەموو ئازادیەكان و مافەكانی لە خەڵكی ئەو ناوچەیە زیندان كردوە، لەبەر ئەوەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە دوای 31 ئابەوە ڕێگایان بە خەڵكی ژێر دەسەڵاتی خۆیان نەداوە كە خەڵك بە شێوەی مەدەنیانە داوای مافە سەرەتایەكانی خۆیان بكات و خەڵكیان بە تیرۆر و تۆقاندن ترساندووە، بۆیە خەڵكی ئەو ناوچانە نەیان توانیوە بە ئاشكرا ناڕەزایەتی مەدەنیانە دەرببڕن، چونكە دەزانن هەرزوو لەلایەن دەزگا سیخوڕی و سەركوتكەرەكەی بنەماڵەوە سەركووت دەكرێن و دادەمركێنرێنەوە، بۆیە هۆكاری دووەمی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خەڵك بێزار بوونە لە حوكمی ئەو بنەماڵە نەگریسو ستەمكارە و ئەیانەوێت ئەم كێشە كۆمەڵایەتیە بقۆزنەوە و گەورەتری بكەن بۆ ئەوەی ترسی خەڵك بشكێت و بەیەكجاری حوكمی ستەمكارانەی ئەو بنەماڵە لە ناوچەكەیان لەگۆڕبنێن كە بووەتە هۆكاری كوشتنی ئازادیەكانی خەڵك دزینی سەروەت و سامانی خەڵك.
گرنگی ئەو ناڕەزایەتیە بەرفراوان و مەدەنیانەی دەڤەری باڵەكایەتی لە چیدایە؟ یەكێك لە سیما جوانەكانی ئەو ناڕەزایەتیە ئەوەیە كە دیواری ترسیان لە ژێر چنگی رەشی بنەماڵەی بارزانی رووخاند و مۆدیلیكی مۆدێرنی ناڕەزایەتیان هێنایە ناو گۆڕەپانەكەوە، كە ئەوەش سودێكی زۆری دەبێت كە خەڵكی كوردستان دەتوانن بەشێوەی ناتوند و تیژ شەلەل بەو حكومەتە حیزبیە بنەماڵەیە سەقەتەی یەكێتی و پارتی بهێنێت. ئومێدەوارم خەڵكی دەڤەری باڵەكایەتی داواكاریەكانیان بگۆڕن و بۆ داواكاری سیاسی و رووخاندنی ئەم دەسەڵاتە خێڵەكیە و عەشائیریە دواكەوتووە. كە هۆكاری راستەقینەی پشت روداوەكانی كوردستانن.ئۆمێدیش دەكەم ئەو ناڕەزایەتییەی دەڤەری باڵەكایەتی ببێتە دەروازەی ڕاپەڕینێكی كۆمەڵایەتی مەدەنیانە بۆ رووخاندنی زوڵم و ستەم لە كوردستاندا و بەپەڕێتەوە بۆ ناوچەكانیتری كوردستان و بەهەمان شێوەی مەدەنیانە بڕژێنە سەر شەقامەكان بۆ تەفروتوناكردنی عەقڵێتی پاوانخوازی و ستەم و ستەمكاری سەرانی خیانتەكار و تاڵانچی یەكێتی و پارتی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە